riklam

لەیادی لەدایكبوونی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد سیمبولی بەرخودان

بیروڕا 03:59 PM - 2020-06-13
.

.

 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كەسایەتییەكی گەورە‌و ناوداری كوردستانە، ئەو وەك پێشمەرگەیەكی ئازا‌و جەسوور بەشداری شۆڕشی نوێی كوردستانی كردووە، لەچاوی كامێرەكەیەوە چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگە‌و بۆردۆمانی فڕۆكە‌و تۆپخانەكانی رژێمی بەعسی بۆ سەر ناوچە ئازادكراوەكان تۆمار كردووە، خاوەنی گەورەترین ئەرشیفی شۆڕشی نوێیە.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە بە( هێرۆ خان) ناسراوە،رۆژی 12ی حوزەیرانی 1948 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە. لەئامێزی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد سیاسەتمەدار‌و رووناكبیر‌و خاتوو گەلاوێژ ساڵح نووسەر‌و رۆماننووسدا پەروەردە بووە، ئیدی هەر لەمنداڵییەوە ئاشنای كتێب‌و خولیای خوێندنەوە بووە.

بەهۆی كاری سیاسیی باوكییەوە، وەك خۆی ئەڵێ‌ ماڵەكەیان وەك جانتایەكی سەفەریی گەڕۆك بووە، هەر بۆیەش قۆناغەكانی خوێندنی لەچەند شارێك تەواو كردووە.

قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی لەنێوان شارەكانی كەركوك‌و بەغدا‌و سلێمانی‌و تاران تەواو كردووە.

دواتر بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی دەرووناسیی كۆلیجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.

سەرەتای ساڵی 1970 لەگەڵ سەرۆك مام جەلال ژیانی هاوسەرگیری پێكهێناوە‌و بەرهەمی ئەو هاوسەرگیرییە، دوو كوڕ بووە ( بافڵ، قوباد).

ئیدی هێرۆخان وەك هاوژین‌و هاوخەباتیی سەرۆك مام جەلال رێگەی سەختی تێكۆشانی هەڵبژاردووە.

لەگەرمەی شۆڕشی نوێدا، جگەر گۆشەكانی لای باوك‌و دایكی لەلەندەن بەجێدەهێلێ، لەگەڵ سەرۆك مام جەلال ئەچێتە كۆڕی گەرمی تێكۆشانەوە.

لەشاخ خولیای كاری میدیایی بووە، هەربۆیەش لەرێی چاوە بچووكەكانی كامێراكانی ڤیدیۆ‌و فۆتۆوە، چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان‌و بۆردومانی فرۆكە‌و تۆپخانەكانی رژێمی بەعس تۆمار ئەكات‌و وەك رۆژنامەنووسێكی پێشمەرگەی ئازا‌و بوێر، لەمەیدانی جەنگدا موجازەفە بەژیانی خۆی ئەكات. خاوەنی گەورەترین تۆمار‌و ئەرشیفی شۆڕشی نوێی كوردستانە.

ئەوەش خزمەتێكی گەورەیە بەمێژووی شۆڕش‌و ئەڕژێتە ناو مێژووی گەورەی كوردستانەوە.

ناوی ( هێرۆخان)یش وەك یەكەم ژنە وێنەگری پێشمەرگە بەشانازییەوە ئەچێتە دیرۆكی زێڕینی كوردستانەوە.

دوای راپەڕینی ئازادیی كوردستان، هێرۆ خان لەچەند بوارێكی دیكە خزمەتی كرد.

سەرەتا رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستانی دروستكرد، ئەو رێكخراوە خزمەتی زۆری بەمنداڵان كرد‌و بەردەوامە لەكارو خزمەت.

ئەو چۆن لەشاخ خولیای كاری میدیایی بوو، لەشاریش بەدیدێكی نوێوە درێژەی بەو خولیایەدا، تەلەفزیۆنی خاك‌و كەناڵی ئاسمانی كوردساتی كردەوە، ئەو دوو كەناڵە میدیاییە، كە بەردەوامن لە كار، خزمەتی زۆریان بەبوارەكانی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی كوردستان كردووە.

هەروەها بڕیاری دەركردنی گۆڤاری خاك‌و پەپوولە‌و سیخورمەی دا.ئەوانەش هەریەكەیان لەبواری خۆیدا خزمەتی زۆریان كرد.

هێرۆ خان بەحوكمی پێگەی سیاسی، رۆڵی دیاری هەبوو لە پاراستنی شوێنەوارەكان‌و خانووە كلتورییەكان‌و موڵكی گشتی.

ھێرۆ خان پشتیوانی چەندین پرۆژەی کلتووری بووە، لەوانە: گەلەری زاموا، پاراستن و چاپکردنی دەستنووسە کۆنەکان، مۆزەخانەی ئەمنە سوورەکە، پاراستنی سەرا، پرۆژەی پەیکەرسازی وچەندانی تر.

ئەو وەك كەسێكی قاڵبووی ناو كاری سیاسی، رۆڵی دیاری سیاسیی لەترۆپكی رێكخراوەیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا بینی.

بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی هێرۆ لەبوارەكانی كاری خێرخوازی‌و میدیایی‌و پاراستنی شوێنە كلتورییەكان پێشكەشی كردووە، چەند جارێك لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوە خەڵاتی رێزڵینانی پێبەخشراوە.

لەكۆتاییدا هیوای لەشساغی‌و تەمەن درێژی بۆ هێرۆخان ئەخوازم، ئەو ژنەی لەكۆڕی تێكۆشانی شاخ‌و خەباتی مەدەنی شاردا، زۆربەی ژیانی خۆی بەخزمەتكردنی گەلەكەی بەخشی‌و مێژووویەكی جوانی تۆمار كرد‌و وەك هێمای تێكۆشان‌و و بەرخودان و بەخشندەیی ئەچێتە دیرۆكەوە.

خەلیل عەبدوڵڵا PUKmedia  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket