riklam

کوردی کواماوە؟؟

بابەتی گۆڕاو 03:45 PM - 2020-06-08
.

.

کوردی کواماوە؟؟

– چی بوو، وەزارەت جوابی داواکەتی نەدایەوە؟
+ وەزارەت جوابی من ئەداتەوە قوربان ؟!! قەت ئەوە لە بەختی خۆم رانابینم.

– بۆ لێی رانابینیت؟ بەختت چییەتی؟
+ یەعنی نازانی چەند رەشە؟

–رەشە!! دە وریای بە نەچێتە ئەمریکا ھا. ئەگینا پۆلیس بە پۆستاڵەوە ئەچێتە سەر ملی، تا نەیخنکێنێ وازی لێ ناھێنێ.
+ جا کوا بچوایەتە ئەمریکا و نەجاتم بوایە لە دەستی.

– کوڕی خۆم ئەوەندە ناشکور مەبە. دنیا ھەروا نابێ.
+ رجات لێ ئەکەم ئەو قسە خۆشانە بۆ خۆت بکە. من ئیمانم بە ھیچ نەماوە.

– بە مارکسیش؟
+ ئەرێ وەڵڵا نە بە مارکس، نە بە ئەنیشتاین.

– ئەنیشتاینت بۆچی ھێنایە ناو مەوزوعەوە؟!
+ چونکێکم ئەویش تیۆرییەکەی درۆ بوو.

– کێ بە درۆی خستووەتەوە ئەفەندی؟
+ ئێمەی کوردی نەبەرد. تەماشا کە ژیانمان تا خوا حەز بکات ناخۆشە و لە عەینی وەختیشدا تەمەنمان زۆر بە سەریعی ئەڕوات.

– ئەشهەدوبیللا راست ئەکەی، قوڕمساغە ئەڵێی مەفرەزە خاصەیەک راوی دەنێت. بەڵام ئینسان ھەر مەمنوون بێ باشە.
+ مەمنوونی چی قوربانت بم؟!

– ئەی بەس نییە خوا نەیکردی بە مریشکی دەواجن و لەم قرچەی گەرمایەدا گارەگاری ھێلکەکردنت بێ.
+ چاو چاو چاو.. سەیری ئەو نوقڵانەیە !!.. ھیچت بۆ نەدۆزیمەوە لە مریشک زیاتر. مریشک موستەحەقی لەوە خراپترە. چونکە ئەگەر خۆی خۆڵ نەکات بەسەری خۆیدا دێو نییە بتوانێ خۆڵ بکات بە سەریدا.

– باوکی من مەوزوعەکەی ئێمە خۆڵ نییە ھێلکەیە.
+ منیش رێک مەبەستم ھێلکەیە بەگم. چۆن تەریق نابنەوە دان و ئاوی ئێرە ئەخۆن و ھێلکە بۆ عەرەب ئەکەن؟!

– کوڕە شیرینەکەم خۆ ئەوانە مریشکی کوردی نین، مریشکی مەسڵەحەن.
+ کوردی کوا ماوە ئوستاز؟؟ ھەمووی مەسڵەحە و مەسلەحە چییە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket