riklam

ئەی رەفیق و ئەی رەقیب، كۆرۆناش بڕوا

بیروڕا 12:03 PM - 2020-06-05
.

.

ئەمەوێ تۆ بمێنی ، نەك هەر لەبەر ئەوەی ئازیزمی منی و خۆشم ئەوێی ، نەك ھەر لەبەر ئەوەی ئازیزی منن و دڵم بەندی ئێوەو رۆحم كەمەندكێشی رۆح و دڵی ئێوەیە.

پێش ھەر شتێك لەبەر ئەوەی حەز بە چۆڵی و ھۆڵی ناكەم ، حەز بەو شتانەی وا لە شیعر و رۆمانا ناوی سەحرای ژین و چۆڵەوانی و دابڕان و داڕمانن ، ناكەم. زۆر بە پەلەیی بەسەر ئەو لاپەڕانەدا دەرۆم و خەریكە بێژم دەیانقرتێنم. بە پلەیەر و پەلەكردن ئەو گرتانەی فیلم قەدبڕ دەكەم كە باسی مەرگ و تاعون و قات و قڕی پاش ئاوەدانی دەكەن و زوو دەچمە سەر ماباقی چیرۆك و فیلمەكان گەر پریشبن لە دژ و ناكۆك و غایەن و ناپاكی، ھێشتاش ئەھوەنترن چونكە جولە دەخەنە ژیانەوە.

وەلی دێوانەش نیم، بەس چەند حەزینم كە لە تەرجەمەی پیرەمێردەوە گوێم لە كابان دەبوو:

چونكە ئەو شەمە تاتاری چینە

لەدەشت بێزارە و چیا نشینە

دێوانە و قەیس و مەم نیم ، كەچی حەزدەكەم یار و نەیاری ھەمووتان سەلامەت بێت بمێنن. ئازاری دابڕان لە لەیلا و شەم و زین بەسە كۆرۆنای بۆ چییە؟

دەمەوێ لەبەر خۆم بمێنن كە بە بوونی ئێوەوە مانا پەیدا دەكەم.

 

ئەی ئەویتر و ئەوانی تری نەناس و نەیار،

ئەمەوێ ئەگەر خۆم ماوم و بمێنم، ئێوەش بمێنن كە بە مانەوەی ئێوە بەشێكی گرنگی چیرۆكی ژیانم واتا پەیدا دەكەن و مانای مانەوە لە خۆیان دەپێچن. بێ ئێوە ناكۆكی و ململانێی تا سەر ئێسقان لەگەڵ كێ بكەم؟ گەرەكمە نەیارم بن و نەیارتان بم تا هەست بە لێوەشاوەیی و لیاقەت و تاقەتی خۆم بكەم.نوقرچێكم لێ بگرن داخۆ ماوم و نوقرچێكتان لێ دەگرم تا دڵیابم كە نەبەردی ژیان نەیبزاندون.

 

تكایه،‌ ئەی رەقیب ،بمێنەوە ، بێ مانەوەت هیلالی بوونم كامل نابێ و كۆی دیمەنی زیندەگیم تەڵخی و تاری تێدەكەوێت.

بۆ ئەوە گەرەكمە بمێنیتەوە كە ئەگەر ژیان ململانێ و پێشبڕكێ بێت پێویستم بە كەسێكە لە مەیداندا بێت و كەسانێكم دەوێ رەقیبم بن ، پێش ئەوەی رەفیقم دەربكەون.

ئەی دۆست ، ئەی رەفیق مانەوەی تۆ بەس نییە و مانەوەی منیش شەفاعەتی درامایەكی شایان ناكات . ئەوە تەنھا و تەنھا رەنگێكی ژیانە، مانەوەتان بەس نییە ئەی دۆستان، ئەوە چیرۆكێكە لە كۆ چیرۆكەكانی ژیان، بۆ ئەوەی تاقەتم هەبێ رۆمانی ژیان و داستانی ململانێكارانم پێویستە ، تا بیخوێنمەوە. رەقیبیش لەم داستانەدا رەفیقە، ئەویش چی بكا دەورێكە و پێی سپێراوە؟

بمێننەوە تا دوای ئەم پەتایە بەشی چیرۆكی ژیان و شتە بەنرخەكانی بەردەوام بێت.

ئەی نەیارانی مەیدانی ھەڵپەی ژیان! بمێننەوە چونكە زۆر گێم ماون بیكەین و بیدۆرێنین و بیان بەینەوە. زۆر شت ماون لەسەری بیكەنە ھەڵلا و زۆر كێچ ماون لێتانی بكەم بە گامێش.

زۆرانبازی زۆرمان ماوە بیكەین و شەڕە قۆچی زۆری ترمان گەرەكە تا گۆڕەپانی ژیان بۆ خۆمان قۆڕخ بكەین و بەشی كەسی تری لێنەدەین

 

ئەمەوێ بمێنینت و پەلەی نەخۆشی مەرگت نەبێ كە هێشتا ژیان لە سەرەتایە و دەردو بەڵای زۆرتری بۆ شاردوینەتەوە.

 

ئەمەوێ بمێنم، ئەمەوێ بمێنن ..ئەی رەقیب و ئەی رەفیق.

«ماقول چییە» وەك نەدیو بدی لەیەكەم خەرجی و خوردەوە دەڵێی درەنگە لەماڵەوە بانگم دەكەن؟

دەڵێن لەم مێزی قومارەدا، كە نایزانم و حەریفی نیم ،زۆر گێمی قورستر ماوە كە بیدۆرێنین و بیبەینەوە، كەی رەوای ھەقە لەسەر كورتە فیلمێك بەقەدەر شانامە- یەك موحاسەبە بكرێین

وەكو ماوی ، با بمێنم ، وەكو ماوم تكا دەكەم : تۆش بمێنە.

ن/ ستران عەبدوڵلا

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket