riklam

بڕیاری(1325)و دۆخی ژن له‌كوردستان و عیراق

ژنان‌ 09:57 AM - 2020-11-25
.

.

بڕیاری (1325)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕیارێكی هەمە لایەنە و گشتگیرە بۆ هەموو وڵاتانی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە و پێویستە میكانیزم وبەرنامەی كاری نیشتمانی دابنێن بۆ جێببەجێكردن و خۆگونجاندن لەگەل ناوەرۆكەكەیدا.

بێگومان ناوەرۆكی بڕیارەكە بریتیە لە پاراستنی ژنان و كچان وگەرەنتی كردنی مافەكانیان و بە‌شدارپێكردنیان لە پرۆسەكانی ئاشتەوایی ونوێنەرایەتی وبڕیارداندا، بۆیە ئەمانە پێویستیان بە كاری دەستە جەمعی هەیە لەسەرو هەمویانەوە بڕیاری سیاسی و گونجاندنی یاسایی بۆ بابەتەكه، بۆیە لەسەر ئاستی عێراق وهەرێمی كوردستانیش هەوڵی ئەم بابەتە دراوە وپلان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن پابەندیی خۆیان بۆ بڕیارەكە بێننەدی.

لەسەر ئاستی عێراق له ‌ڕوی دەستوریەوە بەشداری ژنان لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا بەڕێژەی (25%) جێگیركراوە وئەمەیش دەرفەت ودەروازەیەكی باشە بۆ ئەوەی ژنان بتوانن لەو ئەنجومەنانەدا نوێنەرایەتی خۆیان هەبێت و له ‌بڕیارەكاندا جێ دەستیان دیاربێت و دۆخ و پێوسیتی ژنان لە بەرچاو بگرن لە دانانی پلان و نەخشە و سیاسەتە گشتیەكاندا، بۆیە هەر له ‌سەرەتای دروستبوونی پرۆسەی سیاسی نوێی عێراقەوە وەزرایەتێك بۆ كاروباری ژنان دامەزرا، وەزراەتێكیش بۆ مافی مرۆڤ، كە دواتر مافی مرۆڤ گۆڕا بۆ كۆمسیۆن، لەدوای ئاڵۆزیەكانی عێراق و پەرەسەندنی توندوتیژیەكان لە عێراقدا ژنان بوونە قوربانی پلەیەكی ئەو توندوتیژیانە، بەتایبەتی دوای هاتنی داعش و داگیركردنی بەشێكی زۆری شارەكانی عێراق، كە ژمارەیەكی زۆر ژنانی ئێزیدی كەوتنە بەردەستی ئەو ڕێكخراوە و وەك كاڵا بازرگانی ئاشكرایان پێوە دەكرا.

عێراق لە ساڵی 2016 وە پلانێكی نیشتمانی داڕشت بۆ گونجاندن لەگەڵ بڕیاری (1325) دا، كە جەخت لەوە دەكاتەوە لەگشت ئاستەكاندا كار لەسەر بڕیارەكە بكرێت، ئەویش بە بەشداری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەكانی تری ناو حكومەت، كە خۆی دەبینێتەوە لە هەوڵدان بۆ هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی لەگەڵ مافەكانی ژنان ناگونجێت، لەگەڵ دەستەبەركردنی ڕێژەی ژنان لە پۆست و پلە تەنفیزیەكاندا و لە نوێنەرایەتیەكانی عێراق لەدەرەوە وهەروەها ڕۆڵیان لە لە دەزگا ئەمنیەكاندا، كە دواجار هەندێكی كەم لەوانە به ‌یاسا چەسپان، بەڵام نەتوانراوە بەشیوەی بنەڕەتی ئەو یاسایانە هەمواربكرێتەوە كە دژی مافەكانی ژنانن، بەپێچەوانەوە یاسای (باری كەسێتی جەعفەری) لەپەرلەمانی عێراق پێشنیاركرا، كە بەتەواوی دژی مافی ژنانە و تەنانەت ڕیگە بەوە دەدات مناڵ لە تەمەنی 9ساڵیدا بەشو بدرێت!

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بابەتەكە جیاوازترە، ڕۆڵی ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان كاراترە لەو بوارەدا، لە هەرێم ڕێژەی ژنان بەپێی یاسا لە ئەنجومەنە خۆجێیەكاندا (30%) یە، وە لە ڕوی یاساییشەوە چەند گۆڕانێكی باش ڕویداوە، یاسای باری كەسێتی هەمواركراوەتەوە و فرەژنی سنورداركردووە، یاسای توندوتیژی خێزانی دەرچووه و تاڕادەیەكی زۆر مافەكانی ژنانی لەناو دەقی یاساكاندا جێگیركردووە، لەڕوی دەسەلاتەكانیشەوە چەندین دادوەری ژن بونیان هەیە، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە ژنان هەن، گشت حیزبەكان لە كۆنگرەكانی خۆیاندا كۆتایان بۆ ژنان داناوە و بەو جۆرەیش ڕێژەی ژنان لە سەركردایەتی وناوەندی بڕیاری حیزبەكاندا بونیان هەیە.

ئەمانە هەموی هاوئاراستەیە لەگەڵ پلانی خۆگونجاندن لەگەڵ ناوەرۆكی بڕیاری(1325)، بەڵام هێشتا نەتوانراوە گۆڕانكاریەكان بەتەواوی ببنە جێگەی تموحی ژنان وچالاكوانانی مافی ژنان، بەڵكو چەندین جومگە هەیە ناهاوسەنگی تیایاندا بوونی هەیە، بەتایبەتی ڕۆڵپێدانی ژنان لە كایەی دانوستان ودیبلۆماسیدا كە كەمترین ڕۆڵ بەڕەگەزی مێینە دەدرێت، كەمجار هەبووە لە وەفدەكانی دانوستانی حیزبەكان وتەنانەت حكومەتی هەرێمیشدا ژنان هەبووبن، یاخود له ‌نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێم لەدەرەوەی وڵات كە تەنها یەك دانەیان ژنە، وە لە ناو ئەنجومەنی وەزیراندا ڕێژەی ژنان لەچاو پیاوان كەمە، وەتا ئێستا پارێزگاری هیچ شارێكی كوردستان ژن نەبووە، وەتا ئێستا هیچ كام لەجێگرانی سەرۆكی هەریم ژن نین، بۆیە كاركردن لەم بوارەدا وهۆشیاركردنەوەی زیاتر پێویستیەكی هەنووكەییە.

بۆیە لەم پێناوەدا ڕێكخراوەكان زیاتر دەبێت ڕۆڵی خۆیان چڕبكەنەوە، وەهەوڵ بدەن سود لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ببین، له ‌نمونەی ئەو پرۆژەیەی كە (ڕێكخراوی ئەزموون بۆ گەشەپێدانی مرۆیی ومافەكانی مرۆڤ) جێبەجێی دەكات بەهاوكاری (ڕێكخراوی ئاسودە)، وە (ئاژانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری خانمان) و(صندوق المراە لڵامن والسلام) بۆدجەیان بۆ دابینكردووە، ئەمە هەوڵێكی باشە بەو پێیەی ڕێكخراوە بیانی ونێودەوڵەتیەكانیش ڕۆڵیان هەیە تیایدا و دەبێتە هۆی هۆشیاركردنەوەی ئەو چین و تویژانەی بەشداری پرۆژەكە دەكەن بە ناوەرۆكی بڕیارەكە، بۆئەوەی بتوانن لەجێی خۆیانەوە ببنە میكانیزمی فشار به ‌ئاراستەی باشتر جێبەجێكردنی بڕیارەكه لە گشت بوارەكانی حكومی وناحكومیدا له ‌هەرێمی كوردستاندا.

نووسینی/ دڵسۆز رەسوڵ

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket