riklam

توركیا شەڕی دژی پەكەكەتوندتر بۆ ناو عیراق دەگوێزێتەوە‌

ریپۆرتاژ‌ 10:57 AM - 2020-06-25
.

.

 "سوپای توركیا هەفتەی رابردوو هێرشێكی دژ بەگەریللاكانی كوردە‌كانی توركیا لە باكوری عیراق دەستپێكرد، لە‌م میانەدا لەلایەن كوردەكانی عیراقەوە هاوكاری دەكرێت".

فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان بەسەر ناوچەیەكی شاخاوی باكوری عیراقدا دەفڕێت، كامێراكەی بەدوای كەسێكەوە‌یە، كە گومان دە‌كرێت شەڕكەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پێكاكا) بێت، ئەو هەڵدێت و خۆی لەژێر دارێكی نزمدا دەشارێتە‌وە، چەند چركەیەك دواتر لەلایەن رۆكێتێكەوە دەپێكرێت، لە میانە‌ی هەڵمەتی (چنگی پڵنگ)دا پێدە‌چێت كە هێزە كۆماندۆكان "سێ گەریلای تیرۆرستیان لەكار خستبێت"، وە‌زیری بەرگری توركیا لەئە‌نكەرەو لەڤیدیۆیەكدا وا دەڵێت.

(چنگی پڵنگ) ناوی نوێترین ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیایە دژ بە كوردە شۆڕشگێرەكانی توركیا، كە دەیان ساڵە جێگەی خۆیان لە باكوری عێراقدا قایم كردوە، هێرشی زەمینی ئەمجارە، كە سەدان كۆماندۆ بەشدارن تێیدا، هاوكاتە لەگەڵ هێرشی (ئۆپەراسیۆنی چرنوكی هەڵۆ)، كە تێیدا فڕۆكەی جێتی شەڕكەر سەرەتای هەفتەی رابردوو دەیان ئامانجیان لەتەواوی سنوری توركیا – عیراق بۆمباباران كرد كە سەدان كیلۆمەتر لە یەك دوور بوون.

هێرشە ئاسمانییەكان لە نزیكی سنورو ناوچەكانی شاخە‌كانی قەندیل، كە پێكاكا بارەگای سەرەكییان تێیدایە ئەنجام درا، تا دەگاتە دەوروبەری كەمپی پەنابەرانی مەخمور لە باشوری هەولێر، هەروەها شاخەكانی شەنگال لە رۆژئاوای موسڵ، لەوێ پێش سێ ساڵ زۆر لە خەڵكانی كەمینەی ئێزیدی تەنها بەهاوكاریی پێكاكاوە لە كۆمەڵكوژیی و جینۆساید رزگاریان بوو.

 

قوربانی لە نێو خەڵكانی سیڤیلدا

(جەنگی پاك دژی بەتیرۆرستەكان) وەك ناونراوە، ئەمە تەنها خەیاڵە، ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا لە باكوری عیراقدا هەمیشە قوربانی لە نێوان خەڵكانی سیڤیلدا لێ دەكەوێتەوە. ڤیدیۆیەك، كە كەسێكی دانیشتوی گوند رۆژی‌ هەینی و نزیك لە شارۆچكەی شیلادزێ تۆماری كردوە، پیكابێكی سپی نیشان دەدات، كە لێیدراوەو لە پشتییەوە  خۆڵەمێش و دوكەڵێكی رەشی لێ بەرز دەبێتەوە. (ڤیدیۆكە لەگەڵ ئەم وتارەدا لە سایتی رۆژنامەكە بڵاوكراوەتەوە)، كەسوكارەكەیان بۆ میدیای كوردی وتیان، كە ئەوان سێ گەنج بون و ویستویانە سەیرانێك بكەن. لەوێدا ئەوان لەلایەن دوو شەڕكەری پێكاكاوە دەوەستێنرێن و ئیتر لەلایەن‌ توكیاوە بۆمباباران دەكرێن، دوو كەسی سیڤیلی تریش بەپێی سەرچاوەكانی ناوچەكە لە هێرشێكی تری ئاسمانیدا كوژراون.

بە پێی قسەی سەرۆكی شارەوانی ئەوێ بێت، تەنها لە گوندەكانی دەوروبەری شیلادزێ، لەم سێ ساڵەی دواییدا ٢٤ كەسی سیڤیل كوژراون، دانیشتوانی دەیان گوند چۆڵیان كردوەو هەڵاتوان، لەكاتێكدا حكومەتی بەغدا ناڕەزایی خۆی دژ بەم هێرشە‌ی توركیا دەربڕیوە، حكومەتە كوردییەكەی هەرێم بێ دەنگە، پاش كوژرانی ئەو خەڵكە سیڤیلانە، ئینجا وتەبێژی حكومە‌تەكە جوتیار عادل داوایكرد، كە توركیا رێز (سیادەی وڵاتەكەمان) بگرێت، هەروەها داواشی لە پێكاكا كرد، كە‌ ناوچەكە یەكسەر بەجێ بهێڵن، حكومەتی هەرێمی كوردستان خوازیاری پەیوەندییەكی دۆستانەیە لەگەڵ هەموواندا، جوتیار وای وت.

هێرشی ئەم جارە لە كاتێكدایە، كە ناوچە‌كە روبەڕووی شەپۆلی دووەمی پەتای جیهانگری كۆرۆنا بۆتەوە، ئەم بەشە وڵاتە، پاش جێبەجێكردنی كۆمەڵێك رێكاری توند شەپۆلی یەكەمی بە باشی تێپەڕاند، بەڵام لە سەرەتای مانگی شەشەوە زیاتر لە ٣٥٠٠ كەس توشبوون، هەروەها نزیكەی ١٠٠ كەس بەم دەردەوە گیانیان لە دەستداوە، بەم هۆیەوە حكومەتی هەرێمەكە هاتووچۆی لە نێوان ناوچەكاندا قەدەغە كردوە، مزگەوتەكان، یاریگاكان، پارك و هە‌ندێك فەرمانگەش داخراون، هەروەها بازاڕیی شەوانەش قە‌دەغە كراوە.

 

هاوكاریی نێوان بارزانی و ئەنكەرە

سە‌رەڕای دەردی كۆرۆنا كوردەكانی عیراق خۆیان لە دۆخێكی سەختدا بەرامبەر توركیا دەبیننەوە. لەڕووی ئابورییەوە ناوچە كوردییەكە پەیوەستە بەقازانجی زۆری هاوردەكردنی نەوت بۆ وڵاتە دراوسێكەیان، داهاتەكانی گومرگ، كە لە هەناردەكردنی كاڵای توركییەوە دەست دەكەوێت، میلیۆنان دۆلار دەڕژێننە خەزێنەی هەولێرەوە، پێش چە‌ند هەفتەیەك خەریكبوو ئەم داهاتە تەواو پەكی بكەوێت.

ئەم دۆخی هەڵئاوسانە‌ فەرمانبەران و كاسبكارانی كەرتی گشتی گرتەوە: زۆربەیان بۆ چەند مانگێكە موچە‌یان وەرنەگرتوە، ئەم رەوشە تێكئاڵاوە ئابورییە تاكە هۆ نییە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە ناوچە‌كانی نێوانی هەولێ و سنوری توركیای كۆنترۆڵكردوە، وای لێكردوە گوێڕایەڵ و هاوكار بێت، بەڵكو پارتی دیموكرات و هەروەها پێكاكاش مافیان داوەتە خۆیان، كە خۆیان بە نوێنەری هەموو كوردەكانی دەرەوەی سنورەكانیشەوە بزانن، ئەوان بەڵام لە رووی ئایدۆلۆجییەوە زۆر دژ بە یەكن. 

ساڵانێكە كە پارتی دیموكرات پەیوەندی توندی لەگەڵ توركیادا هەیە، بەڕادەیەك كە هەریەك لە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتەكە وە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئێستای هەرێمەكە لە كاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا یارمەتییان پێشكە‌ش بەسەرۆكی توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان كرد، بۆ ئەوەی دەنگ لە نێو كوردەكانی توركیا بەدەستبهێنێت.

ئەنكەرە لە شەڕەكەیدا دژ بەپێكاكا دەتوانێت لەڕووی سەربازییەوە بارزانی وەك دۆستی خۆی ببینێت، پاش بەتوندی سەركوتكردنی راپەڕینی گەنجانی سەر بەپێكاكا لە شارە كوردییەكاندا ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦، كەوا گیانی زۆر لە هەوادارانییانی تێداچوو، جارێكی دی گەڕانەوە بۆ شەڕی كلاسیكی تاكتیكی گەریللایی.

بەكارهێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كارە‌كەی لە بەرژەوەندی توركیادا هەڵگەڕاندۆتەوە، بەپێی زانیارییەكانی گروپی نێودەوڵەتی قەیرانەكان ژمارە‌ی گیان لە‌دەستدانی پێكاكا پێنج جار لە قوربانییەكانی سوپای توركیا بەرزتر بۆتەو‌ە، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا توركیا دەستیكردوە بە دامەزراندنی بنكەی سەربازی لە باكوری عیراقدا.

وەك دەردەكەوێت ئێستا ژمارەیەكی زیاتر لە بنكەی سەربازییان بنیاد ناوە، كە سەدان سەربازیان تێدا جێگیر كراوە، حكومەتی هە‌ولێرو بەغدا هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر ئەوان نییە، رێككەوتنی توركیا بەتەنها لەگەڵ پارتی دیموكراتدایە، راستتریش بڵێین لەگەڵ خودی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی برازای و كوڕ‌ەكەی واتە مەسرور دایە، كە ئێستا سەرۆكوەزیرانی هەرێمەكەیە‌.

 

ئێرانیش هێرش دەكاتە سەر دژبەرەكانی لە باكوری عیراقدا

بە پێی زانیارییەكانی دەزگای ململانێ چەكدارییەكان و زانیاریی رووداوەكان (Armed Conflict and Event Data Projekt) لەم پێنج مانگەی سەرەتای ئە‌مساڵەوە زیاتر لە سەدا حەفتاوحەوتی پێكهەڵپڕژانە چەكدارییەكان لە نێوان سوپای توركیا و شۆڕشگێرانی پێكاكا لە باكوری عیراقدا روویداوە، زیاتر لە سێیەكیان هێرشی بۆمبابارانی فڕۆكە‌و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بوونە. ئۆپەراسیۆنی ئەمجارە بە تایبەت لە ناوچەی حەفتانین لە باكوری رۆژهەڵاتی شاری سنوریی زاخۆدا خەست بۆتەوە.

رەخنەگرانی پارتی دیموكرات لەو باوەڕەدان، كە ئامانجی دووری توركیا هێرشێكی فراوانی سەر بارەگاكانی سەرەكی پێكاكایە لە شاخەكانی قەندیلدا. وەك بەردی بناغەش پێنج بنكەی سەربازیی لە ناوچەكانی شاخەكانی خواركوڕك و سێگۆشەی سنوری نێوان توركیا، ئێران و عیراق دامەزراندوە. هێرشێكی وا بۆ سەر قەندیل تەنها بەهاوكاری ئێران و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەگەری هەیە، كەوا ناوچەكانی دەوروبەریی ئەوێیان لە ژێر كۆنترۆڵدایە.

ئێران لە هەفتەی رابردوودا ناوچەكانی شۆڕشگێرە كوردەكانی ئێرانی لە سێگۆشەی سنوریی دەڤەری حاجی ئۆمەرانی تۆپباران كرد. تاران حەز بە بەهێزتر بوونی توركیا لە باكوری عیراق ناكات، شتێكی دووریشە كە یەكێتیی نیشتمانییی كوردستان كارێكی وا ئەنجام بدات، كە وڵاتێكی دراواسێ (توركیا) ئەمان بۆ سودی خۆی بەكاربهێنێت، بەلای كوردانی عیراقەوە شەڕكەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان تیرۆریست نین، بەڵكو كوردن وەك ئەوان.

 

سەرچاوە:

رۆژنامەی نۆیە تسویرخە تسایتونگ (NZZ) بەناوبانگترین رۆژنامەی ئەڵمانیزمانی سویسریی و ئەوروپییەو لەساڵی ١٧٨٠وە بەردەوام‌ دەردەچێت، ئەم وتارە  لە ٢١/٦/٢٠٢٠ دا بڵاوكراوەتەوە.

تێبینی: وێنەی قەرەیلان و چەند پاسەوانێكی لەگەڵ وتارەكەدا دابەزێنراوە، لە ژێریدا نوسراوە: ئەو كەسێكە زۆرترین داواكراوە لە توركیادا، موراد قەرەیلان، سەركردەی شەڕكەرانی پێكاكا، وێنەكە لە ساڵی ٢٠٠٦ لە شاخەكانی قەندیل چركاوە.

PUKmedia  و/لە ئەڵمانییەوە هیوا ناسیح

نوسینی ئینگە رۆگ

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket