riklam

بڕیاری 1325 و بایەخی جیهان بە ژنان

ژنان‌ 11:03 AM - 2020-11-14
.

.

هەوڵە نێودەوڵەتیەكان زۆرن بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ بەگشتی ومافی ژنان بەتایبەتی، لەم ڕوەیشەوە نەتەوەیەكگرتووەكان جێدەستی دیارە، یەكێك لەوانەیش بڕیاری 1325 ە.

 ئەم بڕیارە لە 31ی مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 2000 لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە تێكڕای دەنگی ئەندامەكانی دەرچوو، ئەم بڕیارە درێژەی هەوڵە نێودەوڵەتیەكانە بۆ بەدەمەوەهاتنی ئازارەكانی ژنان وكەمكردنەوەی ناسۆریەكانیان وزیادكردنی بەشداریكردنیان لە ژیانی سیاسی وڕۆڵیان لە چالاكییە گرنگەكانی كۆمەڵگادا.

بایەخی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش لە جەندڕویەكەوە دەردەكەوێ، گرنگترینیان ئەوەیە كە ئەوە یەكەمجارە دەزگایەكی گرنگ وكاریگەر وخاوەن دەسەڵاتی وەك ئەنجومەنی ئاسایش هەست بە پەراوێزخرانی ژنان بكات وەهەست بەوە بكات كە هێنانە پێشەوەی ژنان وپاراستنیان و ڕۆڵپێدانیا گرنگە بۆ پاراستنی سەقامگیری ئەنجومەنی جیهانی ئەویش لەڕێگەی بەهێزكردنی ڕۆڵی ژنان لە پرۆسەكانی ئاشتی وبونیادنانەوەی كۆمەڵگاكانی دوای شەڕ وبەدەمەوەچوونی زیاتر بۆ ئەوەی ژنانەی لە میانەی ململانێ وجەنگەكاندا ڕوبەڕوی پێشێلكاری مافەكانیان وتوندوتیژی دەبنەوە، لێرەوە ئەم بڕیارە پرسی ژنان دەبەستێتەوە بە ئاسایش وسەقامگیری جیهانیەوە ودەیكات بەبەشێك لەو بابەتە.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی ئاسایش لەو ڕوەیشەوە زۆر گرنگە كە سیفەتی پابەندكاری هەیە بۆ هەموو دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتوەكان وبەبێ ئارەزوی خۆیان پێویستە پێوەی پابەندبن وهەوڵی جێبەجێكردنی بدەن لەسەر ئاستی ناوخۆییان، ئەمەیش هەنگاوێكی گەورەیە بۆ بەهێزبوونی پێگەی ژنان لە بڕیارە نێودەوڵەتیەكاندا.

ناوەرۆكی بڕیارەكە گشتگیر وهەمەلایەنەیە لەبواری بایەخدان بەڕۆڵی ژنان وبەشداری پێكردنیان وڕۆڵپێدان وپاراستنیان، كە بەگشتی بڕیارەكە پرسی ژنان لەم لایەنانەوە لەخۆی دەگرێت:

- بەشداریكردنی ژنان لە گشت ئاستەكانی دروستكردنی بڕیاردا، كە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی ودەزگاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆڵ و پێگەی ژنان وژمارەیان زیادبكرێت وبونیان هەبێت، وەهەروەها لەدەزگاكانی پاراستن وپەرەپێدانی ئاشتیشدا ڕۆڵی بەهێز بە ژنان بدرێت، وەك دامەزراندن وڕۆڵپێدانیان لە دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش ودەزگا دادوەریەكان، هەروەها هەبوونی ڕێژەی پێویستی ژنان وڕۆڵیان لە نوێنەرایەتی وڵاتان ونوێنەرایەتیەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چارەسەری كێشە جیهانیەكان.

- پاراستنی ژنان وكچان لە هەموو توندوتیژیەكی سێكسی و توندوتیژی جێندەری، وە كار بكرێت بۆ ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەكان وهێزەكانی پارێزەری یٔاشتی لەجیهاندا بۆ شارەزابوون لەمافەكانی ژنان و پاراستنی مافەكانیان وپارێزگاریكردن لەژنان لە كاتی قەیران وململانێكاندا.

- كاركردن بۆ ڕێگرتن لە توندوتیژی بەرانبەر بەژنان، ئەویش لەڕێگەی بەهێزكردنی مافەكانی ژنان وجێبەجێكردنی یاساكانەوە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە ویەكسان، كە گرنگترینیان بریتیە لە لێپرسینەوە وسزادانی ئەو كەسانەی تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لەڕێگەی دەستدرێژی سێكسیەوە بۆ سەر ژنان، كە ئەمانە دەبێ وەك تاوانباری جەنگی نێودەوڵەتی تەماشا بكرێن وهیچ لێبوردن وپارێزبەندیەك نەیانگرێتەوە، ئەمەش لەیاسای ناوخۆیی دەوڵەتەكاندا ڕەنگ بداتەوە وجێبەجێ بكرێت.

- ڕوانگەی یەكسانی جێندەری بكرێتە بنەمایەكی چەسپاو لە پرۆسەكانی پاراستنی ئاشتی لە جیهاندا، وە ڕاوێژكاری پسپۆڕ لەبواری یەكسانی جێندەریدا دابنرێن بۆ ئەوەی گرنگی بە پێویستیەكانی ژنان بدەن ولەبەرچاویان بگرن لە لەكاتی قەیران و ئاڵۆزییەكاندا ونەهێڵن ژنان ببنە قوربانی وڕێگە نەدەن پەراوێز بخرێن، وە لەكاتی داڕشتنی سیاسەتی گشتی وڵاتەكاندا پێویستیەكانی ژنان لەبەرچار بگیرێن ولایەنەكانی ژیانی ژنان وكچان فەرامۆش نەكرێن.

لەمیانەی ئەم خاڵانەی سەرەوە، ئەنجومەنی ئاسایشینەتەوە یەكگرتووەكان گشت وڵاتانی ئەندام پابەند دەكات بایەخێكی فراوان بە ژنان بدەن، بۆیە دەوڵەتەكان ناچاربوون لەدوای دەرچوونی ئەو بڕیارەوە هەوڵی خۆ گونجاندن بدەن لەگەڵ ناوەرۆكەكەیدا ولەم میانەیەدا هەوڵی خۆیان چڕكردەوە، كە هەر یەك لە عیراق و هەرێمی كوردستانیش لەو بوارە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی وڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكاندا لە چەند لایەكەوە هەوڵیانداوە و كاریان كردوە، هەوڵ دەدەین لە نوسینێكی تردا بەوردی باسی ئەو ڕێوشوێن وهەنگاوانەی عیراق و كوردستان بكەین.

دڵسۆز رەسووڵ

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket