riklam

عیراق.. بەهۆی توندوتیژییەكانەوە لە ساڵێكدا 534 مەدەنی كوژراون

ریپۆرتاژ‌ 08:47 PM - 2020-07-07
.

.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق، بەشێك لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوكردەوە كە پەیوەستە بە تیرۆر و گروپە تیرۆریستییەكان لە عیراق كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە پێشكەش بە كۆنگرێس دەكرێت و لە راپۆرتەكەشدا هاتوو، كە كارە تیرۆرستی و توندوتیژییەكان و ململانێی چەكداریی لەگەڵ داعش بوونەتە مایەی كوژرانی زیاتر لە 534 مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە 1121 كەس لە ساڵی 2019.

رۆژی 27ی حوزەیرانی 2020، باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاندووە: “بەپێی بەندی 22ی یاسای ویلایەتە یەكگرتووەكان، دەبێت وەزارەتی دەرەوە راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی تیرۆر و گروپە تیرۆرستییەكانەوە پێشكەش بە كۆنگرێس بكات، راپۆرتەكەش پەیوەندیی بە عیراقەوە هەیە لەساڵی 2019”.

پوختەیەكی راپۆرتەكە...

تێڕوانینێكی گشتی:
هێزەكانی عیراق، بەشێوەیەكی رواڵەتی ئەو ناوچانەیان كۆنترۆڵ كردووە كە لە چنگی داعش رزگاركراون. رێكخراوی داعش بەردەوامە لەوەی وەك هەڕەشەیەكی مەترسیدار خۆی نمایش بكات بەسەر سەقامگیریی عیراقەوە و بەردەوامیشە لە كردەوە تیرۆریستییەكانی كە پۆلیس و سەركردە سیاسی و خۆجێییەكان دەكاتە ئامانج لەڕێگەی بەكارهێنانی بۆمبی چێنراو و هێرش و پەلاماری چەكدارییانە لە دژی حكومەت و ئەو ئامانجە مەدەنیانەی پەیوەندییان بە هەڵمەتێكی توندەوە هەیە بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی خەلافەتەكەیان.

رێكخراوی تیرۆریستیی داعش هەوڵیدا پشتیوانی توێژەكانی دانیشتوانی هەریەك لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك و دیالە و سەڵاحەدین و ئەنبار و بە تایبەتیش ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بەدەست بهێنێتەوە، بەو پێیەی دابەشبوونی بەرپرسیارێتی ئەمنی جۆجێیی لەو ناوچانەدا تەمومژاویین.

وێڕای ئەوەی داعش توانای ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی كوشندەی هەیە لە عیراق، بەڵام ئەو هێرشانە لە ساڵی 2019دا كەمترین قوربانییان لێ كەوتۆتەوە بە بەراورد بە هێرش و پەلامارەكانی ساڵانی رابردوو.

هێرشی گروپە چەكدارە شیعەكانی سەربە ئێران بۆسەر ئەو بنكە عیراقیانەی هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییان تێدا جێگیركراوە، لە ساڵی 2019دا بوونە مایەی كوژران و برنیداربوونی ژمارەیەك لە سەربازە ئەمریكایی و عیراقییەكان.

هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە: “كەتەیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتوانییان لێ دەكرێت، بەردەوامن لە كاركردن لە عیراق و لە هەندێك حاڵەتیشدا هەوڵ دەدەن بچنە نێو كایەی سیاسی خۆجێیەوە، ئەویش لەڕێگە كاندیدەكانیانەوە لە پارێزگاكان.

بەم دواییانەش حكومەتی عیراق فەرمانێكی بە ژمارە 237 دەركردووە كە تێیدا داوای لە هەموو هێزەكانی حەشدی شەعبی كردووە (بەو هێزانەشەوە كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت) تا “وەك بەشێكی جیانەبۆوە لە هێزە چەكدارەكان كاربكەن و لەژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكاندابن”، وێڕای ئەوەش زۆرێك لە گروپەكان رووبەڕووی فەرماندەیی حكومەتی ناوەندی بوونەتەوە و دەستییان كردووە بە جێبەجێكردنی كردەوەی توندتیژیی بەهۆیانەوە سەقامگیریی لە عیراق و سوریای دراوسێیدا لەق دەبێت، ئەوە جگە لە هێرش بۆسەر خۆپیشاندەران و رفاندنیان.

لەبەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە: “عیراق ئەندامێكی میحوەرییە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشاندنی داعش و بەشداریی لە هەموو گروپەكانی كاری هاوپەیمانیدا كردووە و رۆڵی هەبووە لە (نەهێشتنی چەكدارە بیانییەكان و گروپەكانی بنبڕكردنی كۆمەككردنی داعش و سەقامگیریی و پەیوەندییەكان”.

رووداوە تیرۆریستییەكانی ساڵی 2019

بەپێی ئاژانسی هەواڵگریی و لێكۆڵینەوە فیدراڵییەكان لە وەزارەتی ناوخۆی عیراقیش، كارە تیرۆرستی و توندوتیژییەكان و ململانێی چەكداریی لەگەڵ داعش بوونەتە مایەی كوژرانی زیاتر لە 534 مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە 1121 كەس لە ساڵی 2019.

ئەم ژمارەیە بە دابەزینێكی بەرچاو دادەنرێت، بەراورد بە ساڵی 2018 كە تێیدا نزیكەی 900 مەدەنی كوژران و 1600ی تر برینداربوون. رێكخراوی داعش بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشە خۆكوژییەكان و رفاندن لە هەموو ناوچەكانی وڵاتەكە كە تێكڕایان 844 هێرش بوون لە ساڵەكەدا.
لە گرنگترین ئەو هێرشانە، تەقینەوەی پاسێك بوو لە مانگی ئەیلول كە بووە مایەی كوژرانی 12 عیراقی لە مەزارێكی ئاینی گرنگ لە كەربەلا. لەگەڵ ئەوەشدا پێیانوایە گروپە چەكدارە شیعەكان ، دەستیان لە زیاتر لە 12 هێرشی مووشەكی یان هێرشی تەقەكردنی راستەوخۆدا هەبووە بۆسەر ئامانجە ئەمریكاییەكان یان ئامانجەكانی تری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لەساڵی 2019 بە هێرشەكەی 27ی كانوونی یەكەمەوە كە لەلایەن كەتیبەكانی حزبوڵڵاوە كرا بە 30 مووشەك یەكێك لەو بنكە عیراقییانە بۆردومانكرا كە هێزەكانی ئەمریكایان تێدایە لە كەركوك و بەو هۆیەشەوە بەڵێندەرێكی ئەمریكایی كوژرا و ژمارەیەك لە ئەندامانی خزمەتگوزار لە ئەمریكایی و عیراقییەكان برینداربوون.

یاساكان و رزگاركردنی یاسا و ئاسایشی سنوور

لە عیراقدا گۆڕانكارییەكی گەورە بەسەر یاسای بنبڕكردنی تیرۆر و رزگاركردنی یاساكە لەساڵی 2019دا نەهات.
ئاسایشی سنوورەكان وەك كەلێنێكی شەرمەندە لە تواناكاندا مایەوە، بەو هۆیەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ توانایەكی سنووردارییان هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوەتی سنوورەكان لەگەڵ سوریا و ئێران.

لەهەمان كاتدا دەبینین ئاسایشی سنوورەكان بەدرێژایی چواردەورەی هەرێمی كوردستان بەهێزترن كە لەلایەن هێزە ئەمنییە جیاوازەكانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی كوردییەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام سنورەكان لەگەڵ سوریا لە باشووری هەرێمی كوردستان هەر مایەی هەڕەشەن و مەترسیی دزەكردنی داعش و تۆڕە تیرۆریستییەكانیان و قاچاخچێتی و تۆڕە تاوانبارییەكانیان لێ دەكرێت.

هەر بەگوێرەی بەیاننامەكەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا “هێز و لایەنەكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەكرێت، پارێزگارییان لە بوونی خۆیان كرد لە دەروازە سنوورییە سەرەكییەكان لە عیراق.

حكومەتی عیراق دەروازەی سنووریی عیراق- سوریای لە ناوچەی قائیم كردەوە كە لەژێر دەسەڵاتی پاسەوانی سنووردایە، هەرچەندە هێزە جیاوازەكانی حەشدی شەعبی لە باكوور و باشووری بازگە سەرەكییە جێگیركراون.

هاریكایی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی

عیراق بەردەوام بوو لە كاركردن لەگەڵ رێكخراوە فرەلایەن و ئیقلیمییەكان- بە نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی داعش و هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی و رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامی و ئینتەرپوڵ و كۆمەڵی وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش لەپێناوی پشتیوانیكردن لە هەوڵەكانی بنبڕكردنی تیرۆر.

PUKmedia كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket