riklam

كۆجۆ.. ئەو گوندەی ئێزدییەكانی تێدا جینۆساید كرا

جینۆساید‌‌ 11:14 AM - 2020-08-15
.

.

شەش ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی گوندی كۆجۆ تێپەڕدەبێت

شەش ساڵ بەرلەئێستا، تیرۆرستانی داعش لە چەند قۆڵێكەوە پەلاماری گوندی كۆجۆیان داو نزیكەی 1300 هاووڵاتی ئێزیدیان لەو گوندە، كە سەر بە قەزای شەنگالە كۆمەڵكوژ و بێسەروشوێن كرد.

كۆجۆ، گوندێكی جوانە دەكەوێتە باكوری قەزای شەنگال بە دووری 23 كیلۆمەتر سەر بە شارۆچكەی قەیرەوان” بلیج-ـە كە دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای موسڵ. لە ساڵی‌ 2014ـەوە كەوتە ژێردەستی تیرۆرستانی داعش و دوای ساڵێك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كۆنترۆڵكرایەوە.

گوندی كۆجۆ بە ناشرینترین شێوە لەلایەن تیرۆرستانی داعش جینۆساید كراو بەشێكی زۆری دانیشتوانەكەی لەدەستدا، زۆربەیان شەهید و بێسەرشوێن كران و ئەوانەی كە دەربازیش بوون لە دۆخێكی زۆر خراپدا دەژیان. بەشێكی زۆری كچان و ژنانی ئەو گوندە خرانە ژێردەستی تیرۆرستانی داعش و پیاوەكانیان گوللەباران دەكران.

گوندی كۆجۆ 80%ی زیاتر دانیشتووانەكەی كوردی ئێزیدین و دوای رزگاركردنی چەندین گۆڕی بەكۆمەڵی تێدا دۆزرایەوە كە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە كۆمەڵكوژ كرابوون.

نادیە نموونەی كچێكی گوندی كۆجۆ
نادیە موراد، كوردێكی ئێزدییە و لە گوندی كۆجۆ لە شەنگال لەدایكبووە. لە تەمەنی 21 ساڵیدا كەوتووەتە دەست داعش و لە مانگی ئابی 2014 لەگەڵ سەدان كچ و ژنی تردا رفێنرا، سێ مانگ لایان مایەوە. دواتر بە هاوكاری خێزانێكی عیراقی بەرامبەر بە پێدانی پارە رزگاری بوو، لە كاتی پێشكەشكردنی شایەتیدانەكەی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی هەموو ئەو كارەساتانەی كرد كە بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە.

نادیە چیرۆكێكی تاڵ و ئازاربەخشی دوای بەدەستەوەدانی شەنگال دەگێڕێتەوە و نوێنەری هەموو ئەو كچ و ژنە ئێزدییانەیە كە دوو ساڵە لەژێر دەستی داعشدا دوور لە هەموو بەهایەكی ئایینی و مرۆڤایەتی (ئازار دەدرێن، دەچەوسێنرێنەوە، دەستدرێژیان دەكرێتەسەر، مامەڵەی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت) ئەمجۆرو شێوازی مامەڵانە لە “خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامیدا” دەكرێت وەك تیرۆرستان خۆیان وا ناوی خەلافەتەكەیان دەبەن.

كتێبی جینۆسایدی ئێزدییەكان گوندی كۆجۆ
كتێبی جینۆسایدی ئێزدییەكان گوندی كۆجۆ، لە دووتوێی 364 لاپەڕە چاپ و بڵاوكراوەتەو كەوتووەتە بەردیدی خوێنەران و كتێبخانەی كوردی.

نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەدا ئاماژە بەوە دەكات كە كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان بە درێژایی مێژوو روبەڕووی جینۆساید بووەتەوە و زۆرترین زیانی بەركەوتووە. بەشێك لەو تاوانانە لەدوای روخانی سەدام حسێن لەلایەن دادگای باڵای تاوانەكانی عیراقەوە وەك تاوانی جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆیی و تاوانی جەنگ بڕیاریان لەبارەوە دراوە، وەك تاوانی دژ بە كوردی فەیلی، تاوانی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان، تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و تاوانی ئەنفال و تاوانی جینۆسایدی قەڵادزێ و سەیدسادق، ئەمە سەرەڕای دۆسیەی چەندین تاوانی تر.

نووسەر سەبارەت بە ئێزدییەكان نووسیویەتی: ئێزدییەكان گروپێكی ئایینین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە زۆربەشیان لەنزیك پارێزگای موسڵ و ناوەندی قەزای شەنگال و دەوروبەری ناوچە دابڕاوەكانی باشوری كوردستان لەنێوان سنوری عیراق و كوردستان دەژین و بەشێكی تریان لە باكووری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان و جۆرجیاو ئەرمینیا دەژین.

لەم كتێبەدا بەپێی خشتەكان ئاماری ناوی دانیشتوانی گوندی كۆجۆو تەواوی قوربانی و بێسەرشوێنكراوەكان و دەربازبووەكانی هاتووە.

ئەوە پێویستە بوترێت بەپێی زانیارییەكان ئێزدییەكان بە درێژایی مێژوو تائێستا 73 جار توشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.

لەم كتێبەدا چەندین چیرۆك لە زاری ئەو ژنە ئێزدییەكانە دەخوێنیتەوە كە لەدەست داعش رزگاریان بووەو باس لە تاوانەكانیان دەكەن.

كۆمەڵێك بەڵگە لەو كتێبەدا خراوەنەتەڕوو و لە بەشی كۆتاییشدا بە زمانی ئینگلیزی بابەتێك لەسەر جینۆسایدكردنی ئێزدییەكان خراوەتەڕوو.

ناوی كتێب/ جینۆسایدی ئێزدییەكان - گوندی كۆجۆ
وەرگێڕان و ئامادەكردنی بە كوردی/ تەها سلێمان
ئامادەكردنی بە عەرەبی/ داود موراد خەتاری
تیراژ/ 1000 دانە
نۆبەتی چاپ/ چاپی دووەم
نرخ/ 5000 هەزار دینار
چاپخانە/ بینایی
ساڵی چاپ/ 2016

جینۆسایدی‌ ئێزدییەكان: ناوی‌ تۆمەتبارو تاوانبارانی‌ ئەنجامدەری‌ كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆ
لە رۆژی‌ 15-8-2014 دەوڵەتی‌ تیرۆرستی‌ ئیسلامی‌ “داعش” سەعات 11ی‌ پێشنیوەڕۆ دڕندانەترین تاوانیان لەدژی‌ دانیشتوانی‌ ئێزیدی‌ نشینی‌ گوندی‌ كۆجۆ ئەنجامدا، بە بڕیاری‌ تاوانباری‌ داعش والی‌ موسڵ بە ناوی‌ “ئەبو لەیس” كە ناوی‌ راستەقینەی‌ “رزوان تالب حەمدون”ـەو بە رەچەڵكیش خەڵكی‌ موسڵە. لە تاوانی‌ كۆمەڵكوژكردنی‌ دانیشتوانی‌ كۆجۆ نزیكەی‌ “500” گەنج و پیرو لاو لە رەگەزی‌ نێر لە چەند شوێنێكی‌ جیاجیا كۆمەڵكوژ كراون و ژێدەر و سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن لە “16” گۆڕی‌ بەكۆمەڵدا ژێرخاك كراون. ئەمە جگە لە رفاندن و بە سەبایەكردنی‌ سەدان لە ژن و كچەكانیان و دەستدرێژیكردنە سەریان و فرۆشتن و سەوداكردنی‌ نامرۆڤانە پێیانەوە لە بازاڕەكانی‌ موسڵ و سوریادا.

ئەمەی‌ خوارەوە كە ناوی‌ بەشێك لەو تۆمەتبارو تاوانبارانەیە، لە واڵی‌ تایبەتی‌ توێژەر داود موراد خەتاری‌ هاتووە و بڵاوكراوەتەوەو ئێمەش وەك خۆی‌ دایاندەنێینەوە. پێشووتریش رۆژنامەی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ و ماڵپەڕی‌ جینۆساید كورد لە رێگای‌ بڵاوكردنەوەی‌ گێڕانەوەی‌ شایەتحاڵەكانەوە بەشێك لەم ناوانەی‌ لەسەر زاری‌ شایەتحاڵەكانەوە بە شێوەی‌ پچڕپچڕ بڵاوكردوەتەوە. بەڵام بەشێوەی‌ ئێستا كە لەبەردەستە نەبووە و ئەمەی‌ ئێستا دەتوانێت‌ یارمەتیدەرێكی‌ باش بێت بۆ ناسینەوەو شوێن پێهەڵگرتنی‌ تاوانبارو تۆمەتبارەكانی‌ كۆمەڵكوژی‌ ئاوایی‌ كۆجۆ.

تێبینی: ئەم بابەتە لەلایەن تەها سلێمانەوە ئامادەكراوە

ناوەكان:
1- ئەبو حمزە حمیدی‌، بەرپرسی‌ شەرعی‌ بلیج، جێگرەكەی‌ ئەبوئایا، یاریدەرەكەی‌ ئەبو مەسعب بەرپرسی‌ ئەمنی‌ بلیج.
2- ئەبوهاجر "حاكم جمال سەلامی‌"، لە عەرەبەكانی‌ شەنگالەو حاكمی‌ بەعاج بووەو ئەم كەسە بڕیاری‌ كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆی‌ داوە، دوای‌ ئەوەی‌ بڕیاری‌ لە والی‌ موسڵەوە وەرگرتووە.
3- ئەبو عەبدوڵا جەعفەری‌
4- نافیع مەیتوتی‌، ناوی‌ راستەقینەی‌ "حسن سولیع" خەڵكی‌ ئاوایی‌ "عەین فحی‌ باكور".
5- ئەبو مرێم، والی‌ قاتعی‌ بەعاج
6- ئەبو عەدنان، بەرپرسی‌ دەستەی‌ گوللـەبارانكردن و بەرپرسی‌ راستەوخۆی‌ كۆجۆ.
7- هەیسم برغلی‌
8- سالح برغلی‌
9- ئەحمەد برغلی‌
10- ئەبو سەرحان مەیتوتی‌، ناوی‌ راستەقینەی‌ "ئەركان ئەحمەد عەباس"
11- ئەبو سالەح خاتوونی‌
12- ئەبو هلال خاتوونی‌
13- ئەبو ئەنس زبیداتی‌
14- ئەبو كرم – بەرپرسی‌ عەسكەری‌
15- ئەبو عەلی‌ خاتوونی‌
16- ئەبو غفران - بەڕێوەبەری‌ ئەمنی‌ قاتعی‌ بەعاج، ناو راستەقینەی‌ "عید مشعل عواد زبیدی‌"
17- حاجی‌ مەهدی‌ عەفەری‌، ناوی‌ راستەقینەی‌ "عباس سالح عرب" سەرۆكی‌ مافیاكانی‌ تەلعەفەر
18- مداللـە شورتی‌ مەیتوتی‌، لە ئاوایی‌ بسكی‌، شۆفێری‌ شۆفەڵ و یەكێك لە لەوانەی‌ رووفاتەكانی‌ كردووەتە ژێر خوڵەوە.
19- ئەحمەد سالح حسن لەیلە مەیتوتی‌، ناسراو بە "دعلج"، ئەم كەسە یەكێكە لە داواكراوەكان لەلایەن پۆلیسی‌ ئەنتەرپول، لەبەرئەوەی‌ تاوانبارێكی‌ ترسناكەو بەدەستی‌ خۆی‌ شوێنی‌ گۆڕە بەكۆمەڵەكانی‌ گوندی‌ كۆجۆی‌ هەڵكەندووەو لەگەڵ شۆفێری‌ شۆفڵەكانی‌ تردا هەستاوە بە دەفنكردنیان.
20- نواف ئەحمەد علوان لەگەڵ براكانیدا
21- ئەبو دەحام بەنا مەیتووتی‌
22- ئەحمەد حەسۆ مەیتووتی‌ "ئەبوفراس"
23- مدرس مەحمەد ئەبو عەبدلڕەحمان "مامۆستا بووە لە قوتابخانەی‌ سەرەتایی‌ شەنگال، لەدوای‌ كۆمەڵكوژی‌ دانیشتوانی‌ گوندی‌ كۆجۆ، لە میوانخانەكەی‌ قوربانی‌ ئەحمەد جاسۆ وانەی‌ قورئانی‌ بە رفێنراوەكان وتووەتەوە.
 24- ئەبو ئەنس "شۆفێری‌ تایبەتی‌ ئەبو حمزە"
25- نەواف زبیدی‌ ناسراو بە "ئەبو زیاب"، ئەم تاوانبارە دوایەمین كەس ئەحمەد جاسۆی‌ موختاری‌ كۆجۆی‌ كوشتووەو دوای‌ ئەوەش باوكی‌ هاتووە میوانخانەكەو سامانەكەی‌ و سەیارەكەی‌ ئەحمەد جاسۆی‌ تاڵان كردووەو دوای‌ ئەوەش لەنێوان بەعاج و بلیجدا میوانخانەیەكی‌ بۆ خۆی‌ دروست كردوە.
29- سەیفوڵا شیشانی‌
27- ئەبو كرەم حەدیدی‌
28- ئەبو مەسعەب بەرپرسی‌ تەل بەنات
29- سالم عەسكەری‌ كە سەرپەرشتی‌ داگیركردنی‌ حاتمیەی‌ كردووە
 30- ئەبو وسام شمری‌، پێشی‌دەڵێن "ئەبو حمودی‌ شەمری‌"، كە دواتر بووە بە بەرپرسی‌ قەزای‌ شەنگال.
 31- ئەبو عادل دانیشتووی‌ قەزای‌ شەنگال
32- ئەبو بەكر دانیشتووی‌ قەزای‌ شەنگال
33- كرومی‌ ئەبو حمودی‌ دانیشتووی‌ عیوناتی‌ رەبیعە.
34- ئەبوهارون، پێشوتر لە تەندروستی‌ شەنگال فەرمانبەر بووە، واتە پێش 3-8-2014
35- مسعەب سالەح لیلە، بەرپرسی‌ راگەیاندن و برای‌ "ئەحمەد سالەح حسن لیلە - دعلج".
36- یوسف سالح مەحمەد خزر سایر مەیتووتی‌ و براكەی‌ سلێمان ئاوایی‌ "عامودیە".
37- شێخی‌ عەسرەتی‌ مەیتووتە "جاراللـە محمەد عەلی‌ جاراللـە" یەكەم ئۆتۆمبێل بووە لەناو كاروانی‌ ئۆتۆمبێلەكانی‌ داعش كە بەرەو قەیرەوان و لەوێشەوە بۆ شەنگال رۆیشتوون و رەنگی‌ ئۆتۆمبیلەكەی‌ سوور بووەو پیكاب بووە.
38- فالح مەحمەد عەلی‌ جاراللـە خەڵكی‌ بلیج بووەو مەیتووتی‌ بووە. بەرپرسی‌ دەستە بووەو برای‌ شێخی‌ مەیتووت جاراللـە بووە محومەد عەلی‌ جاراللـە بووە.
39- علا‌و حساوی‌ عیسا مەیتووتی‌، بەشداری‌ كردووە لە كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆ، ئەو یەكەم كەس بووە كە دەستڕێژی‌ گوللـەی‌ لە رفێنراوەكان كردووە.
40- تاریق حساوی‌ عیسا مەیتووتی‌، بەشداری‌ كردووە لە هێرش بۆ سەر شەنگال و كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆو بەرپرسی‌ شارەوانی‌ قەیرەوان بووە.
41- بەدران عوید مەحمود عەلی‌ مەیتووتی‌، بەشداری‌ لە كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆ كردووەو هاوكات هەستاوە بە تاڵانكردنی‌ دوكان و بازاڕەكانی‌ تەل بەنات و تەل قەسەب.
42- عكلە خلف خزر علیوی‌ وردە مەیتووتی‌، بەشداری‌ لە هێرش بۆ سەر شەنگال و كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆ كردووە.
43- خلیف عائید مەیتووتی‌
44- نوفل حین یولیع موختار مەیتووتە
45- عەبدلڕەحیم حمد تەها مەیتووتی‌
46- مسرق عەبدلداود مەیتووتی‌
47- فلاح مەحمەد عەلی‌ جاراللـە سەرۆكی‌ عەشرەتی‌ مەیتووتات
 48- قەحتان هلوش مەیتووتی‌
49- ئەحمەد فازل عبید زبیدی‌
50- ئەمیر ئەبو زیا‌و "شهاب احمەد علوان"
51- موئەید مەحمەد حمیدی‌، ئاوایی‌ بسكی‌ جنوبی‌
52- عەبدلڕەحمان عەبدلـەحیم ئاوایی‌ "عەین فتحی‌ شمالی‌"
53- زیاد ئەحمەد مەیتووتی‌، پێشووتر یەكێك بووە لە پاسەوانەكانی‌ پۆلیسی‌ سنوور عەقید عەلی‌ مەیتووتی‌.

تێبینی‌: سەرچاوەی‌ ساغكردنەوەی‌ ناوی‌ ئەم تۆمەتبارو تاوانبارانە "داود موراد خەتاری‌، زیاد خەڵەف، مستۆ حسن، سەمیرە حاونج، بەشار حەلۆ، دانیشتوانی‌ كۆجۆ"یە.

 گۆڕی‌ بەكۆمەڵ
كۆڕە بەكۆمەڵەكانی‌ كۆمەڵكوژی‌ بەمشێوەیە پشتڕاست كراونەتەوە كە بەدووری‌ 16 كیلۆمەتر دەكەونە باشووری‌ قەزای‌ شەنگال و ژمارەیان 7 گۆڕە، قوربانیەكانی‌ نێو ئەم گۆڕانەش 465 قوربانیەو 19 كەس لەم گۆڕانەوە رزگاریان بووەو ناوەكانیانی‌ قوربانیەكان و رزگاربووەكانیش لە لیست و ئامارەكانی‌ خوارەوە بەوردی‌ تۆماركراون و خراونەتەڕوو.
یەكەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ باخی‌ ئیبراهیم ئەحمەد كارس، باكووری‌ كۆجۆ بە دووری‌ 560 مەتر.
دووەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ باخی‌ ئەحمەد جاسۆ، دەكەوێتە بەشی‌ باشووری‌ كۆجۆ بە دووری‌ 150 مەتر.
سێیەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ باخی‌ عەباس قاسم، رۆژهەڵاتی‌ كۆجۆ بە دووری‌ 500 مەتر.
چوارەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ قوتابخانەی‌ كۆجۆ، باكوری‌ كۆجۆ.
پێنحەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ باكوری‌ رۆژهەڵاتی‌ كۆجۆ، بە دووری‌ 100 مەتر.
شەشەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ نزیك تەل ئەسەری‌، بەدووری‌ 150 مەتر لە كۆجۆ.
حەوتەم: گۆڕی‌ بەكۆمەڵی‌ پەیمانگای‌ پیشەیی‌ لە سۆلاغ كە خەڵكی‌ گوندی‌ كۆجۆ بوون.

بەشێكی تر لە تاوانەكانی داعش

داعش لە دوای داگیركردنی شەنگال‌ و شارۆچكەو گوندەكانی دەوروبەری، چەندین تاوانیان ئەنجامداوە لەنێویاندا تاوانی‌ كۆمەڵكوژی‌ گوندی‌ كۆجۆ.
1- ژمارەمانی‌ خانوەكانی‌ كۆجۆ پێش داگیركردن و كاولكردن 197 خانوو بووەو 244 خێزانی‌ تێدا ژیاوە، كە ژمارەیان 1738 كەس بوە بە ژن و منداڵ و پیرو پیاو گەنج.
2- ژمارەی‌ شەهیدو قوربانیەكانی‌ كۆمەڵكوژی‌ كۆجۆ كە لە 15-8-2014 لەلایەن داعشەوە كراوەتە سەریان 492 كەسن لە ژن و منداڵ و پیاو و گەنج، كۆی‌ رووفاتی‌ شەهیدو قوربانیەكانیش لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی‌ سۆلاغ و ناو گوندی‌ كۆجۆن.
3- لە كۆی‌ دانیشتوانی‌ گوندەكە 754 كەس لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج رفێنراون، 128 ئافرەت خاوەن مێردو 94 كچ و 128 منداڵی‌ كوڕو 84 منداڵی‌ كچ و 37 پیاو لەكۆی‌ سەرجەم رفێنراوەكان گەڕاونەتەوەو رزگاریان بووە.
4- تائێستا 35 منداڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیركراون و لە سەربازگەی‌ تایبەتدا راهێنانیان لەسەر چەك پێدەكرێت‌ و هاوكات 9 ئافرەت لەناو زیندانەكانی‌ داعش خۆیان كوشتووە.
5- پێش كۆمەڵكوژییەكەی‌ گوندی‌ كۆجۆ 544 كەس لە ژن و منداڵ و پیرو پیاو و گەنج دەربازبوون و رزگاریان بووەو نەكەوتوونەتە بەردەستی‌ داعش.
6- پێنج كەس لە بندەستی‌ داعش و 21 كەس لە شوێنی‌ جیاواز گیانیان لەدەستداوەو بە هۆكاری‌ جیاجیا بوون بە قوربانی‌.
7- لە كۆی‌ گشتی‌ كۆمەڵكوژی‌ گوندی‌ كۆجۆ 42 منداڵ بێ باوك بوون و 63 خێزان بەتەواوی‌ تێداچوون، هەروەها 47 خێزان تەنها یەك كەسیان دەرچووەو 17 خێزان تەنها 2 كەسیان دەرچووەو 25 خێزان بەتەواوی‌ دەرباز بوون.
 8- تائێستاش 284 كەس لای‌ داعش بە زیندانیكراوی‌ ماونەتەوە یان چارەنووسیان نادیارەو هەرجارەی‌ هەواڵێك لە بارەی‌ چارەنووسیانەوە بڵاودەكرێتەوە.

ئەوەی داعش لە كۆجۆ كردویەتی جینۆسایدە
ئەگەر بەوردی‌ سەرنجی‌ ئەو ژمارەو ئامارو داتایانەی‌ سەرەوە بدەین، ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە كە ئەوەی‌ لەلایەن داعش دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامدراوە، بە هەموو پێوەرو پیوانەو یاساو ریسا نێودەوڵەتییەكان و بەپێی رێككەوتنامەی ساڵی 1948ی رۆماو یاساو رێكارەكانی‌ دادگای‌ تاوانی‌ نێودەوڵەتی‌، تاوانی‌ جینۆسایدە، بۆ نموونە:
لە ماددەی‌ (2)ی‌ پەیماننامەی‌ كۆمەڵەی‌ گشتی‌ نەتەوە یەكگرتووەكان بەمشێوەیە باس لە جینۆساید دەكات:
ا- جینۆساید ئەو كردەوانەی‌ خوارەوە دەگرێتەوە، كە بە مەبەستی‌ لەناوبردنی‌ تەواو یان بەشێك لە گروپێكی‌ (نەتەوەیی، ئاینی‌، رەگەزی‌، ئەتنیكی‌) ئەنجام بدرێت.
1- كوشتنی‌ ئەندامانی‌ گروپەكە "لە هێرش بۆ سەر گوندی‌ كۆجۆ بە هەموو شێوەیەك هەوڵدراوە لەبەر هۆكاری‌ ئاینی‌ ئێزدی‌ بوون و تەسلیم نەبوونیان بە داواكانی‌ داعش، ئەندامانی‌ گروپەكە پاكتاوبكرێن و بكوژرێن".
2- گەیاندنی‌ زیانی‌ گیانی‌ بە ئەندامانی‌ گروپەكە. "لە هێرشەكەی‌ داعش بۆ سەر گوندەكە هەموو زەرەرو زیانێكی‌ مرۆیی‌ و ماددی‌ و مەعنەوییان پێگەیەنراوە".
3- دانانی‌ ئەندامانی‌ گروپەكە لەژێر بارودۆخێكی‌ وادا كە ببێتە هۆی فەوتانی‌ بەشێك یان هەموو ئەندامانی‌ گروپەكە. "ئەم كردارەش لە پەلامارەكەی‌ داعش بۆ سەر گوندەكە دیارو روونە لە كوشتن و گرتن و زیندانی‌كردن و هتد".
4- رێگریكردن لە (منداڵبوون) لەنێو گروپەكەدا. "ئەمەش 100% جێبەجێ كراوەو ژن و مێردیان بە هەموو شێوەیەك لەیەك دابڕیوە".
5- دابڕاندنی‌ منداڵ و گواستنەوەیان لە گروپی خۆیانەوە بۆ گروپێكی‌ تر جیاكردنەوەیان لە خێزانەكانیان. "دیسان ئەم كردارەش 100% ئەنجام دراوەو جێبەجێكراوەو لە سەرەوەش نموونەكانیمان باس كرد.

چی‌ بكرێت؟
1- تەواوكردنی هەنگاوەكانی بڕیاردان لەسەر دۆسێی جینۆسایدی شەنگال لەلایەن پەرلەمانەكانی وڵاتانی ئەوروپا، نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوەكانی تایبەت بە مافی مرۆڤ، گوندی‌ كۆجۆ وەك یەكێك لە نموونەو بەڵگە زیندووەكان.
2- كاری جددی ‌و تەواوكاری هەنگاوەكانی كاركردن بۆ ئەوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دۆسێی تاوانی جینۆسایدی شەنگال‌ و دەوروبەری وەربگرێت ‌و كاری لەسەر بكات‌ و بەڕەسمی وەك تاوانی "جینۆساید، دژی مرۆیی، جەنگ" بەپشتبەستن بە رێككەوتننامەی ساڵی 1948 بیانناسێنێت، بۆ ئەمەش دەبێت حكومەتی‌ عیراق ئیلزام بكرێت‌ داوایەك ئاڕاستەی‌ دادگای‌ تاوانی‌ نێودەوڵەتی‌ بكات كە دۆسیەكە وەربگرێت‌ و بجوڵێنێت‌، یان هەرێم بەڵگەی‌ پێویست بەردەست بێنێت" - بۆ نموونە.
3- پاراستنی شاهید حاڵەكانی دۆسێی جینۆسایدی شەنگال ‌و دەوروبەری لە "پیاو، ژن، كچ، منداڵ"، كە لە بەڵگەنامە گرنگ ‌و سەرمایە گەورەكانی ئەم دۆسیەیەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە هاوكاری‌ و یارمەتی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، پەرلەمانەكانی وڵاتانی ئەوروپاو خۆرئاوا، بە رێكخراوەكانی تایبەت بە جینۆسایدو مافی مرۆڤ هەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا.
4- پێویستە ئەوروپا و وڵاتەكانیان تەواوی تاوانەكانی داعش ئیدانەو ریسوا بكەن، هاوكارمان بن لەپێناو دووبارەنەبوونەوەو رێگریكردن لە بەرفراوانبوونەوەی مەودای تاوانەكان، بەشی‌ زۆری‌ ئەم كاركردنەو جوڵاندنی‌ دەكەوێتە ئەستۆی‌ خۆمان.
5- كاركردن‌ و دانانی پلان ‌و بەرنامە بۆ پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ‌و هەڵدانەوەیان لە رێگای تیمی شارەزاو بەئەزموونی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە، دوور لە كاری‌ ناپرۆفیشناڵانەو خوڕسكیانە.
6- رۆڵی ئەوروپاو كاركردنی بۆ ناساندن ‌و بەنێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی شەنگال‌ و دەوروبەری، لە رێگای لینك ‌و پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە جیهانی ‌و نێودەوڵەتییەكان، لە گرنگترین هەنگاوەكانن كە پێویستە بەردەوام چاویان لەسەر بێت.
7- پڕۆژەی كۆكردنەوەی وێنەی سەرجەم قوربانییەكانی تاوانەكە لە "پیاو، ژن، كچ، منداڵ، پیر" بۆ ئەوەی لە دووتوێی دۆسیەكە بەلێزانی بەكاربهێنرێت‌، وەك یەكێك لە بەڵگەنامە گرنگ ‌و پڕ بایەخەكان.
8- بڕیاردان لەسەر ئەو 3 پڕۆژە بڕیارەی لە پەرلەمانی كوردستانەو تێپەڕاندنی بەربەستەكان‌ و هۆكارەكانی دواخستنی پڕۆسەی بڕیاردانەكە، چونكە ئەوە یەكێكە لە بەرپرسیارێتیە نیشتمانی‌ و نەتەوەیی‌ و ئەخلاقییەكانی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، ئەو ئەركە ئەنجام بدات و هیچ پاساوێكیش نیە بۆ دواخستنی‌.

تێبینی‌: ئەم لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونە تەواو ببوو، لە رۆژی‌ 4-2-2016 پەرلەمانی‌ یەكێتی‌ ئەوروپا بڕیاریدا كە ئەوەی‌ لەلایەن داعش بەرامبەر ئێزدی‌ و مەسیحی‌ و شەبەك و گروپە ئتنیكیەكان كراوە، تاوانی‌ جینۆسایدە. هەروەك وڵاتانی ئەندام و ئەوانەی واژۆیان كردووە، پەیوەست دەكات بە پابەندێتی یاسایی و ئەخلاقی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەكەو چی پێوستە دەبێت بیكەن. لەگەڵ ئەم بڕیارە زەمینەیەكی‌ بابەتی‌ و گونجاو دەڕەخسێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان تاوانەكە وەك جینۆساید بناسێنێت‌ و بڕیاری‌ لەبارەوە بدات.

ئەو سەرچاوانەی‌ بۆ ئەو بابەتەی سەرەوە بەكارهێنراون:
- دەقی رێككەوتننامەی رۆمای ساڵی 1948
- جینۆسایدی ئێزدییەكان "نووسین‌ و دۆكیومێنت"، تەها سلێمان، دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان، سلێمانی، 2015
- ماڵپەڕی جینۆساید كورد، داود موراد خەتاری، زنجیرەی چاوپێكەوتنی دەربازبووانی ئێزدییەكان لەلای داعش
- بەڵگەنامەكانی كۆنفرانسی لالش، 2015، قەزای شێخان
- جینۆسایدی ئێزدییەكان "گوندی كۆجۆ" ئامادەكردنی تەها سلێمان، دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، هەولێر، 2015
- ئەرشیفی‌ تایبەتی‌ نووسەرو رۆژنامەنووس داود موراد خەتاری‌ "دۆسیەی‌ جینۆسایدی‌ كۆجۆ"
- سەردانی‌ مەیدانی‌ نووسەر بۆ ئۆردگای‌ خانكێ‌ و چاوپێكەوتن لەگەڵ دەربازبوانی‌ تاوانەكانی‌ داعش.

تێبینی: بۆ ئامادەكردنی ئەم دۆسیەیە، مڵپەری PUKmedia سوودی لە چەند سەرچاوەیەك وەرگرتووە، وەكو ئەو سەرچاوانەی سەرەوە لەگەڵ چەند زانیارییەك كە پێشتر لە هەواڵ و راپۆرتەكانی ماڵپەرەكەمان سەبارەت بە گوندی كۆچی بڵاوكراوەتەوە.

PUKmedia ئا/ لانە كاشان

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket