riklam

کورد یەکەمین قوربانی جەنگی سارد و نەوت

ئابوری 02:59 PM - 2020-07-22
.

.

 بە دڵنییایەوە کورد لە سەدەی پێشودا قوربانی یەکەمی سیاسەتی نەوت و گازی بوو، بەڵام ئەمڕۆ خەڵکانێک بە هیوای ئەوەن کە نەوت و گاز ببێتە داینەمۆیەکەی گەورە بۆ ئەوەی کورد بە خەونی دێرینی خۆی بگات و دەوڵەتی خۆی هەبێت. لەهەمانکاتیشدا ئەم نەوتە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکانێکیش بە ترسەوە بۆ سامانی زۆری نەوت دەڕوانن، دەترسن هەروەک چۆن لە عیراقدا سامانی زۆری نەوت حکومەتێکی دیکتاتۆری و نا دیموکراتی دروستکرد، کە پاشتر بوویە مایەی نەگبەتی بۆ هەموو گەلانی عیراق، ئەم ئەزموونە جارێکی تر دووبارە بێتەوە. هەروەها دروستبوونی قەیرانی دارایی ئەم چەند ساڵەی دواییش، بە تەواوەتی بۆچوونێکی تەواو نێگەتیفی) خراپ( لە ناو شەقامی کوردیدا بەرامبەر بە سیاسەتی نەوتی حکومەتی هەرێم دروستکردووە، ئەمڕۆ زۆرکەس دەڵێن : بریا حکومەتی هەریمی کوردستان  هەر نەوتی دەرنەهێنایە، چونکە بە زەرەر بۆ زۆرینەی خەڵكی کوردستان شکایەوە بە تایبەتی چینی موچەخۆران. لەلایەکی تریشەوە سامانی نەوت، زۆر بە کەمی گەلەکەمان قازانجی لێکرد، بگرە تەنها نوخبەیەکی زۆر بچووک سوودی لە دەرهێنان و بازرگانیکردن بە نەوتی هەرێمی کوردستان بینیوە. هەموو ئەمانەش وایکردووە کە زۆرکەس دڵیان بەسامانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان خۆش نەبێت.

 دەتوانم بڵێم، گەر حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانەو ژیرانە و تەواو زانستییانە بگرێتە بەر لە بواری نەوت و گازدا، هەروەها بەوپەڕی شەفافیەتەوە داهاتەکەی بخاتە ڕوو، ئەوا دەتوانێت نەوت و گاز بکاتە باشترین داینەمۆی بوژانەوە‌ی هەرێمی کوردستان، گەر واش نەکات و هەروەکو ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا بەدڵنییایەوە ئەم نەوتە دەبێتە نەگبەتییەکی گەورە بۆ زۆرینەی گەلەکەمان و هیچ سوودی لێ نابینین.

 لە تەواوی ساڵانی جەنگی ساردا هەتا کۆتایی ساڵی 1990، نەوت ڕۆڵێکی گەورەی لەم جەنگەدا گێڕا، هەموو یەلایەنیک دەیانویست بگەنە ناوچە نەوتییەکانی جیهان، بۆ گەیشتن بەم ئامانجەی لە وڵاتانی «ئەندەنووسیا، ڤێنزوێلا، عیراق، ئێران، کۆڵۆمبیا، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر» کۆمەڵێک کودەتای عەسکەری سازکرد، کە گەورەترین قەسابخانەی لە مێژوودا لێکەوتەوە، بەتایبەتی لە ئەندەنوسیاو عیراق.

لەم سیاسەتەتەدا سعودییە ڕۆڵی گەورەی گێڕا، چونکە لە لایەک سعودیە گەورەترین یارمەتیدەری چەکدارە ئەفغانییەکان بوو، بەم شێوەیەش ئاگری جەنگی هێندەی تر گەرمتر دەکرد و جەنگەکە بەردەوام دەبوو،

بە پێی هەندێک ئاماری جیهانی، بڕی ئەو نەوتەی کە لەلایەن سعودییەو وڵاتانی کەنداو خرایە بازارەوە، دەگاتە نزیکەی 300 ملیۆن بەرمیل، کەئەمەش گورزێکی گەورەی لە سامانی نیشتمانی ئەو وڵاتانە دا.

بەڵام دابەزینی نرخی نەوت ڕاستە کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا، بەڵام ئاگری جەنگێکی گەورەی لە جیهان نایەوە کە ئەویش جەنگی کوێت بوو.

جەنگی کوێت

پاش ئەوەی عیراق لە جەنگێکی هەشت ساڵی لەگەڵ ئێران هاتە دەرەوە، ئابووری وڵات تەواو وێران بوو، لەلایەکی تریشەوە نرخی نەوت گەیشتە ئاستێکی ترسناک، 7 دۆلار بۆ بەرمیلێک نەوت. ئەمەش هێندەی تر ئابووری عیراقی وێرانکرد. لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە ساڵی 1989 لە بەغدا، ڕژیمی رووخاوی سەدام حسین بە ڕاشکاوانە باسی دابەزینی نرخی نەوتی کرد، دابەزینی نرخی نەوتیشی وەکو سیاسەتێکی شەڕەنگێزی دژ بە عیراق وەسفکرد، کەلەوکاتەدا کوێت و سعودییە و ئیمارات، رابەری سەرەکی دابەزینی نرخی نەوت بوون. زۆرێک لە پسپۆرانی مێژوو ئەم سیاسەتەی کوێت و سعودییە و ئیمارات، بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن بۆ هەڵگیرسانی ئەم جەنگە.

بەڵام لەلایەکی تریشەوە ڕژیمی رووخاوی ئەوکاتەی سەدام حسین دەیویست دەست بەسەر نەوتی کوێتدا بگرێت، بەم شێوەیەش دەیتوانی دەست بەسەر نزیکەی 250 ملیارد بەرمیل نەوتی جیهان بگرێت. ئەمەش نیشانەیەکی ترسناک بوو بۆ جیهان و ناوچەکە.

هەربۆیە ئاگری جەنگێکی گەورە هەڵگیرسا، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش گەلانی عیراق باجی گەورەی دەدەن.

زۆربەی وڵاتانی ئاسیای ناڤین، ئەم وڵاتانە بوونە جێگەی بایەخی جیهان،چونکە خاوەنی گاز و نەوتێکی زۆرن، بەپێی ئامارە جیهانییەکان، یەدەگی نەوت لەم ناوچەیەدا دەگاتە 21 ملیارد تۆن نەوت، نزیکەی 10 ملیارد کۆبیک مەتریش گازی سروشتیان هەیە.

ئه‌مڕۆ نه‌وت به‌ یه‌کێک له‌ شا ده‌ماره‌کانی ئابووری جیهان ده‌ژمێرێت. هیچ ده‌وڵه‌تێک ناتوانێت ئابووریه‌کی به‌هێزی هه‌بێت، گه‌ر بیر له‌ نه‌وت نه‌کاته‌وه‌. رۆژ له‌ دوای رۆژیش پێداویستی جیهانی زیاد ده‌کات . ئه‌مڕۆ پێداویستی جیهان رۆژانه‌ 97 ملیۆن به‌رمیل نه‌وته‌.

نه‌وت هه‌تا ساڵانی حه‌فتاکان، ڕۆڵی هێنده‌ نه‌بوو له‌ ئابووری عیراق دا. بۆ نموونه‌ ساڵی 1932 ته‌نها له‌ 12.4 % ئابووری عیراقی پێک ده‌هێنا. پاشان ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 14.4% ئابووری عیراق. به‌ڵام ساڵی 1979 گه‌یشته‌ 61.4 % . ئه‌مرۆ داهاتی سه‌ره‌کی عیراق نه‌وته‌. داهاتی ساڵی 1932 نه‌وت ته‌نها 524 هه‌زار دیناری عیراقی بوو. ساڵی 1941 گه‌یشته‌ 1.463 هه‌زار . واته‌ نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و نیو دینار. به‌ڵام پاشتر رۆڵی سه‌ره‌کی له‌ داهاتی عیراق گێرا، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ستکه‌وتنی دراوی گران به‌ها ( دۆلار). ساڵی 1977 گه‌یشته‌ 9.631 ملیۆن دۆلار. ساڵی 1979، 21.291 ملیۆن دۆلار . 1980، گه‌یشته‌ 25.281 ملیۆن دۆلار . ئه‌مه‌ش لووتکه‌ بوو بۆ ئه‌و ساڵانه‌. به‌ڵام پاشتر به‌هۆی جه‌نگی عیراق و ئێرانه‌وه‌، هاته‌ خواره‌وه‌، ساڵی 1986 ته‌نها 6.600 ملیۆن دۆلار . ساڵی 1988 واته‌ کۆتایی جه‌نگه‌که‌، 11.700 ملیۆن دۆلار بوو.

به‌ڵام رژێمی به‌عس له‌جیاتی ئه‌وه‌ی داهاتی نه‌وت بۆ خۆشگوزه‌رانی و پێشکه‌وتنی عیراق به‌کاربهێنێت، نه‌وتی کرده‌ زووخاوو کردی به‌ قوورگی هه‌موو گه‌لانی عیراق دا. به‌شی زۆری داهاتی نه‌وت، خرایه‌ قوورگی کۆمپانیاکانی چه‌کو ته‌قه‌مه‌نی جیهانیه‌وه‌. گه‌لی عیراقیش جگه‌ له‌ ماڵوێرانی و کووشتن و برسێتی و هه‌ژاری و نه‌خۆشی، هیچ سوودی له‌م ئاڵتوونه‌ ڕه‌شه‌ نه‌بینی

یه‌کێک له‌ کێشه‌کانی نه‌وت نرخه‌که‌یه‌تی. هه‌تاوه‌کو ئه‌مڕۆش نرخی نه‌وت جێگیر نییه. زۆرجار کێشه‌ سیاسیه‌کانی ناوچه‌کانی بەرهەمهێنانی نەوت بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناڤین، کاریگەری دەکەنە سەر نرخی نه‌وت . کاتێک سەیر دەکەیت ساڵی 1864 نرخی یه‌ک به‌رمیل 8.4 دۆلاری ئه‌مه‌ریکی بوو. پاشان ساڵی 1876 دابه‌زیه‌ سه‌ر 2.5 دۆلار. ساڵی 1931 که‌مترین نرخی هه‌بوو کاتێک گه‌یشته‌ 65 سه‌نت بۆ یه‌ک به‌رمیل نه‌وت. به‌ڵام نه‌وت له‌پاش ساڵی 1974 به‌تایبه‌ت پاش کێشه‌ی نه‌وت، نرخی به‌رزبوویه‌وه‌ بۆ 11.48 دۆلار. به‌مشێوه‌یه‌ش ئه‌و وڵاتانه‌ داهاتێکی باشیان ده‌ستکه‌وت و توانیان چه‌ندین نه‌خشه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدده‌ن. به‌تایبه‌ت عه‌ره‌بستانی سعودی سوودێکی زۆری له‌ به‌رزی نرخی نه‌وت بینی.

ساڵی 2007/2008 نرخی نه‌وت گه‌یشته لووتکه‌ی، کاتێک گه‌یشته‌ نزیکی 150 دۆلار بۆ به‌رمیلێک، بەلام پاشتر بۆ کەمتر لە 35 دۆلار دابەزی ‌. به‌ڵام له‌هه‌مانکاتیشدا وڵاتانی ئه‌وروپا، داهاتێکی زیاتریان له‌ ڕێگای باجه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌وت ده‌ستده‌که‌وێت. به‌تایبه‌ت ئه‌وروپا له‌رێگای باجی نه‌وته‌وه‌، داهاتێکی زۆری ده‌ستده‌که‌وێت.

بەرز و نزم کردنی نرخی نەوت، یەکێکە لە کێشە گەورەکانی ئەم سامانە گرنگەی جیهان

هەتاوەکو ئەمڕۆش نەوت گرنگی و بایەخییەکی ئێجگار گەورەی لە بواری ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەبینێت، وا بۆ ماوەی سەدەیەک زیاترە کە نەوت بۆتە شادەماری ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی، بەڵام پرسیاری گرینگ لێرەدا ئەوەیە، تۆ بڵێیت نەوت بەهەمان شێوەی سەدەی پێشوو رۆڵی هەبێت.

بە دڵنییایەوە نەوت لەماوەی سەد ساڵی پێشوودا، مێژوویەکی خوێناوی گەورەی تۆمارکردووە، بۆ دەرهێنانی ئەم سامانە سروشتییەی جیهان، خوێنی ملیۆنەها مرۆڤ لەسەر زەوی ڕژاوە، گەلی کوردیش لەسەدەی پێشوودا یەکێک بووە لە قووربانیە گەورەکانی سیاسەتی نەوتی لە جیهاندا. لەسەرەتاکانی پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا، گەلی کورد بەوپەڕی گەشبینیەوە سەیری سامانی نەوتی دەکرد، لێ ئەم چەند ساڵەی دوایی بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی، کەهۆکاری سەرەکی دەرهێنانی نەوتە و ڕازی نەبوونی حکومەتی ناوەندە لەسەر ئەم سیاسەتەی هەرێم، وای لە زۆرێک هاوڵاتیانی کوردستان کردووە، کە نەک گەشبین نین بە سیاسەتی نەوتی هەرێم، بگرە بە هۆکاری نەهامەتی خۆیانیانی دادەنێن.

هەمیشە کورد لە مێژوودا وەکو قووربانییەکی گەورەی بەرژەوەندییە نەوتییەکانی  دوونیا دانراوە، بەتایبەتی لەسەدەی بیستەمدا، نەوت بوو بە نەگبەتییەکی گەورە بۆ گەلی کورد، بەشێکی زۆری مێژوونوسانیش پێیان وایە، کە نەوت هۆکاری سەرەکی دابەشکردنی خاکی کوردستان بووە، لەلایەن زلهێزەکانی ئەوکاتی دونیاوە.

بەڵام ئەمڕۆ لە کوردستاندا خەڵکانێکی زۆر بە گەشبینیەوە سەیری ئەم سامانە سروشتییە دەکەن و بە تاکە هیوای سەرکەوتنی کوردی دادەنێن، بەڵام ئاخۆ نەوت نەگبەتییە یان نیعمەتێکی گەورەیە کە خودا بە گەلی کوردی بەخشیوە.؟!

لێرەدا هەوڵ دەدەین بەکورتی وەڵامی ئەم پرسیارە بددەینەوەو پیاسەیەکی خێراش بەناوی مێژووی بەرهەمهێنانی نەوت لەکوردستان و یەدەگی سامانی نەوت و گازی خەمڵێنراو بخەینە ڕوو. لەهەمانکاتیشدا هەوڵ دەدەین، تیشک بخەینە سەر کێشەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا

یەکەمین هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا، لەڕێگەی بازرگانی نەوتی ئینگلیزی «ولیەم نۆرس دارسی» بوو، ئەو سەرەتا لە ساڵی 1902 دەستیکرد بە هەڵکەندنی یەکەمین بیرە نەوت لە کوردستاندا، بەڵام ئەو بیرە نەوتە لە ڕووی بازرگانییەوە بەکەڵک نەدەهات، بەڵام دارسی لەهەوڵەکانی بەردەوام تا ساڵی 1908 لە ناوچەی «مسجد سولەیمان « کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، یەکەمین بیرە نەوتی دۆزیەوە، کە بە کەڵکی بازرگانی و فرۆشتن بێت، لە ساڵی 1912 شدا،دەستکرا بە فرۆشتنی بەرهەمی ئەم بیرە نەوتە، جێگەی ئاماژەیە ئەم بیرە بۆ ماوەی 15 ساڵ، تاکە بیری نەوتی بەرهەمهێن بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

دیارە لە هەرێمی کوردستاندا لە کۆمەڵێک شوێن نەوت و گازی سروشتی تێدایە، بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە پێشتر دۆزراونەتەوە، بەشێکی تریشیان ئێستا لەلایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانییەوە خەریکی گەڕان پشکنینین بە دوای نەوت و گازدا.

هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا هیچ نەخشەیەکەی راست و دروست لەبارەی ئەو کێڵگە نەوتییانەوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نەخراوەتە ڕوو، بەڵام لێرەو لەوێ هەندێک نەخشە هەیە کە پێشتر لەلایەن وەزارەتی نەوتی عیراقەوە چاپکراوەو بڵاوکراوەتەوە،

بەڵام ئەو کێڵگانەی کەلە ئێستادا نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

– کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە کۆمپانیان DNO نەرویجی بەرهەمی دەهێنیت رۆژانە ١٠٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.

– کێڵگەی نەوتی خۆرمەڵە، رۆژانە ١١٥ هەزار بەرمیل نەوتی تیادا بەرهەمدەهێنرێت.

– کێڵگەی شێخان بڕی ٣٦ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

– کێڵگەی نەوتی ئەتروش بڕی ٤٤ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

– کێڵگەی ئاین سوفنی «هەولێر «بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

– کێڵگەی نەوتی تەق تەق، بڕی ١٦ هەزار بەرمیلی تێدا بەرهەم دەهێنرێت.

– کێڵگەی حەسیرەکە بڕی ١٠ هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنریت.

کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی رۆژانەی هەرێم دەگاتە ٣٣٦ هەزار بەرمیل نەوت.

یەدەگی نەوت و گازی سروشتی لە کوردستاندا

هەتاوەکو ئێستا ژمارەیەی تەواو دروست نییە بۆ ئەوەی بگوترێت کە ئەوەندە نەوت یان گاز لە کوردستاندا هەیە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە کوردستاندا حکومەتی بەعس هەمیشە نەیهێشتووە بەتەواوەتی ئامارێکی تایبەتی لەمبارەیەوە بکرێت، لەلایەکی تریشەوە بەهۆی گەمارۆی ئابووریەوە، کۆمپانیا جیهانییەکان نەهاتوونەتە کوردستانەوەو سەرمایەگوزاریان نەکردووە، هەمووی چەند ساڵێکە کۆمپانیاکان دەستیان بە گەڕان پشکنین بە دوای نەوتی کوردستاندا کردووە. بەڵام بەپێی هەندێک سەرچاوە کۆی گشتی یەدەگی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوان 45 بۆ 60 ملیارد بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت، هەروەها یەدەگی گازی سروشتیش بە نزیکەی 6 ملیارد مەتر سێ جا دەخەمڵێنرێت.

یەکەمین هەوڵی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستاندا لە پاش ڕاپەڕین

لە پاش راپەڕین مەسەلەی نەوتی کوردستان لەلایەن کۆمەڵێک پسپۆری کوردەوە هەوڵی بۆدراوە، ئەم هەوڵانەش سەرەتا بە نهێنی بووە و پاشان لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1993 لەلایەن سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان «کۆسرەت رەسول «بڕیاری دامەزراندنی «کۆمیتەی باڵای پرۆژە تایبەتییەکان «دەدرێت. ئەم کۆمیتەیە کاری هەوڵدان بۆ دەرهێنانی نەوتی کوردستان بووە لەناوچەی تەق تەق و شێواشۆک، بەڵام لەوکاتەدا بەهۆی ئەوەی کە حکومەتی عیراقی دژی بەرهەمهێنانی نەوت بووە، هەروەها لایەنێکی کوردیش دژی ئەم هەوڵە بووە، بەو ناوەوە دانراوە.

ئەم کۆمیتەیە لەلایەن ئەندازیاری نەوت «حەمە جەزا ساڵح» سەرپەرشتیکراوەو کۆسرەت رەسوڵیش سەرۆکی کۆمیتەکە بووە. بە سوود وەرگرتن لەو مەکینە و موادە ئاسنییەی کەلە کارگەی شەکرەکە بووە لە شاری سلێمانی، وە بەدەستڕەنگینی کۆمەڵێک ئەندازیاری کوردی، توانرا پاڵاوگەیەکی بچووک دروستبکرێت.

لە 26 ./ 12/ 1994 یەکەمین گاڵۆن نەوت لە بیرە نەوتی شێواشۆک دەردەهێنرێت. لە 28/ 12/ 1994، ئەو گاڵۆنە لەلایەن لیژنەکەوە وەکو دیاری دەبرێت بۆ لای سەرۆک مام جەلال، پاشان نموونەیەک لەو نەوتە دەبرێتە ئێران و لە تاقیگەکانی ئێراندا دەپشکنرێت و پاش ماوەیەک نەتیجەکەی دەگاتەوە کوردستان، کە پۆزەتیڤ بووە.

ئەم پاڵاوگەیە لە سەرەتای ساڵی 1995 بە بڕیارێکی نهێنی «کۆسرەت رەسوڵ» دەستدەکرێت بە دەرهێنانی نەوت. لەوکاتەدا ئەو نەوتە بەشێکی دەبرێت بۆ کارگەکانی چیمەنتۆی سەرچنار و بازیان، هەروەها بەشێکیش لە پێداویستییەکانی نەوت لە دەڤەری سلێمانی دابین دەکات، بە تایبەتی بۆ قوتابخانە و نەخۆشخانەکانی لە بواری گەرمکردنەوەدا بەکاردەهێنرێت.

ئەم پاڵاوگە بچوکە بەسەرەتای دامەزراندانی پیشەشازی نەوت لە هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

پاش ئەوەی گەمارۆی ئابووری لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان لابرا، حکومەتی هەرێم دەستی بە دەرهێنانی نەوت و پێشخستنی بواری پیشەشازی نەوت کرد. لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک عەقدی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بەستووە، بۆ گەڕان و پشکنین و دەرهێنانی نەوت لە کوردستاندا،بە تایبەتی لەپاش ساڵی 2007 ەوە. لێ ئەم عەقدەی کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆتە مایەی مشتومڕی زۆر لەناو ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانی هەرێمی کوردستان. هەربۆیە پێمباشبوو لێرەدا باسی جۆرەکانی عەقدی نەوتی بکەم، تاوەکو خوێنەری کورد ئاگاداری ئەو جۆرە عەقدانە بێت، کە کۆمپانیا نەوتییەکان لەجیهاندا لەگەڵ حکومەتەکان دەیکەن.

جۆرەکانی عەقدی نەوت لە جیهاندا

لە جیهاندا سێ جۆر عەقدی نەوتی هەن، کە حکومەتەکان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان دەیبەستن، ئەوانیش بریتین لە :

عەقدی ئیمتیازات.

عەقدی مشارکه‌» هاوبەش»

عەقدی خدمات «خزمەتگوزاری» .

ئەم سێ جۆرە عەقدانەش هەریەکەیان کۆمەڵێک خاڵی پۆزەتیف و نێگەتیفی هەیە.

عەقدی ئیمتیاز ئەوەیە کە کۆمپانیاکان ئیمتیازی گەڕان و پشكنین و گواستنەوەو فرۆشتنی کێڵگە نەوتییەکانیان لەلایەن حکوتەکانەوە پێدەدرێت و لەبەرامبەردا ئەوانیش بڕێک پارە دەدەنە ئەو دەوڵەتانە، ئەم جۆرە عەقدانە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و لە دژی بەرژەوەندی گەلان بوو، هەرلەبەرئەمەش بوو لەجیهاندا کۆمەڵێک شۆڕش لە دژی کۆمپانیا جیهانییەکان ئەنجامدرا. بۆیە پاشان کۆمپانیاکان جۆرێکی عەقدی نوێ تر داهێنرا کە ئەویش عەقدی هاوبەشە.

عەقدی هاوبەش، بریتییە لەوەی کە حکومەت و کۆمپانیاکە، لە قازانجی سامانی نەوتدا هاوبەشن. لێ ئەمەش لە پاش شۆڕش گەلانی لەدژی کۆمپانیاکان، گۆڕانکاری بەسەردا هاتو جۆرێکی باشتر لە عەقدی نەوتی داهێنرا، کەئەویش عەقدی» خدمات» خزمەتگوزارییە.

عەقدی خزمەتگوزاری لەئێستادا لەزۆربەی دەوڵەتان پێڕەوی دەکەن، بە پێی ئەو عەقدە، حکومەتەکان لەبڕی ئەو خزمەتگوازرییەی کە کۆمپانیاکە پێشکەشی کردووە، بڕێک پارەی دەداتێ. لە بەرامبەردا کۆمپانیاکە، بڕێک پارەی دەداتە ئەو دەوڵەتە کە لە کوردستاندا بە «شیرینی» ناودەبرێت، هەروەها دەبێت کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەشی ئەو ناوچانە بکات، کە نەوتەکەی لێ بەرهەم دەهێنرێت. جگە لەراهێنانی کادیر و پسپۆری خۆماڵی، تاوەکو فێری پیشەشازی نەوتی ببن.

جێگەی ئاماژەیە، لەئێستادا لە تەواوی جیهاندا کار بەم جۆرە عەقدە دەکرێت و باشترین جۆریشە کە لە خزمەتی گەلانی جیهانی سێهەم بێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکان

ئەمڕۆ لە کوردستاندا زیاتر لە 35 کۆمپانیای جیهانی لە بواری گەڕان و پشکنین و گواستنەوەو فرۆشتنی نەوت و گازی کوردستان کاردەکەن. بەشێکی زۆری ئەو عەقدانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بەستوویەتی دەچنە قاڵبی «عەقدی مشارکە» وە. لەسەر ئەم عەقدانەش ڕاوبۆچوونی جیاواز لەنێوان پسپۆرانی بواری نەوتدا هەیە. هەندێکیان بە باشی دەزانن، هەندێکیشیان بە خراپی دەزانن و پێیان وایە بەم جۆرە سامانی نەوتی کوردستان بەهەدەر دەچێت.

کێشەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا

ئەمڕۆ پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕوی کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی و سیاسی و دەستووری بۆتەوە. لەڕووی تەکنیکیەوە هێشتا هەرێمی کوردستان خاوەنی کۆمپانیایەکی حکومی نییە کە کاری دەرهێنان و گواستنەوەو فرۆشتنی گاز و نەوتی کوردستان بکات، لەڕووی پسپۆری و تەکنیکیشەوە، هەرێمی کوردستان نەگەیشتۆتە ئاستێک کە بەتەواوەتی پشت بە کادیر و تەکنیکی خۆماڵی ببەستێت.

لە ڕووی سیاسیشەوە، هەمیشە پرسی نەوت بۆتە خاڵێکی سەرەکی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە، بە هۆی ئەم کێشەیەوە کوردستان ڕووبەروی قەیرانێکی سیاسی و ئابووری گەورە بۆیەوە.

دەستوری عیراق و بەرهەمی نەوت

راستە لە دەستووری عیراقدا هیچ بڕگەیەکی تەواو ڕوونی تێدا نییە کە هەرێمی کوردستان بۆی نەبێت نەوتی خۆی بفرۆشیت، بەڵام کۆمەڵێک بڕگەی دەستووری هەیە، کەدەکرێت پەیوەست بن بە پرسی نەوتەوە بەتایبەتی بڕگەکانی 110.111.112.

لە بڕگەی 110 دەستووری عیراقیدا کە باس لە دەسەڵاتە حصریەکان دەکات، هاتووە : ( بوارەکانی، بەرگری، سیاسەتی دەرەکی، دارایی، ناسنامە، سامانی ئاو، پەناهەندەی سیاسی، پەیوەستن بە دەسەڵاتی ناوەندەوە) بەڵام لێرەشدا بە هیچ شێوەیەک باسی پرۆسێسی نەوتی تێدا نییە.

بەڵام لە بڕگەی 111 دەڵێت : سامانی نەوت وگازی عیراق، موڵکی هەموو گەلانی عیراقە . جێگەی ئاماژەیە زۆرجار دەسەڵاتی ناوەند هانا بۆ ئەم بڕگەیە دەبات. ناوکۆکیەکەش لەگەڵ بەغدا لەسەر مەسەلەی ئەوەیە کە کێ دەسەڵاتی واژۆکردنی عەقدە بازرگانییەکانی هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان، کەئەمە هەمووکاتێک جێگەی کێشە و ململانێ بووە.

لە بڕگەی 112 کە ئەمەیش لە دوو بەش پێکدێت :

یەکەمیان: باس لە بەڕێوبردنی کێڵگە نەوتییەکانی ئێستا دەکات «لێرەدا مەبەست لێی ئەو کێڵگە نەوتیانەیە، کە تا ساڵی 2005، کاتی پەسەندکردنی دەستووری عیراق دۆزراونەتەوە «. لێرەدا بڕگە دەستووریەکە دەڵێت :

هەموو عەقدێکی دارایی بەهەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغداد دەبێت بکرێت. ئەمەش بەپێی دوو مەرج دەبێت.

1. دابەشکردنی داهات بە شێوەیەکی عادیلانە لە نێوان هەرێم و بەغدا.

2. لەو داهاتە بڕێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرترین زەرەریان بەرکەوتووە لە دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤێنیانەی ڕژێمی پێشوو.

جێگەی ئاماژەیە لێرەشدا ئەم ماددەیە کوردستان دەگرێتەوە چونکە، هەرێمی کوردستان لە دەرئەنجامی سیاسەتی شۆڤێنی ڕژێمی پێشوو، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

دووەمیان: لە بەشی دووەمی بڕگەی 112 دەڵێت:

پێویستە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ناوەند پێکەوە و بە هەماهەنگی سیاسەتێکی ستراتیژی بۆ نەوت و گاز دابنێن . ئەم سیاسەتەش دەبێت ئاگاداری ئەم خاڵانە بێت:

3. هێنان و بەکارهێنانی باشترین تەکنیک لە بواری نەوت و گازدا.

4. پێویستە زۆرترین قازانجی گەلی عیراقی تێدابێت

5. هاندانی سەرمایەگوزاری بیانی لە وڵاتدا.

لە ماددەی 114 دا کاتێک باسی دەسەڵاتی هاوبەشی نێوان حکومەت و پارێزگاکان و هەرێم دەکات، بەهیچ شێوەیەک باسی نەوت و گازی تێدا نییە.

لە ماددەی 115 شدا دەڵێت: کاتێک کێشە کەوتە نێوان هەرێم و بەغدا، گەر دەستوور ئەو کێشانەی چارەسەر نەکرد، ئەوا «ئەولەویەت و ئەفزەلیەت « بۆ یاساکانی هەرێم دەبێت، واتە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان.

هەربۆیە لەڕووی دەستووریەوە مەسەلەی نەوت و گاز بە ڕوونی ئاماژەی بۆ نەکراوەو هەمیشەش کێشە لە نێوان هەرێمی و بەغدا دروست دەکات.

دوا هەوڵی دەستوری

بۆ یەکەمجار لە 15.02.2007حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی ناوەند پێکەوە ڕێککەوتن بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گازی عیراق کە بە «نوسخەی شوباگ» ناسراوە. لە 25.02.2007 یشدا، بە ڕازیبوونی تێکڕای ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق، ڕێکەوتنێکی تر لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کرا، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، گەر پەرلەمانی عیراقی هەتاوەکو 31.05.2007 «نوسخەی شوبات» ی پەسەندن نەکرد، ئەوا هەردوولا بۆیان هەیە، گرێبەستی نەوتی لەگەڵ کۆمپانیاکان ئەنجام بددەن. بەڵام ئەم ڕێکەوتنەش زۆر بڕی نەکرد، بەڵکە هەمیشە هەرێم و بەغدا لەم بوارەدا لە کێشەو گرفتدا دەژین.

ئایا نەوتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئابووری کوردستان پێشبخات ؟ وە چۆن سوود لەم سامانە سروشتییە وەربگرین؟!

دیارە ئەمڕۆ کوردستان خۆی لەبەردەم هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی دەوڵەت دەبینێتەوە، زۆرکەس پێیان وایە نەوت دەتوانێت ببێتە داینەمۆی ئابووری کوردستان، بەڵام ئاخۆ چۆن دەتوانین بەم ئارمانجە بگەین. وە دەبێت حکومەتی هەرێم چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی نەوت دا بکات؟

کۆمپانیا جیهانییەکان و دۆزی کورد

زۆرێک لە پسپۆرانی بواری سیاسی و جیۆپۆلیتیکی پێیان وایە، هاتنی کۆمپانیا گەورەکانی نەوتی جیهان، دەتوانێت ببێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی دۆزی ڕەوای کورد بگەیەنێتە لێواری گەیشتن بە دەوڵەتی کورد. بەڵام خەڵکانی تر پێیان وایە ئەمە دوورە لە راستیەوە، چونکە سنووری دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایانە دیاریکراوەو ناتوانێت یارمەتی دۆزی ڕەوای کورد بدات، بەڵکە هاتنی ئەو کۆمپانیا گەورانە تەنها بۆ سوودی خۆیانە و هیچی تر.

داهاتووی نەوتی کوردستان

راستە لەسەرەتادا هاتنی کۆمپانیا جیهانییەکان و دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گەیشتنی پاپۆری نەوتی کوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان، بویە مایەی دڵخۆشی زۆر کەس، بەڵام پاشان بینیمان حکومەتی عیراقی توانی رێگری لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم بکات و نەهێڵێت هەروا بە ئاسانی نەوتی هەرێم بفرۆشرێت. دواجاریش وەکو دەڵێن» لە دوو جەژنە بووین» لە لایەکەوە فرۆشتنی نەوتی هەرێم وایکرد کە حکومەتی ناوەند بڕە پارەی بودجەی هەرێم ببڕێت، لەلایەکی تریشەوە، هەرێم نەیتوانی سوود لە فرۆشتنی نەوتەکەی خۆی بکات، هەرئەمەش بویە مایەی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هەموو خەونەکانی پێشووی لەناوبرد. هەرئەوەش وایکردووە کە ئەمڕۆ زۆر کەس بە گومان و ترسەوە بۆ داهاتووی نەوتی کوردستان دەڕوانن.

سابیری سه‌ندیكا-‌ ئه‌مریكا


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket