riklam

لە روانگەی یەکێتییەوە چاكسازیی پاكێجێكە نەك تەنیا كەمكردنەوەی مووچە

ی.ن.ک‌‌ 06:01 PM - 2020-07-02
.

.

لە روانگەی یەکێتییەوە

چاكسازیی پاكێجێكە نەك تەنیا كەمكردنەوەی مووچە!!

چڕبوونەوەی دیدار و كۆبوونەوە مەكۆكییەكانی هاوسەرۆكانی یەكێتی ‌و وەفدی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ لایەنە سیاسییە كاراكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان، سەبارەت بە هەردوو تەوەری چاكسازیی ‌و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەولێر ‌و بەغدا و دۆخی ئەمنیی سنوورەكان ‌و...هتد، تەئكیدكردنەوەی یەكێتییە لەسەر ئەوەی كە لە خەمی هەموو ئەو كەیسانەدایە و لێیان غافڵ نییە، بەڵام نایەوێت بڕیاری بەپەلە و نا مەدروس بدات ‌و پێشیوایە كە ئەو كەیس ‌و كێشانە هەموویان رەهەندی نیشتمانیی ‌و نەتەوەییان هەیە و پەیوەستن بە گیان ‌و ژیان و بژێویی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانەوە، بۆیە دەشبێت بە هەمووان پێكەوە تەگبیری لێ بكەن ‌و هەمووانیش پێكەوە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتی، چونكە زیانی هەریەك لەو كەیسانە بۆ هەمووانە و بەپێچەوانەشەوە سوودەكانیشی دەبێت بۆ هەمووان بێت.

*ئەوەی ئێستا لە هەموو بابەتێك زیاتر مایەی مشتومڕە و لە رۆژەڤدایە، بابەتی چاكسازییە، هەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە پێیوایە كە چاكسازیی بابەتێك نییە تەنیا لە كەمكردنەوە و رێكخستنەوەی مووچە و دەرماڵەكاندا چڕ بكرێتەوە، بەڵكو چاكسازیی پاكێجێك یان گورزەیەك ریفۆرمە لە بواری رێكخستنەوەی باری دارایی ‌و ئابووریی ئەم هەرێمەدا كە گرنگترین خاڵی بە شەفافییەت لە داهات ‌و خەرجیی دەستپێدەكات، ئەوەش ئەگەر وردی بكەینەوە، شەفافییەتە لە داهاتی نەوت ‌و وزەی هەرێم ‌و چۆنێتی خەرجییەكەی بەو پێیەی كە چ لە هەرێم ‌و چ لە عیراقیش نەوت ‌و باقی پاشكۆكانی وزە سەرەكیترین سەرچاوەی داهاتن، ئەمە وێڕای دەروازە سنوورییەكان ‌و باج ‌و رسومات ‌و یەكخستنیان و گێڕانەوەیان بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی بەشێوەیەكی ئاشكرا و شەفاف، بۆیە شەفافكردنی هەموو ئەو بوارانە دەبێتە دەستپێك ‌و سەرەتایەك بۆ چاكسازیی.

*یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نایەوێت موماتەڵە و یاریی بە كات بكات لە مەسەلەی چاكسازیی ‌و دەستپێكردنیدا و ئەو راستییەش دەزانێت كە ئەو كارە ناقانوونی ‌و نایاساییانەی لە بواری مووچە و دەرماڵە و خانەنشینكردنی ناقانوونی كە لە رابردوودا كراون، دەبێت راست بكرێنەوە و كۆتایی بەو رەوشە بهێنرێت، راستە ئەگەری هەیە بەشێك لە كادر و دۆستانی خۆی ‌و لایەنەكانی دیكەش زەرەریان بەربكەوێت، بەڵام یەكێتی كۆی دیمەنەكە دەبینێت و پێیوایە دەبێت ئەو حاڵەتە ناقانوونییە كۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەوەش بە دەستبردن دەبێت بۆ چاكسازیی لە سێكتەرەكانی دیكەی دارایی و داهات ‌و خەرجیدا، هەربۆیە وەك بینیمان تویتەكەی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی وەڵامی ئەوەبوو كە یەكێتی بەناچاری ئەو كەمكردنەوەیەی تەنها بۆ ئەم مانگە قبوڵكردووە تا مشتومڕەكان نەبنە مایەی  ئەوەی فەرمانبەران ‌و مووچەخۆران لە چاوەڕوانیدا بێ پارە بمێننەوە و بێگومان لەم مانگەدا یەكێتی دەتوانێت بە ڕاو تەگبیر لەگەڵ  هەموو حزبەكاندا بگەنە بڕیار‌و بۆچوونێكی هاوبەش لەسەر هەموو كەیسەكان بە چاكسازیی، دۆسێی نەوت ‌و شەفافییەت، رێكەوتن لەگەڵ بەغدا. 

*لەبواری پەیوەندییەكانی هەرێمیش لەگەڵ عیراق، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی سیاسی كە لە هەردوو حكومەت و پەرلەمانی كوردستان ‌و عیراقیش پێگەی خۆی هەیە،  پێیوایە ناكرێت ئەم ناكۆكی ‌و ململانێیانەی نێوان ئەم دوو لایەنە بەردەوام بێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان باجی ئەو ململانێیانە بدەن، هاوكات ناشیەوێت سەربەخۆ بڕیاری یەكلایەنە بدات بەبێ راوێژ و مەشورەت بە حزبە سیاسییە كوردستانییەكانی دیكە بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، تا هەمووان پێكەوە دوور لە ململانێ لاوەكییەكان لەسەر ئەم بوارە چارەنووسسازە بە یەك هەڵوێست و یەك گوتاری سیاسییەوە لەگەڵ بەغدادا بكەونە گفتوگۆوە، كە بێگومان لەم بارەیەشەوە دوو بابەت زۆر گرنگە كە هەمووان بیزانن:

-پەنابردن بۆ دەستووری هەمیشەیی عیراق كە هەمووان بە كوردستانیشەوە دەنگیان پێداوە.

-جێبەجێكردنی پابەندییە داراییەكانی سەرشانی هەرێم سەبارەت بە شەفافییەت ‌و رادەستكردنی ئەو بڕە یاسایی و دەستوورییەی كە هەرێم لەگەڵ عیراقدا لە دانوستاندنەكانیاندا لەسەری رێك دەكەون.

كەیسێكی دیكە كە ئەمڕۆ بەگەرمیی بەرۆكی هەرێمی گرتووە، ئاڵۆزییەكانی سنووری هەرێمی كوردستانە، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وای دەبینێت كە هەموو لایەنەكان لە راوێژدابن بۆ ئەوەی بەیەك گوتاری سیاسی یەكگرتووەوە و لە رێگەی كەناڵە رەسمییەكانیانەوە لەناو حكومەتی فیدراڵدا گوشارە ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتییەكان زیاتربكەن بۆ كۆتایی هێنان بەو ئاڵۆزییانە و دوورخستنەوەی شەڕ و پێكدادان ‌و لەشكركێشیی و تۆپباران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی یاسایی‌و دەستووریی لەناو عیراقدا، كە بێگومان هەنگاوێكی لەو جۆرەش بەبێ ئاساییكردنەوە و پابەندبوون بە دەستووری عیراق ئەستەمە و كێَشەی سەرەكیش لە نێوان هەرێم ‌و بەغدا جگە لە كێشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان ‌و هێزی پێشمەرگە ‌و پشكی كورد لە پۆستە سیاسی ‌و سەربازیی ‌و ئیدارییەكان، بابەتی دارایی ‌و بودجە و مووچەیە، هەربۆیە رێكەوتنی هەرێم ‌و بەغدا لەسەر ئەو كەیسانە دەرگا بە رووی زۆرێك لە چارەسەری كێشەكانی دیكەشدا دەكاتەوە.

PUKmedia بەشی هەواڵ ‌و بەدواداچوون

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket