riklam

وه‌زیری خوێندنی باڵا: كار بۆ خوێندنی ناو كه‌مپه‌سه‌كان ده‌كه‌ین

کوردستان 10:51 PM - 2020-10-25
.

.

ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٥ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانى ئیدارەى گەرمیانى کردو لە نزیکەوە زانکۆی گەرمیان و بەشێک لە کۆلێژ و بەش و هۆڵەکانى خوێندنى لە کەلار و خانەقین بەسەرکردەوەو داواى لە خوێندکاران و قوتابیان کرد پابەندى ڕێنماییە تەندروستیەکان بن.

لە یەکەم وێستگەى سەردانەکەیدا وەزیر لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و وه‌فدێكی وەزارەت، سەردانی ئیدارەی گەرمیانی کردو بە ئامادەبونی قائیمقامی قەزای کەلار و بەڕێوەبەری ھاتوچۆی گەرمیان، لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا.

لەو سەردانەدا، وەزیری خوێندنی باڵا سوپاسی ئیدارەی گەرمیانی کرد بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیەکانی لەگەڵ زانکۆی گەرمیان .

لە بەرامبەردا جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان جەختی لەسەر پەیوەندی پتەوی نێوان ئیدارەی گەرمیان و زانکۆی گەرمیان كردەوە راشیگەیاند، ئیدارەی گەرمیان ھەمیشە ھاوکار و پشتیوانی زانکۆ بوە وئامادەیە خزمەتی بەردەوام بە زانکۆی گەرمیان بکات.

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ گەرمیان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانی شاری خانەقینى كرد ولەدەستپێکیشدا سەردانى قائیمقامیەتى کردو لەگەڵ سەرۆکى یەکە ئیدارییەکانى ناوچەکە کۆبۆوە، لە کۆبونەوەیەکیشدا باس لە گیروگرفت و کێشە خزمەتگوزارى و ئاوەدانیەکانى ناوچەکە کرا، وەزیر بەڵێنی دا هەمیشە هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنى ئەو داواکاریانەى لە سێکتەرى خوێندنى باڵا خرانەڕو، جەختیشى کردەوە هەرچی بکرێـت بۆ خانەقین و خەڵكی خانەقین درێغى ناکات.

هەر لە خانەقین وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەریەک لە کۆلێژی زمان و زانستە مرۆڤاییەتیەکانى بەسەرکردەوەو لەلایەن ئەنجوومەنی زانکۆ و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێجەکەوە پێشوازی لێکرا. دواتریش سەردانی ھۆڵەکانی خوێندنی کردو لە نزیکەوە چاوی بە خوێندکار و قوتابیان کەوت .

لەو چوارچێوەیەدا بەئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ یەکەمجار کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى گەرمیان لە شارى خانەقین بەڕێوەچو، لەمیانى گفتوگۆى هەمەلایەنەى چڕى ئامادەبوان و تاوتوێکردنى وردى داواکارییەکان، لەبارەى چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە بە گوێرەى سیستمى خوێندنى ئاوێتە ئەولیەتى ئێمە بۆ خوێندنى ناو کەمپەسە، ئومێدمان ئەوەیە کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت هەمو وانەکان لە ناو کەمپەس بخوێنرێت، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند قۆناع بە قۆناغ لەبەر رۆشناى ئەو راپۆرت و هەڵسەنگاندن و ڕێکارانەى لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆناو وەزارەتى تەندروستى دیاری دەکەن، زانکۆکانمان بە جێبەجێکردنى سەرجەم پرۆتۆکۆل و ڕێنمایەکان لەگەڵ رەوشى تەندروستى هەرێمەکەمان دەگونجێنین، بەشێوەیەک پاراستنى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا سوپاسی مامۆستاو فەرمانبەرانی زانکۆی کرد کە لە باردۆخی خراپی تەندروستی و دارایی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لە درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن، ئاماژەی بەوەشکرد دەبێت ھەموان ھەوڵی تەواو بدەن بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکان.

لەلایەن خۆشیەوە د. فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان رایگەیاند وەزارەتی خوێندنی باڵا ھەمیشە پاڵپشت و پشیوانێکی تەواوی زانکۆی گەرمیان بوەو باسی لە پلانی ساڵی نوێی خوێندن کرد کە لەژێر ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەکاتی خۆی و بە میکانیزمێکی تەواو دەستکراوە بە پرۆسەی خوێندن و خۆشبەختانە ئێستا لە زانکۆی گەرمیان بە کەمترین گرفت پرۆسەی خوێندن تێیدا بەردەوامە.

لەکۆتایی کۆبونەوەکەدا ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆى گەرمیان کۆمەڵێک داواکاری و پێداویستی کۆلێژەكانیان گەیاندە وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا بڕیاریدا بەپێی پێویستی وتوانای وەزارەت ھەوڵی تەواو بدەن بۆ جێبەجێکردنەوەو کار لەسەرکردنی داواکارییەکان.

PUKmedia راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket