riklam

حەوت ساڵ بەسەر كۆچی شێركۆی شاعیردا تێدەپەڕێت

ئەدەب وهونەر 08:59 AM - 2020-08-04
.

.

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر مەرگی شێركۆ بێكەس ناسراو بە شاعیری بە هەڵوێست تێدەپەڕێت، بەجۆرێك كاتێك ڕووداوێك یان كارەساتێك بەسەر میلەتەكەیدا دەهات، خێرا بە هەڵبەستێك دەنگی خۆی دەخستە پاڵ گەلەكەی و دوای مردنی و دەنگێك نەما لە دۆخێكی وەكو هاتنی داعش و بە كەنیزە بردنی كچ و ژنەكانی ئێزدی بە هەڵبەست خەمی خۆی بۆیان دەربڕێت

شێركۆ بێكەس، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ژێكانی دەنگی تێكدەچێت‌و دەنگی دەنوسێت، رۆژی (17)ی نیسانی (2013)، لە سلێمانییەوە گەیەنرایە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سەرجەم ئەو پشكنینانەی پزیشكە تایبەتییەكانی بۆیان كردووە ئەوەیان پیشانداوە كە هونەرمەند یەكێك لە ژێكانی قوڕگی تووشی پسان بووە، بەهۆی ماندوبوونی زۆرەوە.

جگە لەوەی سییەكانیشی بەهۆی زۆری كێشانی جگەرەوە توشی شێرپەنجە بوبوو، بە ئەستەم قسەی بۆ دەكرا، بەڵام رۆشتن‌و خواردن‌و هەڵسوكەوتی رۆژانەی ئاسایی بوو، تا ئەوكاتەی تەندروستی تاڕادەیەك تێكچو‌و پزیشكەكان رایانگەیاند: كە باری تەندروستی تێكچوە‌و ناجێگیر بووە.

شێركۆ بێكەس لە 2-5-1940 لە شاری‌ سلێمانی لەدایكبووە‌، شاعیرێكی گەورەی كوردە، كوڕی شاعیری ناوداری كورد فایەق بێكەسە، لەگەڵ چەند نوسەرێكی تردا لە حەفتاكانی سەدەی رابردودا رەوتی روانگەیان دامەزراندووە، كە بە یەكێك لە گروپە چالاكەكانی بواری ئەدەبیاتی كوردی لەسەدەی رابردودا دادەنرێت.

ناوبراو خاوەنی زیاتر لە (30) كتێبی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی "عەرەبی‌و توركی‌و فارسی‌و ئینگلیزی‌و سوێدی‌و دانیماركی‌و فەرەنسی‌و ئیتالی‌و ئەڵمانی‌و هەنگاری‌و دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ‌و پەخشی سەردەم بووە لە شاری سلێمانی.

شێركۆ بێكەس بە یەكێك لە تازەگەر‌و شاعیرە بەناوبانگەكانی شیعری كوردی ناسراوە، تائێستا دەیان خەڵاتی نێودەوڵەتی لە بواری شیعردا وەرگرتوە، دیارترینیان لە ساڵی 1998 لە سوێد خەڵاتی توخۆلسكیی پێ بەخشراوە، كە یەكێكە لە خەڵاتە گەورەكانی بواری ئەدەبیات لە جیهاندا، بە یەكێك لە شاعیرە نوێخوازەكانی‌ ھاوچەرخی‌ كورد دادەنرێت.

شێركۆ بێكەس لە ساڵی 1965 لە ئێزگەی گەلی كوردستان كاریكردووە و لە ساڵی 1986 پەیوەندی كردووە بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە، بەهۆی خەبات و كوردایەتییەوە لە لایەن بەعسەوە  ناچاركراوە وڵات جێبهێڵێت و بەرەو وڵاتی سوید رۆشتووە.

دوابەدوای راپەرینەكەی ساڵی 1991 گەڕایەوە كوردستان و وەك ئەندام پەرلەمان هەڵبژێرا، لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێم بوو بە وەزیری رۆشنبیری بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لە بەڕێوەچوونی كاروباری وەزارەتەكەی تەنها ساڵێك لە پۆستەكەیدا مایەوەو دەستی لە كاركێشایەوە.

دواتر گەڕایەوە وڵاتی سوید و لە ڕێگەی دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بەردەوام بوو لە خزمەتكردنی ئەدەب و رۆشنبیرانی كورد.
بەداخەوە لە 4ی ئابی ساڵی 2013 لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات بەهۆی نەخۆشییەوە، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوتوو كەلێنێكی گەورەی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا دروستكرد.

پێش گیان لەدەستدانیشی وەسێتی كرد لە شاری سلێمانی و یەكێك لە شوێنە گشتییەكانی شارەكەدا بە خاكی بسپێرن.

وەسێتانامەكەی

"من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد‌و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن ‌و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە‌و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا‌و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا‌و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە‌و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە‌و ژن‌و پیاو‌ی شارەكەم‌‌و دەنگی مۆسیقا‌و گۆرانی‌ و هەڵپەڕكێ‌‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم.

 با كتێبخانەكەم‌ و دیوانەكانم‌ و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران‌‌و نو‌سەران‌‌و كچ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌‌و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌‌و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket