riklam

شه‌ر له‌ سنووری زاخۆ، هه‌ره‌شه‌كردن له‌ سلێمانی !

بیروڕا 10:15 PM - 2020-06-20
.

.

له‌تیف نێروه‌یی

 مه‌نجه‌ڵه‌ ماسته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی توركیا گوریسێكی تیایه‌ ، ئه‌گینا له‌زنجیره‌ شاخی حه‌فت ته‌نینی سه‌ر سنووری توركیا كه‌ سه‌ر به‌قه‌زای زاخۆیه‌ ،شه‌ری ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ نێوان هێزه‌كانی توركیاو هێزه‌كانی (په‌كه‌كه‌)بكرێت ،كه‌چی به‌رپرسانی توركیا هه‌ره‌شه‌ له‌ شاری سلێمانی بكه‌ن وبه‌مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی و ئاسایشی وڵاتی خۆیان بزانن !.

   ماسته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی توركیا گوریسێكی تیایه‌ ،ئه‌گینا نزیكه‌ی (400)گوندی ده‌ڤه‌ری بادینان له‌ سنوری قه‌زاكانی (زاخۆ، ئامێدی، ئاكرێ) و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌دێهاته‌كانی نزیك له‌ شاری دهۆكیش چوڵكراون، به‌بیانووی هه‌بوونی بنكه‌و باره‌گاكانی (په‌كه‌كه‌)، هه‌رچه‌نده‌ به‌به‌رده‌وامی بوردومانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كرێن وزیانی گیانی و ماڵی به‌ر هاوڵاتیانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێت، كه‌چی به‌رپرسه‌ باڵاكانی توركیا په‌یامی هه‌ره‌شه‌ئامێز بۆشاری سلێمانی ده‌نێرن !.

 ماسته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی توركیا گوریسێكی تیایه‌ ، چونكه‌ دوو ساڵه‌ هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ قوڵایی ده‌یان كیلومه‌تر هاتوونه‌ته‌ ناو سنوری پارێزگای هه‌ولێرو، له‌ دێهاته‌كانی ده‌ڤه‌ری مێرگه‌سوورو برادۆست و ناوچه‌ سنورییه‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌یان بنكه‌و باره‌گاو سه‌ربازگه‌ی له‌شكه‌رییان دروستكردووه‌، كه‌چی به‌رپرسانی توركیا  شاری سلێمانی به‌سه‌رچاوه‌ی نائارامی بۆسه‌و ناوچه‌كه‌ ده‌زانن !.

  مه‌نجه‌ڵه‌ ماسته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی توركیا گوریسێكی تیایه‌ ،چونكه‌ نزیكه‌ی (40)هه‌زار هاوڵاتی كوردی باكور له‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ و شاره‌كانی باكوری كوردستان به‌ تومه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندی به‌ (په‌كه‌كه‌)وه‌ زیندانیكراون، كه‌چی ده‌ستی هه‌ره‌شه‌ بۆ سلێمانی درێژده‌كه‌ن !.

ماسته‌كه‌ی ئه‌م جاره‌ی توركیا بێ گوریس نییه‌،  خۆیان چاك ده‌زانن كێشه‌كه‌ به‌ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت چونكه‌ له‌ساڵی (1994)وه‌ به‌به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنی ئاسمانی وزه‌مینی له‌ ناوچه‌كانی باشوری كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام تازه‌ به‌تازه‌ له‌شاخی حه‌فت ته‌نینی سه‌رسنوری توركیا شه‌ری ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌ نێوان هه‌دوولادا واتا(توركیا و په‌كه‌كه‌)ڕووده‌دات، وه‌لێ چما به‌رپرسانی توركیا په‌یامی هه‌ره‌شه‌ ئامێز بۆ سلێمانی ده‌نێرن ؟!. تۆ بلێی (په‌كه‌كه‌)دوو ئیداره‌یی ڕاگه‌یاندبێت ، ئه‌و به‌شه‌ی له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سه‌وزه‌ كه‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر له‌ سنوری توركیاوه‌ دووره‌، دوژمنی سه‌ر سه‌ختی ئه‌وانبێت و، به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی (په‌كه‌كه‌)ش كه‌ له‌ ناوچه‌ سنورییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێرو دهوك و ناو خاكی توركیادان، هه‌ڤاڵ ودۆستی ده‌وڵه‌تی توركیابن و ئاسایش و ئارامی ئه‌و وڵاته‌ بپارێزن؟! ، یان (په‌كه‌كه‌)نه‌گۆڕاوه‌، وه‌لێ خه‌تای ماسته‌كه‌یه‌و له‌ ئاینده‌یێكی نزیكدا قه‌پاغی مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ لاده‌برێت وخه‌ڵكی كوردستان گوریسه‌كه‌ به‌ چاوی خۆیان ده‌بینن.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket