riklam

مێژوو و مەغزای لەشكركێشییەكانی توركیا

بیروڕا 02:23 PM - 2020-06-22
.

.

مێژوو و مەغزای لەشكركێشییەكانی توركیا بۆسەر باشووری كوردستان

دروستبوونی پەكەكە لە 1978 و راگەیاندنی شۆڕشی چەكداریی لە دژی حكومەتی سەربازیی توركیا لە 15/8/1984 ‌و گردبوونەوەی گەریلا لە ناوچەی سێ سنوور لە چیای قەندیل لەدوای كودەتاكەی 12/9/1980ی توركیا لەلایەك ‌و دانوستانی 1983-1985-ی نێوان ی.ن.ك ‌و رژێمی بەعس و لاوازیی ئەو رژێمە لەڕووی سەربازیی ‌و ئابوورییەوە بەهۆی جەنگی عیراق – ئێران لەلایەكی دیكەوە، زەمینەی دەستپێكردنی لەشكركێشییەكانی توركیای بۆسەر خاكی باشووری كوردستان رەخساند.

دەستپێكی هێرشەكان

زۆرێك بێئاگایانە لە مێژوو بەناو دەكەون ‌و شرۆڤەی سەیرو سەمەرە دەكەن سەبارەت بە هەڵوێستی رژێمی بەعس ‌و سەدام حسێن سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو رژێمە و سەرۆكەكەی لە دەستێوەردانی توركیاو پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عیراق، هەربۆیە هەرگیز لە شرۆڤەكانیاندا ناگەڕێنەوە بۆ سەرەتای مۆڵەت وەرگرتنی ئەنقەرە لە بەغدا و چیرۆكی داتاشراو دەنووسنەوە كە گوایە «بە بڕیاری سەدام حسێن لەسەر كوشتنی سەگێك كە لەسنووری عیراقدا بەدەستی سەربازانی تورك كوژراوە، ئەفسەرێكی توركی كوژراوەتەوە»، یاخود لە پشكی عیراق لە ئاوی دیجلە و فورات چەندین چیرۆكی داتاشراوی دیكە دەنووسن، كە هەرهەمووی فەبرەكە و دروستكراون.

راستییەكە بەم شێوەیەیە

لەساڵی 1984دا كاتێك پەكەكە وەك هێزێكی چەكدار شەڕی لەگەڵ توركیا راگەیاند، رژێمی عیراق بەهۆی شەڕییەوە لەگەڵ ئێراندا بەرەو لاوازیی دەچوو لەڕووی ئابوورییەوە، بەو پێیەی نەیدەتوانی لە (تەنگەی هورمز)ەوە نەوت هەناردە بكات، بۆیە توركیاش ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بەو پێیەی حكومەتی سەربازیی بوو بە سەرۆكایەتی كەنعان ئیڤرین، وەفدێكی رەوانەی بەغدا كرد بۆ دانوستاندن لەسەر سێ خاڵ:

-یەكەمیان رێكنەكەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆتایی هێنان بەو دانوستاندنەی كە بەوتەی سەرانی رژێمی پێشوو لەكۆتایی نزیك ببۆوە.

-كردنەوەی دەروازەیەك بۆ هەناردەكردنی نەوت لەڕێی بۆریی كەركوك – جەیهانەوە بۆ ئەوروپا.

-رێگەدان بەیەكتریی بۆ بەزاندنی سنووری نێوان (عیراق- توركیا) بە قوڵایی 10-15 كیلۆمەتر بەمەبەستی راوەدونانی هێزە نەیارەكانیان لەناو سنووری یەكتری.

مەبەستی سەرەكیی توركیا لەو دانوستاندنەی لەگەڵ بەغدا خاڵی سێیەم بوو، چونكە هەرگیز هێزی چەكداری نەیاری رژێمی عیراق لەدیوی سنووری باكووری كوردستاندا نەبوو، بۆیە رێكەوتنی ئەو دانوستاندنە تەنیا توركیا لێی سوودمەند بوو.

هەڵوێستی عیراق

وەك لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێكرد لەبەرئەوەی عیراق زۆر لەدۆخێكی ئابووریی و سەربازیی خراپدا بوو لەلایەك ‌و ئارەزووی سەلماندنی داواكاریی و خواستەكانی كوردی نەبوو لەلایەكی دیكەوە، بۆیە دەستبەجێ بە خاڵەكانی وەفدی توركیا بەسەرۆكایەتی سوپاسالاری ئەو وڵاتە رازیی بوو و كەوتە دروستكردنی ئاستەنگ بۆ دانوستانەكەی لەگەڵ یەكێتی.

كەی توركیا یەكەم هێرشی دەستپێكرد؟

لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 1984 واتە تەنها 20 رۆژێك لەدوای دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ پەكەكە، عیراق و توركیا رێكەوتنەكەیان ئیمزاكرد ‌و لە رۆژی 12-15ی ئەیلول واتە دوای مانگێك لە راگەیاندنی شەڕی چەكداریی لەلایەن پەكەكەوە، یەكەم هێرشی ئاسمانی ‌و زەمینی دەستیپێكرد و بەو هۆیەشەوە بەشێك لە بارەگای حزبەكانی باشووری كوردستان لە بادینان ‌و برادۆست كەوتنە بەر ئەو هێرش ‌و پەلامارانە ‌و لە رۆژی 15/9/1984دا كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و نامەی ئاراستەی هەموو حزبەكانی باشوور كرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ ناردنی هێز بۆ ئەو ناوچانە و بەشداریی لە بەرگریی لەو ناوچانە، بەڵام هێرشەكان بەجۆرێك بوون كە تاگەیشتنی بانگەوازەكە زۆربەی ناوچەكان چۆڵكران.

زنجیرەی هێرش و پەلامارەكان لەدوای راپەڕینەوە

ئەگەرچی توركیا قەوارەی هەرێمی كوردستانی وەك دیفاكتۆ قبوڵكرد لەدوای راپەڕین ‌و بەهۆی هەژموونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە لەدژی رژێمی سەدام حسێن بێدەنگیی لە بوونی ئەو قەوارەیە كرد، بەڵام هەرگیز لێی غافڵ نەبوو و بەردەوام بوو لە هێرش ‌و لەشكركێشی و بۆردومانی فڕۆكەكانی بۆسەر ناوچە سنوورییەكان بە بیانووی بوونی پەكەكەوە، لەلایەكی دیكەشەوە ئابڵۆقەی ئابووریی سەر عیراق ‌و باشووری كوردستانی كردە دەرفەتێكی باش بۆ بوژاندنەوەی ئابووریی خۆی و ساغكردنەوەی كاڵاكانی.

رێكەوتنەكەی لەگەڵ عیراق بەرەو كوێ چوو؟

ئەگەرچی میدیاو رشتی دیپلۆماسیی عیراقی سەردەمی رژێم بەدرێژایی ماوەی دوای جەنگی دووەمی كەنداو تا رووخانی رژێم دژایەتیی خۆی بۆ هەموو ئەو حكومەت ‌و وڵاتانە درێژە پێدا كە لەجەنگی دووەمی كەنداودا لەگەڵ ئەمریكا ‌و هاوپەیمانەكانیدا هاوارببوون، بەڵام هیچ رۆژێك ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ توركیادا هەڵنەوەشاندەوە و بگرە لەگەڵ ئوردندا وەك دوو دەروازەی زەمینی كەڵكی لە توركیا وەردەگرت بۆ پەیوەندیی دەرەوە بەو پێیەی عیراق لەژێر ئابڵۆقەی فڕۆكەو گەشتی ئاسمانیشدا بوو.

بێدەنگیی عیراق ‌و ئەندامێتیی توركیا لە ناتۆداو بوونی بنكەی ئینچەرلیك بۆ چاودێریی ئاسمانی ناوچەی دژە فڕین لەو ساڵانەدا و بوونی پەكەكە وەك هێزێكی سەربازیی لە قەندیل ‌و پۆلێنكردنی وەك گروپێكی (تیرۆریستی) لەلایەن زۆرێك لە هاوپەیمانەكانی توركیاوە بەهۆی بەرژەوەندیی سیاسی ‌و ئابوورییەوە، دەرفەتی ئەوەی بۆ توركیا رەخساند كە بەبێ گەڕانەوە بۆ هیچ یاسا‌و رێسایەكی نێودەوڵەتی كەی بیەوێت لەشكركێشیی بكاتە خاكی باشووری كوردستانەوە.

پەكەكە لە بیقاع ‌و پەكەكە لەقەندیل

جەنگی ناوخۆی هەرێمی كوردستان 1994-1998 دەرفەتێكی دیكەی بۆ ئەنقەرە رەخساند تا بیقۆزێتەوە بۆ قایمكردنی شوێنپێی خۆی، هەربۆیە بەناوی سەرقاڵی هێزەكانی پێشمەرگەی باشوور بە جەنگی ناوخۆوە پاراستنی سنوورەكانی خۆی لە هەڕەشەی پەكەكە ناوبەناو هەڵمەت ‌و لەشكركێشیی دەكرد و هەرجارەو لەدوای كشانەوەی هێزەكانیان، چەند بنكەیەكی جێگیریان لە شوێنە هەستیارو ستراتیژییەكان لەناو خاكی باشووردا بەجێ دەهێشت.

ئەو هۆكارانەش كە زیاتر توركیای هاندا پێداگریی زیاتر بكات لە هەرێمی كوردستان، بریتی بوو لە:

*بەهۆی گوشارەكانی توركیاوە بۆسەر سوریا لەسەردەمی حكومەتەكەی بولاند ئەجەویددا پەكەكە بنكەو بارەگاكانی لە دەشتی بیقاع پێچایەوەو بەشێكی زۆریان هاتنە ناوچەی قەندیل نیشتەجێ بوون ‌و تەنانەت خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی رابەری زیندانیكراوی پەكەكەش لانەی لێ شێوا تا دواجار لە ئەفریقا بەپێی پیلانێكی هەواڵگریی دەستگیركراو گەڕێندرایەوە بۆ توركیا‌و سەرەتا حوكمی لەسێدارەدان ‌و دواتر حوكمی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا.

*لە هەموو خولەكانی دانوستاندنی ئاشتی لە نێوان یەكێتی ‌و پارتی لە پاریس، لەندەن، دبلن، درۆگیدا، ئەنقەرە، تاران، خاڵێك لەلایەن توركیا یان هاوپەیمانەكانییەوە دەخرایە ناو دانوستاندن و رەشنووسی رێكەوتنەكەوە كە بریتی بوو لە :»یەكێتی ‌و پارتی پێكەوە دژایەتیی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن و هاوكاردەبن لە لەناوبردنیان وەك گروپێكی تیرۆریستی»، ئەمەش ئەو خاڵە بوو كە هەمیشە لەلایەن یەكێتییەوە رەتدەكرایەوە، تا دواجار لە ساڵی 1998 لە رێكەوتننامەی واشنتۆندا داڕشتنەكەی گۆڕدرا بە: «یەكێتی و پارتی دژایەتیی خۆیان بۆ هەر گروپ ‌و رێكخراوێكی تیرۆریستی لە هەرێمدا رادەگەیەنن كە دەبنە مایەی هەڕەشە بۆسەر دراوسێكان».

دیارە دەوڵەتێكی وەكو سوریا كە لەڕووی سیاسیی ‌و ئابووریی و سەربازییەوە وڵاتێكی لاوازبوو بەرامبەر بە توركیا، چونكە سوریا لەلایەن هەموو دۆستە خۆرئاوایی و خۆرهەڵاتییەكانی توركیاوە دژایەتیی دەكراو لەبازنەی دژایەتیی ئەمریكا ‌و ئیسرائیلدا بوو، حكومەتی ئەوكاتی توركیاش لەبەرەی خۆرئاواو ئیسرائیلەوە زۆر نزیك ‌و بگرە هاوپەیمان بوو، جگە لەوەش هیچ بەلایەوە مەبەست نەبوو كێشەی گەورە بۆخۆی بخوڵقێنێت لەگەڵ توركیادا لەسەر پەكەكە و سەرۆكەكەی، بۆیە بەزوویی داواكەی توركیای جێبەجێ كرد.

بەڵام پەكەكە سەبارەت بەباشوور وەك هێزێكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی باكووری كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت بەتایبەتی لەلایەن یەكێتییەوە و ئەو ناوچانەش كە بارەگاو بنكەیان تێدا جێگیركردووە لە 1984ەوە، ناوچە گەلێكە كە گرتن و كۆنترۆڵكردنیان بە هێرشی سەربازیی سەخت ‌و دژوارە نەك بۆ توركیا بەڵكو بەدرێژایی مێژووی حكومەتەكانی عیراقیش ئەو ناوچانە لەڕێی سوپای عیراقەوە كۆنترۆڵ نەكراون و بەزۆریی ناوچەی دوور لە ئاوەدانی بوون، بۆیە پەكەكەی بیقاع لەژێر هەژموونی سوریادا بوو و رێزی بڕیاری خانەخوێكەی گرت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەڕووی نەتەوەییەوە خۆیان بە بەشێك لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان دەزانن، هەر لە سەرەتای گێچەڵەكانی توركیاوە بە باشووری كوردستان ئەو مەترسییانەیان بەهەند وەرنەگرتووە.

گرفتێكی گەورە لێرەدا ئەوەیە كە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن-ەوە هیچ حكومەتێكی عیراقی لەسەردەمی عەلاوی- برێمەر-ەوە تا دەگات بە عەبدولمەهدی ‌و كازمیش، ئەو رێكەوتنەی ئەیلولی 1984 یان لەگەڵ توركیادا هەڵنەوەشاندۆتەوە، بۆیە هەر هەڵمەتێكی ئیدانە و پرۆتستۆی لەشكركێشی ‌و بۆردومانەكان پێناچێت كاریگەریی هەبێت، بەڵكو تەنیا هەڵڵایەكی میدیاییەو هیچی تر.

سەرجەم لەشكركێشییەكان:

*1984 یەكجار بە زەمینی و ئاسمانی، 1992 ئاسمانی ‌و تۆپباران، 1993 ئاسمانی ‌و تۆپبارانی بەردەوام، 1994 دوو جار بەهەمان شێوە، 1995 زیاتر لە چوار جار بەهەردوو شێوەی ئاسمانی ‌و زەمینی، 1996 دوو جار بەهەمان شێوە، 1997، سێ جار هەرجارەی مانگێكی خایاندووە، 1998 یەك جار، ساڵی 2000 دوو جار، ساڵی 2004 یەك جار، ساڵی 2008 یەك جار بەهێرشی ئاسمانی ‌و زەمینی، 2009 تا 2011 ئاگربەست، 2011 تا 2013 دووجار بەئاسمانیی بۆ ماوەی دوو مانگی پچڕ پچڕ، 2013-2015 ئاگربەست، 2015 تا 2020 زیاتر لە 10 جار بۆردومانی فڕۆكە و سێ جاریش لەشكركێشیی فراوان ‌و پرۆسەی هەواڵگریی ‌و كۆماندۆی تایبەت.

توركیاو پەكەكە و چارەسەری

لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردووەوە یەكێتی و هەموو عاقڵمەندانی ناوچەكە پێیانوابووە كە كێشەی كورد لە باكووری كوردستان بە جەنگ و كاولكاریی چارەسەر نابێت، هەربۆیە لەو كاتەوە مام جەلال یەكەم دەروازەی بۆ دانوستاندنی نێوان توركیاو پەكەكە كردەوە و چەندین خولی دیكەی دانوستانی راستەوخۆ ‌و ناڕاستەوخۆ تا ساڵی 2015 لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا رێكخراوەو چەند ساڵێكیش ئاگربەست هاتۆتە كایەوە كە تێیدا هەم خوێنی كورد ‌و تورك كەمتر رژاوەو هەم لەسایەی ئەو ئاشتی ‌و ئارامییەی ئەو ماوانەی ئاگربەستدا ئاوەدانی و لێكتێگەیشتنی زیاتر هاتۆتە ئاراوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە كێ سەرچاوەی ئەو رێكەوتنەیە كە توركیا وەك تاپۆی رەش لە مەحفەلی نێودەوڵەتییدا بەكاری دەهێنێت ‌و كێ هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بووە ئەو جەنگە ماڵوێرانكەرە كۆتایی پێ بێت؟ بۆیە ئەمە وەڵامە بۆئەوەی كە ئەوە سلێمانی نییە لەژێر هەژموونی پەكەكەدا بێت، بەڵكو ئەوە خوازیارانی جەنگن كە نایانەوێت كێشە بنەڕەتییەكە چارەسەر بكەن و لەجیاتی ئەوەی سلێمانی بكەنە مەڵبەندێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، دەیانەوێت بەناوی هاوسۆزییەوە بۆ پەكەكە بەدەری شارەكانی رۆژئاوای كوردستان بەرن.

جەمال ئارێز

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket