riklam

كۆرۆنا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی هەرێم و توركیا كەمدەكاتەوە

ریپۆرتاژ‌ 09:19 PM - 2020-08-04
.

.

لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێم و توركیا چوار ملیار دۆلار بووە و بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی هەرێم-یش رایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و توركیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە بەهای دوو ملیار دۆلار رووی لە پاشەكشەكردووە.


بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان وڵاتان رووی لە داكشان كردووە، ئەمەش زیانی گەورەی بە ئابووری جیهان گەیاندووە و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش هەبووە، بەڕێوەبەری گشتی بارزگانی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەدەدات بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێم و توركیا لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە بەهای دوو ملیار دۆلار رووی لە پاشەكشەكردووە.

نەوزاد ئەدهەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە PUKmedia ی راگەیاند: ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریگەری زۆری كردۆتە سەر ئاستی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەمە جیا لەوەی بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە هاوردەكردنی خۆراك و پێداویستی پزیشكی رووی لە زیادبوون كردووە، بەپێچەوانەوە هاوردەی كەلوپەلی ناوماڵ و هەندێك كاڵای دیكە روو لە كەمبوونەوە كردووە، چونكە لەم قۆناغەدا خەڵكی كوردستان زیاتر گرنگیانداوە بە ماددە خۆراكییەكان و دەرمان و كەلوپەلی تەندروستی.

نەوزاد ئەدهەم روونیشی كردەوە: لەسەرەتای هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تەنیا بۆ ماوەی 48سەعات  سنووری نێوان هەرێمی كوردستان وتوركیا داخرا، دواتر بە گرتنەبەری رێكاری توندی سەلامەتی تەندروستی سنووری نێوان هەردوولا كراوەتەوە، وتیشی: سەرەڕای ئاسانكاری زۆر بۆ زیادبوونی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، بەڵام بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە ماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ، واتە لە 2020/1/1 تاكو 2020/6/31 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە نێوان هەردوولا نزیكەی چوار ملیار دۆلاری ئەمەریكی بووە، لەكاتێكدا لەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو قەبارەكەی نزیكەی شەش ملیار دۆلار بووە، بەمەش تەنیا لەم شەش مانگەدا ئاستی قەبارەی بارزگانی نێوان هەرێم و توركیا دوو ملیار دۆلار كەمی كردووە.

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد: كە پشكی شێر لە ئاڵوگۆڕی بارزگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەر هاوردەكردنی كاڵا و بەرهەمی توركی دەكەوێت و هەناردەی كاڵای هەرێم بۆ توركیا كەمترە، جەختی لەوەشكردەوە ئەم رێژەیە، هەناردە و هاوردەی نەوت و بەنزین لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لەخۆ ناگرێت.

جێی ئاماژەیە قەبارەی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا لە ساڵی 2013 دا گەیشتە لوتكەی خۆی و بەرزبۆوە بۆ 12 ملیار دۆلار و پلانیش هەیە ئەم رێژەیە بۆ ئاستی 20 ملیار دۆلاری ساڵانە زیاد بكرێت.

PUKmedia ئامادەكردنی/ رۆژان مزەفەر عەلی

فۆتۆ.. گۆگڵ

20.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket