riklam

هەرێمی كوردستانیش پێویستی بە ماندێلایەكە..!!

بیروڕا 10:36 AM - 2020-06-09
.

.

  خواروی ئەفەریقا یەكێك لەو وڵاتانەی بەخراپترین شێوە سیستەمی رەگەز پەرستی لەسەر دەستی بەریتانیەكان تیایدا پیادە كرا، بەشێوەیەك كەمینەیەكی سپی پێستی هاوردە حوكمی زۆرینەی رەش پێستی رەسەنی وڵاتەكەیان دەكرد، هەرچی ئامرازی خراپە كاری و دژە مرۆڤایەتی هەبوو بەكاریان دەهێنا، رەش پێستەكانیش لە ئاست ئەو زۆرداریە بێ دەنگ نەبوون و لەخەباتكردندا بەردەوام بوون، سەركردەی مەزن نیلسۆن ماندێلا سەركردایەتی ئاشتیانەی دەكردن، بێ ئەوەی پەنا بۆ چەك و توندوتیژی و زێدەڕۆیی ببەن، حكومەتی ئەپارتاید بەهەموو شێوەیەك دژایەتی ئەو خەباتە مەدەنیانەیان دەكرد، سەرەنجام ماندێلایان بە تۆمەتباركردنێكی هەڵبەستراو بە زیندانی هەتاهەتایە سزادا، كەچی ئەو رەوتە ئاشتی خوازانە كپ نەكرایەوە و بەردەوام بوو، دواجار رەگەز پەرستەكان دوای (27)ساڵ بەندیكردن، لە ژێر فشارێكی زۆر ماندێلایان ئازاد كرد،  هەر لە ژێر فشاردا قبوڵی هەڵبژاردنێكی ئازادیان كرد و ماندێلا بووە سەرۆكی ئەو وڵاتە، یەكەم دروشمی ئەو پیاوە مەزنە ئاشت بوونەوە و پێكەوە ژیانی هەموو لایەنەكان بوو، بە كرداریش خودی خۆی   سەرمەشقی جێبەجێكردنی ئەو دروشمە بوو، كاتێك بەخۆی و بە ژمارەیەكی دیاریكراو لە پاساوانەكانی بەناو بازاڕدا دەگەڕا، بۆ ئەوەی سۆراغی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان بكات، بۆ نەختێك حەوانەوە و خواردنی لقمەیەك نان چوە چێشتخانەیەكی ئاسایی شارەكە، لەگەڵ دانیشتندا داوای لە پاسەوانەكەی كرد تاوەكو ئەو پیاوەی بەتەنیا دانیشتبوو فەرموی لێبكات و نانیان لەگەڵدا بخوات،  لەگەڵ داواكاری پاسەوانەكە،  پیاوەكە لەشوێنەكەی خۆی هەڵستاو هاتە سەر مێزەكەی ماندێلا ، كابرا تەواوی ئەو كاتەی لەگەڵیان دانیشتبوو نوقمی ئارەقەكردن و رەنگیشی سور هەڵگەڕا بوو، پاش بەحاڵ نان خواردنەكەی هەڵستا و رۆیی، پاساوانەكە وتی ئەو پیاوە نەخۆش بوو، لەبەر  تاو ئارەقكردن نەیتوانی نانەكەی باش بخوات، مەندێلاش وتی ئەو پیاوە نە تای لێبوو نە نەخۆشبوو، بەلكو لە ترسان بوو، بۆ ئاگاداریتان ئەو پیاوە كاتێك من لەبەندیخانە بووم ئەو پاسەوان بوو، كاتێك لەتێنوەتیا داوای ئاوی خواردنەوەم دەكرد، لە بری ئەوەی ئاوم پێبدات میزی بەسەردا دەكردم، بۆیە لە ترسان بوو وایدەزانی من تۆڵەی لێدەكەمەوە، بێ ئاگایە لەوەی نەخۆم و نە لێشدەگەڕێم كەس تۆڵە لەكەس بكاتەوە، ژیان بە لێبووردەیی و خۆشەویستی بەڕێوە دەچێت، ئێمەش لەبەر ئەوەی لە دەسەڵاتین نابێت  هەرگیز بیر لە تۆڵە بكەینەوە، ئەو ئەدگارە جوان و مرۆڤانەی ئەو پیاوە بوو نە رق و كینەی هێشت نە زوڵم و زۆرداری نە رەگەزپەرستی ئێستا باشوری ئەفەریقا نمونەی دیوكراتیەت و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەیە،   ئەم نمونەم بۆ ئەوەبوو  بڵێم و جەختیشی لەسەر بكەمەوە، هەرێمی كوردستان لەم سەروەختە زۆر هەستیار و تێكچڕژاوەدا پێویستی بەماندێلایەكە، تاوەكو ببێتە سەرمەشقی ئاشت بوونەوە و پێكەوە ژیان و كۆكردنەوە هەموو هێز و تواناكانی گەلەكەمان و تەوزیفكردنی لە پێناو ئامانجە باڵاكان، جێگەی نیگەرانیە سەركردەكانی ئێمە لە نێو ئەو واقیعە بارگاویە بە كۆمەڵێك كێشەی بونیادی، لەبری لێبوردەیی و لێكدانەوەی بەرژەوەندی باڵای ئەم گەلە بەشمەینەتە، زیاتر بەلای بیری تەسكی حیزبایەتی و بەرژەوەندی تایبەت   دادەشكێنەوە، سەركردەی وا هەیە دڵی لەگەڵ بچوكترین هەڵسوكەوتدا نەك هەرگەردی تێدەكەوێ بەلكو  لەبیرشی ناچێت و هەمیشە بیر لە تۆڵە دەكاتەوە، من بۆ خۆم لە دانیشتنێكدا گوێ بیستی ئەو جۆرە بیركردنەوەیە لەسەركردەیەك بووم و چەند جارێك بەدوای یەكدا ئەو دەستەواژەی وتەوە ( لایەنێك قسەت لەسەر بكات چۆن دانیشتن لەگەڵی دەكرێ) هەر ئەوەشە وایكردووە حاڵی ئەو میللەتە بەو شێوەیە بێت و بەڵا لەدوای بەڵا بەرۆكی بگرێت و دڵی بەردەوام لەناو مستی بێت، بەراستی ئێستا كاتی ئەوە هاتوە هەموو لێبوردە بن و تەكبیر لەم بارودۆخە ناهەموارە بكەنەوە ، بەوە دەتوانن بەشێك لەنیگەرانیەكان بڕەوێننەوە و دڵی كۆمەڵانی خەڵك لەگەڵ خۆیاندا ئاشت بكەنەوە و باوەڕیان پێبكەن، هیچ شتێكیش لەوە خراپتر نیە كە خەڵك لێت بە گومان بێت بە گەورەت نەزانێ و لە بری خۆشەویستی رقی لێت بێتەوە،  بۆیە سەركردەی ئاشتی خوازی هندیەكانیش دەڵێت ( گەورەترین سەروەری بەدەستهێنانی دەڵی خەڵكە، ئەو كەسەی دڵی خەڵك بەدەست دێنێ ئەو دەبێـتە گەورەی خەڵك، بەپێچەوانەش هیچ هێزێك ناتوانێ بەرگەی ناڕەزایی و رقی خەڵك بگرێ).

ن/ عەبدولواحێد محەمەد

PUKmedia  تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket