riklam

یه‌كێتی.. حزبی شه‌هیدان و گیانفیدایی سه‌ركرده‌

ی.ن.ک‌‌ 07:39 AM - 2020-06-03
.

.

یه‌كێك له‌ شانازییه‌ گه‌وره‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ناسینیه‌تی به‌ حزبی شه‌هیدان كه‌ سه‌روه‌رییه‌كی مه‌زنی به‌ حزبه‌كه‌ به‌خشیوه‌.
ژماره‌ی سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ شه‌هیده‌كانی یه‌كێتی له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتیدا، بیست هه‌زار شه‌هیدی سه‌نگه‌رو سێداره‌یه‌ و سه‌ره‌تای كاروانه‌كه‌شیان له‌ (1976) ده‌ستیپێكرد‌و دوایین سه‌روه‌رانی كاروانه‌كه‌ش، سه‌دان شه‌هیدی به‌گژداچوونه‌وه‌ی داعش‌و به‌رگریی بوون له‌ كه‌ركوك‌ و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستان.

له‌ دوای نسكۆی شۆڕش، یه‌كێتی ئه‌و حزبه‌ بوو كه‌ ئومێدو هیوای گه‌ڕانده‌وه‌ و یه‌كه‌مین زه‌نگی ده‌ستپێكردنی شۆڕشی نوێی لێدا و وتی: ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی ئه‌م خاكه‌ین و خوێنمان خه‌ڵات ده‌بێت بۆ داری ئازادی.

شۆڕشی نوێ مژده‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو بۆ گه‌لی كورد، بووه‌ بناغه‌ی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان و ناساندنی كورد به‌ جیهان و گه‌یاندنی دۆزه‌كه‌ی به‌ مه‌حافله‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌ركرده‌و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و شۆڕشه‌ش سه‌رۆك مام جه‌لال-ه‌ كه‌ له‌ پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ گه‌یشته‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ عیراق كه‌ بووه‌ یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆماری كورد له‌ مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا.

یه‌كێتی له‌سه‌ره‌تای ئه‌و شۆڕشه‌وه‌ تا ئێستا تاكه‌ حزبی كوردستانه‌ كه‌ خاوه‌نی زۆرترین شه‌هیده‌ و ده‌ریایه‌ك خوێنی له‌ پێناوی خاك و ئازادیدا رشتووه‌ و له‌ ماوه‌ی 45 ساڵی ته‌مه‌نیدا، جیاواز له‌ حزبه‌كانی تری كوردستان، زۆرترین شه‌هیدی به‌خشیووه‌ به‌ نیشتمان و له‌ هه‌موو قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا پێشه‌نگ بووه‌ له‌ قوربانیدان و خوێنبه‌خشین.

سه‌روه‌رییه‌كی تری ئه‌م حزبه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تای دروستبوونییه‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی له‌ پێشه‌وه‌ گیانی خۆیان كردووه‌ته‌ قوربانی و سه‌ربه‌رزانه‌ به‌ره‌و زیندان و ئه‌شكه‌نجه‌دان و په‌تی سێداره‌ به‌ وتنه‌وه‌ی مارشی نیشتمانی ئه‌ی ره‌قیب و بژی ئازادییه‌وه‌ هه‌نگاویان ناوه‌، كه‌ شه‌هیدان خاڵه‌ شیهاب و ئه‌نوه‌ر زۆراب و جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحد، سه‌ره‌تای كاروانی شه‌هیدانی یه‌كێتی بوون له‌ (1976) و دوایین سه‌روه‌رانی ئه‌م كاروانه‌ش، سه‌دان شه‌هیدی به‌گژداچوونه‌وه‌ی داعش‌و به‌رگریی بوون له‌ كه‌ركوك‌ و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی كوردستان.

شه‌هیدانی یه‌كێتی وه‌كو سه‌رقافڵه‌ی كاروانی نه‌مری به‌بێ سڵه‌مینه‌وه‌ چوونه‌ به‌رده‌م په‌تی سێداره‌ی به‌عسیه‌ فاشیه‌كان‌و وانه‌ی "كه‌م ژیان، كه‌ڵ ژیان"یان داهێنا‌، شه‌هیدبوونیشان گیانی به‌رگری‌و كوردایه‌تیان زیاتر به‌رز كرده‌وه‌.

له‌ كاروانی شه‌هیدانیدا، یه‌كێتی 24 سه‌ركرده‌ی به‌خشیوه‌ته‌ خاكی نیشتمان كه‌ سه‌رجه‌میان له‌به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی به‌رگری و به‌شێكی زۆریان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌و شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنان خوێنی خۆیان به‌خشیوه‌ته‌ كوردستان.

له‌و ڕۆژه‌وه‌ تائێستا، كاروانی شه‌هیده‌كانی یه‌كێتی، بێكۆتاییه‌‌و ڕۆژ‌و شوێن‌و سه‌نگه‌ر‌و وێستگه‌‌و قۆناغێكی كوردایه‌تی نییه‌، پێشمه‌رگه‌‌و تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی خوێنیان تێدا نه‌رژابێت، زیندان‌و جه‌لاد‌و په‌تی سێداره‌ نه‌ماوه‌، شاهیدی  قاره‌مانێتی و گیانبازیی یه‌كێتیه‌كان نه‌بووبێت.

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket