هۆلۆكۆست
ریپۆرتاژ 01:31 PM - 2020-06-07.
حكایه‌تی له‌ناوبردنی گه‌لێك
هه‌تاوه‌كو نه‌چووبومه ئه‌ڵمانیا، وامده‌زانی ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن هۆلۆكۆس و له‌ناوبردنی جووله‌كان، درۆیه‌كی گه‌وره‌یه كه له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه دروستكراوه. لێ كاتێك له ئه‌ڵمانیا هه‌ندێك كه‌سی چه‌پی ئه‌ڵمانی باشـم ناسیی و دواتریش چ له رێگه‌ی كتێب و چ له رێگه‌ی فیلم و تیڤییه‌وه، هه‌روه‌ها ناسینی كۆمه‌ڵێك براده‌ری باشی جووله‌كه، بۆم ده‌ركه‌وت كه من و هه‌زاران كه‌سی تر له‌م رۆژهه‌ڵاته‌دا، به هه‌ڵه له حكایه‌تی له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان گه‌یشتووین.
دیاره له‌مه‌شدا گوناحی ئێمه‌ی تێدا نییه، چونكه ئێمه له‌ناو جوگرافیایه‌كی ته‌سكدا زیندانی كراوین، هه‌تاوه‌كو زمانێكی ئه‌وروپیش نه‌زانیت، زۆر كه‌م شاره‌زاییت له باره‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌وه ده‌ستده‌كه‌وێت، چونكه عه‌ره‌به‌كان به حوكمی كێشه‌ی فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵیانداوه، كاره‌ساتی هۆلۆكۆس له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بچووك بكه‌نه‌وه یان نكوڵی لێبكه‌ن،چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت هه‌میشه جووله‌كه وه‌كو تاوانبار سه‌یری بكرێت، ئێمه‌ش له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و كولتووره عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌دا بووین، هه‌ربۆیه ئێمه‌ش هه‌مان هه‌ڵوێستی خراپمان به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ساته هه‌بووه.
به‌ڵام له ئێستادا به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیا نوێوه، هاوڵاتی كورد كه‌مێك زانیاری باشتر له باره‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌وه په‌یداكردووه، به‌تایبه‌تی له‌رووی فیلمه‌وه، چونكه له ماوه‌ی پێشوودا كۆمه‌ڵێك فیلمی گه‌وره‌ی جیهانی ، باسی ئه‌م كاره‌ساته‌یان كردووه.
به‌داخه‌وه له‌ناو كتێبخانه‌ی كوردیدا، زۆر به‌كه‌می باسی ئه‌م كاره‌ساته گه‌وره‌مان كردووه، لێره‌شدا نووسه‌ران كه‌مێك له‌م بواره‌دا كه‌مته‌رخه‌م بوون،چونكه ئه‌وه ئه‌ركی ئه‌وانه كه له باره‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌وه، زانیاری به خوێنه‌ری كوردی بدده‌ن.
ئێمه له‌م هه‌وڵه بچووكه‌ماندا، ده‌مانه‌وێت كه‌مێك زانیاری له باره‌ی ئه‌و كاره‌ساته و مه‌سه‌له‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان له ئه‌ڵمانیا و جیهان باس بكه‌ین، له‌هه‌مانكاتیشدا تیشك بخه‌ینه سه‌ر پرۆسه‌ی هۆلۆكۆس" له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان" و چۆنێتی دروستبوون و هۆكار و ده‌رهاویشته‌كانی باس بكه‌ین.
به‌ڵام له سه‌ره‌تادا ده‌بێت وه‌كو هه‌موو رووداوێك یان كاره‌ساتێك، له ره‌گوریشه‌ی ئه‌م كاره‌ساته بكۆڵینه‌وه‌و به دوای پێشینه مێژووییه‌كه‌ی چه‌وسانه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان له ئه‌وروپا بگه‌ڕێین، چونكه گه‌ر له مێژووی چه‌وسانه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان تێنه‌گه‌ین، ئه‌وا ناتوانین به باشی له كاره‌رساتی هۆلۆكس بگه‌ین. له‌لایه‌كی تره‌وه پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی جووله‌كه له ئه‌ڵمانیا به چه‌ند قۆناغێك تێپه‌ڕیوه، سه‌ره‌تاش له رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك یاساوه ده‌ستیان كردووه به دژایه‌تیكردنیان و پاشان به له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تییان. له‌كۆتایشدا باسی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كاره‌ساته ده‌كه‌ین.
مێژووی چه‌وسانه‌وه‌ی جووله‌كه‌كان
ره‌گوریشه‌ی جووله‌كه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حه‌زره‌تی پێخه‌مبه‌ر ئیبراهیم و به نه‌وه‌ی ئه‌و داده‌نرێن، ئه‌و پێخه‌مبه‌ره‌ی كه یه‌كه‌مین چرای " تاك خوادیی" راگه‌یاند و دژی بتپه‌رستی وه‌ستایه‌وه. ئه‌وان باوه‌ڕیان به په‌یامی حه‌زره‌تی پێخه‌مبه‌ر " مو‌سا" یه، كه یه‌كێكه له پێخه‌مبه‌ره مه‌زنه‌كان و خاوه‌نی په‌یامێكی پیرۆزی ئاسمانییه كه خۆی له كتێبی " ته‌ورات" دا ده‌بینێته‌وه. مو‌سا ئه‌و پیاوه‌ی كه شۆڕشێكی گه‌وره‌ی له‌دژی فیرعه‌ون كرد، كه خۆی به خودای سه‌ر زه‌وی داده‌نا، هه‌رئه‌مه‌ش واده‌كات كه خۆیی و هاوه‌ڵه‌كانی رووبه‌روی سزا و راوه‌دوونان بكه‌ون.
له‌پاش ده‌ركردنیان له میسر له‌سه‌رده‌ستی فیرعه‌ون، له ئیسرائیلی ئێستا به‌تایبه‌تی له " ئۆرشه‌لیم، قودس" جێگری ده‌بن و یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی دروست ده‌كه‌ن. به‌ڵام پاشان له‌سه‌ر ده‌ستی "نه‌بوخوزنه‌سر" ئیمپراتۆریه‌تی بابلی له ساڵی 606 پێش زاینن،ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته ده‌رووخێت، لێره‌شه‌وه تراژیدیای گه‌لی جووله‌كه ده‌ستپێده‌كات و به‌ناو جیهاندا بڵاوده‌بنه‌وه. یه‌كه‌مین كۆچی زۆره‌ملێش له‌سه‌ر ده‌ستی نه‌بوخوزنه‌سر ئیمپراتۆری بابلی ده‌سپێده‌كات و به زۆر له ماڵ‌و زێدی خۆیان ده‌رده‌كرێن و ده‌یانهێنن بۆ بابل و وه‌كو كۆیله‌ی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
پاشتریش له‌سه‌ر ده‌ستی ئیمپراتۆری فارسی و ئاشووریی و بێزه‌نتیش، رووبه‌روی چه‌وسانه‌وه زیاتر ده‌بن، هه‌تا ده‌گاته قۆناغی بڵاوبونه‌وه‌ی مه‌سیحی له ئه‌وروپا، ئیتر لێره‌شه‌وه تراژیدیاكانی گه‌لی جووله‌كه زیاتر ده‌بێت.
تراژیدیای جووله‌كه له ئه‌وروپا له سه‌ده‌ی ناڤینه‌وه تاوه‌كو هیتله‌ر
جووله‌كان له ئه‌وروپادا هه‌میشه رووبه‌روی چه‌وسانه‌وه‌و جوداكاری گه‌وره ده‌بوونه‌وه، هۆكاری ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ جیاوازی ئایینه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕایه‌وه، ئه‌وان یه‌كه‌م كه‌مینه‌ی ئاینی بوون له ئه‌وروپا. له سه‌ده‌كانی ناڤین‌دا ره‌وشی ژیانی جووله‌كه‌كان به ته‌واوتی خراپ بوو، زۆر له كار و پیشه له جووله‌كه‌كان قه‌ده‌غه‌كرا، هه‌روه‌ها ده‌ستیشكرا به سته‌مكاری له‌سه‌ر جووله‌كه‌كان و به‌شێكی زۆریشان له‌به‌ر زوڵم و سته‌می مه‌سیحییه‌كان، ناچار ئاینی خۆیان بۆ مه‌سیحی ده‌گۆڕی.
ئه‌م چه‌وسانه‌وه له‌لایه‌كه‌وه ره‌گوریشه‌یه‌كی ئایینی هه‌بوو، چونكه زۆرجار مه‌سیحییه‌كان جووله‌كه‌كانیان تاوانبار ده‌كرد به‌وه‌ی، كه ئه‌وان بوون حه‌زره‌تی مه‌سیحیان له سێداره داوه، ده‌بێت ئێستا تۆڵه‌ی مه‌سیحیان لێبكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدا حه‌زره‌تی مه‌سیح خۆی پێشتر جووله‌كه بووه.
هۆكارێكی تریش په‌یوه‌ندی به لایه‌نی ئابووریه‌وه هه‌بوو، جووله‌كه‌كان به حوكمی ئه‌وه‌ی بۆیان نه‌بوو زۆر پیشه و بازرگانی بكه‌ن، ناچار ته‌نها خه‌ریكی بازرگانیی و ئاڵتون فرۆشی یان پاره به سوودان بوون " سووخۆری" بوون، تاڕاده‌یه‌كیش بازرگانی زیره‌ك بوون، ئه‌مه‌ش وایكرد كه له ته‌واوی كۆمه‌ڵگه‌كاندا به ڕق و كینه‌وه سه‌یریان بكڕێت و هه‌مووكاتێكیش هه‌وڵدرا بیانووییه‌ك بدۆزرێته‌وه، تاوه‌كو په‌لاماریان بدده‌ن و ده‌ست به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانیان بگیرێت. ئه‌مه‌ش له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپادا دووباره بۆته‌وه.
دادگاكانی پشكین و یه‌كه‌مین كۆمه‌ڵكوژی دژی جووله‌كه
له‌پاش به‌هێزبوونی كڵێسای پاپایی و زاڵبوونی هه‌ژموونی به‌سه‌ر به‌شێكی زۆری كیشوه‌ری ئه‌وروپا، رۆژ له دوای رۆژ ژیانی جووله‌كه‌كان خراپتر ده‌بوو. له كۆتایی سه‌ده‌ی 12 دا پاپا "لویسی سێهه‌م" فه‌رمانێكی پاپایی ده‌ركرد، بۆ دروستكردنی دادگاكانی پشكنین، ئه‌مه‌ش به بیانووی له‌ناوبردنی هه‌ندێك بۆچوونی دژه ئایینی كه زیاتر له باشووری فه‌ره‌نسا بزووتنه‌وه‌ی "كاتار" هێنایه كایه‌وه.
به‌ڵام پاشتر له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌م دادگای پشكنینه سه‌ریهه‌ڵدا و له هه‌موو كاتێكیشدا زیاتر جووله‌كه‌كان ده‌بوونه قووربانی ئه‌و دادگایانه، به‌ڵام له‌هه‌موویان خراپتر دادگاكانی پشكنینی ئیسپانیا بوو.
دادگاكانی پشكنینی ئیسپانیا
له پاش رزگاربوونی ئیسپانیا له چنگی عه‌ره‌به داگیركه‌ره‌كان له ساڵی 1492 ، له ته‌واوی مه‌مله‌كه‌تی ئیسپانیا ده‌ستكرا به راونانی جووله‌كه‌كان، له‌وكاته‌دا ئه‌وانیان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرد، كه هاوكاری عه‌ره‌به داگیركه‌ره‌كان بوون. هه‌ر له‌وكاته‌دا پرۆسه‌ی " پاككردنه‌وه‌ی خوێنی ئیسپانیا" ده‌ستیپێكرد، كه ئامانج لێی ده‌ركردنی جووله‌كه‌كان بوو، له ئه‌نجامدا نزیكه‌ی 200 هه‌زار جووله‌كه له ماڵ‌و زێدی خۆیان ده‌ركران و ده‌ستیشیان گرت به‌سه‌ر سه‌روه‌ت سامانیان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی گه‌لی جووله‌كه بوو له وڵاتێكی ئه‌وروپیدا.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گاڵته‌جارییه، ئه‌م دادگایه ته‌نها جووله‌كه و موسڵمانه‌كانی نه‌ده‌گرته‌وه، بگره ئه‌وانیشی ده‌گرته‌وه، كه ئایینی خۆیان له جووله‌كه‌وه كردووه به مه‌سیحی، چونكه گوومانیان له‌وه هه‌بوو كه به ته‌واوه‌تی بووبێتن به مه‌سیحی.
له كاتی ئه‌نجامدانی دادگاكانی پشكنین له ئیسپانیا و ئه‌وروپادا، به چه‌ندین شێوازی نامرۆڤانه و دڕندانه ، ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان دژی خه‌ڵكی بێ تاوان ده‌ستپێكرد، ته‌نانه‌ت له‌و قۆناغه‌شدا، ده‌توانین بڵێین قۆناغی " داهێنانی توانا و ته‌كنیكی ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دانی مرۆڤ ده‌ستیپێكرد. "
ئه‌م پرۆسه‌یه هه‌تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 18 ش به‌رده‌وام بوو. له‌مه‌شدا جووله‌كه‌كان قووربانی سه‌ره‌كی ئه‌و دادگایانه بوون.
دژایه‌تیكردن و له‌ناوبردنی جووله‌كه له روسیا
له روسیا گه‌وره‌ترین ژماره‌ی جووله‌كه‌ی تێدابوو، ئه‌مانیش وه‌كو هه‌موو جووله‌كه‌كانی جیهان، چه‌ندینجار رووبه‌روی پرۆسه‌ی له‌ناوبردن و دژایه‌تیكردن و سته‌مكاری ده‌بوونه‌وه، به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می قه‌یسه‌ر نیكۆلای دووه‌م، رووبه‌روی چه‌وسانه‌وه‌ی زۆر بوونه‌وه، به پێی ئاماره‌كان بێت له نێوان ساڵانی 1881 بۆ 1914 نزیكه‌ی دوو ملیۆن جووله‌كه، روسیایان به‌جێهێشت و كۆچیان بۆ ئه‌مریكا كرد.
هه‌روه‌ها له‌ناو ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی روسییشدا، هه‌میشه په‌لامارین ده‌درا و زۆرێك له نووسه‌ره گه‌وره‌كانی روسیاش بۆ نموونه نووسه‌رێكی مه‌زنی وه‌كو دۆستۆیڤسكی، رقێكی گه‌وره‌ی له جووله‌كه هه‌بوو، له‌به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كانیدا، دژایه‌تییه‌كی زه‌قی جووله‌كه‌ی ده‌كردو وێنه‌یه‌كی ناشیرین بۆ ده‌كێشان.
له‌كاتی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ری روسیاشدا، رووبه‌روی كێشه‌ی گه‌وره‌بوونه‌وه به‌تایبه‌تی له‌كاتی جه‌نگی ناوخۆ و رژێمی ستالین‌دا، قووربانی زۆریاندا. به‌ڵام له هه‌مووی كاره‌ساتبارتر، داگیركردنی روسیا بوو له لایه‌ن ئه‌ڵمانیای نازییه‌وه، كه وه‌كو هه‌موو جووله‌كه‌كانی تری ئه‌وروپا، رووبه‌روی ترسناكترین رژێم بونه‌وه‌و ژماره‌یه‌كی زۆریان له ئوردوگا زۆره‌ملێكان و جه‌نه‌گه‌كاندا، گیانیان له ده‌ستدا. هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤێتیشدا، به چاوی گوومانه‌وه سه‌یرده‌كران و به سیخووری ئه‌مریكا و ئیسرائیل داده‌نران.
مێژووی دژایه‌تیكردنی جووله‌كه له ئه‌ڵمانیا
زۆركه‌س ده‌پرسێت، بۆچی ئه‌ڵمانه‌كان ڕقیان له جووله‌كه بووه؟ یان بۆچی ده‌ستیانكرد به پاكتاوكردن و له‌ناوبردنیان؟ دیاره بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویستیمان به زۆر كتێب ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه لێره‌دا بیڵێین ئه‌وه‌یه، پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی گه‌لی جووله‌كه له ئه‌ڵمانیا، پێشخانێكی مێژوویی گه‌وره‌ی هه‌یه، كه له ناو ئه‌ده‌ب و فكر و فه‌رهه‌نگ و مێژوویی ئه‌ڵمانیدا، پانتاییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه. هه‌روه‌ها پرۆسه‌ی دژایه‌تیكردنی جووله‌كه ته‌نها له سایه‌ی حوكمی هیتله‌ر ده‌ستیپێ نه‌كردووه به‌ڵكه مێژووییه‌كی زۆر كۆن تری هه‌یه.
دژایه‌تیكردنی جووله‌كه له مارتین لۆته‌ر كینگه‌وه بۆ ئادۆلف هیتله‌ر
وه‌كو هه‌موو وڵاته‌كانی ئه‌وروپا، له ئه‌ڵمانیاش دژایه‌تیكردنی جووله‌كه، ره‌گوریشه‌یه‌كی مێژووییی هه‌یه. له كاتێكدا مارتین لۆته‌ر كینگ( 1483/1546) چرای ریفۆرم و چاكسازی دژایه‌تیكردنی حوكمی سته‌مكارانه‌ی پاپای راگه‌یاند، كه‌چی خۆشی له پاپا خراپتر دژایه‌تی جووله‌كه‌كانی ده‌كرد.
له ساڵی 1540 واته به شه‌ش ساڵ پێش مردنی له وتارێكیدا به‌مشێوه‌یه دژایه‌تی جووله‌كه‌كان ده‌كات :
" جووله‌كه‌كان كه‌سانی مووشه‌خۆر و خائینن، هه‌ربۆیه پێویسته سیناگۆكه‌كانیان " كڵێسا" ماڵ و قووتابخانه‌كانیان بسووتێنرێت و كۆمه‌ڵگه، لێیان پاكبرێته‌وه"
واته مارتین لۆته‌ر به پێنچ سه‌د پێش هیتله‌ر داوای سووتاندنی جووله‌كه‌كانی كردووه. ئه‌مه‌ش له كاتێكدا ئه‌م كابرایه چرای رزگاریخوازیی و عه‌داله‌ت و دژایه‌تیكردنی سته‌می پاپایی هه‌ڵكردووه.
نووسه‌ر و فه‌یله‌سووفانی ئه‌ڵمانیا و جووله‌كه
له ئه‌ڵمانیادا كۆمه‌ڵێك فه‌یله‌سوفی مه‌زن له دایك بوون كه له بواری فكر و فه‌لسه‌فه‌دا داهێنانی مه‌زنیان كردووه، زۆرجاریش به حوكمی بوونی فه‌یله‌سووفی زۆر، ئه‌ڵمانیا به وڵاتی فه‌یله‌سووفان داده‌نرێت.
ئه‌م فه‌یله‌سووفانه‌ش له رێگه‌ی كتێب و وتاره‌كانیانه‌وه، كاریگه‌ریان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌ڵمانی و جیهانیش هه‌بووه. دیاره له‌ناو ئه‌م فه‌یله‌سووفانه‌شدا، به‌شێكی زۆریان دژی جووله‌كه بوون له پێش هه‌موویانه نیتچه، هایدگه‌ر ،هتد.
نیتچه پێی وابوو كه جووله‌كه فكری ئه‌وروپی و جیرمانی پیسكردووه، چونكه ئه‌وان هه‌ڵگری رۆحێكی ترسنۆكانه بوون، ئه‌مه‌ش دووره له رۆحی شه‌ڕه‌نگێزی و سوارچاكی جێرمانیی.
یه‌كه‌م جاڕدانی له‌ناوبردنی جووله‌كه
له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه ئیتر به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا، رۆژ له دوای رۆژ دژایه‌تیكردنی جووله‌كه بووه به‌شێك له بیركردنه‌وه‌ی نووسه‌ران و بیرمه‌ندانی ئه‌ڵمانیا، له ساڵی 1879 بۆ یه‌كه‌مجار له لایه‌ن Friedrich Wilhelm Adolph Marr فریدریش ئادۆلڤ مار،جاڕی له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان كرا، ئه‌وه‌ش كاتێك كتێبی " Der Weg zum Siege des Germanenthums über das Judenthum رێگای سه‌ركه‌وتنی جێرمانییه‌كان به‌سه‌ر جووله‌كه‌كان " ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه فریدریش ئادۆلڤ مار، كه‌سێكی چه‌پی ئانارشیستی توندڕه‌وبوو، هه‌رچه‌نده ده‌بوایه چه‌په‌كان دژی راسیزم بن، به‌ڵام ئه‌م نووسه‌ره له‌و كتێبه‌یدا داوای ته‌فروتوناكردنی جووله‌كه‌كانی ئه‌ڵمانیا ده‌كات و به هۆكاری نایه‌كسانی دایده‌نان.
رۆڵی ئایدلۆژیا بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان
وه‌كو پێشتر وتمان له سه‌ده‌ی هه‌ژده و نۆزده به دواوه، ئیتر دژایه‌تیكردنی جووله‌كه بووه، به‌شێك له بیركردنه‌وه‌و به‌رهه‌می نووسه‌رانی ئه‌وروپا. له‌مه‌شدا فكر و ئایدۆلۆژیا رۆڵێكی خراپی گێڕا، بۆ نموونه لای ئه‌و كه‌سانه‌ی كه باوه‌ڕیان به فكری لیبڕالیزم و سه‌رمایداری هه‌بوو، جووله‌كه‌كان وه‌كو كۆمۆنیست سه‌یر ده‌كران، چونكه به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌ی ره‌وته چه‌په‌كان جووله‌كه بوون له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه كارل ماركس، كه به رابه‌ری كۆمۆنیزم داده‌نرێت. هه‌روه‌ها چه‌پ و كۆمۆنیسته‌كانیش، دژی جووله‌كه بوون، چونكه پێیان وابوو جووله‌كه هه‌ڵگری فكری سه‌رمایه‌دارییه، چونكه زۆربه‌ی سه‌رمایه‌داره‌كانی ئه‌وروپا، جووله‌كه بوون. له هه‌مانكاتیشدا هه‌ڵگری فكری ئاینیش دژی جووله‌كه بوون، چونكه ئه‌وانیان به هه‌ڵگری فكری ئیلحاد داده‌نا، چونكه به‌شێك له فه‌یله‌سووفه ماتریالیسته‌كان، جووله‌كه بوون، هه‌روه‌ها له رووی ئاینیشه‌وه، جووله‌كه به دوژمنی مه‌سیحییه‌كان سه‌یر ده‌كران.
به‌مشێوه‌یه بۆمان ده‌ره‌دكه‌وێتكه ئایدۆلۆژیا رۆڵێكی ئێجگار نێگه‌تیفی له پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی گه‌لی جووله‌كه بینی.
هاتنه سه‌ركاری هیتله‌ر و نازییه‌ت
راسته گه‌لی جووله‌كه چه‌ندینجار له سه‌رده‌ستی حكومه‌ته یه‌ك له دوا یه‌كه‌كانی ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵات، رووبه‌روی له‌ناوبردن بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ كاتێك به‌و شێوه‌یه‌ی سه‌رده‌می نازیه‌ت، رووبه‌روی له‌ناوبردن و كاره‌سات نه‌بوونه‌ته‌وه، بگره له‌و كاته‌دا نه‌ك جووله‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا، بگره له ته‌واوی ئه‌وروپادا، رووبه‌روی له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی بوونه‌وه. هیچ كاتێك به‌و شێوه‌یه "بوونی" جووله‌كه له ئه‌وروپا و جیهان، رووبه‌روی نه‌مان نه‌بۆته‌وه. له هه‌مانكاتیشدا هیچ رژێمێكی جیهانیش، به‌و شێوه‌یه‌ی نازییه‌كان، دوژمنی جووله‌كه نه‌بووه‌و له‌ناوی نه‌بردوون.
نازییه‌كان له ماوه‌ی حوكمڕانیاندا زیاتر له 2 هه‌زار یاسای دژه جووله‌كه‌یان داڕشتووه، به‌ناوبانگترینیان یاساكانی " نوریبێرگ " كه له 15 سێپته‌مبه‌ر 1935 دا، پرۆژه یاسای نوربێرگ ده‌رچوو، كه بریتییه له‌ناوبردنی ته‌واوه‌تی جووله‌كه‌كان له ئه‌ڵمانیا. دوایی به درێژیی باسی ئه‌م پرۆژه یاسایه ده‌كه‌م، كه وه‌كو بنه‌مای سه‌ره‌كی بووه بۆ پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی گه‌لی جووله‌كه له ئه‌ڵمانیا و جیهان.
بۆچی نازییه‌كان دژی جووله‌كه بوون؟!
دیاره ئه‌مه پرسیارێكی گرنگ و پڕ بایه‌خه، هه‌تاوه‌كو ئێستاش مێژوونوسان و چاودێرانی سیاسی به دوایدا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام ده‌توانین له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه كورتی بكه‌یه‌نه‌وه:
1. فكری راسیزم
نازییه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای فكری راسیزمی ئه‌وروپی دارێژراوه، كه پێی وایه ره‌گه‌زی " ئاری و سپی پێست" باشترین و زیره‌كترین و ئازاترین ره‌گه‌زی مرۆڤایه‌تییه، ته‌واوی ره‌گه‌زه‌كانی تری مرۆڤایه‌تیش به تایبه‌تی " جووله‌كه، خه‌ڵكانی غه‌یره ئه‌وروپی " له خوار پله‌ی مرۆڤییه‌وه‌ن و له‌ناوبردنیشیان به كارێكی باش سه‌یر ده‌كات. دیاره ئه‌مه‌ش مێژوویه‌كی دێرینی له‌ناو فكری ئه‌وروپیدا هه‌یه، به‌تایبه‌تی له پاش هه‌ڵمه‌تی كۆڵۆنیالیزمی ئه‌وروپی، ئه‌مجۆره فكره راسیزمه نه‌ك له ئه‌ڵمانیا بگره له‌ته‌واوی ئه‌وروپادا، زاڵ بووه.
2. لایه‌نی ئابووری
هۆكارێكی تری ئه‌م دژایتییه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی كه هه‌میشه وه‌كو پێشتریش باسمانكرد، یه‌كێك له هۆكاره‌كانی په‌لاماردانی جووله‌كه‌كان، په‌یوه‌ندی به داگیركردنی سه‌ره‌وت و سامانی جووله‌كه‌كانه‌وه هه‌بووه. له‌ئه‌ڵمانیا هه‌میشه جووله‌كه‌كان رۆڵی به‌رچاویان له ژیانی ئابووریدا هه‌بووه‌و كه‌سانی بازرگان و ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌نی كۆمپانیای گه‌وره بوون، ئه‌مه‌ش وایكردووه، هانی نازییه‌كان بدات، كه ده‌ست به‌سه‌ر سه‌روه‌ت و سامانی جووله‌كه‌كان بگرن ، هۆكاری ئابووریش ، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان.
3. دژایه‌تیكردنی كۆمۆنیست
دیاره له‌وكاته‌دا جیهان به گشتی و ئه‌وروپا به‌تایبه‌تی به‌سه‌ر دوو فكری دژ به‌یه‌ك دابه‌شبوو بوو، كه ئه‌ویش فكری سۆسیالیزم كه یه‌كێتی سۆڤێت رابه‌ری ده‌كرد، له‌گه‌ڵ فاشیزم و نازیه‌ت كه ئه‌ڵمانیا و هیتله‌ر رابه‌رێتی ده‌كرد، له ئیتالیا مۆسۆلینی فاشیست و ئیسپانیاش فرانكۆی دیكتاتۆر حوكمی ده‌كرد، له توركیاش كه‌مالیسته فاشیسته‌كان بوون. هه‌میشه نازییه‌كانیش فكری كۆمۆنیست و به‌لشه‌فیزمیان وا پیشانی خه‌ڵكی ده‌دا، كه فكرێكی جووله‌كه‌یه، چونكه به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كانی ره‌وتی كۆمۆنیستی و بۆلشه‌فییه‌كان، جووله‌كه بوون. ئه‌مه‌ش هۆكارێكی تری ئه‌و دژایه‌تییه بوو.
4. ئایین
وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێكرد، ئایینی مه‌سیحی رۆڵی به‌رچاوی هه‌بوو له دژایه‌تیكردنی جووله‌كه‌كان، زۆرێك له زانا ئایینیه‌كان، جووله‌كه‌كانیان به دوژمن داده‌نا له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه مارتین لۆته‌ر كینگ، هه‌روه‌ها كڵێسای كاتۆلیكیش پشتگیری نازییه‌كانی ده‌كرد و دژی جووله‌كه‌ش بوو.
پانۆرامای دژایه‌تیكردن و له‌ناوبردنی جووله‌كه
دیاره له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی هیتله‌ره‌وه له 30،01.1933 هه‌تاوه‌كو كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی له ساڵی 1945، پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی جووله‌كه به‌رده‌وام بوو. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كورتی باسی گرنگترین رووداوه گرنگه‌كان بكه‌ین، بۆئه‌وه‌ی به باشی له چۆنێتی به‌رێوه‌چوونی ئه‌و پرۆسه‌یه تێبگه‌ین.
ئادۆلف هیتله‌ر ده‌بێته راوێژكاری ئه‌ڵمانیا
له 30.01.1933 ئادۆلف هیتله‌ر ده‌بێته راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئه‌م رۆژه‌ش یه‌كێكه له رۆژه ناخۆش و كاره‌سات ئامێزه‌كانی جووله‌كه له ئه‌ڵمانیا و جیهان، چونكه لێره‌وه پیاوێكی دڕنده ده‌سه‌ڵات له یه‌كێك به‌هێزترین وڵاتی ئه‌وروپا ده‌گرێته ده‌ست، كه پاشتر به زه‌بری هێزی سه‌ربازی، هه‌موو ئه‌وروپاش ده‌گرێت و ژیانی جووله‌كه‌ش ده‌كاته دۆزه‌خێكی گه‌وره. هاتنه سه‌ركاری هیتله‌ر، سه‌ره‌تای كاره‌ساته گه‌وره‌كه‌یه.
سوتاندنی " رایشتاگ " په‌رله‌مان
هیتله‌ر و پارته‌كه‌ی هیچ باوه‌ڕیان به دیموكراتی نه‌بوو، بگره بۆ ئه‌وان دیموكراتی ته‌نها پردێك بوو بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات، ئه‌وان هه‌موو پارته‌كانی ئه‌ڵمانیایان به دوژمنی خۆیان داده‌نا. نازییه‌كان ته‌نها مانگێكیش به‌رگه‌ی دیموكراتیان نه‌گرت و هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌و پرده‌یان دا، كه‌پێیدا په‌ڕینه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵات. له 27.02.1933 واته ته‌نها 27 رۆژ دوای ده‌سه‌ڵات گرتنه ده‌ستی هیتله‌ر، نازیه‌كان "رایشتاگ، په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا " سوتاندیان، ئه‌مه‌شیان كرده بیانوییه‌ك بۆ تاوانباركردنی گه‌وره‌ترین دوژمنیان كه پارتی كۆمۆنیست بوو، نازییه‌كان، كۆمۆنیسته‌كانیان به سوتاندنی په‌رله‌مان تاوانبار كرد، ئه‌وه‌بوو بۆیه‌كه‌مجار ده‌ستیانكرد به هه‌ڵمه‌تێكی راونان و ده‌ستگیركردنی به‌شێكی زۆری ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی كۆمۆنیست، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی راونانی نه‌یارانی نازیی بوو، دواتر خه‌ڵكی تریشی گرته‌وه.
قه‌ده‌غه‌كردنی پارتی كۆمۆنیست
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هیتله‌ر له هه‌موو لێدوانه‌كانیدا، ده‌یوت: " دوژمنی یه‌كه‌می نازییه‌ت، كۆمۆنیسته". كاتێكیش هاته سه‌ر ده‌سه‌ڵات، یه‌كه‌مین كاریان، دانانی پیلانێكی تۆكمه بوو بۆ راونان و ده‌ستگیركردنی كۆمۆنیست و چه‌په‌كان بوو. ئه‌وه‌بوو به فه‌رمی له 8.3.1933 پارتی كۆمۆنیستی قه‌ده‌غه كرد و كه‌وته راونانی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارتی كۆمۆنیست. له‌وكاته‌دا پارتی كۆمۆنیست 81 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌بوو، ئه‌وانیشیان ده‌ستگیر كرد. هه‌ڵمه‌تی ره‌شبگیریی و راونان كه‌سانی چه‌پ و كۆمۆنیتس هه‌موو ئه‌ڵمانیان گرته‌وه. ئیتر لێره‌وه نازییه‌كانی رووی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌ركه‌وت، لێره‌شه‌وه هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی نه‌یارانیان، بووه به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كییان. هه‌ربۆیه زۆرێك له مێژوونوسه‌كان ده‌ڵێن: سه‌ره‌تای كۆمه‌ڵكوژی نازییه‌كان به كۆمۆنیسته ئه‌ڵمانیه‌كان ده‌ستیپێكرد.
دانانی یه‌كه‌مینئۆردووگایزۆره‌ملێ
له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی نازییه‌كان، چۆنێتی ده‌ستگیركردن و ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی نه‌یارانیان، به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كیان بوو. سه‌ره‌تای ئه‌م به‌رنامه‌شیان به كۆمۆنیسته‌كان ده‌ستیان پێكرد، كاتێك كه ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، یه‌كسه‌ر ده‌ستیانكرد به راونان و ده‌ستگیركردن، هێنده خه‌ڵكیان ده‌ستگیركرد، كه زیندانه‌كان پڕكرابوون، بۆیه بۆیه‌كه‌مجار بیریان له دروستكردنی "ئۆردووگایزۆره‌ملێ یان زیندانی گه‌وره" كرده‌وه، یه‌كه‌مجاریش ئه‌مئۆردووگای كوشتنن و ئه‌شكه‌نجه‌دانه‌یان، بۆ كۆمۆنیسته‌كان دانا، دواتریش جووله‌كه و خه‌ڵكی تریش بوونه میوانی ئه‌مئۆردووگایمه‌رگهێنه.
ئه‌وه‌بوو له 20.3.1933 ، له شارۆچكه‌ی داخاو له نزیك میونشن له باشووری ئه‌ڵمانیا، یه‌كه‌مینئۆردووگایزۆره‌ملێی گه‌وره‌یان دروستكرد، كه‌پاشتر ناویئۆردووگای" داخاو" یان لێنا، كه ئه‌میش ناوبانگێكی زۆر خراپی وه‌كو ئاوسشڤیتس هه‌بوو. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ دورستكردنی ئورودگای هاوشێوه‌ی، بۆ دوژمنانی تری نازیه‌ت، له پێش هه‌مووشیانه‌وه جووله‌كه‌كان.
ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها
خاڵێكی گرنگی تر كه زۆرێك له مێژوونوسانی ئه‌ڵمانیا و جیهانیش به سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری هیتله‌ری داده‌نێن، به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها به هیتله‌ر و حكومه‌ته‌كه‌ی له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه. له 23/3/1933 پرۆژه یاسای " Ermächtigungsgesetz" له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه به زۆریه‌نی ده‌نگ په‌سه‌ند كرا، ته‌نها سۆسیال دیموكراته‌كان دژی ئه‌م یاسایه وه‌ستانه‌وه. به پێی ئه‌م پرۆژه یاسایه بێت، هیتله‌ر و حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێ به‌خشرا كه یاسا و سیاسه‌تی حكومی بگرنه به‌ر، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌رله‌مان و سه‌رۆكی وڵات، ئه‌مه‌ش مانای به‌خشینی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری بوو به هیتله‌ر، یان وه‌كو مێژوونوسان ده‌ڵێن : مه‌دالیایه‌ك وا بوو، كه له لایه‌ن په‌رله‌مانتاره ئه‌ڵمانه‌كانه‌وه كرایه ملی هیتله‌ره‌وه. ئیتر لێره‌وه هیتله‌ر ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تی وه‌رگرت، بووه میرغه‌زه‌بی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا. ده‌توانم بڵێم سه‌ره‌تای هه‌موو كاره‌ساته‌كانی ئه‌وروپاو جیهان، له‌م بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیاوه ده‌ستیپێكرد.
یه‌كه‌مین هه‌وڵ و په‌لاماردانی جووله‌كه له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه
له‌پاش كۆمۆنیسته‌كان ئینجا هیتله‌ر و نازییه‌كان، كه‌وتنه گیانی دووه‌م دوژمنیان كه ئه‌وانیش جووله‌كه‌كان بوون. سه‌ره‌تای هه‌ڵمه‌تی له‌ناوبردنی جووله‌كه به سیاسه‌تی " "Boykott-Aktionen"، بایكۆت ئه‌كسیۆن" ده‌ستیپێكرد، له 1.4.1933 ، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ده‌ستیپێكرد. مه‌به‌ست له‌م سیاسه‌ته، بایكۆتكردنی هه‌موو شتێكی جووله‌كه بوو، له دوكان و بازاڕ و شـمه‌ك، دواتریش بایكۆتكردنی دكتۆر و پارێزه‌ری جووله‌كه‌ی گرته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی سیاسه‌تی راسیزمانه‌ی هیتله‌ر له دژی جووله‌كه داده‌نرێت.
ده‌ركردنی كارمه‌ندی جووله‌كه له ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت
دووه‌مین سیاسه‌تی راسیزمانه‌ی هیتله‌ر به ده‌ركردنی كارمه‌نده حكومییه جووله‌كه‌كان ده‌ستیپێكرد،له 7.4.1933 واته هه‌فته‌یه‌ك پاش سیاسه‌تی "Boykott-Aktionen"،بایكۆتكردن، ئینجا ده‌ستی به پاكتاوكردن و ده‌ركردنی جووله‌كه‌كان له داموده‌زگا حكومییه‌كان ده‌ستیپێكرد. لێ ئه‌وه‌ی سه‌رنجه، هه‌ر له‌پاش ده‌ركردنی جووله‌كه، ئینجا ده‌ستیكرد به ده‌ركردنی نه‌یاره سیاسییه‌كانی له پێش هه‌موویانه‌وه" كۆمۆنیست و سۆسیال دیموكراته‌كان" كه له ناو داموده‌زگا حكومییه‌كاندا رۆڵیان هه‌بوو. به‌مه‌ش هه‌موو ده‌نگێكی ناڕه‌زایی له‌ناو ئه‌ڵمانیادا له‌ناوبرد و رێگا خۆشكرا، بۆ گرتنه به‌ری، سیاسه‌تی راسیزمانه به‌رامبه‌ر به جووله‌كه و هه‌موو گه‌لانی تری ئه‌وروپا.
رێگرتن له چوون بۆ لای دكتۆری جووله‌كه
هه‌میشه سیاسه‌ته‌كانی فاشیست و راسیزمانه، مۆركێكی شێتانه‌ی پێوه دیاره، هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه ئه‌وان ته‌نها بیریان له دژایه‌تیكردن و له‌ناوبردنی نه‌یارانیان ده‌كه‌نه‌وه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك، له درێژه‌ی سیاسه‌ته راسیزمه‌كانی نازییه‌كان، له 22.4.1933 سیاسه‌تی رێگرتن بوو له خه‌ڵكی بۆئه‌وه‌ی سه‌ردانی دكتۆری جووله‌كه بكه‌ن. دیاره جووله‌كه‌كانی ئه‌ڵمانیا به‌شێكی زۆریان خوێنده‌وار بوون و كۆمه‌ڵێك پیشه‌ی گرنگی وه‌كو پارێزه‌ریی و دكتۆری زۆریان هه‌بوو، به‌ڵام نازییه‌كان چاویان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جووله‌كه‌ی نه‌ده‌بینی، بۆیه هه‌موو شته جوانه‌كانی ئه‌وان، لای ئه‌وان ناشیرین بوو.
كتێب سووتاندن
له 10.5.1933 نازییه‌كان له سه‌عات 10 شه‌و نزیكه‌ی 70 هه‌زار ئه‌ندام و لایه‌نگری خۆیان له مه‌یدانه‌كانی به‌رلین كۆكرده‌وه‌و نزیكه‌ی 20 هه‌زار كتێبیان سووتاند. ده‌ستیانكرد به هه‌ڵمه‌تی سووتاندنی ئه‌و كتێبانه‌ی كه له‌گه‌ڵ بیر و هزری نازیه‌ت نایه‌ته‌وه، له پێش هه‌موویانه‌وه هزری سۆسیالیزم وكۆمۆنیزم و دیموكراتی و لیبڕاڵی. هه‌روه‌ها كتێبی هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ش كه جووله‌كه بوون.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه له سه‌ده‌ی نۆزده‌دا واته سه‌ده‌یه‌ك پێش هاتنی نازییه‌كان، شاعیری ناسراوی ئه‌ڵمانیا " هاینریش هاینه " 1797 له‌دایك بووه‌و 1856 كۆچی دواییكرد" له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: له‌هه‌رشوێنێك كتێب بسووتێنرێت، پاشتر مرۆڤیش ده‌سووتێنرێت". ئه‌م وته‌یه‌ی ئه‌م شاعیره ئه‌ڵمانیییه له‌گه‌ڵ نازییه‌كان راست ده‌رچوو، لێ كێشه‌كه له‌وه‌دابوو، له‌وكاته‌دا ئه‌ڵمانه‌كان گوێیان بۆ شاعیره مه‌زنه‌كه‌یان نه‌گرت، به‌ڵكه گوێیان ته‌نها وته و قسه‌كانی هیتله‌ر و پیاوه‌كانی ده‌بیست.
له‌ناوبردنی جووله‌كه له‌ناو كوولتوری ئه‌ڵمانیا
نازییه‌كان پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ناوبردنی جه‌سته‌یی جووله‌كه‌كان بكه‌نه‌وه، به هه‌وڵی له‌ناوبردنی جووله‌كه‌یان له‌ناو كوولتوری ئه‌ڵمانیا ده‌ستپێكرد، هه‌میشه جووله‌كه‌كان له بواری ئه‌ده‌ب و فكر و فه‌لسه‌فه و هونه‌ر و موزیك و سینه‌مادا رۆڵی به‌رچاویان هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به دڵی نازییه‌كان نه‌بوو. هه‌ربۆیه له 22.9.1933 پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی جووله‌كه له‌ناو كولتووری ئه‌ڵمانیا ده‌ستیپێكرد. خوێندنه‌وه‌ی كتێب و نووسینی جووله‌كه، فیلمی سینه‌مایی، شانۆ، موزیك و گۆرانی، هه‌موو شتێكی هونه‌ری كه سیمای جووله‌كه پێوه بوایه، قه‌ده‌غه‌كرا، ئه‌مه‌ش قۆناغێكی ترسناكی تری پرۆسه‌ی پاكتاوكردنی جووله‌كه بوو له ئه‌ڵمانیا.
جیاكردنه‌وه‌ی منداڵانی جووله‌كه له ناو قووتابخانه‌كان
یه‌كه‌مین كاری راسیزمه‌كان، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی جوداكارییه، یان وه‌كو ده‌ڵێن سیاسه‌تی " ئێمه و ئه‌وان" بوو، نازییه‌كانیش به‌م سیاسه‌ته ده‌ستیانپێكرد. له 10.9.1935 نازییه‌كان بڕیاریاندا كه له قووتابخانه‌كان و زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، سیاسه‌تی جیاكاری ره‌گه‌زی پێڕه‌و بكه‌ن، ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانی ره‌سه‌ن نین، ده‌بێت جیابكرێنه‌وه، ئامانجی سه‌ره‌كیش جیاكردنه‌وه‌ی منداڵ و خوێندكاره جووله‌كه‌كان بوو. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای سیاسه‌تی جوداكاریی بوو.
یاساكانی نورنبێرگ
له 15.9.1935 له شاری نوربێرگ كه یه‌كێك بوو له مۆڵگه‌كانی بیری نازیه‌ت، یاساكانی " ره‌گه‌زی ئه‌ڵمانی" دانرا. ئامانج له‌م سیاسه‌تانه‌ش پاكردنه‌وه‌ی خوێنی ئه‌ڵمانی بوو له ناو ئه‌ڵمانیا، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیان جووله‌كه‌كان بوو. به پێی ئه‌و یاسایانه، نه‌ده‌بوو هیچ ئه‌ڵمانییه‌ك خێزان له‌گه‌ڵ جووله‌كه دروست بكات، نابێت به هیچ شێوه‌یه‌ك تێكه‌ڵاوییه‌ك له‌نێوان ره‌گه‌زی ئه‌ڵمانیی و جووله‌كه هه‌بێت . پاشتریش رایش تاگ " په‌رله‌مان" ره‌زامه‌ندی له سه‌ر یاساكان ده‌ربڕی و بوو به یاسای ده‌وڵه‌ت.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵییه دواتر له‌پاش رووخانی رژێمی نازی، له‌م شاره‌دا، به‌رپرسه گه‌وره‌كانی رژێمی نازی، دادگایی كران كه دواتر به " نوربێرگه پرۆسێس" ده‌ناسرێت.
ده‌ركردنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه خێزانیان جووله‌كه‌یه
جووله‌كه بووبوه مۆته‌یه‌ك به‌سه‌ر گیانی نازییه‌كانه‌وه، هه‌رشتێك بۆنی جووله‌كه‌ی لێبهاتایه، ئه‌مان زۆر شێتانه ده‌كه‌وتنه دژایه‌تیكردنی. یه‌كێكی تر له سیاسه‌ته شێتانه‌كانیان دژی جووله‌كه، له 27.1.1937 دا، سیاسه‌تی ده‌ركردنی ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی كه خێزانیان جووله‌كه‌یه ده‌ركرد. هه‌ركه‌سێك مێرد یان ژنه‌كه‌ی جووله‌كه بوایه، له داموده‌زگا حكومییه‌كان ده‌رده‌كرد.
ئورودوگای زۆره‌ملێی بوخنڤالد
نازییه‌كان ئه‌ڵمانیایان كردبووه زیندانی گه‌وره بۆ جووله‌كه و نه‌یارانیان. دروستكردنی زیندانی گه‌وره‌وئۆردووگایزۆره‌ملێ، بووبوه سیما و ئامانجی سه‌ره‌كی سیاسه‌ته‌كانیان، ده‌توانم بڵێم نازییه‌كان له رووی ده‌روونییه‌وه زۆر نه‌خۆش بوون و كه‌سایه‌تی سادییان هه‌بوو، جێژێكی زۆریان له ئازارادن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی نه‌یارانیان ده‌بینی. له 16.10.1937ئۆردووگایزۆره‌ملێ بوخنڤالدیان دروستكرد، سه‌ره‌تا ئه‌م شوێنه وه‌كو زیندانێكی گه‌وره وابوو، زیاتر بۆ كۆمۆنیست و سۆسیالیسته‌كان بوو، دواتر جووله‌كه‌كانیشیان بۆ هێنا. له ساڵی 1938 دا نزیكه‌ی 18 هه‌زار زیندانی تێدابوو، كه سێ چاره‌كیان جووله‌كه بوون. له ساڵی 1937 ه‌وه تاوه‌كو 1945 دا نزیكه‌ی 240 هه‌زار زیندانی تێدابوو، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 45 هه‌زار جووله‌كه‌ش له‌م زیندانه‌دا كوژران.
راكردن و ئاواره‌بوونی جووله‌كه‌كان
له ساڵی 1933 ه‌وه هه‌تاوه‌كو ساڵی 1937 به‌هۆی سیاسته‌كانی نازییه‌كانه‌وه جووله‌كه‌كان هه‌ستیان به‌ترسێكی گه‌وره كردبوو، بۆیه به‌شێكی زۆریان وڵاتیان جێهێشت، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی ره‌وشی ئابووری زۆر باشبوو یان له رووی هۆشیاری سیاسییه‌وه، زوو ده‌ركی به ترسی رژێمی نازییه‌كان كردبوو، هه‌ربۆیه بیریان له به‌جێهێشتنی وڵات و ده‌ربازكردنی خۆیان كرده‌وه. له ساڵی 1933 ه‌وه هه‌تاوه‌كو 1937 نزیكه‌ی 120 هه‌زار جووله‌كه ئه‌ڵمانیای جێهێشت. له‌وكاته‌شدا باشترین شوێن، ئه‌مریكای باكوور و باشوور بوو.
جووله‌كه بۆی نییه ئۆتومبێل لێبخورێت
سیاسه‌تی راسیزمانه هه‌موو كون و قوژبنێكی ژیانی گرته‌وه، ئه‌وه‌بوو كه‌رتی گواستنه‌وه‌شی گرته‌وه، له 3.12.1938 دا نازییه‌كان بڕیاریاندا كه نابێت جووله‌كه‌كان مۆڵه‌تی شۆفێریان پێبدرێت و ئۆتۆمبیل لێبخوورن. ئه‌وه‌شی ئۆتۆمبیلی هه‌بوو ، گه‌ر شانسی هه‌بوایه ده‌ستی به‌سه‌ردا نه‌گیرابێت، ئه‌وا ناچار ده‌بوو یان بیفرۆشێت یان بیبه‌خشێته ئه‌ڵمانییه‌كی مه‌سیحی.
جووله‌كه بۆی نییه هاتووچۆی گشتی به‌كاربهێنێت
هه‌ر پاش سێ رۆژ واته له 6.12.1938 دا، بۆ جووله‌كه‌كان نه‌بوو سواری هه‌موو پاس و بانێكی ئه‌ڵمانی ببن و تێكه‌ڵی خه‌ڵكی ببن، ئه‌وه‌بوو بڕیاریان دا له به‌رلین تراموای" بان" تایبه‌ت به جووله‌كه‌یان دانا. هه‌روه‌ها ده‌بوو نیشانه‌یه‌ك بكه‌نه قۆڵی راستیانه‌وه كه ئه‌ستێره‌كه‌ی داوود بوو، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی بزانێت ئه‌و كه‌سه جووله‌كه‌یه، ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ جیاكردنه‌وه‌یان له خه‌ڵكی و هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ی بیانكاته نیشانه‌یه‌كی باش تاوه‌كو له كووچه كۆڵانه‌كاندا، نازییه‌كان په‌لاماریان بدده‌ن.
هیتله‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی ته‌واوی جووله‌كه‌ی ئه‌ورپا ده‌كات
بۆیه‌كه‌مجار له 30/1/1939 له وته‌یه‌كیدا له‌به‌رده‌م ئاپۆره‌ی هه‌وادارانی ئادۆلف هیتله‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوبردنی ره‌گه‌زی جووله‌كه له ته‌واوی ئه‌وروپا ده‌كات. پاشتریش ئه‌م وته‌یه‌ی برده سه‌ر و بووه دێوه‌زمه‌یه‌كی گه‌وره به‌سه‌ر ژیانی ته‌واو جووله‌كه‌كان و ملیۆنان جووله‌كه‌ی ئه‌وروپای له‌ناوبرد.
ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ماڵی جووله‌كه‌كان دا
وه‌كو له‌پێشیشدا ئاماژه‌م پێدا به‌شێكی زۆری جووله‌كه‌كان خاوه‌نی سه‌روه‌ت و سامانی زۆربوون، ئه‌مه‌ش هانده‌رێكی گه‌وره بوو بۆئه‌وه‌ی نازییه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر خانوو موڵك و ماڵیاندا بگرن، دواتریش بووه به‌شێكی سه‌ره‌كی له سیاسه‌ته‌كانی نازییه‌كان نه‌ك له ئه‌ڵمانیا بگره له ته‌واوی ئه‌وروپا پێڕه‌ویان له‌م سیاسه‌ته كرد. بۆ یه‌كه‌مجاریش له 30.4.1939 نازییه‌كان بڕیاریاندا ده‌ست به‌سه‌ر ماڵی جووله‌كه‌كان بگرن، له‌سه‌ر دیواری ماڵه‌كانیان ده‌نووسی" ماڵی جووله‌كه‌یه" له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا. زۆرجاریش وه‌كو دیاری ده‌به‌خشرایه به‌رپرسه سه‌ربازیی و سیاسییه‌كان. هه‌روه‌ها له ته‌واوی ئه‌ڵمانیاش خانوو كرێدان به جووله‌كه قه‌ده‌غه‌كرا.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌رمه‌نیه‌كانیش كاتێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی توكیا هه‌وڵی پاكتاوكردنیان درا، سه‌ره‌تا ده‌ستیان به‌سه‌ر سامان و موڵك و خانوه‌كانیان گرت. له زۆر رووشه‌وه نازییه‌كان ئیلهامیان له توركه‌كان وه‌رده‌گرت، پاشتر زیاتر ئه‌م خاڵه روون ده‌كه‌مه‌وه.
په‌لاماردانی پۆلۆنیا
پۆلۆنیا یه‌كێكه له دراوسێكانی ئه‌ڵمانیا و هه‌میشه به‌ر هێرش و په‌لاماری ئه‌ڵمانیا و روسیا كه‌وتووه، داگیركردنی پۆڵۆنیاش یه‌كێكه له قۆناغه مێژووییه گرنگه‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا و جیهانیش، چونكه ئیتر لێره‌وه زه‌نگی جه‌نگی دووه‌می جیهانی لێدرا. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆری جووله‌كه‌ش له‌م وڵاته‌دا ده‌ژیان، كه دواتر به‌شێكی زۆریان له‌ناوبران. له 30.9.1939 سوپای ئه‌ڵمانیا په‌لاماری پۆلۆنیای دا، له ئه‌نجامدا 460 هه‌زار سه‌ربازی پۆلۆنی دستگیركرا، له‌ناو ئه‌مانه‌شدا نزیكه‌ی 60 هه‌زرا پۆلۆنی جووله‌كه‌ی تێدابوو، هه‌رزوو جووله‌كه‌كان له‌وانی تر جیاكرانه‌وه‌وئۆردووگایتایبه‌تیان بۆ دانان و به‌شێوازێكی زۆر خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كردن.
ئۆردووگای مه‌رگی ئاوسشڤیتس
ئۆردووگای ئاوسشڤیتس یه‌كێكه له سیمبۆڵه‌كانی دڵره‌قیی و دڕنده‌یی و نامرۆڤی نازییه‌كان. له‌م شوێنه‌دا بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر مان ونه‌مانی جووله‌كه‌كان ده‌دار. شارۆچكه‌ی" Oswiecim " پۆلۆنیا كه دواتر نازییه‌كان داگیری ده‌كه‌ن، ناوه‌كه‌ی ده‌گۆڕن بۆ " Auschwitz ئاوسشڤیتس" له 10 ڤیبراوه‌ری 1940 به بڕیاری هاینریش هیمله‌ر وه‌زیری ناوخۆ و گه‌وره به‌رپرسی نازییه‌كان،ئۆردووگای ئاوسشڤیتس بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان دروست ده‌كرێت.
له‌م ئۆردووگایه‌دا به‌شێكی زۆری جووله‌كه‌كان له ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا كۆده‌كرێنه‌وه‌و به دڕنده‌ترین شێوه هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌ده‌ن. هه‌ر لێره‌ش كووره‌ی سووتاندنی جووله‌كه‌كان دروست ده‌كرێت، له‌هه‌مانكاتیشدا جووله‌كه‌كان وه‌كو كۆیله كاری زۆره‌ملێیان پێده‌كرێت و زۆرجاریش وه‌كو ئامڕازێك به‌كارده‌هێنرێت بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌ك و ده‌رمانی هه‌مه‌جۆر. له‌م ئۆردووگایه‌دا نزیكه‌ی 1.5 بۆ 2 ملیۆن جووله‌كه‌ی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا به دڕنده‌ترین شێوه له‌ناوبران.
گه‌وره‌ترین ئۆردووگای له‌ناوبردنی مرۆڤ له مێژوودا
ئۆردووگای ئاوسشڤیتس گه‌وره‌ترین ئۆردووگای له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان بوو، كۆی گشتی رووبه‌ری ده‌گه‌یشته 40 كم چوارگۆشه و له سێ ئۆردووگای سه‌ره‌كی و 45 سه‌ربازگه‌ی لاوه‌كی پێكده‌هات. له ته‌واوی ئه‌وروپاوه به شه‌مه‌نده‌فه‌ر جووله‌كه‌یان كۆده‌كرده‌وه‌و ده‌یانهێنایه ئه‌م ئۆردووگایه‌وه‌و پاشان به دڕنده‌ترین شێوه له‌ناویان ده‌بردن.
ئه‌م ئۆردووگایه‌ش له كۆمه‌ڵێك به‌شی جیاواز پێكهاتبوو: ژووری گاز و سووتاندنی جووله‌كه. هه‌روه‌ها به‌شێكی زۆری ئوردوگاكه‌ش بۆ كاری زۆره‌ملێ به‌كارده‌هات و جووله‌كه‌كان له ژێرباری ره‌وشێكی زۆر خراپ‌دا، وه‌كو كۆیله كاری هه‌مه‌جۆریان پێده‌كرا، به‌شێكی زۆری كارگه‌كانی بواری چه‌كسازی و ئوتومبیل و ده‌رمانسازیی و ئاسن و پۆڵاش، جووله‌كه‌یان به‌كارده‌هێنا و كاری زۆره‌ملێیان پێ ده‌كردن.
له‌م ئۆردوگایه‌دا به‌چه‌ندین شێوازی دڕندانه هه‌وڵی له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان ده‌درا. زۆربه‌ی مێژوونوسان پێیان وایه، له مێژوودا وێنه‌ی ئاوسشڤیتس نییه، هیچ كاتێك ئۆردووگایه‌ك به‌و شێوه دڕنده‌ییه و به‌و رووبه‌ره گه‌وره‌یه، بۆ له‌ناوبردنی مرۆڤ دانه‌نراوه.
ئاوسشڤیتس وه‌كو شوێنێك بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌ی ئه‌وروپا
ئۆردووگای ئاوسشڤیتس وه‌كو شوێنێكی سه‌ره‌كی وابوو بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌ی ئه‌وروپا، له ته‌واوی ئه‌وروپادا به شه‌مه‌نده‌فه‌ر جووله‌كه‌یان ده‌هێنایه ئه‌م ئۆردووگایه‌وه، به پێی ئه‌و ئامارانه‌ی كه پاشتر ده‌ركه‌وتن، زۆرترین ژماره به‌ر جووله‌كه‌كانی هه‌نگاریا كه‌وتوون و ژماره‌یان ده‌گاته نزیكه‌ی 426 هه‌زار كه‌س ، له‌م ژماره‌یه‌شدا نزیكه‌ی 320 هه‌زاریان له ژووری گازدا له‌ناوبراون و 110 هه‌زاریشیان به‌هۆی ره‌وشی خراپی ژیانیان له به‌شی كاری زۆره‌ملێدا مردوون.
له پاش ئه‌وانیش جووله‌كه‌كانی پۆلۆنیا دێن و ده‌گه‌نه نزیكه‌ی 300 هه‌زار، پاشان 69 هه‌زاری فه‌ره‌نسا، 60 هه‌زاری هۆڵه‌ندا، 55 هه‌زاری یۆنان.
یه‌كه‌م هه‌وڵی به‌كارهێنانی گاز بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان
یه‌كێك له‌و شێوازه دڕاندانه‌ی كه نازییه‌كان بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان گرتیانه‌به‌ر، به‌كارهێنانی گازی كیماویی بوو، كه پاشتر به " ژووری گاز" ناوبانگی ده‌ركرد. تێیدا قووربانیان له ژوورێكی قه‌باتدا داده‌نا و پاشان گازیان به‌سه‌ردا ده‌ڕشتن. له‌وكاته‌شدا گازی " زیكلیۆن بی" یان به‌كارده‌هێنا. بۆیه‌كه‌مجاریش له 30.09.1941، ئه‌م ژووره و گازه له دژی كۆمه‌ڵێك دیلی جه‌نگی یه‌كێتی سۆڤێت و زیندانی نه‌خۆشدا به‌كارهێنرا. دواتریش ئیتر ژووری گاز بووه میتۆدێكی سه‌ره‌كی، بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان.
جووله‌كه‌یه‌ك گازی ژه‌هراوی بۆ له‌ناوبردنی گه‌له‌كه‌ی ده‌دۆزێته‌وه
چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی جووله‌كه له زۆر وێستگه‌دا یارمه‌تی گه‌وره‌ی نازییه‌كانی بكوژیان داوه، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش "فریتس هێبه‌ره" كه زانایه‌كی كیمیایی جووله‌كه بوو، گازی " زیكلۆن بی" داهێنا و دواتریش به‌و گازه ملیۆنان جووله‌كه له‌ناوبران.
" Fritz Haber، له‌ساڵی 1864 له‌دایك بووه‌و له 1934 كۆچی دواییكردووه" هێبه‌ر،یه‌كێكه له زانا گه‌وره‌كانی بورای كیمیا له ئه‌ڵمانیا و ساڵی 1918 خه‌ڵاتی نۆبڵی بۆ كیمیا وه‌رگرت. له ساڵانی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا، رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له دۆزینه‌وه‌ی گازی ژه‌هراویی كه سووپای ئه‌ڵمانیا له دژی نه‌یارانی به‌كارده‌هێنا، به‌تایبه‌تی گازی " زیكلۆن بی ". دواتریش كۆمپانیای " Degesch،دێگشا" دامه‌زراند، ئه‌م كۆمپانیایه‌ش گازی " زیكلۆن بی" به‌رهه‌مهێنا، كه بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كان له ئورودگاكاندا به‌كارده‌هێنرا.
له‌ناوبردنی جووله‌كه‌كانی ئه‌وروپا
له پاش داگیركردنی ته‌واوی خاكی ئه‌وروپا، ئینجا پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی جووله‌كه به چڕی ده‌ستیپێكرد، ئیتر هیتله‌ر و هاوه‌ڵه‌كانی، ده‌ستیانكرد به جیبه‌جێكردنی خه‌ونه نه‌گریسه‌كانیان و هه‌ڵمه‌تی گه‌وره بۆ له‌ناوبردنی جووله‌كه له ئه‌وروپا ده‌ستیپێكرد، هه‌تاوه‌كو كۆتایی جه‌نگی دووه‌می جیهانی به‌رده‌وام بوو. دیاره هه‌تاوه‌كو ئێستا كۆمه‌ڵێك ئاماری جۆراجۆر ده‌كرێت له باره‌ی ژماره‌ی ئه‌و جووله‌كانه‌ی كه له ناوبراون، به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان باس له كوشتن و له‌ناوبردنی زیاتر له 6 ملیۆن جووله‌كه ده‌كه‌ن.
چوار ملیۆنیان له‌ناو ئوردوگا زۆره‌ملێكان له ژووره‌كانی گاز و كووره‌ی ئاگرین كوژراون، یان به‌هۆی نه‌خۆشیی و خراپی ره‌وشی ژیان له ئوردوگاكانی كاری زۆره‌ملێدا گیانیان له‌ده‌ستداوه. هه‌روه‌ها نزیكه‌ی 2 ملیۆن جووله‌كه‌ش به‌هۆی جه‌نگه‌كه‌وه گیانیان له ده‌ستداوه. به‌ڵام هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی جووله‌كه و ئیسرائیلی باس له 10 بۆ 11 ملیۆن جووله‌كه ده‌كه‌ن، كه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به‌هه‌رحاڵ ژماره‌كه هه‌رچه‌ند بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ملیۆنان جووله‌كه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی جووله‌كه بوون، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره بۆ له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌یان له ژیان، له‌لایه‌ن نازییه‌كانی كراوه. هه‌روه‌ها ژیانیان له ماوه‌ی حوكمڕانی نازییه‌كان، دۆزه‌خێكی گه‌وره بووه‌و هیچ كاتێكیش جووله‌كه له‌ئه‌وروپادا، به‌وشێوه دڵڕه‌قیی و دڕندانه‌یه، مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كراوه.
له‌مێژووشدا ته‌نها كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان، ده‌گاته‌وه ئاستی تراژیدیای جووله‌كه‌كان، هه‌ربۆیه زۆر له مێژوونوسان ده‌ڵێن: نازییه‌كانی ئه‌ڵمانیا ئیلهامی كوشتنی جووله‌كه‌كانیان له توركه فاشیسته‌كانه‌وه بۆ هاتووه.
نازییه‌كان ئیلهام له توركه فاشیسته‌كان وه‌رده‌گرن
به‌پێی زۆرێك له مێژوونوسان بێت، نازییه‌كان له زۆر رووه‌وه هۆگری رژێمه‌كه‌ی مسته‌فا كه‌مال بوون، به‌تایبه‌تی له بواری له‌ناوبردنی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان. بۆ نموونه نووسه‌ر و مێژوونوسی ئه‌ڵمانی " سیگفرید لیشتنشتێده‌ر" له ساڵی 1926 دا له كتێبی " Antisemitica " دا ده‌ڵێت: پێویسته ئێمه چاو له ئه‌زموونی توركه‌كه‌كان بكه‌ین، چۆن ئه‌وان توانیان ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ناوببه‌ن، ئێمه‌ش ده‌بێت به‌هه‌مانشێوه، جووله‌كه‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌وروپا له‌ناوببه‌ین و وئه‌ڵمانیا پاكبكه‌ینه‌وه.
هه‌موو سه‌رچاوه مێژووییه‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه له رووی شێوازی كۆكردنه‌وه‌و پاشان كوشتن و له‌ناوبردن، نازییه ئه‌ڵمانه‌كان، سوودیان له میتۆدی توركه‌كان بۆ له‌ناوبردنی ئه‌رمه‌نییه‌كان وه‌رگرت.
له‌لایه‌كی تره‌وه زۆر مێژوونوس ده‌ڵێت: گه‌ر مرۆڤایه‌تی رێگری له كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان له‌لایه‌ن توركه فاشیسته‌كانه‌وه بگرتایه، به‌دڵنیاییه‌وه جووله‌كه‌كانیش كۆمه‌ڵكوژ نه‌ده‌كران. هه‌ندێكی تر پێیان وایه، كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان به سه‌ره‌تای قۆناغی هۆلۆكس داده‌نێن، چونكه جیهان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كان بێده‌نگ بوو، بۆیه نازییه‌كانیش هه‌مان تاوانیان دووباره كرده‌وه. هیتله‌رتیش له وته‌یه‌كیدا ده‌ڵێت: هه‌روه‌ك چۆن جیهان له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمنییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی توركه‌كان بێده‌نگ بوو، به‌هه‌مانشێوه له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵكوژی جووله‌كه بێده‌نگ ده‌بێت.
بۆچی گرنگه باسی هۆلۆكۆس بكه‌ین
له‌وانه‌بێت زۆركه‌س بپرسێت ئێمه چ په‌یوه‌ندییه‌كمان به كۆمه‌ڵكوژی جووله‌كه‌وه هه‌یه؟ یان بڵێن ئه‌و رووداوه 70 ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه چ په‌یوه‌ندی به ئێستاوه هه‌یه؟
هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌و قسانه بكات نابێت كورد ئه‌و قسانه بكات، چونكه هه‌مووكاتێك تاوه‌كو ئه‌مڕۆش ئێمه‌ی كورد رووبه‌روی جینۆساید بووینه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها ئێمه‌ش وه‌كو جووله‌كه و ئه‌رمه‌نییه‌كان، رووبه‌روی جینۆساید بووینه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه له‌ناوبردنی عه‌قڵیه‌تی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لان، سوودی بۆ ئێمه‌ی كوردیش ده‌بێت،له‌هه‌مانكاتیشدا گرنگه ئێمه بزانین چۆن گه‌لی جووله‌كه توانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی كه رووبه‌روی بوونه‌وه، سوودی لێوه‌ربگرن بۆ داهاتووی گه‌له‌كه‌یان. ئێمه‌ی كورد هه‌میشه ده‌بێت دژی هه‌موو كۆمه‌ڵكوژییه‌ك بین، چونكه زه‌ره‌مه‌ندی سه‌ره‌كی بووین له‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان.
ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه
ده‌توانم له چه‌ند خاڵێكدا، ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه بخه‌مه ڕوو:
1/ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك چه‌ند هێز و توانای سه‌ربازیی و ئه‌منیی و ئابووری و سیاسی به‌هێزیش بێت، ناتوانێت به ته‌واوه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر له‌ناوبه‌رێت، باشترین نموونه‌ش نازییه‌كان بوون، كه له‌و كاته‌دا خاوه‌نی گه‌وره‌ترین هێزی سه‌ربازیی بوون له ئه‌وروپادا، به‌ڵام نه‌یانتوانی به‌ته‌واوه‌تی گه‌لی جووله‌كه له‌ناوبه‌رن.
2/ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل
زۆرێك له چاودێرانی سیاسیی و مێژوویی، پێیان وایه، تاكه سوودی هۆلۆكۆس ئه‌وه‌بوو كه توانی ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به جووله‌كه‌كان بكاته واقیع و زه‌ره‌رووره‌تێكی مێژوویی و زلهێزه‌كانی ناچاركرد، كه ده‌وڵه‌تێك بۆ جووله‌كه‌كان دروست بكه‌ن. هه‌رچه‌نده ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش ده‌رئه‌نجامی خراپی لێكه‌وته‌وه كه ئه‌ویش دروستبوونی كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیله.
3/ سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل
بۆ نزیكه‌ی حه‌فتا ساڵ ده‌چێت، كێشه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرائیل دروستبووه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیله‌وه. زۆربه‌ی مێژوونوسانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان، یه‌كێك له ده‌رئه‌نجامه خراپه‌كانی هۆلۆكۆس دروستبوونی كێشه‌ی فه‌له‌ستین و جه‌نگی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیله. هه‌ندێكی تر پێیان وایه، فه‌له‌ستیینیه‌كان باجی تاوانه‌كانی ئه‌ڵمانه‌كانیان داوه، چونكه دروستبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی بووه هۆی ئاواره‌بوونی ملیۆنان فه‌له‌ستینی و دروستبوونی كێشه‌یه‌كی گه‌وره كه هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش چاره‌سه‌رنه‌كراوه.
4/ ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه و دۆڕاندنی ئه‌ڵمانه‌كان له جه‌نگی دووه‌می جیهانی وایكرد، كه سنوورێك بۆ سیاسه‌تی "ئه‌نتی سمیت، دژه جووله‌كه" له ئه‌ڵمانیا به‌تایبه‌تیی و ئه‌وروپا به گشتی دابنێت. هه‌رچه‌نده له ئێستاشدا دژایه‌تیكردنی جووله‌كه هه‌یه، به‌ڵام به‌شێوه‌ی فه‌رمی و سیاسه‌تی حكومی نییه، بگره به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مڕۆ پێڕه‌وكردنی سیاسه‌تی دژه جووله‌كه ، سزای له‌سه‌ره به‌تایبه‌تی له ئه‌ڵمانیادا.
5/ راسته نه‌یتوانی كۆتایی به سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی كه‌مه‌نه‌ته‌وه و ئاینه‌كان بهێنێت، به‌ڵام توانی له ته‌واوی جیهاندا سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژیكردنی ئیدانه بكرێت و به‌كارێكی قێزه‌ون دابنرێت.
دوا وشه
به‌دڵنیاییه‌وه هۆلۆكۆس ترسناكترین قۆناغی مێژووی گه‌لی جووله‌كه‌یه، له‌هه‌مانكاتیشدا ناونیشانی هه‌ڵمه‌تێكی نه‌گریسی كۆمه‌ڵكوژی گه‌لێكه له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌هێزه‌وه، ته‌واوی سنووری مرۆیی و ئه‌خلاقی به‌زاندووه. زۆرجار كه مێژووی هۆلۆكۆس ده‌خوێنیته‌وه، گوومان له مرۆڤ بوونی ئه‌وكه‌سانه ده‌كه‌یت كه ئه‌م كاره‌یان كردووه، له‌هه‌مانكاتیشدا بێده‌نگی گه‌لی ئه‌ڵمانیا له‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه، مایه‌ی پرسیارێكی گه‌وره‌یه، چونكه گه‌ر ئه‌و بێده‌نگییه‌ی گه‌لی ئه‌ڵمانیا نه‌بوایه، هیتله‌ر نه‌یده‌توانی هه‌موو ئه‌و كاره قێزه‌ونانه بكات.
له‌هه‌مانكاتیشدا هۆلۆكۆس پێمان ده‌ڵێت، هه‌ر سازشێك به‌رامبه‌ر به رژێمه فاشیسته‌كان، به كاره‌سات بۆ مرۆڤایه‌تی ده‌گه‌ڕێته‌و. سه‌ره‌تا زلهێزه ئه‌وروپییه‌كان سازشی زۆریان بۆ هیتله‌ر كرد، به‌ڵام ئه‌م سازشانه هێنده‌ی تر هیتله‌ر و رژێمه‌كه‌ی به‌هێزتر كرد، كه پاشان سه‌ری هه‌موویانی خوارد.
له‌كۆتاییدا هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شداری ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌یان كرد، له رووی مێژوویی و یاسایشه‌وه به سزای خۆیان گه‌یشتن و وه‌كو تاوانی جه‌نگ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا، هه‌تاوه‌كو ئه‌مڕۆش به‌شێكی زۆری گه‌لی ئه‌ڵمانیا، هۆلۆكۆس وه‌كو خاڵێكی ناشیرین و قێزه‌ونی مێژووی خۆیان سه‌یری ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش خاڵێكی گرنگه، چونكه گرنگ ئه‌وه‌یه دووباره هه‌مان كاره‌سات و هه‌ڵه‌ی پێشوو دووباره نه‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
www.holocaust-chronologie.de/chronologie/uebersicht/kurzfassung
2/. Zahlen und Fakten: Die Entschädigung der Holocaust-Überlebenden. www.hagalil.com
3// auschwitz heute und gestern die wichtigsten zahlen und fakten rund um die holocaust
www.dw.com/de
4/ Andrea Löw. Arbeiten, um zu überleben. www.zeit.de
5/ Julia König. Judenfeindschaft von der Antike bis zur Neuzeit. www.bpb.de
6/ Prof. Dr. Wolfgang Benz. Antisemitismus im 19. und 20. Jahrhundert . www.bpb.de
7/ هكذا ساهمت شركة ألمانية في فظائع معسكرات الاعتقال النازية!. www.dw.com/ar
8/ هولوكوست الكتب"..عندما أحرقت أعمال أشهر الكتاب الألمان. !. www.dw.com/ar
9/ مقدمة الی هولوکوست.. US Holocaust Memorial Museum. www.ushmm.org
10/ ئەردەڵان عەبدوڵڵا. فاشیزم لەنێوان دوێنێ و ئەمڕۆدا. چاپی یەکەم. دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس. هەولێر.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
PUKmedia
هەواڵی زیاتر
-
نیو سەدە بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت
09:14 AM - 2024-04-24 -
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
07:37 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
04:11 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
12:02 PM - 2024-04-23
ئەمانەش ببینە
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
04:30 PM - 2024-04-23
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
03:28 PM - 2024-04-23
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
11:33 AM - 2024-04-23
ئەمڕۆ خەڵاتی زێرینی بلە دابەشدەکرێت
09:29 AM - 2024-04-23
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ بەشداری پرسەی هەڤاڵ عەلی شامار تێکۆشەری دێرین دەکات
کوردستان 07:37 PM - 2024-04-23 -
پرسەنامەی شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ بۆ خانەوادەی مامۆستا جەمال هیدایەت
پرسەنامە 06:36 PM - 2024-04-23 -
خەڵاتی زێڕینی بلە بە 10 کەسایەتی نمونەیی بەخشرا
کوردستان 04:30 PM - 2024-04-23 -
کوردێک دەبێتە بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی وەبەرهێنانی سەلاحەدین
کوردستان 04:11 PM - 2024-04-23 -
PUKMEDIA به‌شێك له‌گفتوگۆكانی كۆبوونه‌وه‌ی سودانی و بلینكن بڵاوده‌كاته‌وه
کوردستان 03:28 PM - 2024-04-23 -
فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا لەسەر مەزاری مام کۆتایی بە ئەرکەکەی هێنا
کوردستان 12:02 PM - 2024-04-23 -
قوباد تاڵەبانی داوای لابردنی گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
کوردستان 11:33 AM - 2024-04-23 -
لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی چەمچەماڵی یەکێتی دەستبەکار دەبێت
ی ن ک 10:52 AM - 2024-04-23