riklam

دانوستانی نێوان عیراق و ئه‌مریكا

بیروڕا 12:45 PM - 2020-06-07
.

.

وا بڕیاره‌ له‌نیوه‌ی مانگی حوزه‌یراندا دانوستانی ستراتیژی له‌ نێوان عێراق و ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌بچێت، كه‌ تیایدا به‌ چڕی دانوستان  له‌سه‌ر سی مه‌له‌فی نێوانیان ده‌كه‌ن، كه‌ خۆی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان و لایه‌نی ئابووری و سیاسی و ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران و میلیشیاكان و مه‌له‌فی ئه‌منی و مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و چه‌ندین پرسی دیكه‌ ده‌بینێته‌وه‌

له‌م وتاره‌دا به‌ ووردی باس له‌ دانوستانه‌كه‌ و هۆكاری لاوازی كورد و چۆنیه‌تی به‌هێز بوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به‌ چه‌ندین نموونه‌ بۆ به‌رچاو ڕوونی زیاتری خوێنه‌ر:
دوای ساڵی 2009 عیراق و ئه‌مریكا جارێكی دیكه‌ له‌ ڕێگای دانوستانی ستراتیژی یان دیالۆگی ستراتیژیه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ڕێك ده‌خه‌نه‌وه‌، ئه‌م دیالۆگه‌ ده‌بێته‌ بناغه‌ی په‌یوه‌ندی داهاتووی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ ، هه‌روه‌ها كاركردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌ندانه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ دانوستانی نێوانیان ڕێكه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ زۆر گرنگه‌ و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت مه‌وداكه‌ی درێژ بێت،چونكه‌ هه‌موو مه‌له‌فه‌كانی نێوانیان تاوتوێ ده‌كرێت كه‌ خۆی له‌ سی مه‌له‌ف ده‌بینێته‌وه‌،به‌ڵام له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌رنامه‌ و پلانی  كورد غائیبه‌ یان زۆر لاوازه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ ،بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێگا له‌م لاوازییه‌ی خۆی بگرێت و به‌ به‌هێزه‌وه‌ خۆی بخزێنێته‌ ناو دانوستانه‌كانه‌وه‌ و ڕێگا نه‌دات كوردستان وه‌ك یه‌ك پاكێج له‌ناو عیراقدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌كانی ڕابردوو دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌.


هۆكاره‌كانی لاوازی كورد:
 ئه‌وه‌ی جێگای تیڕامان و سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد له‌م دانوستانه‌دا به‌ لاوازی ده‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها سه‌ركردایه‌تی سیاسی  كورد تاكو ئێستا ئه‌م دانوستانه‌ی به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه‌، هه‌ر بۆیه‌ نه‌ باسی ده‌كات و نه‌ كه‌سێكی كاریگه‌ری ئه‌وتۆی بۆ دیاری كردووه‌، به‌ پێی ئه‌وه‌ی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیاری كراوه‌، كه‌ نه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی پێدراوه‌ و نه‌ده‌توانێت وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیار كاریگه‌ری هه‌بێت و خاوه‌ن كارێزما بێت و بتوانێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وت بۆ كوردستان وه‌ده‌ستبخات.
خاڵێكی لاوازی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌هه‌موو لایه‌نه‌كانی كوردستان به‌شداریان پێناكرێت،ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ به‌شداری لایه‌نه‌كانی دیكه‌ قورسایی به‌ پێگه‌ی كورد ده‌دات،چونكه‌ ئه‌وان باش ده‌زانن كه‌ كه‌سایه‌تیه‌ك ئه‌گه‌ر وه‌ك حكومه‌تیش به‌شدار بێت، ناتوانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كورد بكات،بۆیه‌ وه‌ك نوێنه‌ری حزبێك سه‌یری ده‌كه‌ن، نه‌ك نوێنه‌ری هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ،له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موولایه‌نه‌كان به‌شدار بن، ئه‌وا له‌ ڕكابه‌ری یه‌كتردا به‌جدی ده‌كه‌ونه‌ دانوستان، له‌بری داوای پاره‌ و ده‌ستكه‌وتی حزبی و شه‌خسی، داوای مافه‌كانی كورد و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و مافه‌كانی  پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی  هه‌موولایه‌نه‌كان به‌رپرسیارێتی لێكه‌وته‌ و ئه‌نجامه‌كانی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و دواتر ناتوانن خۆیان له‌ لێكه‌وته‌كان و هه‌ڵه‌كانی ناو ڕێكه‌وتنه‌كه‌دا بدزنه‌وه‌.
كورد له‌ ئێستادابه‌ لاوازترین دۆخی خۆیدا تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی دیكه‌یه‌ كه‌ له‌م ڕێكه‌وتنه‌دا ڕووبه‌ڕووی كورد ده‌بێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌مریكا هه‌وڵی به‌هێز كردنی حكومه‌تی ناوه‌ند ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك به‌سه‌ر میلیشیا عێراقیه‌كاندا زاڵ بێت و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ به‌هۆی سه‌روه‌ری عیراق به‌سه‌ر هه‌موو نه‌وتی عیراق و خاڵه‌ سنورییه‌كاندا، باری لاری عیراق له‌ ڕووی ئابوورییه‌وه‌ ڕاست بكاته‌وه‌، بێگومان سه‌روه‌ر بوونی عیراق به‌سه‌ر نه‌وت و خاڵه‌ سنورییه‌كان واته‌ی كۆتایی هاتنی ئابوری سه‌ربه‌خۆی كوردستانه‌ ( به‌دیوه‌ ڕاسته‌كه‌یدا نه‌ك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی) و نه‌مانی كارتی فرۆشتنی نه‌وته‌ به‌سه‌ربه‌خۆیی، له‌م كاته‌شدا كورد ئه‌گه‌ر به‌ باشی  دانوستان نه‌كات و سوربوونی خۆی له‌سه‌ر مافه‌ داراییه‌كانی دووپات نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وا نه‌ خاوه‌نی نه‌وت ده‌بێت و نه‌ ده‌شتوانێت مافه‌ داراییه‌كانی به‌ یاسا ڕێكبخات و له‌ ململانێی سیاسیه‌كان ده‌ری بكات.
مه‌ترسیه‌كی دیكه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی كورد ده‌بێته‌وه‌ به‌هێز بوونه‌وه‌ی داعشه‌ له‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و ناوه‌ڕاستی عیراق،به‌ڵام ئه‌مجاره‌ مه‌ترسیه‌ خودی داعش نیه‌، به‌ڵكو مانه‌وه‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا، چونكه‌ وه‌ك ده‌زانین هێزی پێشمه‌رگه‌ ئێستا له‌و ناوچانه‌ بوونی نیه‌، بۆیه‌ له‌ ئه‌گه‌ری ئۆپراسیۆنی هاوبه‌شی هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش كه‌ پێشتر چه‌ند جارێك ئۆپراسیۆنیان به‌بێ كورد ئه‌نجامداوه‌، ئه‌وا نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان ده‌بێته‌ كارێكی حه‌تمی،بۆیه‌ كورد گرنگه‌ له‌ستراتیژیه‌تی ئه‌منی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ قسه‌ی جدی هه‌بێت و له‌به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌می دیاری كراوی كاتی، ده‌ستبه‌رداری ناوچه‌ كوردستانیه‌كان نه‌بێت.
مه‌ترسیه‌كی دیكه‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ی عیراقه‌، چونكه‌ له‌ ماوه‌كانی ڕابردوودا به‌هێز بوونه‌وه‌ی عیراق و ڕزگاربوونی له‌ كۆت و به‌نده‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان زیانی زۆری به‌ كورد داوه‌ ، بۆ نموونه‌ ده‌ركردنی عیراق له‌ به‌ندی حه‌وت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ندین بڕیاری گرنگی وه‌ك 688، به‌ زیان به‌سه‌ر كوردا شكاوه‌ته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ڕزگاركردنی عیراق له‌ كۆت و به‌ندی حه‌وتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، وای له‌ عیراق كرد، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ردا به‌ هاوكاری توركیا و ئێران و ته‌نانه‌ت ئه‌مریكاش، هێرش بكاته‌ سه‌ر كورد و هیچ له‌مپه‌رێكیش نه‌یه‌ته‌ به‌رده‌می، بۆیه‌ گرنگه‌ كورد به‌ هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌هێز بوونه‌وه‌ی عیراق بكات.

 

هۆیه‌كانی به‌هێز بوونه‌وه‌ی كورد له‌ دانوستانه‌ ستراتیژیه‌كه‌دا:
یه‌كه‌م: پێویسته‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ دانوستان پێكبهێنرێت به‌ به‌شداری هه‌موولایه‌نه‌كان و كه‌سانی پله‌ باڵا به‌شداری بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتیان پێبدرێت.
دووه‌م: كورد مافه‌ ده‌ستوری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی بكاته‌ خاڵی دانوستان، پاشان وه‌ك ماف باسی شایسته‌ داراییه‌كانی بكات، چونكه‌ گه‌ر ته‌نها باسی پاره‌ بكرێت، ئه‌وا وه‌ك جاری پێشوو له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ زیانی كورد ده‌شكێته‌وه‌ ونه‌ پاره‌ی ده‌بێت و نه‌مافیشی وه‌ده‌ستده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ها سه‌نگیشی كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.
سێیه‌م: پێویسته‌ به‌هێز بوونه‌وه‌ی عیراق له‌سه‌ر حسابی مافه‌كانی كورد نه‌بێت، به‌ نوسراو ئه‌مه‌ بسه‌لمێنرێت، كه‌ عیراق له‌ هیچ كاتدا فشاری سیاسی ئابووری و سه‌ربازی نه‌خاته‌ سه‌ر كوردستان.
چواره‌م: پێداگری له‌سه‌ر ئاسایی كردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان و جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی (140)، هه‌روه‌ها پێویسته‌ گه‌ره‌نتی له‌ عیراق و ئه‌مریكا وه‌ربگیرێت، كه‌ هیچ كات ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ ،هه‌روه‌ها عیراق ناچار بكرێت له‌هیچ بارودۆخێكدا بۆ دژایه‌تی كورد په‌نا بۆ دراوسێكانی (ئێران، توركیا، سوریا) وڵاتانی دیكه‌ نه‌بات.
پێنجه‌م: حكومه‌تی ناوه‌ند بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كان، په‌نا بۆ هێزی سه‌ربازی نه‌برێت و ئه‌مریكا گه‌ره‌نتی ئه‌مه‌ بدات.
شه‌شه‌م: ڕێگا نه‌دات كوردستان وه‌ك یه‌ك پاكێج له‌ناو عیراقدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌ڵكو تایبه‌تمه‌ندی خۆی پێبدرێت.


PUKmedia  نوسینی / گۆران قادر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket