riklam

دیدگای سیاسی و ئابووری یەكێتی لە دیدی ئەندامانی سەركردایەتییەوە

ی.ن.ک‌‌ 01:25 PM - 2020-06-01
.

.

دیدگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە جیاناكرێتەوە لە دیدگای یەكێتی لەڕووی ئابورییەوە، بۆیە پێویستە لە پڕۆژەی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو رەهەندە لەبەرچاو بگیرێت كە دەبێت یەكێتی پەرۆشی خەڵك بێت و بەردەوام بە ئاڕاستەی سۆسیال دیموكرات كاربكات . پتەوكردنی  ژێرخانی ئابوری هەرێم و كردنەوەی پڕۆژەی ستراتیجی گرنگ و كەمكردنەوەی بێكاری و پشتیوانیكردنی تەواوی جوتیاران، دیدگایەكی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بۆ PUKmedia دواو وتی: دیدگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئامانجە سیاسییەكان و لایەنی ئابوری هەمان بەرنامەی سیاسی یەكێتییە كە لەوەتەی دامەزراو و دوای كۆنگرەی چوارەم و نوێبوونەوەشی سیاسەتی خۆی لەسەر چەند بنەمایەك بونیاد ناوە و هەوڵیداوە لە رووی سیاسییەوە مەسەلەی گەلی كورد بگەیەنێتە مافی چارەی خۆ نووسین و لەڕووی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابورییەوە وەك حزبێكی سۆسیال دیموكرات دەربەستی گوزەرانی خەڵكی كوردستانبێت چونكە، حزبی سۆسیال دیموكرات دەبێت بەرنامەی باش و یەكسانی كۆمەڵایەتی رەچاوبكات.

وتیشی: دەبێت بەرنامەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەشداریكردنی لە حوكمڕانی عیراق و هەرێم و ئەنجومەنی پارێزگاكان رەنگدەرەوەی سیاسەت و فەلسەفەی خۆی بێت كە سۆسیال دیموكراتە.

ستران عەبدوڵڵا وتیشی: دیدگای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕووی سیاسییەوە جیاناكرێتەوە لە دیدگای یەكێتی لەڕووی ئابورییەوە، بۆیە پێویستە لە پڕۆژەی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو رەهەندە لەبەرچاو بگیرێت كە دەبێت یەكێتی پەرۆشی خەڵكبێت و بەردەوام بە ئاڕاستەی سۆسیال دیموكرات كاربكات.

لە كۆتایشدا وتی: جێبەجێكردنی ئەو ئەركانەش لە ئەستۆی تیمی یەكێتییە لە هەموو جومگەكانی حوكمڕانی عیراق و تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حكومەتی هەرێم. 

شادومان مەلا حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە بارەی دیدگای یەكێتی و ئامانجە سیاسی و ئابورییەكانی بۆ ئایندە بە PUKmedia ی راگەیاند: یەكێتی كە حزبێكی سۆسیال دیموكراتە باوەڕی تەواوی بە دادپەروەری و یەكسانی كۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان هەیە، لە رابردووشدا هەمیشە كاریكردووە بۆ بەهێزكردنی ئابووری هەرێم بۆ ئەوەی لە رێگایەوە ستراتیجی نەتەوەیی كوردستانی پێ بەهێزبكرێت.

وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت لەڕووی سیاسییەوە پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا ئاسایی بكاتەوە لە پێناو باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

راشیگەیاند: ئابوری سەربەخۆ زیانی زۆری بە ئابوری هەرێم و دۆخی ژیانی هاووڵاتیان گەیاند، بۆیە دەمانەوێت وەك چۆن لە رابردوودا و لە سەردەمی سەرۆك مام جەلالدا بەشە بوودجەی هەرێم لە بەغداوە بە تەواوەتی دەهات، لە ئێستاشدا هەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ باشتركردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا.

شادومان مەلا حەسەن وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای بەستنی كۆنگرەی چوارەمی لە ژێر ناونیشانی نوێبوونەوە، پێی وایە كە دەبێت ئابوری هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەی پێدا بكرێتەوە و رێكبخرێتەوە، هەر بۆیە لە دواین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا بڕیاردرا بە هەوڵدان بۆ رێككەوتنەوەی هەرێم و بەغدا و وەرگرتنەوەی شایستە داراییەكانی هەرێم، چونكە دەكرێت عیراق وەك قوڵایی ستراتیجی ئابوری خۆمان بەكاربهێنین. 

د. عیزەت سابر عەزیز ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و پسپۆڕی ئابوری لەبارەی دیدگای یەكێتی و ئامانجە سیاسی و ئابورییەكانی بۆ ئایندە بەPUKmedia ی راگەیاند: دیدگای یەكێتی لە رووی ئابورییەوە بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم تاك و خێزانەكانی هەرێمی كوردستان فەراهەمبكات و دادپەروەری لە دابینكردنی داهاتوو دابەشكردنی بەسەر چینەكانی كۆمەڵدابێنێتەدی و نا عەدالەتی كۆمەڵایەتی نەهێڵێت.

وتیشی: دابەشكردنی پڕۆژەكان بەسەر ناوچەكاندا لەسەر بنەمای هەڵكەوتەی جوگرافی و پێداویستییەكانی ژیانی هاووڵاتیان یەكێكە لە پلانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە رووی ئابورییەوە.

راشیگەیاند: یەكێتی دەیەوێت شەفافیەت لە داهات و خەرجییەكاندا زیادبكات و جیاوازی چینایەتی كەمبكاتەوە لە رێگای سیستمی باج و وەرگرتنی باج لە دەوڵەمەندەكان و دابەشكردنی بەسەر هەژاراندا.

د. عیزەت سابر عەزیز وتیشی: پتەوكردنی  ژێرخانی ئابوری هەرێم و كردنەوەی پڕۆژەی ستراتیجی گرنگ و كەمكردنەوەی بێكاری و پشتیوانیكردنی تەواوی جوتیاران بە هاوكاریكردن و ساغكردنەوە و كردنەوەی بازاڕ بۆ بەرهەمەكانیان دیدگایەكی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

PUKmedia ئا/ ژینەر محەمەد

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket