riklam

هەرێم كەمال ئاغا: لەیەك تێگەیشتنی باش لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە

ریپۆرتاژ‌ 07:36 PM - 2020-06-05
.

.

لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ PUKmedia   هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، جەختدەكاتەوە،  سەركەوتن بەسەر داعش، پێویستی بەسەركەوتنە بەسەر بیری داعش و لەناوبردنی ئایدەلۆژیایی تایبەتی ئەو گروپەیە، باس لەوەشدەكات، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت بەپێی دەستور چارەسەر بكرێن.

- هۆكاری دیسانەوە سەرهەڵدانەوەی چەكداری فراوانی داعش و گیانگرتنێكی تازەی ئەو گروپە تیرۆرستیە بۆ چ دەگەڕێنیتەوە؟

هەرێم كەمال ئاغا: گەلێك هۆكاری  هەیە، یەكێك لەوانە داعش لەرووی سەربازیەوە شكا، بەڵام لەڕووی فیكرو ئایدیاوە نەشكا،بۆ لەناوبردنی تەواوەتی فیكری داعش، عیراق پێویستە كۆمەڵێك سیستەمی چاكسازی،لەڕووی بنەما كارە سەربازیەكان و سیستەمی ئابوری و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و هەموو ئەو بابەتانەی پێویستە  عیراق لەداهاتوو،بەتایبەتی دوای كشتی داعش لەساڵی 2017 رەچاوبكرایە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تریشەوە  ئەگەر نمونەیەك بهێنینەوە لەسەر حەوێجە، ئێمە دەمانزانی دوو بۆ سێ هەزار داعشی تێدایە، بەڵام كاتێك تەمشیتی ئەو ناوچەیە كرا، دوو سێ كەس كوژران،ئەی ئەوانی تر لەكوێن؟، كەواتە هەموو ئەوانە بڵاو بوونەوە، بوون بەشانەی رێكخستنی نهێنی، بەشێك لەسوریا ئەمانە مانەوە، هەروەها نەگەڕانەوەی ئەو كەمپانە چ ئەو كەمپانەی كە ئاسایی كە خەڵك تاوەكو ئێستا ماونەتەوە، نەداری بێزاری، ئەمانە كاریگەری فیكریان كراوەتە سەر، بۆ بەلاڕێبردنیان بڵاوكردنەوەی بیری داعش  لەرێگەی رێكخستنەكانی داعش، دەتوانین ئاماژە بۆ خاڵێكی تری بكەین، كە پاشماوەكانی داعش یان ئەوانەی  كەلە خێمەكان، یان كەسوكارەكانیان لەوێدان، بوونە سەرچاوەیەك بۆ فیكرو رێكخستنەكانی داعش، خاڵێكی تر كە زۆرگرنگە، نەبوونی جدیەتی سوپای عیراق بەبەرنامەیەكی تەندروستی پاكتاوی داعش، بۆ نمونە ساڵێك زیاترە چەندین لیژنە پێكهێنراوە لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عیراق، كە بۆ شاییەك هەیە لەو نێوەندەدا پڕبكرێنەوە، لە 28-4-2020 كۆبونەوەیەك فراوانمان كرد لەو بارەیەوە كرا، باسمان لەشاخی قەرەچووغ كرد بنكەیەك و پێگەیەكی گەورەی چاكسازی و سەربازی و خۆ رێكخستنەوەیانە، كە سوپای عیراق باش لەوە ئاگادارە، لەبەرامبەردا هێزی پێشمەرگە ئامادەیە پێكەوە ئۆپراسیۆن و  رەبیەی هاوبەش و كاری هاوبەش بكەن، سوپای عیراق ئەمری دیوانی بۆ دەرچووە لە ئەنجومەنی وەزیران،عەبدولئەمیر یاروڵڵا بووەتە سەرۆكی ئەو تیمە، چەندین تیمی تر پێكهێنراوە، كەواتە جدیەتێك نیە لە لایەنی سوپای عیراقەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆ شاییانە، ئەوەش بووەتە خاڵێكی پۆزەتیڤ بۆ سوپای عیراق.

یەكێك لەو خاڵانەی كە هەنووكە زۆر گرنگە گرنگ بوو كەلەكاتی خۆیدا بكرایە، پڕچەككردنی سوپای عیراق بوو بەچەكی پێشكەوتوو  تەكنەلۆجیای ئاست بەرز، هەروەها یەكێكی تر لەو هۆكارانەی كە دەرگای بەڕووی داعشەوە جارێكی تر كردەوە، نەمانی پشتگیری هاوپەیمانان لەرووی ئاسمان و زەویەوە، كە ئەوكات فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی هاوپەیمانان باشترین زانیاریان دەخستە بەردەم سوپای عیراق،لەدیاریكردنی شوێن و جوڵەی دوژمن،ئەو هەموو پشتیوانیە كە كاریگەری زۆر گەورەی هەبوو لەپاراستنی ئەمنیەتی عیراق و لەناوبردنی دوژمن عیراق هەمووی لەدەستدا.

بۆچی عیراق ئەوەی لەدەستدا؟

هەرێم كەمال ئاغا: لەبەر ئەوەی عیراق بووە بەشێك لەبەشەكانی میحوەری شەڕ، نەیتوانی خۆی لەو بابەتەدا بەریئ بكات، بەتایبەتی چەند گروپێك، كە كاریان بەئامانجكردنی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، لەكونسوڵخانەو سەربازگەكانی ئەمریكا وایان كرد كە متمانە نەمینێت، متمانەی عیراق لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی،متمانەی عیراق لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان، متمانەی عیراق لەگەڵ ئەو هێزانەی كەلە عیراقدا شەڕی داعشیان دەكرد.

نەبوونی ئارامی سیاسی چ كاریگەریەكی هەبووە لەسەر فراوانبوونی جوڵە سەربازی و تیرۆرستیەكانی داعش؟

هەرێم كەمال ئاغا: نەبوونی ئیستقراری سیاسی كاریگەری زۆر گەورەی لەسەر هەڵدانەوەی داعش بووە، ئەوەتا دوای گۆڕینی 3 كەس لەچوارەمدا سەرۆك وەزیرانی عیراق دەستنیشانكرا،كەپێشتر لە ئۆكتۆبەری ساڵی 2019 عادل عەبدولمەهدی دەستی لەكاركێشایەوەو بووە سەرۆك كاربەڕێكەر،هەروەها داڕمانی ئابوری عیراق، بەتایبەت لەئێستادا نرحی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیە، ئەمە كاریگەری هەبووە لەسەر تەواوی هێزەكانی عیراق، چ ئاسمانی چ زەمینی، بەهۆی ئەم دۆخەوە كاریگەری  لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عیراق هەیە.

دەستی دەرەكی لەپشتەوەی ئەم جوڵانەی داعش هەیە؟

هەرێم كەمال ئاغا: من ئەوە نابینم،  لەوانەیە لەسوریاوە دەگەڕێنەوە بۆ عیراق، لەعیراقەوە  بۆ سوریا، بەتایبەت ئەو بۆشاییانەی كەلەدیالەو ئەنبارو موسڵ هەن، تاكو ئێستا لەسنوری پارێزگای دێر ئەلزور داعش كۆتایی پێنەهاتووە،ئەمانەی ئیدلب بەشێكن لەتەواوكەری داعش، ئەوانەی لەئیدلب شەڕ دەكەن سەركردەی داعش، بۆیە داعش هێشتا لەسوریاش كۆتایی پێنەهاتووە، ئەمەش وایكردوە لەناو هەردوو وڵات" عیراق –سوریا" ببنە هاوكارو درێژە پێدەری یەكتر.

- بۆچی بەردەوام عیراق هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە رەتدەكاتەوە؟ 

 هەرێم كەمال ئاغا: زیاتر لەجارێك ئەوەمان روبەڕوو كردوونەتەوە، دوا كۆبونەوەمان ئەو پرسیارەمان روبەڕووی فەریق عەبدولئەمیر یاروڵڵا كردەوە كەسەرۆكی لیژنەی ئاسایكردنەوەیە، كەوتنی هەفتەی داهاتوو ئەنجامی دەدەن، كە دواتر كە حكومەت پێكهێنرا بووە شوێنگرەوەی كاتی سەرۆكی ئەركان، كە دەسەڵاتی زیاتری  هەیە، ئەگەر بیەوێت جێبەجێی بكات، چونكە لەراستیدا هێندەش سودی بۆ عیراق دەبێت، هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنی هاوبەش و كاری هاوبەش گەورەترین گورزە لەداعش، كە بەتەواوی لاوازی دەكات،بەڵام كەنایكەن،ئەمە ئەو پرسیارەیە كە ئێمەش لەوانی دەكەین.

جوڵەكانی داعش لەئێستادا هەمان گاریگەری و مەترسی پێشووتری هەیە؟ 

هەرێم كەمال ئاغا: نەخێر بەو شێوەیە نیە، مەترسیەكانی هێندەی سەرەتانین، وەك وتم دەتوانرێت بەچەند چاكسازیەك بەتایبەت لەڕووی ئابوری و ئارامی سیاسی ئەم جوڵانەوەی داعشە لاواز بكات، تەنها ئەوەیە داعش جەختدەكاتەوە كەماوە، بۆیە دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە بیری داعش لەناوببرێت، دیارە وەك وتم ئەمەش هۆكار گەل و چاكسازی گرنگی دەوێت.

چارەنووسی حەشدی شەعبی لەناو دامەزراوە  سەربازیەكانی عیراق چۆن دەبێت؟.

هەرێم كەمال ئاغا:حەشدی شەعبی لەڕووی یاساوە رێكخراوە كە بەشێكە لەسوپای عیراق، بەڵام ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانان كۆمەڵێك تێبینیان هەیە لەسەر گروپەكانی حەشدی شەعبی، وەهەروەها  حەشدی شەعبی كۆنتڕۆڵ ناكرێن لەدەرەوەی دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای عیراقن، كە هاوپەیمانانیان كردە ئامانج، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی هەبوو لەسەر متمانەی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، متمانەی عیراق و هێزە هاوپەیمانان، وە زیانێكی ئێجگار گەورەی بەعیراق گەیاند، بۆیە ئەم هێزانە بێ كۆنتڕۆڵن، ئەمەش پرسیاری لەسەر حەشدی شەعبی دروست كردوە، لەرابردوودا عادل عەبدولمەهدی بڕیارێكی دەركرد كە تێكەڵ بەسوپای عیراق بكرێن، بەڵام نەكراوەو بڕیاری سەر كاغەزبوو،باشترین چارەسەریش ئەوەیە لەگەڵ سوپای عیراق تێكەڵ بكرێن.

دەست بەكاربوونی كابینەی نوێ، كاریگەری لەسەر هێزی بەڕەنگاری  دژ بەداعش دەبێت؟ 

هەرێم كەمال ئاغا: موستەفا كازمی،  پێشتر سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عیراق بووە ،پەیوەندیەكی باشی هەرێمایەتی و لەناوخۆی عیراقدا هەبووە، لەسەر ئەو بنامایەش هەڵبژێردرا، وە ئێستاش پەیوەندیەكی باشی هەیە لەگەڵ هەموو دام و دەزگا ئەمنیەكانی دەوڵەت، وە پشتگیریشی هەیە بۆ ئەوەی كاری پێبكات كە هەموو شتێك رێكبخاتەوە، پشتگیریەكی نێودەوڵەتی هەیە پشتگیری لایەنە سیاسیەكانی عیراق هەیە، پشتگیری كوردو سونەی هەیە، شیعە خۆشی دیاری كردوە، هیوادارم ئەو  پشتیوانیانە لەدەست نەدان، بتوانێت هەنگاو بنێت بۆ چاكسازی لەسیستەمی سەربازی. 

 لەگەڵ هەرێمدا هیچ گەشەكردنێكی نوێ روودەدات؟ 

هەرێم كەمال ئاغا: وەفدی هەرێم و بەغدا بەردەوامن لەگفتوگۆكان، لەچەند  هەفتەی رابردوودا گفتوگۆی باش كرا،بێگومان پێویستی بەگفتوگۆی زیاترو لەیەك تێگەیشتنی زیاترو متمانەی زیاتر هەیە،هەروەها كازمی تێگەیشتنی باشی هەیە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، تێگەیشتنی باشی هەیە بۆ مێژووی خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێم وەك كیانێكی دەستوری،  ئایا تاچەند دەتوانێت ئەم زانینانە لەقازانجی خەڵكی عیراق دەستەبەربكات، عیراق لەكۆمەڵێك كێشەی قورسی ئابوری سیاسی ئەمنی رزگاربكات، من پێموایە كە هەلێكی باشی بۆ رێكەوتووەو پشتگیری باشی هەیە و ئەوەی ئێمە لێی دەخوێنینەوە توانای هەیە سەركەوتووبێت.

  كێشەكانی هەرێم و بەغدا، ئەگەری ئەوەی بەتەواوی چارەسەر ببن؟ پێشتر كە نەكراوە زیاتر چی هۆكارێكی لەپشتەوەبووە؟

هەرێم كەمال ئاغا: كێشەكان كێشەیەك نین بەرۆژێك چارەسەر بكرێن، دەبێت لەخۆمانەوە دەست پێ بكەین، باوەڕی تەواومان هەبێت كە چارەسەركردنی كێشەكان و بنبڕكردنیان لەبەغدایە، خاڵێكی تر هەندێك لە دام و دەزگاكانمان  موچە لەبەغداوە وەردەگرن، گرێدراوی دامەزراوەكانی بەغدان، هەروەها  موچەو داهات ودۆسیەی نەوت و ئەوانەی بەپێی دەستور رێكخراون  لەگەڵ عیراق دەستوریان بۆ بكرێتە پێوەر، ئەمە لەلایەنی هەرێمەوە، ئەبێت عیراقیش تێبگات كە كورد رۆڵی گەورەی هەیەلەچارەسەركردن و گەشەكردنی عیراق و بێ هەرێمی كوردستان عیراقیش شایەت نابێت، مێژوو شایەتی ئەوە دەدات، كە لەرابردوودا كورد رۆڵی گەورەی هەبووە لە پێكهێنانی عیراق و نەبوونی  رۆڵی كورد رۆڵی خراپی دەبێت لەسەر داهاتووی عیراق.

بەشێك لەو پەلامارە تیرۆرستیانەی دەكرێنە سەر ناوچەكوردستانیەكان،  هێندەی داعش بێت، چەند هێندەش سیاسەتەو دژ بەكورد دەكرێن؟

هەرێم كەمال ئاغا: ئەو عەقڵەتە هەیە، نەك تەنها لەخانەقین، لە مەندەلی و جەلەولا و سەعدیەو ناوچە كوردستانیەكان هەتاكو شۆڕدەبێتەوە بۆ كەركوك و چەندین ناوچەی تر، بەرتەسكردنەوەی ئەو ناوچانە بۆ كورد، عەقڵیەتێكی شكستخواردووی دواكەوتووە،  چونكە دەبێت ئەو لایەنە سیاسیانە ئەو دەستە سیاسیانە تێبگەن خانەقین و كەركوك و ناوچەكانی تر پەیوەندیەكی رۆحیان هەیە بە كوردەوە، ئەو جۆرە پیلان و سیاسەتانە شكستخواردون و كاریگەریان نابێت.

 

 

 

 

 

 

 

PUKmedia  سامان یاروەیس – بەغدا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket