riklam

45 ساڵه‌ یه‌كێتی خوێن ده‌به‌خشێت

ی.ن.ک‌‌ 10:54 AM - 2020-06-01
.

.

45 ساڵە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خوێن دەبەخشێت و كار بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد دەكات.

45 ساڵ پێش ئێستاو لە رۆژی 1-6-1975 دا دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راگەیەنرا كە لەسەر دەستی 7 كەس بونیاتنرا، ئەوانیش هەریەك لە (سەرۆك مام جەلا تاڵەبانی، د.فوئاد مەعسوم، عادل موراد، نەوشیروان مستەفا، عەبدولڕەزاق فەیلی، هۆمەر شێخ موس، د.كەمال فوئاد) بوون.

بەداخەوە كە لە رۆژی 3-10-2017 دا سەرۆك مام جەلال كۆچی دوایی كرد و ماڵئاوایی كاروانی خەباتی بۆ بەجێهێشتین و كە خەمێكی قوڵ و كەلێنێكی گەورە بوو بۆ سەرجەم كورد. ئەمە لەكاتێكدایە كە هەریەك لە د.كەمال فوئاد و نەوشیروان مستەفا، و عادل موراد و عەبدولڕەزاق فەیلی كۆچی دواییان كرد.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتییەكان بەردەوامن لە بەردەوامیدان بە رێبازی سەرۆك مام جەلال و دامەزرێنەرانی تری یەكێتی، بەپەرۆشەوە كار بۆ رێبازو ئامانجەكانیان دەكەن و هەوڵی پتەوكردنەوەی یەكێتی دەدەنەوە.

یەكێتی چۆن دامەزرا؟

دوابەدوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول، بارودۆخێكی ئاڵۆزو نائاسایی و دژوارو باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشابوو، ئەو بارودۆخەش نەك تەنها باشوری كوردستان، بەڵكو هەموو بەشەكانی تری كوردستانی گرتبوەوە. هەرەسی شۆڕشی ئەیلول ئەنجامێكی وای دا بەدەست رژێمی بەغداوە كە لە چوارچێوەی ئایدۆلۆژیای شۆڤینیستیانەی بەعسیانەدا دوژمنایەتی و هەڵوێستی دڕندانەی دژ بە كورد بنوێنێ. ئەمە لەكاتێكدا كە زۆربەی ئەو تێكۆشەرانەی چوبونە ڕیزی شۆڕشەوە، چ سەربازیەكان و چ سیاسیەكان ورەیان بەردابوو، تا ئەو ڕادەیەی قەناعەتی ئەوەیان لا چەسپابوو كە ئیتر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد ناژێتەوەو بەردەوام نابێ. لەنێو كاربەدەستانی ڕژێمیشدا كەسانی وا هەبوون كە شانازیان بەو سەركەوتنەوە دەكرد، پێشتر ئەوانە دژی شۆڕشی كورد دەجەنگان نەیانتوانی سەركەوتن بەسەر هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا بەدەستبێنن، یان بڵێسەی شۆڕش دامركێننەوە. هەندێ لە كاربەدەستانی عێراق گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە مەحاڵە جارێكیتر چیاكانی كوردستان باوەش بۆ پێشمەرگەی چەكدار بكەنەوەو دەیانوت (یاخی بوون) هەتا هەتایە كۆتایی پێهات.

سەدام حسێن لەسەر هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش چی وتبوو؟

تەنانەت سەدام حسێن لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ (جۆرج حبش) سەبارەت بە مام جەلال وتبووی: "جەلال دار خورما لە سەری بڕوێ جارێكیتر ناتوانێت حەوت كەس بنێرێتە شاخ، رژێمی بەعس هەوڵیدەدا بەناوی داننان بە مافی نەتەوایەتی دیموكراتی گەلی كوردەوە، لەڕێگەی شێواندنی مافەكانیەوە، دامەزراندنی دامودەزگای ساختەی وەكو: ئۆتۆنۆمی، ڕێكخراوەكانی قوتابیان، ئافرەتان، نەقابەو ڕۆژنامەو گۆڤارەوە گەلی كورد لە مافە دیموكراتی و نەتەوایەتیەكانی بێبەش بكات. هەر پاش هەرەس پارتی بڕیاری هەڵوەشادنەوەی هەموو دامودەزگا حزبی و سەربازی و ئیدارییەكانی شۆڕشی دابوو، تەنانەت حەلكردنی (پدك)یش كە نزیكەی (30) ساڵ لە تەمەنی تێپەڕاندبوو.

ئەمە هۆیەك بوو بۆ ئەوەی كە جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كورد توشی بارێكی ناهەموارو شكست بێت. بەتایبەت كە: سەركردایەتیەكەی خۆی بریاری هەڵوەشانەوەی دامودەزگا حزبی و ئیداری و سەربازیەكەی دابوو، لەو دەمەدا چیتر باوەڕی بە خەباتی چەكداری و جەماوەری و تەنانەت سیاسیش نەمابوو. ئەوە بوو داوای تەسلیمبوونی لە جەماوەریش كردو سەركردایەتیەكە خۆشی چووە ئێران و بووە پەناهەندەو هەندێكیشی تەسلیم بە عێراق بوونەوە.

پاش هەرەس، بەتەنیا حزبە كارتۆنیە ساختەكەی حوكومەتی بەغدا، كە بە ناوی (پارتی دیموكراتی كوردستان)ەوە ئیشی دەكردو لە بەرە داتاشراوەكەی ڕژێمدا ئەندام بوو. بارەگاو ڕۆژنامەی ئاشكراو یاسایی هەبوو، كە كەوتبۆوە جموجۆڵ و پیرۆزبایی شكستی هێنانی گەلی كوردی لە ڕژێمی عێراق و سەدام دەكرد. بەمشێوەیە جوڵانەوەی كوردی هیچ ئامڕازێكی سیاسی بۆ نەمایەوە تا خەبات و تێكۆشان بۆ جێبەجێكردنی ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی و بەرگری لە مافە ڕەواكانی كورد بكات و بەرپەرچی سیاسەتی نوێی ڕژێمی عێراق بداتەوە لە گرتن و ڕاونان و ڕاگوێزان و بە عەرەبكردن و بە بەعسیكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. ئاوارەكردنی هەزاران خێزانی كوردو هەڵكەندنیان لە خاكی نیشتمانیان و زەوتكردنی ماڵ و سامان و زەوییان ببونە مەترسییەكی گەورە، نەك هەر لەسەر مافە نەتەوایەتییە ساكارەكان، بەڵكو لەسەر مانەوەی خودی نەتەوەی كورد. بۆیە گەلی كورد دەبوو پێش هەموو شتێك بەرگری لە مافی نەتەوایەتی خۆی بكات و خەباتی ئەو سەردەمەی لەو پێناوەدا بوایە. هەربۆیە جوڵانەوەكە لەڕووی بابەتییەوە پێویستی بە ئامڕازو كەرەسەو بیرو هەڵوێست و پێوەندی نوێ هەبوو، كە لەگەڵ ڕەوتی مێژووی جوڵانەوەكە بگونجێ و سەرجەم كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژە شۆڕشگێڕەكانیەوە لە چوارچێوەی ڕێكخراوێكدا كۆبكاتەوە، بیانكاتە هاندەرێك و بۆ خەباتێكی سەختی درێژخایەن ئامادەیان بكات تاكو ببنە ئەلتەرناتیڤێك لە كوردستاندا خاوەن بیری نوێ و كرداری نوێ و تاكتیك و ستراتیژێك بێت بۆ بەدیهێنان و پاراستنی دەسكەوتی ئەو هێزانەی سوتەمەنی شۆڕشن و سوودیان لە سەركەوتنی شۆڕش و هێنانەدی مافە ڕەواكانی گەلی كورددایە. ئەوكاتە كوردایەتی نەشكابوو، بەڵكو سەركردایەتیەكەی وازی هێنابوو، بڵاوەی بە خەباتگێڕەكانی كردبوو. واتە خەباتی ڕزگاری دیموكراسی لەڕووی بابەتیەوە هەر بەردەوامبوو. بۆیە پێویستی بە ڕێكخستنەوەو سازدانەوە بوو، پێویستی بە ڕێبازێكی نوێی شۆڕشگێڕانە هەبوو، پێویستی بە ڕێبەرێكی مۆدێرن و لەناو جەرگەی جەماوەر هەڵقوڵاو هەبوو. شایەنی باسە كە كۆمەڵی كوردەواری، وەك هەر كۆمەڵێكی تر بیروبۆچونی جۆراوجۆری تێدایە، كە فەلسەفەو قەناعەتی جیاوازی گرتۆتەخۆ. لەو سەردەمەی بارودۆخی كوردستانیشدا بۆ بەئەنجامدانی ئەركە نەتەوایەتیەكان دامەزراندنی حزبێك كە بتوانێت هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بگرێتە ئەستۆ پێویستبوو. جگە لەم ڕستیانە تێگەیشتنی خەباتی گەلی كوردیش ڕەچاوبكا. چونكە خەباتی گەلی كوردستان خەباتی هەموو چین و توێژەكانیەتی، كورد وەك نەتەوە دەچەوسایەوە، هەڕەشەی لەناوبردنی لەسەربوو، بۆیە بیر لەوە دەكرایەوە ئەو چین و توێژانە لە چوارچێوەیەكی تۆكمەو ڕێكوپێك و دیاردا كۆبكاتەوە. لەلایەكی تریشەوە باوەڕی شۆڕش و گێڕانەی وڵات بەرەوهەڵچوون و تەقینەوە دەڕۆیشت، دابینكردنی ئەم بارودۆخەو لە باوەشگرتنی هەوڵ و تێكۆشانی هەموو هێزو (تیار)ە شۆڕشگێڕەكانی ئەویست.

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 45 ساڵ لەمەوبەر، چرایەك داگیرسا بە تاقی تەنێ، لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كات و ساتە هەستیارەدا بۆ گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا پێویستیەكی لەرادەبەدەر بوو، لە دوای نسكۆ هێنانی شۆڕشی مەزنەكەی ساڵی 1975ی ئەیلول بە رابەرایەتی (مستەفا بارزانی)، دەتوانین بڵێین ساڵی 1975 وەچەرخانێكی مێژوویی گرنگ بوو لە شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی كورد، بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواكانی كوردان، ساڵێك بەسەر كارەساتە دڵتەزێنەكەی شۆڕشی ئەیلولدا، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی دووبارە بەهۆی چەندین تێكۆشەری گەنج و رۆشەنبیر و كۆمەڵانی خۆراگری قارەمانی كورد جارێكیتر داوای مافە نەدراوەكانی گەلی كورد بكات بە جاڕدانی شۆڕشێكی سەردەمیانەو بە شێوازێكی جیاوازترو باشتر لە جاران، شتێكی حاشا هەڵنەگرە دروستبوون و لەدایكبوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو كات و ساتەی ئەوسادا زۆر پێویستبوو لە دوبارەبوونەوەو سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێی ڕزگاریخوازی گەلی كورد، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاتێك لەدایكبوو كە زۆربەی زۆری خەڵك و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بێئومێد بوون لە دوبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلی كورد.

لەبەر ئەمانە هەمووی، لە مانگی حوزەیرانی 1975 دا، هەر دوو مانگ دوای هەرەس، بیرۆكەی دروستكردنی (ی.ن.ك) هاتەكایەوە.

دامەزراندنی (ی.ن.ك) زادەی ساتە وەختێك نەبوو. ئەوانەی بەپەرۆشەوە بوون بۆ دواڕۆژی كورد لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات، بیریان لەوە دەكردەوە كە چۆن ئەو بۆشاییە سیاسییەی كوردستان پڕبكەنەوە.

تەقەڵاكانی ئەم ڕێبازە سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا بەئەنجامدرا، گەلێ كەس بەشەوقەوە هەوڵیاندا كە لەو كۆبونەوەیەدا بەژداربن، هەر ئەو دەمە زنجیرە كۆبونەوەیەك لە ناوەوەی وڵات و چەند ناوچەیەكی جیاجیای خۆرهەڵاتی ناوەراست و ئەوروپا بەسترا كە لە سەرەتای مانگی نیسانەوە دەستیانپێكرد. لەوێدا بەژداربوان هەوڵیاندا ئەلتەرناتیڤێكی سیاسی پێكبهێنن بۆ ئەوەی ئەو كاروبارە بگرێتە ئەستۆكە ئەوكاتە ڕوبەڕوی تێكۆشەران دەبۆوە. مام جەلال كە سكرتێری (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان) بوو، بیرۆكەی دامەزراندنی (ی.ن.ك) لای ئەوەوە دەستیپێكرد، سەرەتاش بە نامە ڕاوێژی لەگەڵ ناوەندی كۆمەڵە كرد، لە ئەوروپاش پێوەندی لەگەڵ ژمارەیەكی زۆری كورد پەروەراندا كرد. مام جەلال لە سەرەتادا لەڕێی (شازاد سائب)ەوە، بە دوو نامە كۆمەڵەی لە ناوەوە لە بیروڕاكانی خۆی ئاگاداركردبۆوە، سەركردایەتی كۆمەڵەش لە مایسی 1975 وە ئەم بیرۆكەیەی مام جەلالی خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە كە لە مارتی 1975 دا بۆی ناردبوون. لەو كۆبوونەوەیەدا پشتیوانی لەو بیرۆكەیە كرا بۆ دامەزراندنی ڕێكخراوێكی نیشتمانی فراوان كە كۆمەڵە بە نهێنی داینەمۆكەی بێ. هەر لەهەمان كۆبوونەوەدا (شیهابی شێخ نوری) پێشنیاری دەستپێكردنەوەی شۆڕشی كردو داواش لە (فەرەیدون عبدالقادر) كرا كە ئەم بیروڕایە بگەیەنێتە مام جەلال و لە دەرەوەی عێراق قسەی لەگەڵدا بكات و دوابیروڕا بۆ ناوەندی كۆمەڵە بێنێتەوە.

لێرەوە بیری دامەزراندنی یەكێتییەكی نیشتماتیی وەكو ڕێكخراوێكی نیمچە بەرەی تەیارو چینە پێشكەوتنخوازەكانی كۆمەڵی كوردستان گەڵاڵە بوو، بۆ كۆكردنەوەی هەموو ڕۆڵە دڵسۆزو تێكۆشەرەكانی كوردستان، لە چوارچێوەیەكی فراواندا كە ئەندامەكانی كۆمەڵە ببنە داینەمۆی بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی. بۆچونەكانی ئەوانەی دەرەوەی وڵات لە كۆبونەوەكاندا بریتیبوون لەم خاڵانە:

یەكەم: ڕێكخراوێكی فراوان بۆ كۆكردنەوەی جەماوەر دابمەزرێنرێ و ئەو بۆشاییە سیاسییە پڕبكاتەوە. كە لە ئەنجامی هەرەسی شۆڕشی ئەیلولەوە هاتبووە كایەوە.

دووەم: ئەو ڕێكخراوە حزب نەبێ بە مانا تەقلیدییەكەی بەڵكو چوارچێوەیەكی ڕێكخراوەیی فراوان بێت بۆ جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر.

سێیەم: ئەم ڕێكخراوە بەرەش نەبێ لەبەر نەبوونی حزبێكی پێشڕەوو نەبوونی حزبێكی دیكە.

چوارەم: لەناو ئەم ڕێكخراوە فراوانەدا تەیارو لایەنە سیاسیە پێشكەوتنخوازە جیاجیاكان مافی ململانێی فكرییان هەبێ.

پێنجەم: كۆمەڵە بە سەربەخۆیی بمێنێتەوە، تا ئەندامەكانی بتوانن رۆڵی بەڕێوەبەرێتی ئەو رێكخراوە ببینن تیایدا.

سەرئەنجام بڕیاردرا كۆبونەوەیەك پێكبێ بۆ ئەوەی بڕیارێك لەمبارەیەوە بدەن. ئەوە بوو لە 22/5/1975 دا لە (دیمەشق) لە ڕیستورانتی (گلیگلە) لە گەڕەكی (ئەبو رمانە) یەكەم كۆبونەوەی دەستەی دامەزرێنەر سازدرا، كە لەم كۆبونەوەیەدا (مام جەلال، د.فوئاد معسوم، عادل موراد، عبدالرزاق فەیلی) بەشداربوون. پڕۆژەی ئەو بەیانەی كە (مام جەلال) نوسیبوی لەلایەن بەشداربوانەوە گفتوگۆی لەسەركراو دوای دەستكاریكردنێكی كەم، بەیانەكە چاپكرا. بەم چەشنە یەكەم بەیانی دامەزراندنی (ی.ن.ك) ڕاگەیەنرا. دەزگاكانی ڕاگەیاندنی عەرەبیش لە سوریاو لبنان و مێرو گەلێ شوێنی تر ئەم بەیانەیان بڵاوكردەوە.

لە ئەوروپاش بۆ ئەم مەبەستە هەوڵ و كۆشش بەردەوامبوو. لە ڕۆژی 27/5/1975 كۆبونەوەیەك لە گەڕەكێكی كەناری (بەرلین) لە ئەڵمانیا بەسترا. لەم كۆبوونەوەیەدا كە مام جەلال سەرپەرشتی دەكرد كۆمەڵێك كەسایەتی و كادیری تێكۆشەر كە نزیكەی (20) كەس دەبوون بەشداربوون، لەوانە: ( هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، د.كمال فوئاد، عومەر شێخ موس، د.لەتیف رەشید، د.دڵشاد ئەحمەد، د.ئەرجومەند سدیق، د.دارا ئەدیب، رەئوف ئەحمەد، د.جەبار علی شریف، د.لاوچاك فەهمی و د.حەسەن محەمەد عەلی).

لەم كۆبونەوەیەدا مام جەلال باسی ئاكامی هەوڵ و كۆششەكانی و پێوەندیكردنی بەو هەڤاڵانەوە كرد كە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام درابوون. لەهەمانكاتدا دەقی ئەو بەیاننامەیە خوێندرایەوە كە ئامادەكرابوو بە مەبەستی وەرگرتنی بیروڕای بەشداربووان. شایەنی باسە كە تەنیا بڕگەیەك بۆ بەیاننامەكە زیادكرا كە ناوەڕۆكەكەی بەمجۆرە بوو...

"دامەزراندنی (ی.ن.ك) وەڵامدانەوەی بڕیاری وازهێنان لە شۆڕشی كوردە. بۆیە داوا لە هەموو خەباتگێڕانی گەلەكەمان دەكەین كە پشتیوانی لەم ڕێكخراوە نوێیە بكەن و درێژە بە خەباتیان بدەن لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورددا" .دوای ئەم دەسكاریكردنە، لە 1/6/1975 دا بەیانەكە لە ئەوروپا بڵاوكرایەوەو دواتر هەر ئەو مێژووەش بوو بە رۆژی راگەیاندنی رەسمی (ی.ن.ك) ئەم بەیانە لە گەلێ وڵاتی دنیادا بەزمانی جیاواز چاپ و بڵاوكرایەوە. بە عربی، ئینگلیزی، ئەڵمانی، فارسی، و بەیاننامەكە لەلایەن كەمال بورقایەوە كرایە توركی كە ئەودەمە لە توركیا مانگنامەیەكی بەنێوی (ئویز گویرلك یولو) دەردەكرد. لەهەمانكاتدا لە كۆبونەوەكەی بەرلیندا دوو بیروبۆچونی جیاواز سەبارەت بە پێكهێنانی ئەو ڕێكخراوە هەبوو، كە ئایا ئەم ڕێكخراوە ڕێكخراوێكی چەكدار بە ئایدۆلۆجی بێ، یان ڕێكخراوێكی پێشكەوتنخوازو نیشتمانی بەر فراوان بێ.

راوبۆچونەكان لەسەر ڕەوتی دووەم گیرسایەوە، واتە ڕێكخراوێكی فراوانی ئەوتۆ كە گشت تێكۆشەران بەبێ گوێدانە ئایدۆلۆجییەكی تایبەتی بگرێتەخۆ. هەربۆیە (ی.ن.ك) لەسەرەتای دامەزراندنیەوە چەندین هێڵ و باڵی سیاسی تێدابوو.

سەبارەت بەمە (د.فواد معسوم) دەڵێت: "حزب ئایدۆلۆژی خۆی هەیە. واتە ئەگەر بیرمان لەوە كردبایەوە كە ناوی حزبی لێبنرێ، دەبوو بە نوێنەری چینێك، لەبەرئەوەی ئەو هێزو كەسایەتیە سیاسیانەی دوای هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلول لە چوارچێوەی حزبی سیاسیدا نەبوون. بۆیە نەدەكرا ناوی بەرەی لێبنرێ. هەر لەبەرئەوە (ی.ن.ك) وەك ڕێكخراوێكی نیمچە بەرەیی لەدایكبوو، كە خواستی تێكۆشانی ئەو قۆناغە بوو. لەناو ئەو نیمچە بەرەیەدا، چەند تەیارێك هەبوون كە بیروبۆچونی حزبی جیاوازیان هەبوو. بەڵام لەسەر بەرنامەی گشتی (ی.ن.ك) یەكبوون. كە ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەوكاتەی پێكهاتەی سیاسی كوردستان بوو.

شاسوار جەلال (ئارام)یش لەمبارەیەوە پێیوابوو كە: "(ی.ن.ك) حزب نیەو جێی حزبی پێشڕەوی پرۆلیتاریا ناگرێتەوە. چەند تەیارو گروپێكی تێدایە، یەكگرتنەوەشیان لە چوارچێوەی (ی.ن.ك)دا بەرەی نیشتمانی تەواوی پێكنەهێناوە، بەڵكو شێوە بەرەیەكە كە لەگەڵ واقیعی حزبی و سیاسی كوردستان دا دەگونجێت، بێگومان ئەم واقیعەش لەگۆڕاندایەو شتێكی بڕاوە نیەو بەستراوە بە گەشەكردنی ئەو تەیارو گروپانەوە".

یەكەم بەیانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەرەسی 1975ی كردە خاڵێكی وەرچەرخان لە خەباتی گەلی كورددا: "ئێمە بەسەربەرزی یەوە سوربوونی تێكۆشەرانی گەلەكەمان ڕادەگەیەنین لەسەر بەردەوامی خەباتی شۆڕشگێڕانە لەڕیزی جەماوەری گەلەكەمان، لە چوارچێوەی یەكێتی نیشتمانیی كوردستاندا، كە لەسەر ڕێبازی جەماوەری دەڕوات".

شایەنی باسە، لە (قۆناغی دوای هەرەسی 1975) دا كورد لەبەردەم ناكۆكیەكی سەرەكیدا بوو، كە ئەویش ناكۆكی بوو لەنێوان گەلی كوردو حوكمی بەعسدا بەهەموو چینەكانیەوە. ئەم ناكۆكیە، هەڕەشەی لە بوونی كورد دەكرد، بەسەر ناكۆكیەكانی نێوان چینەكانی كۆمەڵی كوردەواریدا زاڵبووە دایپۆشی بوون.

سەبارەت بەمە لە یەكەم بەیاننامەدا هاتووە: "(ی.ن.ك) هەوڵدەدات هێزە نیشتمانی و دیموكراتەكانی شۆڕشی كورد، بەشێوەی یەكێتی نیشتمانیی دیموكرات ڕێكبخات كە تیایدا ڕەوتە پێشكەوتوخوازەكان و یەكێتی خەبات گێڕانەیان بتوانن بەیەكەوە بژین لەژێر سەركردایەتی پێشڕەوی شۆڕشگێڕانەی كوردستانیدا".

 

ئەم ڕەوتانەش دواتر لەچەند ڕێكخراوێك بەرجەستە بوون كە یەكێتی یان پێكدەهێنا:

1- كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان

2- بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان

3- هێڵی گشتی (ی.ن.ك)

ئەزمونی ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەزمونێكی نوێ بوو لە بزوتنەوەی كوردایەتیدا، كە سێ ڕێكخراوی جیاواز، سێ ئایدۆلۆجیای جیاوازو سێ سەركردایەتی جیاواز، هەرسێكیان سەربەخۆیی ڕێكخراوەیی تەواویان هەبوو. بەڵام كە بەعس بەتەواوی و یەكجاری هەڕەشەی هەرە گەورە بوو بۆسەر بوونی كورد، هەرسێكیان سەرەڕای هەموو جیاوازیەكانی ئەوسایان لە قەوارەیەكی یەكگرتوودا یەكیان گرت و بەرنامەیەكی هاوبەشیان دانا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیە، كە خۆی لە بەرنامەی (ی.ن،ك)دا بینیەوەو بڕیاریاندا سەركردایەتیەكی هاوبەش، هێزێكی چەكداری هاوبەش، بودجەیەكی هاوبەش، ڕاگەیاندنێكی هاوبەش، سیاسەتێكی دەرەوەی هاوبەش دابنێن و هەرلایەش سەربەخۆیی ڕێكخراوەیی خۆی بپارێزێ. هەرچەندە لەڕاستیدا ئەم سێ ڕێكخراوە سێ حزب بوون بەڵام بۆچونێكی لەیەكچویان دروستكرد لەسەر ئامانج و ئاسایشی نەتەوەیی كورد. لەبەرئەوە بڕیاریاندا، سەرەڕای هەموو جیاوازیەكانین پێكەوە بژین و كار بۆ گەلەكەیان بكەن. بۆیە (ی.ن.ك) بەمجۆرە پێكهێنرا كە ڕێخراوێكی نیمچە بەرەیی بێت تاكو بتوانێت هەموو چینە شۆڕشگێڕەكان و ڕەنجدەران و توێژە نیشتمانپەروەرەكانی كوردەواری بۆ خەبات سازبدات و بە ڕێبازێكی نوێ و پلان و سیاسەت و تاكتیكی نوێ ڕێنماییان بكات.

(ی.ن.ك) بۆ هەڵسانەوەو درێژەدان بە تێكۆشان دروستبوو. لەدایكبوونی، وەڵامێكی دەستبەجێی ئەو شكستییە بوو كە سەركردایەتی (پدك) دووچاری بووبوو و لەگەڵ خۆشیدا هەرەسێكی گەورەی لە ناو بزوتنەوەی كوردایەتیدا دروستكردبوو. و ئەگەر وردتر پێشینەو پاشینەی مەسەلەكە بخوێنینەوە ئەوە ڕووندەبێتەوە كە لەدایكبوونی (ی.ن.ك) سەرەتای قۆناغێكی نوێی كوردایەتی بوو كە لەڕووی فكری سیاسی، سۆسیۆ- سیاسی و پراكتیزەكردنی شۆڕشدا بە شێوەیەكی ڕادیكاڵانە جیاواز بوو.

لێرەوە بۆ یەكەمجار لەناو كوردایەتی خۆیدا، واتە لە جوڵانەوەی ڕزگاری و دیموكراتی خەڵكی كوردستاندا، فرەباڵی و فرە بیروباوەڕی فەلسەفی و سیاسی جیاجیا لەناو یەك تاكە ڕێكخستندا هاتەكایەوە.

دامەزراندنی (ی.ن.ك) پێگەی كۆمەڵایەتی و هێزە بزوێنەرە كۆمەڵایەتیەكانی شۆڕشی گۆڕی. ماناو مەوداكانی (سەركردایەتی) گۆڕی. ئەویش بە ڕزگاركردنی یەكجارەكی كوردایەتی لە تاكە حزبی كوردایەتی و تاكە ڕابەری كوردایەتی، كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕینی بنەڕەتی بوو لەوەی پێیدەڵێن سۆسیۆلۆژیای شۆڕش.

جموجۆڵ و چالاكیەكانی مام جەلال سەرنجی موخابەراتی عێراقیان راكێشابوو، لەبەرئەوە موخابەرات كەوتبوە هەڵپەی كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر مام جەلال و جموجۆڵەكانی، نۆكەرەكانی هان دابوو زوو بەزوو راپۆرتی لەمەڕ چالاكیەكانی بە بنووسن. و مخابراتی عێراق مەترسی لەو هەوڵانەی مام جەلال هەبوو لەمەڕ دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری. یەكێ لەو ڕاپۆرتانەی موخابەرات كە لەو ماوەیەدا بۆ سەركردایەتی بەعسی بەرزكردبووەوە، كە ئەمڕۆ بە بەڵگە نامەیەكی گرنگ دەژمێردرێت، ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی هەشت لاپەڕەییە كە زۆر بەوردی هەلومەرجی چەند مانگێكی پاش هەرەس دەگێڕێتەوە. لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: "لە كۆبوونەوەی ڕۆژی 20/8/1975 دا لە لەندەن كە مام جەلال بە خوێندكارە كوردەكانی كردبوو، سەبارەت بە رابردوو باسی ئەو ناتەباییەی كرد كە لە بزوتنەوەی كورددا روویداوەو لە ڕەوتی باسەكەیدا چەندجاێك پێی لەسەر ئەوە داگرت كە هۆی ئەو ناتەباییەی بۆ ئەو ئاڕاستەیە دەگەڕێتەوە كە لەئاستی لێپرسراوەتیدا نەبوون وتی "دەبێت ڕابردومان بیربچێتەوەو رق و كینە لەیادی خۆمان بەرینەوە، چونكە مەسەلەی جەلال و مەلاو هیچ كەسێكی تر نیە بەڵكو مەسەلەكە مەسەلەیەكی چارەنووسسازەو ئەمڕۆ گەلی كورد بە قۆناغیكی هەرە ترسناكدا تێدەپەڕێت".

چالاكییەكان یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە دەرەوەو ناوەوە

چالاكیەكانی (ی.ن.ك) لە ناوەوەو دەرەوەی كوردستان بەردەوامبوو، تا ئەو دەمەی كە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك) كە پێكهاتبوو لە (مام جەلال، نەوشیروان مستەفا، د.فوئاد مەعسوم، د.كمال فوئاد، عمر شێخ موس، عادل مراد، عبدالرزاق فەیلی) لە 17/12 1975 دا یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی خۆی لە (دیمەشق) بەست كە تەنها (عمر شێخ موس) ئامادەنەبوو. لەم كۆبوونەوەیەدا بەوردی هێڵە سەرەكیەكانی چالاكییە سەرەكیەكان لە ناوەوەو دەرەوە دا دیاریكران.

لە ئەوروپا (نەوشیروان مستەفا، د.كمال فوئاد، عمر شێخ موس) چەند كۆمیتەیەكیان پێكهێنا بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی (ی.ن.ك). سەرەتا (د.كمال فوئاد) لێپرسراوی كۆمیتەی دەرەوە بوو، لەبەرئەوەی زەمینەی سیاسی لەباربوو، لە ماوەیەكی كورتدا توانرا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ڕێكخستنی فراوان دامەزرێنرێ (مام جلال و د.فوئاد، عادل مراد، عبدالرزاق فەیلی)ش لە سوریاوە كەوتنە پەیوەندیكردن لەگەڵ كادرە ناسراوەكانی جوڵانەوەی كورد لە ئێران و عێراقدا.

یەك لە هەوڵەكانی مام جەلال كە بەكارێكی مێژوویی گەورە دادەنرێ پەیوەندیكردنی بوو لەگەڵ بارزانیدا، لە نامەیەكیدا سەبارەت بە دامەزراندنی (ی.ن.ك( بۆی نووسیبوو:  "بارزانی لەوە دڵنیات ئەكات كە نەك هەر دژی نابێت، بەڵكو وەك سەركردەیەكی بزوتنەوەی كوردایەتی سەیری دەكات و پشتیوانیش لەهەر هەنگاوێك دەكات كە ئەو بینێ"

سەرهەڵدان و دامەزراندنی (ی.ن.ك) و دەنگدانەوەی لەناو كۆمەلانی خەڵك

سەرهەڵدان و دامەزراندنی (ی.ن.ك) هەر لە سەرەتاوە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ناوەوەی كوردستاندا هەبوو، كۆمەڵانی خەڵك بە پەرۆشیەكی زۆرەوە ئاواتەخواز بوون لەنزیكەوە ئەم ڕێكخراوە نوێیەو ئامانجەكانی بناسن، (ی.ن.ك) لە ساڵی یەكەمدا لەسەر ئاستی سیاسی، لە ساڵی دووەمدا لەسەر ئاستی چەكدارانە كە لە مێژووی (ی.ن.ك) دا بە شۆڕشی نوێ ناسراوە بوونی خۆی سەلماند، بەڵام ئەوكاتە ئەركەكانی سەختبوون، چونكە تواناكان كەم بوون و كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم خەباتی (ی.ن.ك) زۆربوون، لەوانە:

-رژێمی بەعس و ئەو بڕیارەی سەبارەت بە ڕاگواستنی دانیشتوانی گوندە كوردیەكانی سنور بە قوڵایی (30) كم و نیشتەجیكردنیان لە ئۆردگا زۆرەملێكاندا دابووی و لەلایەكی ترەوە ڕژێم هەوڵی دەم چەوركردنی بە ماددە دەدا، وێرای ئەو حاڵەتی نائومێدییەی كە لە ئاكامی هەرەسهێنانی ئەو جوڵانەوەیەدا لای هاوڵاتیان دروستبوبوو .گەڕانەوەی متمانە بۆ ئەو خەڵكە مەسەلەیەكی زۆر سەخت بوو.

هەروەها (ی.ن.ك) كە بەم بیروبۆچوونە نوێیەوە هاتبووە مەیدانەوە ڕوبەڕووی دوژمنایەتیەكی سەخت بووەوە لەلایەن هێزە تەقلیدییەكانی باشووری كوردستانەوە. كە هێشتا بیری تۆتالیتاری زاڵبوو بەسەریاندا.

-ڕیگرییەك لەلایەن ئەو بەناو بزوتنەوە چەپخوازیە سەرتاسەرییەوە بوو كە لە (حشع) خۆی دەبینیەوەو دەترسا كوردایەتی لەكاتی فراوانبوونی ئامانجی نەتەوەیی ڕووتەوە بۆ ئامانجەگەلێكی كۆمەڵایەتی جڵەوەكە لەدەست ئەو دەربهێنێ و پاكانەی بوون و جێ پێ قایمبوونی لە كوردستان نەمێنێ .جگە لەمە ئەوساش (حشع) هاوپەیمانی سیاسی بەعس و هاوبەشی دامودەزگاكانی بوو. (ی.ن.ك)ی تۆمەتبار دەكرد بە دەستكردی ئیمپریالیزم لە (باكوری وڵات)دا.

هەروەها ریگریەكی تری (ی.ن.ك) ئەو ڕەوتە كۆنەپەرستەبوو كە حەزیان بەوە دەكرد كوردایەتی هەروا دروشمێكی سیاسی بەتاڵ بێت هیچ ڕەهەندیكی كۆمەڵایەتی _ ئابووری كە هەڵقوڵاوی ئاستی پێگەیشتنی كوردەواری لەخۆنەگرێت، ئەمەش خۆی لە قیادە موەقەتەی (پدك) دا دەبینیەوە كە خۆی بە پێشڕەوی جوڵانەوەی كوردو بە خاوەنی سەروەرییەكانی شۆڕشی ئەیلول و خاوەنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی سیاسی كورد دائەنا، بە چاوی دوژمن كەوتە سەیركردنی (ی.ن.ك) و هەر لە سەرەتاوە شەڕێكی لەگەڵ هەڵگیرساندو قیادەی موەقەتەو دامودەزگا ئەمنیەكانی توركیا هاوكاریەكی تەواو لەنیوانیاندا هەبوو بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو بزوتنەوە نوێیەی كە (ی.ن.ك) ڕابەرایەتی دەكرد.

-لەلایەكی تریشەوە دامەزراندنی (ی.ن.ك) ڕژێمی عێراقی نیگەران كردبوو، هەموو وزەو توانی خۆی تەرخانكرد بۆ ڕوبەڕووبونەوەی جموجوڵ و خۆسازدان و خۆڕێكخستنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئەو مەترسیانەی كە لە ئایندەدا دێنە پێشەوە.

دامودەزگاكانی بەعس چۆن باسی دروستبوونی یەكێتیان دەكرد لە كۆبوونەوەكانیاندا؟

ڕژێم زۆر بەوردی حسابی بۆ ئەو بزوتنەوە نوێیە دەكرد، ئەمەش لەو كۆبونەوانەدا دەردەكەوت كە بە زۆر بە جەماوەری كوردییان دەكرد. ئەو كۆبوونەوانەی كە دامودەزگا تۆقێنەرەكانی ڕژێمی عێراق لە كوردستاندا ئەنجامیان دەدا لە سێ تەوەردا خۆیان دەبینیەوە:

یەكەم: ئەوەیان بەخەڵك ڕادەگەیاند كە ئەگەر ئەمجارەش شۆرش لە كوردستاندا بەرپابێتەوە سەركەوتن بەدەستناهینێت و توشی شكست و لەناوچوون دەبێتەوەو بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەشمان هەرەسی 1975 یان بەنموونە دەهێنایەوە.

دووەم: بریتیبوو لە هەڕەشەكردن لە خەڵك و بەوە دەیانتۆقاندن كە ئەگەر بۆیان دەركەوێ كەسێك هاوكاری یەكێتی بكات ئەوا لەسێدارە دەدرێ یان ئەگەر كەسێك بیانناسێ و ئاگاداری جموجۆڵیان بێت ئاگاداری دامودەزگاكانی حكومەت نەكات ئەوا بە خیانەتێكی نیشتیمانی دادەنرێ و چارەنووسی خیانەتكاریش لەسێدارەدانە لەكاتێكدا ئەگەر كاریشیان لەگەڵدا نەكات.

سێیەم: بریتیبوو لە هێرش كردنەسەر كەسێتی مام جەلال.

جگەلەمەش ڕژێمی عێراق كەوتە دوورخستنەوەی هەندێ لەو كەسانەی كە پێشتر لە شۆڕشیدا كاریان لەگەڵ مام جەلال كردبوو بەتایبەتی لە باڵی مەكتەبی سیاسی دا.

لەدوای یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی یەكێتی، مام جەلال نامیلكەیەكی بەزمانی عەرەبی لەشام نووسی و لەكوردستان كاك ئارام كردی بەكوردی بەناوی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆچی؟)، لەم نامیلكەیەدا گرنگی دروستبوونی یەكێتی تێدا شیكرابوەوە.

دوای برادۆست، نۆكان ئەو گوندە بچووكەی سنوری رۆژهەڵات و باشوری كوردستان بوو، كە سەرەتای ساڵی 1978 بووە مەنزڵێكی كاتی بۆ بارەگاكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی.

هەر لەو ساڵەدا یەكێتی روبەڕووی كارەساتێكی گەورە بوەوە، كە بەكارەساتی هەكاری ناسراوە كە تێیدا ژمارەیەكی زۆر سەركردەو فەرماندەی لەماوەی چەند رۆژێكی كەمدا لێ شەهیدكرا، بەڵام پێش ئەو كارەساتەو دوای ئەو كارەساتەش یەكێتی زیاتر سەرپێكەوت و هەڵسایەوەو گیانی بەرخۆدان و مقاوەمەت زیاتر تاوی سەندو یەكێتی و شۆڕشەكەی زیاتر گەشەیكرد.

دوای كارەساتی هەكاری، سەركردایەتی و ئەو بەشەی لەهێزەكان مابوونەوە، دەراوی گورگان لەقەندیل بووە مەنزڵی خۆڕێكخستنەوەو وێستگەی هەستانەوەیان، هەر لەوێوە جارێكیتر گڕوتین درایەوەبەر شۆڕش، لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرماو سۆڵە، خڕی نێوزەنگ بووە پایتەختی شۆڕش و بارەگاكانی سەركردایەتی و چەند بارەگەیەكی تریش لەوێ دامەزرێنران.

هەر لەسەرەتاكانی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە بیر لەوە كرابوەوە كە ئەم رێكخراوە زمانحاڵی هەبێت، بەڵام هەلومەرجەكان رێگربوون لەو هەنگاوەو جگە لەبڵاوكردنەوەی چەند ژمارەیەك لەهەواڵنامەو چەند ژمارەیەك لە الشرارەو رێبازی نوێ‌ شتێكی ئەوتۆ بەناوی راگەیاندنەوە نەخرابووە كار، هەرچەندە پێشتر ئامێرێكی رادیۆ دەستكەوتبوو، بەڵام ئەویش بەهۆی نەبوونی پێداویستییەكانیەوە سوودی لێ نەبینرابوو، پاش جێگیربوونی سەركردایەتی لەنێوزەنگ لەنەورۆزی 1979 رادیۆ خرایەكار، سەرەتا بەدەنگی شۆڕشی عیراق دەستی بەپەخشی بەرنامەكانی كردو پاشان لەساڵی 1983 بووە دەنگی گەلی كوردستان، ئەم رادیۆیە رۆڵی زۆر گەورەو كاریگەری بینی لەشۆڕش و مێژووی پرشنگداری یەكێتیدا.

بەهۆی تەشەنەكردنی شۆڕش و زیادبوونی چالاكییەكان و پەلامارەكانی دوژمنیش بۆسەر هێزەكانی یەكێتی، رۆژانە ژمارەی بریندارەكانی پێشمەرگە زیادی دەكردو ژمارەی ئەو پزیشكانەی پەیوەندییان بەشۆڕشەوە دەكرد تا رادەیەك زیادیكرد، بۆیە بیر لەدامەزراندنی بنكەیەكی تەندروستی یاخود نەخۆشخانەیەك كرایەوەو لەناو رەزو باخێكی نێوان (زەڵێ – شێنی) كە پێیدەوترا (قولە هەرمی) بەناوی شەهید د.بەختیار كرایەوە.

وێستگەیەكی تری خەباتی سیاسی (ی.ن.ك) ئەوەبوو لەسازدان و هاندانی جەماوەری كوردستان بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن لەشارو شارۆچكەكانی كوردستاندا رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو.

لەڕۆژی 22/4ی ساڵی 1982 داو لەیادی هەشت ساڵەی بۆردومانی شاری قەڵادزێ‌ لەلایەن فڕۆكەكانی رژێمی بەعسەوە. ئەوەبوو رێكخستنەكان بەپێی بەرنامەیەكی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو شاری قەڵادزێ خۆپیشاندانێكی جەماوەری رێكخراو لەبەرامبەردا هێزەكانی رژێم بەدڕندانەترین شێوە كەوتنە وێزەی خۆپیشاندەران و وێڕای شەهیدكردنی خوشكە سنەوبەرو دایكە ئامینە دەیان كەسی تریان دەستگیركردو لەزیندانەكاندا قایمیان كردن، پاش ئەو رەفتارەی سەرانی رژێمی بەعس خۆپیشاندان و مانگرتن شارو شارۆچكەكانی تری كوردستانی گرتەوە.

لەساڵی 1984یشدا لەبەرامبەر ئەوەی سەرانی رژێم دەیانویست خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان بەزۆر راپێچی (جەیشی شەعبی) بكات، ئەوەبوو لەزانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێرو لەناو شاری سلێمانی جارێكیتر خۆپیشاندان و مانگرتنی جەماوەری بەسەرپەرشتی رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكردەوە. لەپاش سێ ساڵ و لەناوەڕاستی بەهاری ساڵی 1987 داو جارێكیتر لەئاست زوڵم و زۆرەكانی رژێمی بەعس لەهەڵەبجەو شارەزورو لەناحیەی بنگردو لەرەواندوز جارێكیتر خۆپیشاندان و روبەڕووبونەوەی جەماوەری كوردستان لەبەرامبەر سەرانی رژێمدا دەستیپێكردەوەو كار گەیشتە روبەڕووبونەوەی چەكداری و رزگاركردنی بەشێك لەو ناوچانە لەدەستی هێزەكانی رژێم.

لەگشت جوڵانەوەو بزوتنەوەیەكی سیاسی و چەكداریدا گفتوگۆ لەنێوان لایەنە ناكۆكەكاندا وەك شێوازێكی تری خەبات ناسێنراوە. بەدرێژایی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كوردیش لەگەل دەسەڵاتدارەكان و حكومەتە مەركەزییەكاندا چەندین خولی گفتوگۆ بەستراوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك رێكخراوێكی سیاسی لەپێناو بەدیهاتنی داوا رەواكانی گەلی كورد گفتوگۆی رەتنەكردوەتەوە. لەگەڵ گەشەكردنی شۆڕشی نوێ‌ و كۆبوونەوەی جەماوەری كوردستان لەدەوری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان. لەساڵی 1983 حكومەتی عیراق داوای دەستپێكردنی گفتوگۆی لەگەڵ سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كردو وەك لایەنی سێیەمی گفتوگۆ، د.عەبدولڕەحمانی قاسملۆ سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران ئەو رۆڵەی بینی.

دوای چەندین دانیشتن و گفتوگۆو حكومەتی بەعس بەڵێنەكانی نەبردەسەر، بۆیە سەركردایەتی یەكێتی لە 15/1/1985 دا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گفتوگۆی داو ئۆباڵی شكستەكەی خستە ئەستۆی بەعس.

لەناوەڕاستی ساڵی 1983 دا بارەگاكانی راگەیاندن و مەڵبەندی دوو چوبوونە ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و بارەگای مەڵبەندی دوو لەگوندی سەرگەڵو بارەگاكانی راگەیاندنیش لە بەرگەڵو دامەرزابوون. لەبەرئەوەی لەسەر شاخی دابان و هەلاج ژمارەیەك رەبیەی سەربازی لێبوون و لەنێوەندی سورداش و شەدەڵەش بارەگایەكی فەوجی سەربازی هەبوو، بۆیە هەر لەسەرەتای راوەستانی گفتوگۆكانداو بۆ پاراستنی زیاتری ئەو ناوچەیەو بارەگاكان سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاری پاككردنەوەی زنجیرە شاخی دابان و هەلاج و چەرماوەندو شوێنی بارەگای فەوجەكەی داو لەمانگی 2ی ساڵی 1985 دا لەنەبەردییەكی كەم وێنەدا كە بەداستانی دابان ناوزەدكراوە ئەو ناوچەیە لەهێزە سەربازییەكان پاككرایەوە.

لەساڵانی 1986 و 1987 دا پێشمەرگەكانی یەكێتی لەسنوری مەڵبەندەكان و تیپەكاندا چەندین چالاكی و نەبەردی تریان تۆماركردو لەگرتنی رەبیەیەكەوە شاڵاو دەبرایەسەر سەربازگەو تەنانەت رزگاركردنی ناحیەكان. لەبەرامبەر ئەوانەدا هێزەكانی رژێمی بەعس بەگشت دامودەزگا داپلۆسێنەرەكانیەوە كەوتبوونە پەلاماردانی كوێرانەو هێرش و پەلامارەكانیان چڕكردەوە بۆسەر ناوچە رزگاركراوەكان و گشت توانا سەربازییەكانی خۆیان بەفڕۆكەی جەنگی و تۆپی قورسەوە تەرخانكردن بۆ بۆردومان و تۆپبارانكردنی ئەو ناوچانە، وێڕای ئەو پەلامارانەی دوژمن، بەڵام پێشمەرگەكانی یەكێتی كۆڵیان نەداو تا لەبەهاری 1987 دا بۆ رژێمی بەعس چەكی فۆسفۆرو كیمیایی لەناوچەكانی دۆڵی جافایاتی و بالیسان و شێخ وەسان بەكارهێنا.

ئەم رۆڵەی یەكێتی لەبواری پێشمەرگەیی و رێكخستن و ئاوەدانی و رۆشنبیریی لەناوچە رزگاركراوەكان هەیبوو كە وەك حكومەتێكی خۆجێی لەو ناوچانە دەیبنی كە جگە لەدیسپلینی پێشمەرگەو رێكخستنەكان لەگوندەكاندا هەلی بۆ دانیشتوانی گوندەكان رەخساندبوو، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبردنیان هەبێت بۆ راییكردنی كارەكانی رۆژانەیان و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو دەزگاكانی شۆڕش. هەروەها لەناو شۆڕشدا جگە لەدەزگاكانی راگەیاندن و دارایی چەندین نەخۆشخانەو تیمی ئاوەدانكردنەوەی لەو ناوچانە دامەزراند، بۆنموونە لەنەخۆشخانەی بەرگەڵو هۆڵی نەشتەرگەری و چەند ئامێرێكی پێشكەوتووی تەندروستی و پزیشكی تێدا هەبوو. تیمەكانی ئاوەدانیش چەندین ئامێری وەك شۆڤڵ و گرێدەرو ئامێری تریان لەچالاكییەكاندا دەستكەوتبوو كە لەنوێكردنەوەو چاككردنی رێگاوبانی نێوان گوندەكاندا بەكاردەهێناو تەنانەت چەند رێگەیەكی نوێشیان كردەوە، لەبەرامبەر ئەوانەدا سەرانی رژێمی بەعسی بەتەواوەتی شێتگیر بووبوون.

لەكۆتایی هاوینی ساڵی 1986 رژێمی بەعس هێزێكی بێ شوماری هێنایە ناوچەكانی نزیك لەسەركردایەتی و مەڵبەندی دوو، سەرەتا لەقۆڵی خەمزەو قەیوانەوە دەستی بەهێرشێكی بەربڵاو كردو پاشان لەدیوی ماوەتیشەوە كەوتە پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە، لەبەرامبەردا هێزی پێشمەرگە روبەڕووی پەلامارەكان بوەوەو لەماوەی زیاتر لەسێ مانگدا ئینجا ئەو هێزانە توانیان هەندێك پێشڕەوی بكەن و ئەو داستانە جەبهەییەش بەشەڕی (قەیوان – ماوەت) ناسراوە.

لەبەهاری ساڵی 1987 دا بەپێی بەرنامەیەكی تۆكمە هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەواوی ئەو شوێنانەی لەماوەی چەند دەقیقەیەكدا لەهێزەكانی رژێمی بەعس پاككردەوە كە لەزنجیرە شاخی گوێژەو ئەزمڕەوە دریژ دەبوەوە بۆ قەیوان و برزوت و بالۆسەو شاخی گوڵێ.

بۆیە لەبەرامبەر ئەو خۆڕاگریەی هێزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، رژێمی بەعس لەكۆتایی ساڵی 1987وە كەوتە دانانی پیلانێك كە گشت و هێزو یەكەكانی بەجبەخانەیەكی بێشومارەوە بخاتەگەڕ بۆ لێدانی یەكێتی و داگیركردنی ئەو ناوچانە، ئەوەبوو لەناوەڕاستی مانگی شوباتی ساڵی 1988 لەگشت سنوری دوكان و سورداش و سەرچنارو كارێزەو ماوەتەوە كەوتە پەلاماردانی سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگەو لەو هێرشانەدا جگە لەبۆردومانی بەردەوامی فڕۆكەو تۆپبارانی ناوچەكە، چەندین جۆری چەكی كیمیایی بەكارهێناو دوای چەندین رۆژ بەرگری سەختی پێشمەرگە لەناو قوڕو لیتەو بەفری شاخەكاندا، سەرئەنجام سەركردایەتی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی ناوچەكەو راگرتنی ژمارەی زیانە گیانییەكانی پێشمەرگە بڕیاری پاشەكشە درا.

رژێمی بەعس ئەم پەلامارەی ناونا ئەنفالی یەك، كە تێیدا مەبەستی زیانگەیاندن بەیەكێتی و داگیركردنی ناوچەكەو بەتاڵانبردنی سەرو ماڵی هاووڵاتیانی ناوچەكەش بوو.

لەدوای كارەساتی ئەنفال یەكێتی دڕی بەو بێئومێدییە داو جارێكیترو بەشێوەی پارتیزانی دەستەیەك پێشمەرگەی ناردەوە ناوچەكانی كوردستان و ئەو پارتیزانانە جگە لەئەركی پێشمەرگانە، بوونە رایەڵەو پردی گرێدانەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەكە كە لەئۆردوگا زۆرەملێكان نیشتەجێ كرابوون و هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ رێكخستنەكان گرێدایەوە.

یەكێتی بەشایەتی دۆست و دوژمن نەخشە داڕێژەری راپەڕین و سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنیەتی، ئەوەبوو لەسەرجەم شارەكان شانەی چەكدارو رێكخستن ئامادەكران و بەسوود وەرگرتن لەشكستی عیراق لەشەڕی كوەیت نەخشەی راپەڕین جێبەجێكراو یەكێتیش رۆڵی سەرەكی هەبوو لە راپەڕینەكەدا.

دوای راپەڕین و كشانەوەی دەزگاكانی بەعس لەكوردستان و شكستی گفتوگۆی حكومەت و بەرەی كوردستانی یەكێتی وەك حزبێكی گەورەی كوردستان، بیرۆكەی دامەزراندی حكومەت و هەڵبژاردنی لەكوردستان هێنایە ئاراوەو ئەوەبوو لەگەڵ حزبەكانی بەرەی كوردستانی هەڵبژاردن ئەنجامدراو یەكێتی نیوەی دەنگی خەڵكی كوردستانی بەدەستهێناو یەكەم حكومەتی هەرێمی كوردستانیش سەرۆكەكەی یەكێتی بوو.

هەر لەدوای راپەڕین یەكەم تەلەفزیۆنی كوردی یەكێتی دایمەزراندو لە 11/9/1991 دا یەكەم پەخشی تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان بەوتارە مێژووییەكەی مام جەلال لەسلێمانی دەستیپێكردو بەمەش یەكێتی بووە خاوەن بیرۆكەی یەكەم تەلەفزیۆنی كوردی ئازاد.

یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینیش لەسەر دەستی یەكێتی بوو، كە لەسەرەتای 1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێی وەك یەكەم رۆژنامەی رۆژانە بڵاوكردەوە.

یەكێكی تر لەداهێنانەكانی یەكێتی لەدوای راپەڕین كردنەوەی كۆلێژی عەسكەری قەڵاچوالان بوو، كە ئەمەش بایەخێكی تری یەكێتی بوو بەسیستمكردنی هێزی پێشمەرگەو بەزانستیكردنی توانا سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەم كۆلێژە تائێستاش بەردەوامە لەپێشكەشكردنی ئەفسەری سەربازی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان.

یەكێتی لەدوای راپەرین چەندین داهێنانی لەبوارە جیاجیاكانی پیشەسازی و وزەدا كردو دوای ئەوەی یەكەم بیری نەوت لەسەر دەستی پسپۆرانی ئەو بوارە لەسنوری قەڵەمڕەوی یەكێتی لەشیواشۆك دەست بەدەرهێنانی كراو پاشان پاڵاوگەی نەوت لەشاری سلێمانی بەتوانای ناوخۆیی دروستكرا.

یەكێتی بەردەوامبوو لەداهێنانەكانی لەسەرجەم بوارەكانی راگەیاندن و كارگێڕی و پیشەسازی و تەنانەت بوراەكانی تری ژیاندا، یەكێتی بەردەوام شانازی بەدابینكردنی نان و ئازادی بۆ هونەرمەندان و ئازادی بیروڕا بۆ نووسەران و دابینكردنی دیموكراتی بۆ كۆمەڵانی خەڵك كردووە.

لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا لەكوردستان یەكەم رۆژنامەی ئەهلی بێلایەن بڵاوكرایەوە، ئەویش بەهۆی ئەو فەزای ئازادییەی یەكێتی دابینی كردبوو بۆ هەمووان.

لەڕووخانی رژێمی بەعسدا یەكێتی رۆڵی كاریگەری هەبوو و پێشمەرگەكانی یەكێتی بەشداری زۆر شەڕەكانی ئازادكردنی كەركوك و خانەقین و زۆر ناوچەی تریان كردووە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سەرەتای دروستبونیەوە تا ئێستا سێ كۆنگرەی لە ساڵەكانی (1992 و 2001 و 2010) و چوار پلنیۆمی بەستوە و لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراقیش لە ساڵی (2003) و كۆتایی هاتنی رژێمی بەعس، كورد بەشداری لە حكومڕانیی نوێی عێراقدا كرد و لە ساڵی 2005 بۆ یەكەمجار لە عێراقدا مام جەلال سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك یەكەم كورد بوە سەرۆك كۆماری عێراق.ئەمەش رەنجی خەباتی چەند ساڵی یەكێتی و كوردی بەئامانج گەیاند.

بەردەوام یەكێتی هەوڵیداوە بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان و دابینكردنی ژیانێكی ئارام و ئاسوودەو ئازاد.

ئێستاش لەشەڕی تیرۆرو روبەڕووبونەوەی تیرۆستان و پاراستنی كوردستان یەكێتی رۆڵی سەرەكی هەیەو چەندین فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی بەخشییە كوردستان و سەركردەكانی لەپێشەوەی هێڵەكانی روبەڕووبونەوەدا بوون.

 

رەوتەكانی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و سەرەتاكانی دامەزراندنیان

1-كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان

2-بزوتنەوەی سۆسیالستی كوردستان

3-هێڵی گشتی (ی.ن.ك)

 

كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان

سەرەتای بیرۆكەی دامەزراندنی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان ) دەگەرێتەوە بۆ سردەمی جیابوونەوەی باڵی موكتەبی سیاسی/ پدك، بەتایبەتی بۆ كەسایەتی مام جەلال كە ئەوكات ئایدۆلۆژیای ماوێزم پرەنسیپەكانی سۆسیالیزمی چین كاری تێكردبوون، مام جلال پێیوابوو ئەو ڕێبازە گونجاوترە لەگەڵ بارودۆخی باشوری كوردستان و باشترە لە ئەزموونی سۆفیەت كە زێتر پشت بە چینی كرێكار دەبەستێ، چونكە بەلای ئەوەوە كۆمەڵی كوردەواری سروشتێكی جوتیارانەی هەیەو زیاتر لە كۆمەڵگەی چینی دەچێت. مام جەلال زیاتر كاریگەری بیروباوەڕەكانی (كورش لاشائی) بەسەرەوە بوو، پێیوابوو پێویستە كار بۆ ئەوە بكرێت كە شانەو ئەڵقەی ماركسی دروستبكرێت و وردەوردە زەمینە خۆشبكات بۆ هاتنەكایەی حزبێكی شۆرشگێڕو جەماوەری بەتوانا ئەمەش لە دوو لاوە بەدەستدێ:

1-بوونی مینبەرێكی ڕاگەیاندن كە بیروباوەڕەكە لە ناو جەماوەردا بڵاوبكاتەوە ڕێگە خۆشبكات بۆ حزبە شۆڕشگێڕەكە.

2-شانەی ڕێكخستنی نهێنی دروستبكرێت بۆ ڕۆشنبیركردنی كادیران و لەسەر بەرنامەی ئەو بابەتانەی مینبەرە ڕاگەیاندنەكە بڵاویدەكاتەوە پەروەردە بكرێن.

سەرەتا مام جلال بۆ جێبەجێكردنی ئەم بۆ چوونە لە كاری سیاسی و ڕێكخستن دا چەند ڕۆشنبیرێكی هەڵبژارد لەوانەی كە لایەنگر یا ئەندامی (باڵی مەكتەبی سیاسی/پدك) بوون و ئەڵقەی ماركسی لێ پێكهێنان بۆ كۆبوونەوەی ڕۆشنبیران لە دەوروبەریان. گرنگترین ئەو كەسانەی كە ئەو سەردەمە ڕۆلیان بینی (نەوشیروان مستەفا، شازاد سائیب، مەحمودی ملاعزەت، رفعت ملا محمود عبدالرحمن) بوون. ئەوانەش بەنهێنی لەناو (باڵی مەكتەبی سیاسی/پدك) دا كاریان دەكردو وردەوردە شانەی نهێنییان دروستدەكرد، بەڵام لە بەدەستهێنانی لایەنی دووەمدا لە ساڵی 1969 دا گۆڤاری (ڕزگاری)یان دەركرد، ڕزگاری ئەو مینبەرە بوو كە جەماوەری كوردی بە بیرۆكەی ماركسی ئاڕاستە كرد ماوەیەكی زۆر نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئیمتیازی بووە.

دوای ئەوەی بەیانی ئازاری 1970 ڕاگەیەندراو هەردوو باڵی (پدك) تێكەڵكرانەوە، هەر ئەو دەمە مام جلال پێیوابوو پێویستە ڕیكخستنێكی ماركسی نهێنی بێتەكایەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە ساڵی 1970 دا لە بەغدا چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا، لە كۆتایی كۆبونەوەكاندا لە 10/6/1970 دا بڕیاری دروستكردنی (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان)یان داو ئەمەش ئەلتەر ناتیڤی (حزبی شیوعی كوردستان بوو) بوو، پێڕەوی ناوخۆو بەرنامەی كاركردنی ڕێكخستنەكان مام جەلال نووسی كە بە (كوردایەتی) ناسراوە. كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان سەرەتا بەشێوەی تەیارێكی فكری لەئارادابوو، یەكەمین دەستپێشكەری بۆ ئەمكارە بە سەرپەرشتی مام جلال و بەشداریكردنی (شیهابی شێخ نوری، فازلی مەلا محمودو فەرەیدون عبدالقادر) ئەنجامدراو وردەوردە پەرەیسەند. ئەم ڕێكخراوە بە ڕەنگدانەوەیەكی تێروپڕی بیروباوەڕی (ماوتسی تۆنگ) تێزەكانی جەنگی گەلی یەوە هاتە مەیدانی تێكۆشانەوە. كۆمەڵە زوو بەناو زۆربەی خوێندكاران و لاوانی بەغداو سلیمانی و هەولێرو كەركوك و خانەقیندا تەنییەوەو پاش ماوەیەكی كەم جەماوەرێكی باشی پەیداكرد كە ئەندامەكانی وەك كادر پەروەردە ئەكرد. بەتایبەتی ئەو سەردەمە، قۆناغێك بوو كە سەرجەمی بزوتنەوە چەپڕەوەكان و گەلانی ژێردەستە دواڕۆژی چارەنوسی خۆیان لەبەرەی سیۆسیالیزمدا دەدرێتەوە كە مخابن لە ئەنجامدا خەباتی گەلانی ژێردەستەو چەپڕەوەكان بوونە قوربانی بەرژەوەندییەكانی ئەو بەرەیە.

بەدرێژایی ئەو ماوەیە (1970 _ 1975) مام جلال سكرتێری كۆمەڵەكە بوو، گەرچی لەڕووی فكری و نووسینەوە كاریگەری زۆری هەبوو، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئەوكاتانەوە لە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەوە دووربوو، زۆربەی كات لە هاندەرانەوە ئامۆژگاری ئەكردو نوسینی خۆی بە پەروەردەكردنی ڕێزەكانی كۆمەڵە ئەنارد، ناوەندی كۆمەڵ و (شیهابی شێخ نوری) لەنزیكەوە كارە ڕێكخراوەییەكانیان ئەنجامئەدا.

ئەندامەكانی سەركردایەتی كۆمەڵە لە ساڵی 1970 دا لەمانە پێكهاتبوون:

شیهابی شێخ نوری _ سكرتێری كۆمیتەی سەركردایەتی (لە ناوەوەی وڵات)

محەمەد میرزا سەعید عەباس _ لێپرسراوی لێژنەی بەغدا

جەعفەر عەبدولواحید _ لێپرسراوی لێژنەی هەولێر

فەرەیدون عەبدولقادر _ لێپرسراوی لێژنەی كەركوك

كۆمەڵە سودی لەو كەشە حەماسیە وەرگرت كە لە دوای بەیانامەی ئازاری 1970 هاتبووە كایەوە، لاوانیش ئەوكاتە سودیان لەو ئاڕاستەیە فكرییە بینی كە لە ناوچەكەدا وەك ئاڕاستەیەكی ماركسی _ نەتەوەیی باوی هەبوو لە شەستەكان و حەفتاكاندا. وە زۆر بەی ئەوانەی پەیوەندییان بە كۆمەڵەوە دەكرد، خوینكاران و كرێكاران بوو.

كاركردنی رێكخراوەیی كۆمەڵە لەم قۆناغەدا، لەچاو ئەوەدا كە دەیان هەزار كەس بەشداربوون لە جوڵانەوەی شۆڕشگێڕاندا زۆر كەم بوون، بەڵام لەچاو هەلومەرجی ئەوسای كوردستاندا كە (بیرو باوەڕی ڕاستڕەو زاڵبوو بەسەر بیروبۆچونی خەڵكی و دامودەزگای پارتی و پاراستن دەستی گرتبو بەسەر كوردستاندا) زۆرباش بوو.

ئەندامانی كۆمەڵە لەم قۆناغەدا بەوپەڕی ژیری و هۆشیاریەوە كاریان دەكرد، بەجۆرێكی ئەوتۆ كە ناحەزو دوژمنەكانی كۆمەلە نەیانتوانی سەرەداوێكی ڕێكخستنەكەی بدۆزنەوە، هەرچەندە جاروبار هەستیان بە بوونی ڕێكخراوێك دەكرد، بەڵام هیچ بەڵگەیەكیان لەوبارەیەوە نەكەوتە دەست.

لەم قۆناغەدا كۆمەڵە دەیان ئەدامی پەیداكردو پێیگەیاندن، رێكخستنی لە زۆربەی شارە گەورەكانی كوردستان و بەغدا دامەزراندبوو. تەنانەت لەناو هەندێ لە ڕێكخراوە دیموكراتیەكاندا وەها جێگەی خۆی كردبووەوە كە لە هەڵبژاردنی ئازاددا ئەندامەكانی كۆمەڵە دەرئەچون و ئیشیان ئەگرتە دەست، بەتایبەتی لە (یەكێتی قوتابیانی كوردستان) و لە (یەكێتی لاوان)دا. هەرچەندە كەسانی ڕاستڕەوی ناو پارتی و پاراستن بەتوندی ئەچونەوە بەگژیاندا.

لە دەستپێكردنەوەی شەڕی كوردو حكومەتی عێراق لە (1974 _ 1975)دا، كۆمەڵەش كادرەكانی خۆی ناردە ناو شۆرش و نەیتوانی لە ڕوداوەكانی كوردستان خۆی داببڕێت و بەشداری جوڵانەوەكەی كرد. ئاوات عبدالغفور لەمبارەیەوە دەڵێت "هەرچەند بزوتنەوەی ئەوكات (1974) لەڕووی فكرییەوە، زۆر جیاوازبوو لە فیكری كۆمەڵە، بگرە پێچەوانەشی بووین خۆمان بە ئەلتەرناتیڤیش ئەزانی ڕۆژێك لەڕۆژان خەبات بكەین بۆ ئەوەی سەركردایەتی شۆرش بگرینە دەست. بەڵام لەبەرئەوی شەڕ لەلایەن بەعسەوە ناڕەوایەو لە بەرامبەردا سەركردایەتی بارزانیش ڕەوایە و بەرگریە لە كوردستان. كۆمەڵە داوای لەهەموو ئەندام و پاڵیوراو و دۆستەكانی كرد كە بەشداری ئەو بزوتنەوەیە بكەن و لەڕێزی پێشەوەش بن. بەمپێیە ئێمە لەڕێزی پێشەوەی شۆرش بووین و لە شەڕێشدا دەیان ئەندامی چاڵاكی كۆمەڵەمان شەهیدبوون، هەر بۆردومانی قەڵادزێ و بەرەكانی شەڕو بەرگری كە بەپێی ئاماری ئەوكاتەمان دەگەنە (40) شەهید".

نامەكەی مام جەلال بۆ كۆمەڵە:

لە نامەیەكی مام جەلال دا كە سەرەتای ئازاری 1975 بۆ سەركردایەتی كۆمەڵەی ناردبوو "داوای خەباتێكی بارتیزانی درێژخایەنی لێكردبوون و بیرۆكەی دامەزراندنی ڕیكخراوێكی نیشتمانی فراوانیشی بۆ خستبونە بەرباس و لێكۆڵینەوە. ئەم مەسەلەیەش بەلای سەركردایەتی كۆمەڵەوە پێشنیازێكی باشبوو كە بەگەرمی پێشوازی لێكرا چونكە هەلومەرجەكە زۆر لەباربوو بۆ باسكردن و ئەنجامدانی كارێكی لەمجۆرە.

بۆ ئەنجامدانی ئەمكارە، (شیهاب شێخ نوری) و هەڤاڵانی تری پەیوەنییان بە (فەتاح ئاغا)وە كردو داوای هاوكاری و پشتیوانیان لێكرد، بەڵام وەڵامی (فەتاح ئاغا) ئەوەبوو كە "بێ ڕەزامەندی سەرۆك بارزانی ناتوانێت ئەوكارە ئەنجامبدات". هەروەها هەر بۆ ئەم مەبەستە سەركردایەتی كۆمەڵە پەیوەندییان بە (عەلی عەسكەری)شەوە كرد تا قسە لەگەڵ بارزانی بكات و لــــەگەڵ ئیبراهیم ئەحمەدیش گفتوگۆ كرا تا هەوڵبدرێت بەرگری بكرێت و سەنگەری خەبات چۆڵنەكرێت، بەڵام بێسوود بوو. پاش ئاشكرابوون و سوربوونی سەركردایەتی (پدك) لەسەر قبوڵكردنی واقعی هەرەسهێنان و ئاشبەتاڵ كردن، سەركردایەتی كۆمەڵە بێئومێد بوون، بۆ باسكردنی هەلومەرجی پڕ لە مەترسی تازەی جوڵانەوەی كورد، بۆ بیركردنەوە لە باشترین شێوەو كاتی درێژەدان بە بەرگری، بۆ دانانی رێوشوێنی تاكتیكی دروست بڕیاری كۆبوونەوەیەكی فراوانی كادرەكانیان دا. بۆ ئەم مەبەستە هەموویان چوونە گوندی (كێلو) لە ڕۆژئاوای پێنجوێن. ماوەی دوو ڕۆژ كۆبوونەوە بەمەبەستی ڕێكخستنی كاری ئایندە، دوای ڕاوێژێكی زۆر بڕیاریاندا هەموویان بگەڕێنەوە عێراق و ڕێگا نەدەن ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵە بچنە ئێران، چونكە مەیدانی خەبات تەنها سەر گۆڕەپانی نیشتمان و ناو میللـەتە چونە ئێران و ئەوروپا دابڕانە لە جەماوەرو خۆ دزینەوەیە لە خەبات. لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە، كادرانی كۆمەڵە دەستیان كرد بە كۆكردنەوەی چەك و شاردنەوەیان، داوا لەهەموو ئەندامان كرا كە هەرچی دەزگای چاپ و چەكیان بۆ پەیدا ئەكرێ لەشوێنی ئەمین بیشارنەوە.

لەنێوان 27/3_ 5/4/1975 دا زۆربەی كادرو ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە لە شاخ گەڕانەوە بۆ شارەكان. سەرلەنوێ ڕێكخستنەكان لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا داڕێژرانەوە، حسابی پاراستنی نهێنیەكان، پاراستنی كۆمەڵە لە یەكترو ناسینی ماوەی ڕبردووی لە شاخ و لە یەك جیاكردنەوەی ئەو ڕێكخستنانەی كە ئەبوو لە هەڵگیرسانەوەی شوڕشدا لە شارەكاندا كاربكەن لە وانەی كە نیازبوو بۆ كاری هەڵسانەوەی جوڵانەوەی چەكدارو بۆ مەفرەزە سەرەتایەكان و گەشەپێدانیان سودیان ئەبێ، هەردووكیان لەیەك جیابكرینەوە.

كۆمەڵە لەو بارودۆخە سەخت و دژوارەی دوای هەرەس سورتر بوو لەسەر بەگژاچوون و بەرگریكردن لە شاڵاوی نامرۆڤانەی ڕژێمی عێراق، دەستیكرد بە خۆئامادەكردن و نەخشەكێشان بۆ هەڵگیرساندنی ئاگری شۆڕش. سەرباری كەم ئەزموونی، كۆمەڵە بارودۆخی هەڵسەنگاندو پەرەی بە خەبات دا. زیاتر كەوتە چالاكی نواندن و خۆی لەبەرگری كوردستان دوور نەخستەوە، هەر لەسەر پێشنیازی شیهاب شیخ نوری سەركردایەتی كۆمەڵە لەهەمانكاتدا بڕیاریدا نەخشەی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش دەستپێبكاتەوەو لەهەمانكاتدا: پڕۆژەكەی (مام جەلال) سەبارەت بە دامەزراندنی ڕیكخراوێكی نیشتمانی فراوان قسەی لێبكرێت و كاری پێبكەن. مەفرەزەكان دیاریبكرێن بۆ ئەو ناوچانەی كە لەتوانادایە، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازكرا كە (عەلی بچكۆل، عبدالرزاق سێگردكانی، بێستون، غەریب سەعید، عەلی ساڵح. حەمید پۆلیس و عەلی مغاویر) بۆ ناوچەكانی قەڵا سێوكەو بەری كۆیەو (سیروان تاڵەبانی) بۆ بەری قەراغ و قسەش لەگەڵ (تاهیر عەلی والی بەگ) بكرێ بۆ شەمێران و ڕێكخراوی هەڵەبجەش مەفرەزەی هەورامان و سلێمانی و هی شارباژێر دیاری بكەن. لەهەمانكاتدا سەركردایەتی كۆمەڵە (فەرەیدون عبدالقادر)ی ڕاسپارد كە سەفەری دەرەوە بكات، بەمەبەستی پەیوەندیكردن لەگەڵ مام جلالدا كە پێشتریش (شازاد سائیب) سەردانی كرد بوو بیروڕاكانی ناوەوەی بۆ بردبوون و بیروڕای دەرەوەشی بۆ ناوەوە هێنابوەوە.

لە تەمموزی 1975 (فەرەیدون عبدالقادر) سەفەری كردو رۆژی 14/8/1975 لە بەرلینی ڕۆژئاوادا چاوی بە مام جەلال دەكەوێت و نامەی سەركردایەتی كۆمەڵەی پێدەگەیەنێت و بیروڕاكانی سەركردایەتی كۆمەڵە لەمەڕ دامەزراندن و پێكهاتەی (ی.ن.ك) و دەستكردنەوەی بەخەباتی چەكدارانە بۆ مام جەلال باسدەكات، هەردوو لایەن لە كێشەو گیروگرفتەكانی ناوەوە دەدوێن.

مام جەلال داوای باسكردنی بیروڕاو ئامۆژگاری خۆی لەسەر چۆنیەتی دەستپێكردن و پەرەپێدانی مەفرەزەكان و گەشەكردنیان ڕای خۆی بەمجۆرە دەربڕی:

*كۆمەڵە بەنهێنی داینەمۆی (ی.ن.ك) ئەبێ و كارتێئەكات.

*سەركردایەتی (ی.ن.ك ) لە ناوەوەی وڵات لە (علی عسكری، عمر دەبابە، شازاد سائیب، رسوڵ مامەندو ناوەندی كۆمەڵە) پێكبێت.

*پەیوەندی بكرێ بە كادیرە سەربازەكان و فەرماندەكانی پێشمەرگەی پێشووەوە، بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارانەی دژ بە رژێمی بەعس ڕێكبخرێن.

*بەهیچ شێوەیەك كوردستانی عێراق جێنەهێڵن تەنها لەكاتی زۆر زەرورو ناچاریدا نەبێت.

بەڵام دوای ئەوەی (فەرەیدون عبدالقادر) دەگەڕێتەوە عێراق بۆ لای هاوەڵانی، شاڵاوی دەسگیركردنی سەركردایەتی و رێكخستنەكانی كۆمەڵە دەستیپێكردبوو، بڕیاری گرتنی هەموو سەركردایەتی كۆمەڵەش دەرچوبوو، (فەرەیدون عبدالقادر) بەهۆی شێخ سالاری حەفیدەوە، هەواڵ بۆ (علی عسكری) دەنێرێت و (جعفر عبدالواحید)یش ڕادەسپێرێ كە قسە لەگەڵ (د.خالد سعید) بكات سەبارەت بە (ی.ن.ك). بەڵام هەلومەرجی ڕاونان و گرتنی ئەندامانی كۆمەڵەو سەركردایەتیەكەی بواری ئەوەی نەدا ئیشەكان جێبەجێ بكرێ.

لە ئەیلولی 1975 ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە ئاشكرابوون، بەهۆی ڕێكخراوی بزوتنەوەی سۆسیالیستی عەرەبییەوە (الحركە الاشتراكیە العربیە) كە پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ (ی.ن.ك)دا هەبوو، یەكێ لە ئەندامەكانی ئەم ڕێكخراوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەگیرێ و ئیعتراف لەسەر ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە دەكات. سەرەتا (ئەنوەر زۆراب) دەسگیردەكرێ و لە ماڵەكەیدا دەمانچەیەك و چەندین بەیان و بەڵگەنامەو ناوی هەندێ لە هاوڕێكانیشی دەكەوێتە دەست بەعس. ئیتر لەمەوە ڕژێمی بەعس شاڵاوێكی گرتن و راونانی دەستپێكرد لە شارەكانی كوردستان و بەغدا. لە شاری بەغدا "ئەنوەر زۆراب، جەبار فەرمان، سەعدون فەیلی، دارۆی شێخ نوری، ئەنوەر حەسەن، خدر سەوز، محمد میرزا سعیدو سەلام برزۆ" دەستگیركران. لە شاری سلیمانیش "ئاسۆی شیخ نوری، علی بچكۆڵ، عوسمان نانەوا، مامۆستا حسێن ڕەزا، كەمال علی، فاروق ئەحمد، د.جمیل، كاكە حەمەی عەتیە، نورالدین فتاح، جەمیل و علی مراد" دەسگیركران، كە ئەم شاڵاوە دەستپێدەكات، هەڤاڵانی تر بەنیازی خۆدەربازكردن لەو شاڵاوی گرتنەی ڕژێم دەستیپێكردبوو ڕۆژی 23/9/1975 بەرەو ئێران دەكەونەرێ، تا لەوێشەوە بەرەو سوریا بڕۆن كە پێكهاتبوون لە (شیهاب شێخ نوری، جعفر واحید، فریدون عبدالقادر، عمری سید علی، عەلی بچكۆڵ) بەڵام ئەمانە لە ئێران ئاشكرادەبن و دەگیرێن، هەروەها دەوڵەتی ئێران لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا دوو كەسی تری لە سەركردەكانی كۆمەڵە گرتبوو كەبكرینەوە. ئەرسەلان بایزو ئاوات عبدالغفور) بوون. ئێران بەپێی رێككەوتنی جەزائیر كە لەگەڵ عێراقدا ئیمزای كردبوو.

لە سێدارە شەهید شیهاب و هاوڕیانی كۆمەڵە

لەڕۆژی 1/1/1976 هەموو ئەو كەسانەی تەسلیم بە دەوڵەتی عیراق كردەوە، دەوڵەتی عیراقیش لە دادگایەكی روكەشدا لە 11/7/1976 بڕیاری لەسێدارەدانی سێ سەركردەی كۆمەڵەی دا كە بریتیبوون لە (شیهاب شێخ نوری، جعفر عبدالواحید و ئەنوەر زۆراب). هەڤاڵانی تریش هەریەكەیان بە 6 ساڵ زیندانی حوكمدران. دەسگیركردنی سەركردایەتی كۆمەڵە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە كارەساتێكی گەورە دەژمێردرێت لە مێژووی كۆمەڵەدا. بەتایبەتی لەو كات و ساتە ناسكەدا كە چارەنووسی كورد نادیار بوو. چونكە تا ڕادەیەك بوو بەهۆی پچڕان و لەبەریەك ترازاندنی ڕیزەكانی ڕێكخستن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو. لە ئەنجامدا ڕیزەكانی ڕێكخستن پەشێوییەكی زۆریان تێكەوت و كۆمیتەكان لەیەك دابڕان و بەشێكی ئەندامان لە یەكتری بزربوون.

هەوڵەكانی شاسوار جەلال ناسراو بە كاك ئارام بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵە چی بوو؟

لەم بارودۆخە سامناكەدا، بۆ هەڵسانەوەی ڕێكخراوەكەو ئاساییكردنەوەی بارودۆخی ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە، شاسوار جەلال (كاك ئارام) كە نە ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵە بوو، نە لەلای سەركردایەتیەوە ڕاسپێردرابوو، چووە مەیدانی خەباتەوەو دەستپێشخەریەكی گرنگ و كاریگەری كرد، ئەوەی كە سەركردایەتی كۆمەڵە بە ڕێكخراوێكی ڕێكوپێك ئەبوو ئەنجامی بدایە ئەم بە ڕێكخراوێكی لێدراو و لەت و پەت كەوتە جێبەجێكردنی، تەقەلاكانی كاك ئارام بە كۆمیتەو ڕێكخراو و شانەكانی كۆمەڵەوە بەردەوامبوو، ئەوەندەی بۆی دۆزرانەوەو بۆی بەیەكەوە گرێدرانەوە كۆیكردنەوەو ڕێكیخستن.

كۆمیتەی هەرێمەكان و رۆڵیان

ئەو سەردەمە هەرشارێكی گەورە لیژنەیەكی هەبوو بەناوی كۆمیتەی هەرێمەوە، لە نوێنەرایەتی هەر كۆمیتەیەك لیژنەیەك پێكهێنرا بەناوی كۆمیتەی هەرێمەكانەوە. ئەم كۆمیتەیەش لەمانە پێكهاتبوو:

1-شاسوار جەلال (ئارام)

2-نجم الدین عزیز (سالار)

3- ئازاد هەورامی (عادل)

4-حكمەت محمد كریم (مەلا بەختیار)

5-عبدالرزاق محمد سێگردكانی.

ئەم كۆمیتەیە ڕۆڵێكی مێژوویی گرنگی بینی و كەوتە ڕێكخستنەوەی كۆمەڵەو سازدانی پێشمەرگەو ئامادەكردنی مەفرەزەی چەكدار. بەڵام كۆمیتەی هەرێمەكان سەركردایەتیەكی كاتی و لاواز بوو، چونكە ئەندامەكانی جگە لە (ئارام) ئەوانی دیكەیان لەڕووی تەمەن و كاری سیاسی و سەربازییەوە گەنج و كەم ئەزمون بوون و لەئاستی پێویستیەكانی جوڵانەوەی گەلی كوردو گەشەپێدانی كۆمەڵەو پێكهێنانی دامودەزگای پێویستی شۆڕشدا نەبوون، بۆیە تا ماوەیەكی درێژخایەن نەیانتوانی باوەڕو متمانەی بەشی زۆری ئەندامەكانی كۆمەڵەو جەماوەری كورد بەدەستبێنن، بەتایبەتی لەوكاتەدا كە ئیدی كۆمەڵە كەوتبووە خەباتی چەكداری سیاسی ئاشكرا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كۆمیتەی هەرێمەكان چەند كارێكی گرنگیان ئەنجامدا:

1-ئەندامەكانی كۆمەڵەیان رێكخستەوەو لەگەڵ زۆری ئەوانەی خۆیان شاردبۆوەو ئەوانەی ئاشكرا نەبوو بوون، پێوەندییان دروستكردو هەموو ئەو شانەو هێڵانەیان پێكەوە گرێدایەوە كە مابوون و كۆمیتەیان لە شارەكاندا دامەزراندەوەو كەوتنە ڕاكێشانی تێكۆشەرانی تازە.

2-پێوەندیان لەگەڵ چەندین ئەفسەری شۆڕشگێڕو كادری پێشمەرگایەتی دروستكردو داوایان لێكردبوون خۆیان ئامادەبكەن بۆ چوونە شاخ.

3-پێوەندییان لەگەڵ دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك) لە دەرەوەو بەتایبەتی لەگەڵ مام جەلال دروستكرد. جگە لە ئەندامانی كۆمیتەی هەرێمەكان، چەند كەسێكی تریش هاوكاری زۆرو كاریگەریان كردبوون بۆ بەجێهێنانی ئەركەكانیان لەوانە: جەمالی علی مەعروف (جەمالە ڕەش) و ابراهیم ئەحمەد هەریەكەی جارێك چوون بۆ سوریاو نامەی كۆمەڵەیان بردبوو بۆ دەستەی دامەزرێنەرو (عوسمانی مام برایم)یش چەندجارێك چوو بۆ عەممان. لەوماوەیەدا (كاك ئارام) ژمارەیەك لە بەیاننامەو بڵاوكراوەی دەركرد، لەوانە (پەیڕەوی ناوخۆی دەستەی چەكدارەكان).

رۆژی 31-1-1978 رۆژێكی ناهەموار بوو لەمێژووی یەكێتیدا، چونكە كاك ئارامی سەركردەی كۆمەڵەو یەكێتی لەگوندی تەنگیسەر بەدەستی چەند خۆفرۆشێك شەهیدبوو، شەهیدبوونی كاك ئارام نەك هەر خەمێكی گەورەی بۆ هاوڕێ و هەڤاڵانی جێهێشت، بەڵكو بۆشاییەكی گەورەی لەژیانی رێكخراوەیی یەكێتیدا بۆ ماوەیەكی زۆر دروستكرد.

لەدوای ئەویش كاك نەوشیروان مستەفا دەبێتە سكرتێری كۆمەڵەو هەم جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەبێت. بە بارەكەی تریشیدا ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەكداری نەوشیروان مستەفا بەمجۆرە بەتەواوەتی دەستپێدەكات. تا كۆتای كۆمەڵە رۆڵی گەورەو گرنگی گیڕاوە لە بەهیزبوونی كۆمەڵەو لەماوەی ساڵانی هەشتاكاندا، كۆمەڵە هیزی یەكەمی ناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بوو كە هەزاران پێشمەرگەی تێدا كۆبووبووە. كاك نەوشیروان لەكتێبی خولانە لەناو بازنە دەڵێت بەفیعلی یەكێتی هێزی یەكەمی سەرساحەی كوردستان بووە تاوەكو هەڵمەتەكانی ئەنفال، چونكە چالاكییەكانی زۆربەی ناوچەكانی دەگرتەوە.

بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان

بیرۆكەی دامەزراندنی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان لە ئەنجامی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی بەشێك لە كادرو سەركردەكان و شۆڕشی ئەیلول سەریهەڵدا، كە لە دوای هەرەسی 1975 پەنایان بردبوەبەر ئێران. یەكەمین كۆبونەوەی ئەو تێكۆشەرانە لە نیسانی 1975 دا لە ورمێ لە ماڵی (عومەر دەبابە) بەسترا. بەشداربوانی پێكهاتبوون لە (علی عەسكەری، د.خالید سعید، علی هەژار، ئبراهیم ئەحمد، كاردۆ گەڵاڵی، جەمال ئاغا، رەسول مامەند، مەلا ناسیح، عومەر دەبابە، عبدالرحمن گۆمەشینی، مولازم تاهیری علی والی، سەلیم ئاغۆك و كمال محی الدین و...) لەو كۆبونەوەیەدا بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:

1-كۆبونەوەكە گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی كە لە چوارچێوەی خەباتی سیاسیدا دژ بە ڕژێمی دەسەڵاتداری بەغدا كاربكەن.

دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول و بەپێی ڕێككەوتننامەی جەزائیر شای ئێران ڕێگەی بە پەنابەرە كوردەكان نەئەدا كە بەهیچ شێوەیەك چالاكی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس ئەنجامبدەن. لەبەرئەوە زۆربەی بەژداربووان بڕیاریاندا سود لە لێبوردنی عێراق وەربگرن و بگەڕێنەوە وڵات و لەوێ چالاكیەكانیان ئەنجامبدەن. هەربۆیە زۆربەیان گەڕانەوە بۆ عێراق.

2-پاش هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئەوكاتەی كوردستان، بیرو بۆچونی جیاجیا لەناو ئەو كۆبونەوەیەدا هەبوو.

زۆربەیان پێیان وابوو كە دەبوو بەزووترین كات حزبێك لە كوردستان دروستبكرێ، ئەو زۆربەیە پێیان وابوو كە "دوای هەرەسهێنانی شۆڕش، سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەواوی ڕوخاو مەیدانی خەباتی چۆڵكردو سەركردەكانی هەڵاتن و میللـەتیان بەجێهێشت. بێ ئەوەی ھیچ ڕێگەیەكیان بۆ دیاریكردبێت، بەتایبەتی لەوكاتە ناسكەو پڕمەترسیەدا كە كورد زیاتر پێویستی بە كۆكردنەوەو ڕاستكردنەوەو ڕابەری هەبوو.

3-ئەم تێكۆشەرانە بە هەڵسەنگاندنی ڕەوشی خەباتی ڕابردوو گەیشتبوونە ئەو ئەنجامەی "سەركردایەتیەكەی ئەوسای شۆڕشی كورد لەدوای ڕێكەوتنە شومەكەی جەزائیر لەنێوان عێراق و ئێراندا دەرئەكەوێت نەك هەر نەیتوانیبوو ڕابەری خەباتی چەكدارانەی گەلی كورد بكات و بڕیار لەسەر بەرگریكردن بدات، بگرە نەشیهێشت پێشمەرگە شۆڕشگێڕەكان بەرهەڵستی ئەو هەلومەرجە بكەن، خۆیان ڕێكخەن لەپێناو ڕزگاری كوردستان و بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلی كورددا" هەر بۆیە پێیانوابوو سەركردایەتی بارزانی بەو ڕێبازە سیاسیە چەوتەی كە لەچەند ساڵی ڕابردوودا ڕێڕەوی دەكرد، جوڵانەوەی كوردی توشی هەڵدێر كردبوو، لەهەمانكاتدا ڕێكخستنەوەی پارتی لەسەر بنچینەیەكی پێشكەوتووخواز، بە دۆستایەتیكردنی لەگەڵ بەعس و بەژداریكردنی لە دامودەزگا ئۆتۆنۆمیەكانیدا، ئەكرێ هەندێ لە دەسكەوتەكانی كورد بپارێزێ. خاوەنی ئەم بۆچوونانە بیانویان بۆ ئەو بیروڕایانەیان دەدۆزیەوە، بێ خەبەر لەوەی كە حوكمەتی عیراق رازی نەبوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسی پارتی دانوستاندن بكات پاش ڕێككەوتننامەی جەزائیر. ژمارەیەكی زۆر لەو كادیرانە كە پاش هەرەس گەڕابوونەوە عێراق، هەندێكیان دوورخرابوونەوە بۆ خواروی عێراق، وە هەندێكیشیان لە شارەكانی كوردستان بوون. لەوانە: د.خالید سعیدو سەعدی عەزیز لە (بەغدا) بوون، عومەر دەبابەو سەید كاكە لە ڕومادی بوون، علی عەسكەری لە (رفاعی) و تاهیری عەلی والی لە (عەمارە) بوو. ئەم تێكۆشەرانە لە هاوینی 1976 دا پاش ئەوەی هەندێ پێوەندیان لەگەڵ یەكتریدا بەست و دانیشتن و لێكدانەوەی هەلومەرجی ئەوكاتەی كوردستانیان خستە بەرباس و لێكۆڵینەوە. بەدەستپێشخەری (سەیدا ساڵح یوسفی) و بەژداری ژمارەیەك لە كادرو سەركردەی هەردوو باڵەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، (بزوتنەوەی سۆسیالستی دیموكراتی كوردستان)یان دامەزراندو یەكەم بەیانی لە ئابی ساڵی 1976 دا ڕاگەیاند. (2) دەستەی دامەزرێنەری (بزوتنەوە) سەرەتا پێكهاتبوو لە:

1-سەیدا ساڵح یوسفی

2-عەلی عەسكەری

3-د.خالید سعید

4-ملازم تاهیر علی والی بەگ

5-سعدی عەزیز (سعدی گچكە)

6-عومەر مستەفا (عومەر دەبابە)

7-رسوڵ مامەند

8-علی عبداللە علی (علی هەژار)

9-عارب عبدالقهار (كاردۆ گەڵاڵی)

10-مەلا ناسح ئیسماعیل ئەحمەد یەكەم بەیانی دامەزرێنەری بزوتنەوە لەڕێی (كەریمی حیسامی)ەوە لە (بەیروت) چاپكرا.

بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان، وەك لە بەیانی دامەزراندنیدا هاتووە: "بزوتنەوەی كرێكارو جوتیارو شۆڕشگێڕەكانی كوردستانە لەسەر ڕێبازی پێشكەووتوانە، عیلمیانە خەبات ئەكات بۆ گەیاندنی كورد بە مافی چارەنووس... هەروەها بە پێی بڵاوكراوەكان، بزوتنەوە ڕێكخراوێكی چەپی دیموكراتی شۆڕشگێرەو باوەڕی بە ماركسیزم و سۆسیالیزمی زانستی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی چارەی خۆنوسین و گرێدانی خەباتی نەتەوایەتی و خەباتی چینایەتی كۆمەڵایەتی هەیە. بزوتنەوە لەو سەردەمەدا وەك ڕێكخراوێكی پێشكەوتووخوازی شۆڕشگێڕ هاتە مەیدان بۆ ئەوەی ئەركێكی قورس و گران جێبەجێ بكات، كە بریتیبوو لە یەكخستنی ڕیزە پەرش و بڵاوەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردو چەسپاندنی رێبازێكی پێشكەوتوخوازو دیموكراسی لە شۆڕشداو دامەزراندنەوەی پێوەندی لەگەڵ هێزە نیشتمانی و دیموكراتیەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو جیهاندا.

هەروەك لە یەكەم بەیاندا هاتووە: "بزوتنەوە تێئەكۆشێ لەپێناوی یەكگرتنی هەموو ڕێكخراوو هێزە نیشتمانیە پێشكەوتوخوازەكانی كوردستان لە بەرەیەكی كوردستاندا، تێدەكۆشێ لەپێناوی بەهێزكردنی پێوەندی دۆستانە لەگەل هێزە نیشتمانیە پێشكەوتوخوازەكانی عێراق و پێكهێنانی بەرەیەكی نیشتمانی ڕاستەقینە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گەلی عێراق و بەستنی پێوەندی هاوكاری لەگەڵ حزب و هێزە نیشتمانییە پێشكەوتوخوازەكانی عەرەب لەژێر بناغەی مافی چارەنووسی گەلانی ژێردەستەو بەهێزكردنی پێوەندی هاوكاری لەگەڵ بەرەی سۆسیالست بۆ پشتگیری خەباتی گەلانی ژێر دەستەی دنیا". بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەرلەوەی (بزوتنەوە) بەیانی دامەزراندنی خۆی ڕابگەیەنێ، لە ئەیلولی 1975 دا مام جەلال لەڕێگەی (فەرەیدون عبدالقادر)ەوە پێوەندی بە عەلی عەسكەری و عومەر دەبابەو د.خالید سعیدەوە كردبوو. بەڵام لەبەرئەوەی لەوكاتەدا سەركردایەتی كۆمەڵە تووشی شاڵاوی گرتن و ڕاوەدوونان iاتن، وەك پێویست نەتوانرا كارەكان جێبەجێ بكرێن. لە 8ی ئابی 1976دا كۆمەڵێك لەسەركردەو كەسایەتیە ناسراوەكان وەك: (د.خالید سعید، عەلی عەسكەری، عمر دەبابە، سەید كاكە، سعدی عزیز، تاهیری علی والی)، لەسەر داوای مام جەلال و دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك) شوێنەكانی خۆیان بەنiێنی بەجێهێشت و بەرەو چیای قەندیل كەوتنەڕێ بۆ دۆزینەوەو ڕێكخستنەوەو ئامادەكردنی دەستەی چەكدارو لە شاخەكانی كوردستاندا شۆڕشیان دەستپێكرد. لەبەرئەوە تەنیا ڕێگە لەپێش بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستاندا ئەو بڕیارە بوو بە چەك ڕوبەڕووی ئەو پیلانەی ڕژێم ببێتەوە، دەبینین ڕوودەكەنە شاخ و لەسەر داوای دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی و لەپاڵ مەفرەزەكانی كۆمەڵەداو شۆڕشیان ڕاگەیاند. هەر سەبارەت بەو بارودۆخە نوێیە مام جەلال دەڵێت: "جگە لە كۆمەڵەو بزوتنەوە پێوەندیمان بەهەندێ كەسانی سەربەخۆوە كرد، وەكو خاڵە سەید مەجید لە هەولێرو هەندێ تێكۆشەری تر". دوای ڕاگەیاندنی (بزووتنەوە )، لە 6-11-1976 دا عومەر دەبابە عێراق بەجێدێڵێ و دەچێتە دیمەشق، و وەك نوێنەری بزووتنەوەی سۆسیالستی كوردستان دەچێتە ڕیزی دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك)ەوە.

بەمە (بزووتنەوە) یەكەمین رێكخراو بوو دوای كۆمەڵە كە بەپیر بانگەوازەكەی (مام جەلال)ەوە چوو، لەڕیزەكانی (ی.ن.ك)دا شانبەشانی كۆمەڵە خەباتی چەكداری درێژەپێدا سەبارەت بەهاتنە دەرەوەی ئەو كەسایەتیانە مام جەلال دەڵێت:" ئەو برادەرانە هاتن ببنە ئەندام لە (ی.ن.ك )دا، ئێمە مەرجێكمان لەسەریان دانا كە ناوی خۆیان بگۆڕن، ئەو دەمە دژی ناوی سۆسیالیستی دیموكراتی بوون. سۆسیالیستی دیموكراتمان پێكردنە سۆسیالیست گوتمان چونكە سۆسیالیستی دیموكرات دژی خەباتی چەكدارەو گوتمان ئێوە سۆسیال دیموكرات بن كەواتە خەباتی چەكداریتان بەلاوە پەسەند نییە ئەگەر ئێوە ئەوە بن مانای خەباتی چەكداری ناكەن لەبەرئەوە دەبێت بڵێن ئێمە بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانین" بەڵام هەر لەسەرەتای دروستبوونی، بزووتنەوە هەندێك گیروگرفتی تێدا تێبینی دەكرا. وەك:

نەبوونی یەك ئایدیاو بیروبۆچوون لەنێو سەركردایەتی بزوتنەوەدا لەڕووی فیكری و سیاسیەوە هەموو هاوئاهەنگ نەبوون. لەوانە دەستەیەكیان هەڵگرانی بیری ماركسی- لینینی و ژمارەیەكی دیكەیان سۆسیال دیموكرات و گرۆیەكی دیكەیان هەڵگرانی بیری نەتەوەیی بوون. ئەم هەمنائاهەنگیە گیروگرفتێكی زۆری لەو دۆخە ناسك و ئاڵۆزەدا دروستكردبوو.

زۆربەی كادیرە سیاسی و سەربازییەكانی بزووتنەوە لەوانە بوون كە پێشتر لە ڕیزەكانی شۆڕشی ئەیلولدا بوون، ئەوانی دیكەشیان لەو كەسانە بوون كە سەر بەباڵی مەكتەبی سیاسی بوون. هەر پاش ئەوەی كە بزوتنەوە بووە ئەندامێكی (ی.ن.ك) ئەو بۆچوونە جیاوازانە بەئاشكرا دەبینران.

هەڵبەت ئەو ناهەماهەنگییە فكری و سیاسیە ڕەگ و ڕیشەیەكی مێژوویی هەبوو، بۆ نمونە: سەیدا ساڵح یوسفی و عەلی هەژار كە دوو لە سەركردە ناسراوەكانی بزووتنەوە بوون، جەختیان لەسەرئەوە دەكردەوە كە هەرچەندە بزوتنەوە ئەندامێكی ناو (ی.ن.ك)ە، بەڵام پێویستە لە پێوەندی كردنیاندا لەگەڵ گروپ و لایەنە سیاسیەكانی دیكەدا سەربەخۆییەكی تەواویان هەبێت. كە ئەم ڕایە بەپێچەوانەی بۆچوونەكانی د.خالید سەعیدو عەلی عەسكەری و هەندێكی دیكەوە بوو. لەمەش بترازێ ساڵح یوسفی كە بەناو سەرەوكاری بزووتنەوەی دەكردو لە بەغدا دادەنیشت ئەو ڕۆڵە كاریگەرییەی نەبوو بەڕێژەی ئەندامەكانی دیكەوە كە لە چیاكانی كوردستان بوون. لەلایەكی دیكەشەوە ساڵح یوسفی باوەڕی بە سیاسەتی (الباب المفتوحە) هەبوو كە دەبێت دەرگەی وتووێژكردن لەگەڵ بەغدادا بۆ هەمیشە كراوەبێت.

 هێڵی گشتی كێ بوون

هێڵی گشتی هێزی بنچینەیی پێكهاتەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆمەڵەی ماركسی لینینی بوو لەناوەوەی وڵات و لە دواتردا بزووتنەوەی سۆسیالیستی كوردستانیش چووە پاڵی، بەڵام جگە لەم دوو باڵە كۆمەڵێك تێكۆشەری تریش هەبوون لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا خەباتیان دەكردو لەهیچ كام لەم دوو ڕێكخراوە نەبوون. ئەوانەش بەهێڵی گشتی (خەتی پان) ناسرابوون. لەمبارەیەوە مام جەلال دەڵێت: "یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو بە سێ باڵی سەرەكی، باڵێكیان كۆمەڵە بوو، باڵێكیان بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان بوو، باڵەكەی تریشیان ئەو كەسانە بوون كە نە بزووتنەوەو نە كۆمەڵە بوون و ناومان لێنابوون (خەتی گشتی) كە هەركەسێك بەرنامەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قبوڵبكات ئەوا دەبێتە ئەندام لەو یەكێتییەدا".

لە بەیانی یەكگرتنی بزوتنەوەو هێڵی گشتیدا هاتووە كە: هێڵی گشتی ئەو كەسانە بوون كە تەنها بیروباوەڕی یەكێتییان هەڵگرتبوو بەرنامەو پەیڕەوی یەكێتی یان قبوڵكردبوو ئەندامی ڕاستەوخۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوون. لە سەرەتادا هێڵی گشتی زیاتر لە سەركردایەتی یاخود لەنێو ڕیزی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیدا هەبوون و هیچ بنكەیەكی ڕێكخستنی ئەوتۆیان نەبوو، چونكە لەناو وڵاتدا هێشتا ڕێكخستنەكانیان دروستنەكردبوو، بەڵكو لە دواتردا واتە لە ساڵی 1977 بەدواوە ڕێكخستنەكانی هێڵی گشتی لەناو وڵاتدا گەشەیكردو گرنگی پێدراو شانەو كەرتی ڕێكخستنی تایبەتی هێڵی گشتی دروستكرا. هەڤاڵان (عومەری شێخ موس، د.كمال فوئاد معسوم، عادل مراد، عبدالرزاق فەیلی). سەر بە باڵی هێڵی گشتی بوون لەنێو دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا.

خەسڵەتەكانی یەكێتی

(ی.ن.ك) بەدیفاكتۆ بووە شۆڕەسواری مەیدانی سیاسی و خەباتی پێشمەرگایەتی، چونكە هەر لەدامەزراندنییەوە، ئەم خەسڵەتانەی لەخۆیدا دروستكردو بووە هۆی گەشەپێدانی (ی.ن.ك) و لەهەمانكاتدا جۆشدان و كڵپەسەندنی شۆڕشی نوێ:

1-جیاوازتر لەقۆناغی ڕابردوو، (ی.ن.ك) توانی سەركردایەتیی و فەرماندەیی و جڵەوی شۆڕش و خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتیی كورد، لەچین و توێژە كلاسیك و موحافزكارو تەقلیدییە كۆنەكانی كۆمەڵی كوردیی، كە تەنها پشتییان بەپێگەی ئایینیی و كۆمەڵایەتیی و ئابووریی و سوودوەرگرتن لەفاكتەری بنەماڵەیی و میراتگیریی خێزانیی بەستبوو، دوور لەبیروباوەڕی نەتەوەیی پێشكەوتووخوازو ئایدیۆلۆژیی شۆڕشگێڕ، بسەنێتەوەو بیداتە دەستی چین و توێژی كۆمەڵایەتیی نوێی جەكدار بەبیروباوەڕی پێشكەوتووخوازیی ڕادیكاڵ، لەنموونەی توێژی لاوان بەگشتیی و ڕووناكبیران و مامۆستایان و ژنان و كرێكاران و جووتیاران و خوێندكاران و خاوەن بڕوانامەی ناو چین و توێژە هەژارەكانی تری كۆمەڵی كوردیی بەتایبەتی؟

2-دوور لەمیتۆدێكی سیاسیی كلاسیكی باو، (ی.ن.ك) وەكو ڕێكخراوێكی نوێگەری سیاسی؛ لەسەر بنەمای ڕێكخراوێكی بەرەیی و فرەیی، لەئاراستەی سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی جیاوازو تاڕادەیەك پێكەوە گونجاو، پێكهات و دامەزرا، بەچەشنێك ئامانجی نەتەوەیی هاوبەش، لەچوارچێوەی پرەنسیپی كوردایەتیی و درێژەدان بەشۆڕش كۆیكردنەوە.

3-جیاوازتر لەقۆناغی ڕابردوو، (ی.ن.ك) زۆر گرنگی بەڕۆڵی ئایدیۆلۆژیای شۆڕشگێڕیی دا، تا ببێتە بزوێنەرو داینەمۆ بۆ بەرزڕاگرتنی ورەو جۆشدانی ناخ و دەروون و پركردنەوەی كەلێنی ناهاوسەنگی هێزی شۆڕشی نوێ، لەڕووی توانا سەربازییەكانەوە، بەورەی بەرزو پۆڵایین، لەگەڵ دەوڵەتی عیراق.

4-جیاوازتر لەقۆناغی ڕابردوو، لەبری پشتبەستن بەفاكتەری دەرەكیی بۆ هەڵگیرسانەوەی شۆڕش و درێژەدان بەشۆڕش و هێنانەدی ئامانجەكانی شۆرش، (ی.ن.ك) توانی بەپلەی یەكەم كار بەپرەنسیپی پشتبەخۆبەستن بكات و لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشیش؛ پەرەگماتیكییانە مامەڵە لەگەڵ فاكتەری دەرەكیی بكات.

5-لەخۆبردووی سەركردەو فەرماندەو كادیری پێشكەوتوو و پێشمەرگەو ڕێكخستنەكانی (ی.ن.ك)، لەجوامێریی و لەئازایەتیی و لەگیانبازیی و لەشەهیدبوون و لەناو زیندانەكان و لەبەردەمی پەتی سێدارەو سڵنەكردنەوە لەدوژمن.

6-گرنگیدانی (ی.ن.ك) بەچەندین بواری تری ناو كایەی سیاسی و پێشمەرگایەتیی، كە گرنگ و پێویست بوون بۆ سازدان و خرۆشان و جۆشدانی كورەی خەبات و پتەوكردنی سەنگەرەكان و بەرزكردنەوەی ورەو برواو متمانەی پێشمەرگەو جەماوەر، لەبوارەكانی میدیاو چاپەمەنیی و هونەریی و ئەدەبیی و پیشەیی و كۆمەڵایەتیی و كەلتووریی و بایەخدان بەڕەوشی ناوچە گوندنشینەكانی ژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەویی شۆڕشی نوێ، لەڕووی پرۆسەی خوێندن و كاروباری دادگاو بەڕێوەبردن و تەندروستیی و كۆمەڵایەتیی.

7-گرنگیدانی (ی.ن.ك) بەشێوازە جیاجیاكانی خەباتی سیاسیی و پێشمەرگایەتیی، بەگوێرەی ئەركەكانی قۆناغ و هەلومەرجی سیاسیی و پێشهات و گۆڕانكارییەكان، لەنموونەی خەباتی پارتیزانیی و شەڕی بەرەیی، خۆنیشاندان و ڕاپەڕین، گفتوگۆو خەباتی دبلۆماسیی، هەڵبژاردنی گشتیی و ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات.

8-بۆ یەكەمجار بەرزكردنەوەی دروشمی مافی چارەی خۆنووسین و وەرچەرخان لەدروشمی ئۆتۆنۆمییەوە بۆ فیدرالیی، كە بەدەستپێشخەریی و ڕۆڵی كاریگەرو سەرەكیی (ی.ن.ك) لەساڵی (1992)دا، لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە چەسپی و بەهەمانشێوە لەناو دەستووری نوێی عیراقیشدا جێگیركرا.

9-ملنەدان و بەرەنگاربوونەوەی (ی.ن.ك)، بۆ ویستی ئەو ئاراستەیەی ناو (بەرەی كوردستانیی)، كە لەدوای ڕاپەڕین و كۆڕەوی بەكۆمەڵی ساڵی (1991)، پێیوابوو ئەبێ كورد لەگەڵ حكومەتی عیراقدا، لەسەر بنەمای ئۆتۆنۆمیی ڕێكبكەوێت، لەبەرامبەردا (ی.ن.ك) ئیرادەی خۆی سەرخست كە ئیرادەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان بوو، ئەویش ملكەچ نەكردن بوو بۆ حكومەتی عیراق و گرتنەبەری سیاسەتی پچڕاندنی گفتوگۆو كاركردن بوو، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی سیستەمی كارگێڕیی و بەڕێوەبردن، لەڕێگەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی و پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی هەرێم.

10-بەدەگمەن هێزێكی سیاسی ماندووی وەكو (ی.ن.ك)، مەگەر (ساندەنیستەكان) لەوڵاتی نیكاراگوا، كە لەسەر بنەمای مەشرووعییەتی شۆڕشگێڕیی بووبێتە خاوەنی دەسەڵاتێكی تاڕادەیەك ڕەها، ئامادەیی تیابێت یەكسەرو دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و سیستەمی كارگێڕیی، بەهۆی شۆڕش و خەباتی چەكداریی، واز لەدەسەڵاتی تاڕادەیەك ڕەهای مەشروعییەتی شۆڕشگێڕیی خۆی بهێنێت و لەبارودۆخێكی نائارام و ناسەقامگیر لەڕووی سیاسیی و ئابووریی و كۆمەڵێكی ناكامڵ و بێ ئەزموون، لەپرۆسەی دیموكراسییدا، خۆی بخاتە بەردەمی چارەنووسی سندووقی دەنگدان و دەسەڵات دابەشبكات لەگەڵ هێزی سیاسی تر كە ڕۆڵێكی هاوتەریب و هاوشانی ئەمیان نەبووە، لەشۆڕش و ڕاپەرین و سەركەوتن و بەخشینی قوربانییەكان و هێنانەكایەی ئەو ئازادیی و ئەو ژینگەیەی كە هەڵبژاردنی گشتی تیا ئەنجامئەدرێت، (ی.ن.ك) بەئازایانە ئەم هەنگاوەی گرتەبەر، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر هێزی تر بووایە، لەبری (ی.ن.ك)، ئەو ئازایەتییەی ئەنواند؟!

هەمیشە (ی.ن.ك) هێزێكی بڕیاردەرو پلاندانەرو یەكلاكەرەوە بووە، لەسەر بنەمای ڕاستیی و دروستیی ڕیێازو سیاسەت و دروشم و هەنگاوو بەرنامەو هەڵوێست و پەیام و پشتیوانی جەماوەرەكەی؛ پشكی شێر لەجڵەو سەركردایەتیی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی و سیاسیی لەكوردستانی باشووردا، بەهەوڵ و خەبات و قوربانیدانی خۆی، بووەتە شایستەی (ی.ن.ك).

ڕێكخستنی نهێنی و خەباتی جەماوەریی شارەكان

یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كاتێك چووە مەیدانی خەباتەوە ئامانجی خەباتەكەی سیاسیانە بوو زیاتر لەوەی چیكدارانە بێت، بۆیە هەر لە سەرەتاوە سەركردایەتیەكی باوەڕی وابوو كە دەبێت خەباتی چەكداری بۆ پشتیوانی بێ لە خەباتی سیاسی، چونكە ئەگەر خەباتی سیاسی پشتیوانێكی چەكدارانەی نەبێت، ئەوا بەعس بەئاسانی دەتوانێت لەنێوی ببات. هەر لەبەرئەوە ترسی دامودەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس لەڕێخراوە نهێنیەكانی شار زۆرتر بوو وەك لە ڕێكخراوە ئاشكراكانی پێشمەرگەو بەوپەڕی دڕندایەتیەوە سۆراخی دەكردن و لەهەرجێیەك هەستی پێبكردنایە بە گرتن و ئەشكەنجەو كوشتن هەوڵیدەدا لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریان بهێنێت. هەنگاوی یەكەم لە ستراتیژی (ی.ن.ك)دا خەباتی سیاسی بووەو خەباتی چەكدارانە ئامڕازێك بووە بۆ هێنانەدی ئامانجە سیسیەكان. لەوانەیە لەئاستی واقیعدا وردكردنەوە یاخود جیاكردنەوەی هەردوو شێوازی خەباتەكە تۆزێك ئاستەم بێت. بەڵام چاوپێداخشاندنەوە بە سەرەتاكانی دروستبوونی یەكێتی و چۆنیەتی گەشەكردنی خەباتەكەی دەتوانن زۆر شتمان بۆ ڕوونبكەنەوە. هەربۆیە لە سەرەتاوە (ی.ن.ك) گرنگی زۆری بە ڕێكخستنەكانی دەدا, هەوڵیدەدا لە زۆربەی شوێنە گرنگ و حەساسەكان، لەناو زۆربەی چین و توێژەكاندا ڕێخستنی خۆی دروستبكات، لەڕاستیشدا بە ماوەیەكی كەم دوای ڕاگەیاندنی (ی.ن.ك) لە (1-6-1975 )دا ژمارەیەكی زۆر لە تێكۆشەران لەنێو ڕیزەكانیدا جێگەی خۆیان كردەوە، ئەمە سەرباری ڕێكخستنە پتەوەكەی كۆمەڵە كە چەند ساڵێك بوو پەروەردەی دەكرد. رێكخستنە نهێنیەكان لە شانەی بچوكەوە، بە شێنەیی بۆ كۆمیتەو لیژنەی باڵاو سەركردایەتی ناوخۆ، تەشەنەیان سەند، تەشەنەسەندنێكی ئەوتۆ كە ڕژێم بەهەموو تواناو تۆڕە جاسوسیەكانیەوە هەوڵیدەدا ڕێگەی پەرەسەندنی ڕێكخستن بتەنێ، بەڵام نەك ئەوەی بۆ نەكرا بەڵكو تا زیاتر فشاری دەخستەسەر، متمانەی جەماوەر بەڕێكخستن زیاتر دەبوو. خەباتی نهێنی شێوەی هێشوویی هەبوو، كۆمیتیەكە (3-5) كەسی سەرپەرشتی بەشەكانیان دەكرد. زۆرترین پێوەندی تاك تاك و دوو دوو بوو. وردە وردە شانەبەنی كران. ئیتر ڕاپۆرت نوسین و ئابوونە وەرگرتنیش پەیڕەوكرا. هەتا وای لێهات كۆبونەوەی مانگانە جاری واهەبوو مانگی دوو جار سازدەدران. لە قەزاكاندا كۆمیتەی قەزاو لە ناحیەكاندا كۆمیتەی بچوكتر پێكەوە نرابوون. سەرەتا لەسەر ئاستی پاریًزگا، لق دروستنەئەكرا. تەنانەت تا شۆڕشیش دەستیپێكرد، لەسەر ئاستی پارێزگا ڕێكخستن مەركەزی نەبوو. لەماوەی چەند مانگێكدا كەم شارو شارۆچكەی كوردستان ھەبوو ڕێكخستنیان تیادا بە شێوەیەك لە شێوەكان دروست نەكرابێ. دوای گرتنی ھەڤاڵانی سەركردایەتی كۆمەڵە، ماوەیەك پشێوی و بێ سەروبەری و پچڕان ڕیزەكانی ڕێكخستنی گرتەوە، بەڵام ئەوەندەی نەبرد كۆمیتەی هەرێمەكان هاتە كایەوەو لە ماوەیەكی كورتی كاری ڕێكخراوەییاندا كاری باشیان بۆ ڕێكخستن كرد بۆ وێنە:

1-گرێدانەوەی ڕێكخستنی شارەكان پێكەوە.

2-سەرپەرشتیكردنی ڕێكخستن بەشێوەیەكی ڕێكوپێك.

3-بڵاوكردنەوەی بەیاننامە دەربارەی بارودۆخی ڕامیاری ئەوكاتەی كوردستان و ئاماژەكردن بۆ كەموكوڕی و گیروگرفتەكانی ڕێكخستن و دانانی نەخشەو پلانی نوێ بۆ پتەوكردن و گەشەپێدان و بەرەوپێشەوە بردنی ڕێكخستن.

4-لە دەستپێكردنی شۆڕشی نوێدا لە 1-6-1975 دا ڕۆڵێكی باڵایان هەبوو لە پێكهێنانی دەستەی چەكدارو ناردنە دەرەوەیان و دابینكردنی پێداویستەكانیان.

دەستپێكردنی خەباتی چەكدارانە، ئەركی ڕێكخستنەكانی گرانترو قورستر كرد، چونكە پێشتر تەنها بەكاری رێكخراوەیی هەڵئەسان. بەڵام دوای ئەوە هاوكاریكردنی دەستە پارتیزانەكانیشی چووەسەر. دامودەزگا تۆقێنەرەكانی ڕژێمی عێراقیش زیاتر خۆیان بەهێز كردوو كەوتنە خۆسازدان بۆ لێدوانی چ رێكخستنێكی شارو چ دەستە پارتیزانەكان لەهەمانكاتدا ڕژێمی بەغدا ژمارەیەك دەزگای سیخوڕی دامەزراند بوو وەك: امن، ئیستخبارات، ئەمن العامە، مەنزومە، ئەلتەنزیم ئەلوەتەنی، شەباب، فتوە، ئیتحاد نسا‌و.

ئەمانە ئەگەرچی هەندێكیان ڕێكخراوی بەناو جەماوەری و پیشەیی بوون. بەڵام لەلایەن ڕژێمەوە یەك فەرمانیان ئاڕاستە ئەكرا كە ئەویش دەستنیشانكردنی ماڵی تێكۆشەران و چاودێریكردنی جموجۆڵی خەڵك و ئاگاداركردنەوەی دامودەزگا تۆقێنەرەكانی ڕژێم بوو. خەڵكێكی زۆریشیان لەم دامودەزگا سیخوڕیانەدا كۆكردبۆوە، لەو خەڵكانەشدا تیایاندا هەبوو زۆر دڵسۆزانە كاری بۆ ڕژێمی عێراق دەكرد لە دێهاتەكانیشدا موختارو چەندین تۆڕی سیخوڕی تریان دروستكردبوو، لەرووی مادیەوە پارەو پولێكی زۆریان بۆ ئەو كەسانە خەرجدەكرد كە خەڵكێكی تێكۆشەر یاخود ماڵی پێشمەرگەی بۆ دەستنیشان دەكردن. ئەمەش زۆر كەسی دەروون و ویژدان لاوازی خزاندبۆوە زەلكاوی خیانەتەوە. لەڕووی ڕاگەیاندنیشەوە ڕۆژانە لەلایەن دامودەزگا سیخوڕیەكانیەوە چەندین پڕوپاگەندەی ژەهراوی و ڕوخێنەریان دژی بزوتنەوەی گەلی كورد بڵاودەكردەوە. لەوكاتەدا (ی.ن.ك) لەڕووی ڕاگەیاندنەوە لاوازبوو، چونكە نە ئێسگەی ڕادیۆی هەبوو نە دامودەزگای چاپەمەنی باش تاكو وەڵامی پڕوپاگەندەكان بداتەوەو ڕاستیەكان بۆ جەماوەر ڕوونبكاتەوە. ئەوەی كە بیانكردایە تەنها لەڕێگای ڕێكخستنەكانەوە بوو. هەرچەند ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە درێخیان نەدەكرد لەڕووەوە بەڵام شتێكی زۆر كاریگەر نەبوو و سنورێكی دیاریكراوی هەبوو. ڕژێمی بەعس زۆر بەوردی چاودێری ڕێكخستنەكانی دەكرد، بۆ ئەم مەبەستە پارەو پولێكی زۆری هەڵاشتبوو، دیارە لەهەندێ كاتدا ئەندامانی ڕیًكخستنەكانی یەكیًتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن بەعسەوە دەستگیردەكران بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامانی یەكێتی بەگشتی و كۆمەڵە بەتایبەتی كاتێك كە زیندان دەكران زۆر قارەمان و خۆڕاگر بوون بەرامبەر بەدوژمن، لەپێناو هێشتنەوەو پاراستنی ڕێكخستندا ژیانی خۆیان دەبەخشی، مانەوەی ڕێكخستنی (ی.ن.ك)یان زۆر لامەبەستر بوو لە ژیانی خۆیان. دەتوانین بڵێین ڕێكخستنە نهێنیەكانی (ی.ن.ك) یەكێك لە تۆكمەترین و توندوتۆڵترین ڕێكخستنەكانی حزبەكانی ناوچەكەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو. ئەم ڕاستیەش لەوەدا خۆی دەردەخات كە دڕندەترین ڕژێمی ڕۆژهەڵات (ڕژێمی بەعسی عێراق) بەهەموو توانایەوە پەلاماری دەداو جۆرەها دامودەزگای تایبەتی لەپێناوی سەركوتكردنیدا دامەزراندبوو، مانگانە چەندین ملیۆنی لەو پێناوەدا سەرفدەكرد. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا ئەندامەكانی (ی.ن.ك) بەئەزمونتر دەبوون و پەل و پۆی ڕێكخستنە نهێنیەكانیان زیاتر ڕەگی دادەكوتاو فراوانتر دەبوو. شێوەی پێكهاتەی ڕێكخستنەكانی (ی.ن.ك) هەروەكو لە بڕگەی پێنجەمی (پڕۆژەی بەرنامەو پەیڕەوی ناوخۆ)ی داهاتووە بەمجۆرە بوو:

ا- شانە: بنچینەی ڕێكخستن و ڕەگ و دەماری یەكێتییە لەناو جەماوەری گەلدا كە چالاكیەكانی بریتیبوون لە:

1-بڵاوكردنەوەی بیروڕاو بڵاوكراوەكانی یەكێتی.

2-دروستكردنی پێوەندی لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵك و زانینی گیروگرفت و پێویستی و داواكانیان، فێركردن و لێوە فێربوونیان، كۆكردنەوەی هەواڵ و دەنگ و باس و گەیاندنی بە یەكێتی.

3-دۆزینەوەی ئەندام و لایەنگرو دۆستی نوێ.

4-شانە لە (3-7) ئەندامپێك دەهات بەپێی بڕیاری كۆمیتەیەكی دەسەڵاتدار.

5-سازدانی كۆبوونەوەی دەوری بۆ خۆهۆشیاركردنەوەو لێكۆڵینەوەی كاروباری یەكێتی و دانانی ڕێوشوێنی ڕاستی كاركردن و فەرمان بەجێهێنان.

 

ب- هێشوو: بۆ پاراستنی ڕێكخستن و بەهۆی پەرش و بڵاوبوونەوەی تێكۆشەران و تازەیی دروستبوونی یەكێتییەوە.

ڕێكخستنی یەكێتی لە سەرەتادا بەشێوەی هێشوو بەیەكەوە ئەبەستران:

1-هێشوو پێكدەهات لە چەند شانەیەك كە بەپێی پرەنسیپی نە ناوەندێتی كاری دەكرد.

2-دەگونجا لەیەك ناوچەدا چەند هێشوویەكی سەربەخۆو لەیەك جیا هەبونایە.

3-هێشوو یەكسەر بەسترابۆوە بە ئورگانی ناوەندی یان كۆمیتەیەكی دەسەڵاتدراوە.

4-هەر ڕێكخراوێك بیدابایەتە پاڵ یەكێتی وەكو هێشوویەكی سەربەخۆ ڕەفتاری لەگەڵدا دەكرا.

ج- ئۆرگانەكانی ناوەندی: دەستەی دامەمەزرێنەر ئۆرگانەكانی ناوەندی بوو كە لێپرسراو بوو لە ڕێكخستنی سیاسی و سەربازی و دانانی پلان و سیاسەتی گشتی یەكێتی و دەركردن و بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەو بڵاوكراوەی ناوەندی. ئەویش تا كاتی بەستنی كۆنگرە یا كۆبوونەوەیەكی فراوانی نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی یەكێتی.

د-كۆنگرە: دەستەی دامەزرێنەر لە نزیكترین كاتدا پێی بكرێ كۆنگرە ڕێكدەخات لە نوێنەرانی هەموو ڕێكخراوەكانی یەكێتی. رێكخستنەكانی (ی.ن.ك) ئەگەر چی تازە دامەزرابوون و خۆیان بەشێوەیەكی سەرەتایی ڕێكخستبوو، سەرباری ئەوەی هەندێ كێشەی نێوخۆییش ڕوبەڕوویان بووبۆوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرامبەر دوژمندا خۆڕاگرو نهێنیپارێز بوون. یەكێ لەو كێشانەی لە ساڵی 1976 دا ڕوبەڕووی ڕێكخستنەكان بۆوە كە جیابوونەوەی دەستەیەكی بچوك بوو كە دەیانویست ڕێكخراوێكی سەرتاسەری لەعێراقدا دروستبكەن. ئەم گروپە ناوی خۆیان نابوو (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) و (ئبراهیم حسن) و (ئبراهیم خلیل) سەركردایەتیان دەكردن. ئەم جیابونەوەیە لە كاتێكی زۆر ناسكدا ڕوویدا. لەلایەك هێشتا برینی پێشوو (گرتنی سەركردایەتی) ساڕێژنەببوو، لەلایەكی ترەوە كۆمەڵە خۆی بۆ خەباتی چەكداری سازدەدا لە كوردستاندا، كە شۆڕشی نوێ هەڵگیرسا بە ڕابەرایەتی (ی.ن.ك) ئەم گروپەش مەفرەزەیەكی (5-6 ) كەسیان دروستكردبوو لە هەڵەبجەو (ئبراهیم خلیل) سەرپەرشتی دەكردو (ئبراهیم حسن)یش سەرپەرشتی ڕێكخستنەكانی ناو شاری دەكرد. (ئبراهیم حسن) لەسەردانیدا بۆ سەر مەفرەزەیەك و لە گەڕانەوەیدا لە زاڵگەی هەڵەبجە پیاوانی ڕژێم گومانی لێدەكەن و دەیگرن. هەرلەوێ (ئبراهیم حسن) ورە بەرئەداو ئەڕوخێ، ئیعتراف لەسەر تەواوی ڕێكخستنەكانی دەكات و هەموویان بەگرت ئەدات. هەر ئەو ڕۆژەش فڕۆكە دەچێتە سەر مفەوزەكەیان و (ئبراهیم خلیل) و تەواوی مەفرەزەكە شەهید دەكات. بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕێكخراوە جۆراوجۆرە سیخوڕە تێكدەرانەیەی كە ڕژێمی بەعسی دروستی كردبوون، (یەكێتی )ش ژمارەیەك ڕێكخراوی تایبەتی دروستكرد تا بەئاسانی بچنە نێو دەستەو توێژاڵە جیاوازەكانی كۆمەڵی كوردەواری.

یەكەم ڕێكخراو كە پێكهێنرا (یەكێتی خوێندكارانی كوردستان) بوو، كە لە 26-4-1976 دا دامەزرا

مژدەی دامەزراندنی ئەم ڕێكخراوە وەكو زایەڵەیەكی دڵخۆشكەرە خوێندكارانی هێنایە سەر هەست و جوڵاندنی بۆ هەڵوێست وەرگرتن. ئەمەش ڕاستیەكی مێژوویی حاشا هەڵنەگرە كە (یەكێتی خوێندكارانی كوردستان) یەكەمین و تاكە ڕێكخراوی بە هێنی دامەزراوە پاش هەرەس و بەرپەرچی بڕیارە دژە دیموكراتیەكانی ڕژێمی دایەوەو خۆی بۆ خەباتێكی سەخت ئامادەكرد لەڕیزی ئەو شۆڕشەی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕابەرایەتی ئەكرد.

ئەم ڕێكخراوە یەكەم كۆبوونەوەی فراوانی خۆی لە كەركوك بەسترا. لەم كۆبونەوەیەدا (كۆسرەت ڕەسول عەلی، شوان عەلی، رەئوف ئاكرەیی، لەتیفی شێخ عومەرو محمد حسن....) بەشداربوون و هەر لەوێدا شوان عەلی (شامل) وەك یەكەم سكرتێری ڕێكخراوەكە هەڵبژێردرا.

دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداریی دژی حكومەتی عیراق

یەكێك لە نەرێتەكانی ڕاپەڕینە چەكدارەكانی كوردستان ئەوە بووە كە پاش هەرتێكشكانێكی ماوەیەكی مێژوویی ویستووە تا جارێكی دی بڵێسەی بزووتنەوەكە دەستپێبكرێتەوە، بەلام لەبەرئەوەی بەعس بەرنامەیەكی سیاسیانەی وردی بەرامبەر روبەڕووبونەوەی كوردو تواندنەوەی هەبوو بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەو نەخشەو سیاسەتە بووە ئەركێكی دەستوبردانەی نەتەوەییانە، كە لەم بوارەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستپێشخەرو سەردەق شكێن بوو. دوای هەرەسی 1975، تەنها یەك ساڵ و سێ مانگی خایاند كە سەرلەنوێ تەقەی پارتیزانی دەنگیدایەوە.

دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەو پێناوەدا بوو كە چەك بداتەوە دەست پێشمەرگەی كوردستان و سەنگەرە چۆلەكان ئاوەدانبكاتەوە، كار لەپاشماوەی رێكخراو و لایەنەكانی تریش بكات و بیانبزوێنێتەوەو بكەونەوەخۆ، چەكی سەر بەرەوخوار كراو روو لەخۆر بكاتەوە تا هێزی پێشمەرگە پێكبێت، یەك لەشكری رزگاری نیشتمانی دابمەزرێ، خەباتی سیاسی خامۆشی خەڵكی كوردستان ببوژێتەوەو چەكدار بكرێتەوە، یەك هێزی پێشمەرگە ئامرازی پاراستنی جولانەوەكەو رێكخراوە سیاسیەكان بێ و باسكی چەكداری خەباتی سیاسی گەلی كوردبێ.

لەناوەڕاستی ساڵی 1976دا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كەوتە جێبەجێكردنی ئەو پلانە پێشمەرگەیییەی كە داینابوو لە دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی چەكدارانە لەسەرانسەری باشووری كوردستاندا.

(ی.ن.ك) رێكخراوێك بوو لەهەلومەرجێكی ئیرهابی سەخت و دژواردا دامەزرابوو، دوژمن و ناحەزی زۆری هەبوو، ئەركو فەرمانێكی ئێجگار قورسی لەئەستۆدا بوو، هێلی سەرەكیی كاركردنی هەڵگیرسانەوەی شۆڕش بوو، ئەمە یەكێكبوو لەئەركە ساتەوەختی و گرنگەكان، دووەم ئەركی دوورخستنەوەی بزوتنەوەی كورد بوو لەژێردەستی بێگانەو وردە وردە بزوتنەوەكە لە پێوەندییە سلبییەكانی جارانی پاكبكرێتەوە.

لەكاتێكدا (ی.ن.ك) شۆڕشی هەڵگیرسیاندەوە، كە هەرەسهێنان بەشۆڕش و داگیركردنەوەی هەموو كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە تارمایییەكی رەشی نائمێدی بەسەر ئاسمانی كوردستاندا هێنابوو، واتە لەكاتێكدا شۆڕش لەهەڵچوونی خەباتەوە بڵێسە دەگرێ، كەچی (ی.ن.ك) لەنوشست و هەرەسهێنانەوە، باری كوردایەتی شۆڕشگێڕی راستكردەوەو شۆڕشی هەڵگیرساندەوە ئەویش لەڕووی سروشت و دروشم و رێبازەوە بەشێوەیەكی نوێ. شۆڕشی نوێ بەناوی شۆڕشی عیراقی هەڵگیرساو لەچیاكانی كوردستانەوە دەستیپێكرد، سروشتی دژایەتی دكتاتۆریەت و لەپێناوی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ و نەهێشتنی زوڵم و ستەمی میللی و مەزهەبیدا بوو، دژی كۆنەپەرستی و دەرەبەگایەتی بوو، واتە لەڕووی كۆمەلایەتیشەوە هەر ناوەڕۆكەكەی دیموكراتی بوو، بەهاوكاری و هاریكاری حزبەكانی (تجمع الوگنی العراقی) بوو، دروشمەكەی دیموكراسی بۆ عیراق و مافی ئۆتۆنۆمی لەچوارچێوەی عیراقێكی دیموكراسیدا بۆ خەڵكی كوردستان بوو.

رێبازە نوێیەكەشی خەباتی شۆڕشگێڕانەی پارتیزانی بوو كە وردەوردە پەرەبسێنێ و گەشەبكات بەرەو شۆڕشی گەل بە بەكارهێنانی یاساو تاكیتكەكانی شەڕی نوێی پارتیزانی و ئینجا لەدواتردا شەڕی گەل.

ئەركی سەرەكی لە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا لەئەستۆی (ی.ن.ك)دا بوو، هەر لەسازدانی زەمینەی فیكرییەوە تا ئامادەكردنی دەروونی خەباتگێڕان كە شۆڕشی پێویستەو هەڵگیرسانەوەی مومكینە، بەپێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی كە بەئەستەمیان دادەنا، هەرلەوەوە تا دروستكردنی مەفرەزە سەرەتایییەكان و خستنەگەڕیان و ناردنەوەی شۆڕشگێڕان لەدەرەوەی ولات بۆ ناو ولات، نەك پاڵدانەوە لەشارەكانی دوورە ولات.

بۆ ئەم مەبەستە مام جەلال پێوەندی لەگەلا (شاسوار جەلال – ئارام) لە كۆمەڵەو (عومەر مستەفا دەبابە) و (عەلی عەسكەری) لەبزوتنەوەو (د.خالید سەعید) و چەند كەسێكیتر دامەزراند، بەنامە ئاڵوگۆڕی بیروڕای لەگەلا داكردن. یەكێ لەو مەسەلانەی باسی ئەكرا جۆری دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكداری بوو. هەربۆیە مام جەلال چەندین كۆبوونەوەی لەگەلا ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرو ئەفسەرەكان و كادرەكانی تر كردبوو.

لەزنجیرەی ئەو كۆبوونەوانەدا رۆژی 23-24/5/1976 كۆبوونەوەیەكی تری دەستەی دامەزرێنەر لە شام ئەنجامدرا، (علی سنجاری و مونزیر نەقشەبەندی)یش ئامادەبوون، لەو كۆبوونەوەیەدا مام جەلال ئەو پڕۆژەیە دەخاتەروو كە ئامادەیكردبوو و باسی لێوە كردو پاش زیادكردنی هەندێ بابەت پەسەند دەكرێ، هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاردرا یەكەمین دەستەی پێشمەرگە رەوانەی كوردستان بكرێنەوەو نامە بۆ هەموو رێكخستنەكانی ناو ولات بنێردرێ كە ئیتر دەستبكەن بەناردنی مەفرەزەكان بۆ شاخ، هەروەها (ی.ن.ك) بەشێكی زۆری كادرەكانی خۆی لەدەرەوەی ولاتیشەوە ناردە ناوەوەو درێژەیان بەخەباتی خۆیان دا. مام جەلال لەو نامانەی كە بۆ هەموو هێلی رێكخستنەكانی ناو ولات دەینوسی، داوای لێكردن مەفرەزەی (بەچۆنایەتی باش و بەچەندایەتی كەم) بنێرنە شاخ و تیپی پڕوپاگەندەی سیاسی (فرق الدعایە المسلحە) لەسەرانسەری كوردستاندا پێكبهێنن.

پلانی (ی.ن.ك) ئەوەبوو كە لەپێشەوە چەند تاقمێكی چەكدار بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵكو بەرزكردنەوەی ورەو هێنانەوە جۆش و خرۆشان دروستبكەن، ئینجا وردەوردە دەستبكرێ بەچالاكی سەربازی و هێرش بكرێتەسەر بنكەو بارەگاكانی داگیركەر لەكوردستاندا.

كاكلەی بیروكاری كۆمەڵەش هەر لەسەرەتاوە ئەوەبوو كە شۆڕش ئەمجارە دوپاتكردنەوەی شۆڕشی پێشوو نەبێت، نە لەڕووی شێوەو نە لەڕووی ناوەڕۆكەوە.

(پەیڕەوی ناوخۆی دەستە چەكدارەكان) چاكترین بەڵگەیە بۆ دەربڕینی ئەم راستییەو هێلە سەرەكیەكانی ئەم بیركردنەوەی تێدا رەچاو دەكرێ، كە ئەبێ دەستەی چەكداری بچووك بچووك دروستبكرێ، لەسەر بناغەی رێكخستن و بیروباوەڕو سیاسەتی پشت بەخۆبەستن و هەوڵنەدان بۆ دروستكردنی لەشكری قەبەو فراوان و زۆرو بۆر. هەرچەندە كاتێك دەستە چەكدارەكانی چوونە دەرەوە زۆر كەس گاڵتەیان بەپێشمەرگە ئەهات گوایە ئەو شۆڕشە گەورەو بەهێزەی پێشوو هیچی بەهیچ نەكردو یارمەتی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریكا دادی نەدان، ئێستا چۆن ئەم دەستە چەكدارە بچووكانە بەچوار چەكی شڕەوەو بەبێ یارمەتی و پشتیوانیدەرەوە (پشتو پەنا) ئەتوانن ئەنجامێكی باش بەدەستبێنن؟

ساڵی 1976 كە شۆڕش هەڵگیرسا، سوپای عیراق بریتیبوو لە (16) تیپ، بەشێكی زۆری لەشوێنە گرنگەكانی كوردستاندا دامەزرابوو، هەزاران قەلای گەورەو سەربازگەو رەبیەو بازگەی تێدا دانابوو. ئەزمونێكی زۆری لەبەگژداچوونی جەنگی پارتیزانی و شارەزایییەكی زۆری لەخاكی كوردستاندا پەیداكردبوو. چەكی نوێی كاریگەرو تەكنیكی تازەو تاكتیكی نوێی جەنگی پارتیزانی خستبووە بەرنامەی كارەكانیەوە. دوا لوتكەی كوردستانی داگیركردبوو، تەواوی ناوچە نهێنییەكانی پێشمەرگەی پشكنیبوو، شوێن بەشوێن ئاگای لەوردو درشتی هەبوو، جگەلەوە ژمارەی سوپاكەی گەیشتبوە (190،000) هەزار سەرباز، كە بەسەر (16) تیپدا دابەشكرابوون، لەكاتێكدا ساڵی 1973 شەش تا حەوت تیپی سەربازی هەبوو. لەبەرامبەریشدا میللـەتی كورد چەكی نەبوو، پارەی نەبوو، دوژمنەكەی زالا بوو، ئەوەی هەیبوو لەڕووی سەربازییەوە تەنیا دەیان یا ئەوپەڕەكەی سەدان پارچە چەكی شاردراوەبوو، بەڵام هیچ جۆرە تۆپو دۆشكەو چەشنە چەكێكی قوڕسی نەبوو.

بەرابەری و نابەرابەری تەرازووی هێزی سەربازی رۆڵێكی بنچینەیی دەبینێ لەدۆڕان و بردنەوەی شەڕدا، روون و ئاشكرایە هەروەك باسمانكرد رژێم لەڕووی ژمارەی سەربازو جۆری چەكو تەقەمەنییەوە باڵادەستبووە، بەڵام شۆڕشیش گەر شۆڕش بێت، دەتوانێ بەڕێكخستن و بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە، بە تەكنیكی نوێی شەڕی پارتیزانی، جەماوەر بخاتەگەڕو ئەو ناهاوسەنگیە بەچەشنێكی ئەوتۆ كزكاتەوە كە بەزیانی رژێم تەواوبێت.

بەراوردكردنی تەرازوی هێزەكانی كوردو حكومەتی عیراق لەو سەردەمەدا دەریئەخەن كە چ نابەرامبەریەكی گەورە لەنێوان شۆڕشی كوردو هێزەكانی حكومەتی عیراق، لەنێوان توانای گەلی كورد بەگشتی و توانای دوژمنەكەیدا هەبوو، هەربۆیە هەندێ تاقم و لایەن و هەندێ كەس، دەستپێكردنەوەی خەباتی سیاسی – چەكداری یان لەو هەلومەرجەدا بە(مغامرە) و سەرەڕۆیی، بگرە بەكارێكی شێتانەی خۆكوژی دائەنا. بەتایبەت لەبەرئەوەی جولانەوەی شۆڕشگێڕانەی گەلی كورد لەدوای شكانی شۆڕشی ئاگری داغ و بەدەردی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانی ئێران بچێ لەدوای شكانی كۆماری مهاباد، كە هەریەكەیان دەیان ساڵ كپ بوون و دەیان ساڵی ویست تا خۆیان رێكخستەوەو هەڵسانەوە.

شیكردنەوەو حساب نەكردنی دوژمن لەڕووی چەك و تەقەمەنی و تازەترین ئامێری جەنگ و دەوڵەمەندی لەبەرامبەر گەلێكی كەم چەك و هەژار، لەخاكێكی بچووكی وەكو كوردستانی عیراق، كە شوێنی ستراتیژی و ژمارەی دانیشتوانی كەمە بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی عیراق و ئابلوقەدانی كوردستانی عیراق بەدوژمن لەهەر چوار لاوە. بۆیە لەهەلومەرجێكی وادا تەنیا جەنگی پارتیزانی تاكە شێوەی جەنگە بۆ درێژەدان بەخەبات و دوژمن هیلاك كردن و بێزاركردن و چۆك پێدادان.

هەربۆیە زۆری نەخایاند سەرتاپای كوردستان لەحوزەیرانی 1976دا بەمەفرەزەی پارتیزانی و هێزی گەورەتری خێلەكانەوە لەناوچە خێلەكیەكاندا پێشمەرگەو چەكداریان لەئامێزگرتەوە.

یەكێ لەو دەستە چەكدارانەی كە ئەوكاتە چونەدەرەوە لە ناوچەی (حاجی ئۆمەران) بوو، ئەم دەستەیە لەشەوی 25\26/5/1976دا روو دەكەنە شاخ، ئەوانە كۆمەڵێك پێشمەرگەی تێكۆشەری كوردپەروەر بوون، لەبەر زولم و زۆری رژێمی بەعس كە ئامادەنەبوون سەری بۆ دابنەوێنن، و بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕش چەكیان هەڵگرتبوو*. ئەم دەستە چەكدارە لەسەرەتادا پێوەندییان بە(عومەر مستەفا دەبابە)وە كردووە، كە ئەندامی سەركردایەتی (بزوتنەوەی سۆسیالیستی كوردستان) بووە و بزوتنەوەش باڵێكی (ی.ن.ك) بووە. بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەمان ئەوەتا دوو كەس لە فەرماندەكانی ئەم دەستە پێشمەرگەیە (مەلا شێخ حەمەدی حاجی ئۆمەرانی) و (حاجی شێخەی بنزێری) یەكەمجار لە رۆژی 30/8/1975 دا بەمەبەستی پێوەندیكردن و دەستپێكردنەوەی شۆڕش سەردانی (عومەر دەبابە) دەكەن لە بەغدا.

لە 5/4/1976 دا (مەلا شێخ حەمەدی حاجی ئۆمەرانی) سەفەری (رومادی) دەكات بۆ لای (عومەر دەبابە) و دووبارە پێوەندی پێوە دەكاتەوە بۆ هەمان مەبەست، و سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی شۆڕش گفتوگۆدەكەن. (عومەر دەبابە) باسی ئەوەی بۆ دەكات كە رژێم چەندجارێك داوای لێكردووە سەردانی (مام جەلال) بكات لەسوریا، بەمەبەستی قەناعەت پێهێنان و هێنانەوەی بۆ عیراق و بە (مەلا شێخ حەمەد) رادەگەیەنێ كە كاتێ سەردانی مام جەلالی كرد ئەم مەسەلەیە لەگەڵ ئەویشدا باسدەكات. هەروەها رێنماییشی دەكات كە بچن بۆ قەندیل و ئاگاداری خۆیان بن لە دوژمن و ئەویش كاتێ كە لە سوریا گەڕایەوە پێوەندییان پێوە دەكاتەوە. مەلا شێم حەمەد داوای لێدەكات كە نامەیەك بۆ مام جەلال بنوسێت و ئەو بیگەیەنێت، بەڵام (عومەر دەبابە)پێی رادەگەیەنێ كە لەبەر بارودۆخی ئەمنی ناتوانێ چونكە لەژێر چاودێری وردی رژێمدایە.

مەلا شێخ حەمەد دەڵێ: "دوای ماوەیەك هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر رێكەوتنەكەی من و كاك عومەردا نەهات، بەڵكو چاوەڕێی ئەوە بووین بەفر بتوێتەوەو بدەینە شاخ". ئەوەبوو لە شەوی 25\26/4/1976دا ئەم دەستە پێشمەرگەیە رودەكەنە شاخ و هەر هەمان شەو بەسەر كەمینیسوپای رژێمدا دەكەون و پێشمەرگەیەك بەناوی (سەید عەبدڵلا) شەهید دەبێت. لە تەمموزی 1976دا شەهید ئارام نامەیەك بۆ ئەم دەستە چەكدارە دەنێرێت و پێوەندییان پێوە دەكات و داوادەكات چاوی پێیان بكەوێت، لەهەمانكاتدا (كەمال كەركوكی)ش نامەیان بۆ دەنێرێت و پێوەندیان پێوە دەكات.

دوابەدوای چونە دەرەوەی دەستە چەكدارەكانی كۆمەڵەش هەندێ لەسەركردەو لێپرسراوەكانی جولانەوەكەی پێشوش خۆیان گەیاندە شاخ و لەماوەیەكی كەمدا سەدان چەكداریان لەخۆیان كۆكردەوە. چونە دەرەوەی دەستە چەكدارەكانی هەرێمی سلێمانی، راپەڕینی تێكۆشەرانی باڵەكایەتی، دەرچونی هەڤالان (عومەر مستەفا، عەلی عەسكەری، تایەری عەلی والی، د. خالید سەعید، سەعدی گچكە، قادر عەزیزو سەید كاكە، دوابەدوای دەرچوونی نەجمەدین عەزیز (سالار) و مەحمود عەبدولرەحمان، ملازم جوامێر سیامیرو جمال عەلی باپیر) و چەندین تێكۆشەری تر بوونە هۆی تەقینەوەی خەباتی چەكداری شۆڕشگێڕانە بەشێوەیەكی زۆر فراوانتر لەوەی سەركردایەتی (ی.ن.ك) نەخشەی بۆ كێشابوو. هاوبەشی هەڤالانی بزوتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان لەشۆڕش و (ی.ن.ك) دا پاڵێكی گەورەی بەبزوتنەوەكەوەنا بەرەو پێشەوەو لەگەڵ كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان دا بونە دوو باڵەكەی (ی.ن.ك) لەوڵاتدا.

لێرەوە چالاكی دەستیپێكردەوەو دەنگو باسی بەرپا بوونەوەی سەرلەنوێی خەباتی چەكداری لەبواری نێودەوڵەتیدا بیسترایەوە، ئەوكاتە رژێم تێگەیشت دەبێ دان بەڕاستیەكاندا بنێ و دەست لەدرۆی هەتا هەتایەی كۆتایی پێهێنانی گیانی بەرەنگاری گەلی كورد هەڵبگرێ، ئیدی كەوتە جێبەجێكردنی فراوانترین نەخشەی شۆڕشی چەواشە لەناوچەكەدا. بەلام (ی.ن.ك) چونكە رێكخراوێك بوو لەهەلومەرجێكی سەخت و دژواردا دامەزرابوو، دوژمن و ناحەزی هەبوو، ئەرك و فەرمانێكی ئێجگار قوڕسی لەئەستۆدا بوو، ئەندام و لایەنگرو دۆستەكانی ئەمیش وەكو تێكۆشەرانی كەی گەلی كورد بلاوەیان پێكرابوو، راونرابوون و دەربەدەرو ئاوارەبوون.

لەبەرئەوە رێكخستنی خۆی بەخەتی جیاجیا، رێكخراوی جیاوازو لەیەك دابڕاوی نهێنی پێكهێنا بوو، ئەبوو جێبەجێكردنی پارچە جیاجیاكانی پلانە پێشمەرگەیییەكەش بەئەڵقەو رێكخراوە جیاوازەكانی شوێن و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بسپێرێ و هەر ئەڵقەو خەت و رێكخراوێكیان بەجیا بكەوێتە جێبەجێكردنی ئەو بەشەی پێیسپێردرابوو.

یەكێك لەو ئەڵقە گرنگانەی ئەم فرمانە پیرۆزەیان پێسپێردرابوو دەستە چەكدارەكانی بادینان بوون. ئەوەبوو لە 1/6/1976دا بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر دامەزراندنییەوە، (ی.ن.ك) یەكەم دەستەی چەكداری خۆی لەسوریاوە ناردەوە بۆ كوردستان. بۆ ئەم مەبەستە مام جەلال چوو بۆ قامیشلی بۆ بەڕێكردنی ئەم دەستە چەكدارە كە یەكەمین وەجبەی پێشمەرگە بوو بەرەو كوردستان گەڕاوەتەوە. نەجمەدین بیۆك كەیا (نەجۆ) ئەم پۆلە پێشمەرگەیەی گەیاندەوە باشوری كوردستان، نەقیبی ئەندازیار (ئیبراهیم عەزۆ محەمەد) فەرماندەی دەستە چەكدارەكانی بادینان بوو، یەكەمجار لەنزیك روباری (هیزل) لەپشتی زاخۆوە لەگەلا پێشمەرگەكانی تردا یەكی گرتەوە بۆ رێكخستنەوەی مەفرەزەكان و كارو فرمان بەسەریاندا، كە ژمارەیان (37) پێشمەرگە بوو، دابەشبوون بە(4) مەفرەزەوە: فەرماندەی هەریەك لەمەفرەزەكان (ئیبراهیم عەزۆ، عزەت ئیسماعیل شەنگاری، عمر ئیبراهیم رەشید، جەبار مەلا غەنی سندی) بوون. ئەم چوار دەستەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دابەشبوون بەسەر ناوچەكانی زاخۆ، ئامێدی، دهۆك، هەریەكەیان لەلایەكەوە كەوتنە چالاكی سیاسی و رێكخراوەیی و پێشمەرگەیی.

فەرماندەی مەفرەزەكان و پێشمەرگەكان، زۆربەیان پێشمەرگە یان كادر بوون لەشۆڕشی ئەیلولدا، شارەزای ناوچەكانی بادینان و ئاشنای خەڵكەكەی بوون.

ئەم دەستە پارتیزانە پێشمەرگەی هەڵبژاردەی لاوە شۆڕشێگڕو ئازاو نەبەزەكانی بادینان بوون، هەموویان مەشقی جەنگییان پێكرابوو. خولی پەروەردەكردنی سیاسیان دیبو. جگەلەوەی لەشەڕەكانی 1974-1975 دا هەموو پێشمەرگە بوو بوون، هەندێكیان كادری سیاسی بوون و لەخولی كادیری پارتی دەرچووبوون.

لەناو ئەو پێشمەرگانەدا خەڵكی زاخۆ، دهۆك، شێخان، عەینزالە، تەلەعفەرو شەنگاریان تێدابوو، هەندێكیان جوتیارو هەندێكیان خوێندكاری زانكۆ بوون. ئەم پێشمەرگانە بەبیروباوەڕێكی پتەو و گیانێكی شۆڕشگێڕانەو بەورەیەكی جەنگاوەرانەوە بەرەو ناوچەكانی خۆیان چوون و جەماوەری بادینانیش پێشوازییەكی بێوێنەیان لێكردن، چ بەهاوكاریكردن و یارمەتیدانیان، چ رێنمایی كردنیان، وە چ بەشاردنەوەو داڵدەدانیان.

ئەم دەستە پێشمەرگەیە ماوەیەكی باش بەناوچەكاندا گەڕاو دەستی كردەوە بەخەڵك هاندان و رێكخستن و پێوەندی دروستكردن لەگەلا تێكۆشەرانی شارەكان و مژدەیان بەجەماوەردا كە خەباتی چەكدارانە وا خەریكە دەستبكاتەوە، لەو ماوە كەمەدا زۆر سەركەوتوانە كارو فرمانەكانی خۆیان بەجێهێناو لەزۆر شوێن و ناوچەدا تۆوی رێكخستن و پێشمەرگەیان چاندو رۆڵێكی گەورەیان گێڕا لەجۆشدانی كۆمەلانی خەڵك و سازدانەوەی تێكۆشەران بۆ شەڕی پێشمەرگانە.

لەهەمانكاتدا كەسەركردایەتی دەرەوەی ولات بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دامەزراندنی (ی.ن.ك) دەستە چەكدارەكانی بادینانی ناردەوە، سەركردایەتی ناوخۆش بڕیاریدا كە لەهەمانكاتدا ئەو دەستە چەكدارانەی كە ئامادەی كردبوون بیاننێرێتە شاخ بۆ دەستپێكردنەوەی شۆڕشی چەكداری كە بڕیاربوو 1/6/1976 دەستپێبكا بەلام لەبەر هەندێ هۆكار دواخرا بۆ 26/6/1976.

شایانی باسە هەر ئەو شەوە یەكەم مەفرەزە كە پێكهاتبوون لە (مەحمود عەبدولرەحمان – خولە كەشكۆل، عەلی شیعە، شەوكەتی حاجی موشیر، حامیدی حاجی غالی، حەمەی حاجی مەحمود، تۆفیق رەحیم، حەمە سەعید محەمەد ئەمین) بەرەو شاخی سورێن دەكەونەڕێ، جگەلەمانە چەند دەستەیەكی دیكەش بۆ سازدانی خەباتی پێشمەرگایەتی دەچنە شاخ، بۆ نمونە:

لە 19/7/1976 نەجمەدین عەزیز (سالار) و جەمالی عەلی باپیرو تاهیر شێخ سدیق و محەمەد غەریب دەچنە ناوچەی شارباژێر، لە 21/7/1976دا دەستەیەكی چەكدار بەفەرماندەیی (جەمال عەلی باپیر) لەجافەتی پێكهات و لە 29/7/1976 دەستەیەكی چەكداری تر لە شارباژێڕ بەفەرماندەیی ملازم جوامێر سیامیر پێكهات.

یەكەم كاری پێشمەرگەكان پڕوپاگەندەی راگەیاندن بوو، مژدەی سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێ و پێشمەرگە بوو، هاندانی خەڵكی بوو كە خۆیان بەحكومەتی بەعس نەفرۆشن، لەگەڵ دامودەزگاكانی رژێم كارنەكەن، داوای یارمەتی و چەك و تەقەمەنییان لێئەكردن. پێشمەرگەكانیش خۆیان كاری پارتزانانەیان دەكرد كە بەڕۆژ خۆیان لەمەكۆی تایبەتیدا ئەشاردەوە، بەشەویش جموجۆڵی خۆیان دەكردو كۆبوونەوەیان بەخەڵكی گوندەكان دەكرد، بۆ ئەوەی نەزانن ژمارەیان كەمە هەندێكجار جۆرەها تاكتیكی پێشمەرگانەیان بەكاردەهێنا.

لەشەوی 11/7/1976 دەستەی چەكداری هەورامان و شارەزوور لەسەر ڕێگەی خورماڵ- سەید سادق یەكەمین چالاكی پێشمەرگەی نواند بەلێدانی لە ئوتومبێلێكی پۆلیسی كە لەئەنجامدا (2) پۆلیس كوژران و (2)ی تریش برینداركران، رۆژی دواتر لەهەموو ناوچەكانی شارەزورو هەڵەبجە بلاوبۆوە كە پێشمەرگە سەریانهەڵداوەتەوە.

لەشەوی 30/7/1976 بەبۆنەی (30) تەمموزەوە رژێم ئاهەنگێك سازدەكات لەهاوینەهەواری (ئەحمەد ئاوا)، مەفرەزەكەی شارەزوور هێرش دەكەنە سەریان و تەقە لەسەربازەكانی رژێم دەكەن و چەند كەسێكیان لێ دەكوژن، بێگومان ئەمەش پڕوپاگەندەیەكی باشبوو بۆ پێشمەرگەو شۆڕش، چونكە بەهەزاران كەس لەشارە جیاجیاكانی خواروو ناوەڕاستی عیراقەوە روویانكردبووە ئەم هاوینەهەوارە.

پاش ئەو ڕووداوە بە هەفتەیەك لە (8/8/1976) دا ژمارەیەك لەو كوردپەروەرانەی دوورخرابوونەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لەسەر داوای مام جەلال كە نامەی بۆ ناردبوون، بڕیاریاندا لەژێر دەستی دووژمن هەڵبێن و خۆیان بگەێننە چیاكانی كوردستان و بەشداری لە خەباتی ڕەوای نوێی نەتەوەكەیاندا بكەن.

د.خالید سەعید، سەعدی گچكە لە (بەغدا)، عومەر مستەفا دەبابەو سەید كاكە لە (رمادی)، عەلی عەسكەری لە (رفاعی)، تایەری عەلی والی لە (عمارە)ەوە شوێنەكانی خۆیان بەنهێنی بەجێهێشتو بەرەو كوردستان كەوتنەڕێ و بڕیاریاندا كە هەڤاڵێكیان بچێتە سلێمانی و هەندێكی تریان بچنە چیای قەندیل.

لە 14/8/1976 هەڤالان (د. خالید سەعید، عومەر دەبابە، سەعدی گچكە، سەید كاكە، یاسین قادر، جەعفەر ئەسوەدو جەوهەر سەعید) گەیشتنە گوندی (ئیندزی)ی قەندیل و دەستیانكرد بەدۆزینەوەو رێكخستنەوەو ئامادەكردنی دەستەی چەكدار.

هەر لەمبارەیەوە سەید كاكە دەڵێ: "لە 15/8 گەیشتینە قەندیل، (عەلی كۆ)ی لێبوو كە دەوری (20) كەسی لەخێلەكەی خۆی لەگەڵدابوو". دەزگەكانی رژێمی بەغدا لەحاجی ئۆمەران بە عەلی كۆیان راگەیاندبوو كە راگوێزی باشوری عیراقی دەكەن. ناوبراو لەترسی ئەو بڕیارەی رژێم هەڵات نەك لەدڵسۆزی خۆیەوە. لەهەمانكاتدا پێوەندی لەگەلا رژێمی ئێرانیشدا هەبوو.

لەپاییزی 1976دا مەفرەزەكانی پێشمەرگەی (ی.ن.ك) گەیشتنە ناوچەكانی خۆشناوەتی و دەوروبەری كۆیەو زرارەتی و دۆڵی سماقولی و زۆر شوێنی تر.

بۆ یەكەمجار شەڕو پێكدادانی سوپای عێراقی و پێشمەرگەی كوردستان دوای هەرەسی 1975 لە شەوی 13-14/9/1976 دا بوو لە گوندی (قاینجە) كە لەوێدا هێزێكی سەربازی گەورەی رژێم هێرشی سەر مەفرەزەی شارەزووریان كردو لە ئەنجامی شەرێكی دەستەو یەخانەدا كورد یەكەم شەهیدی دا كە ئەویش (فاتیح شێخ حەیدەر) بوو. جگە لە (ی.ن.ك) لەو سەردەمەدا چەند مەفرەزەیەكی بچوكی (پاسۆك)یش رویانكردە شاخ و دەستیان بە خەباتی چەكداری كرد، لە كەسە هەرە ناودارەكانیان كە لەو سەردەمەدا رۆلی هەبوو (جەلالی حاجی حسێن) بوو پێوەندیشیان لەگەل یەكێتی زۆرباش بوو.

رۆڵی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەرپەرشتیكردنی ..مەفرەزە پارتیزانەكانی كوردستان..‏

‏ سەدام حسین سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش هەموو دەسەڵاتێكی تۆتالیتاری ‏رەهای خۆی لە 29/3/1987بەبڕیاری [160] بەخشی بە عەلی حەسەن مەجیدی ‏ئامۆزای بۆ ئەوەی بەپێی بەرنامەو نەخشەیەكی وردی چڕوپڕی سەربازی بە پاڵپشتی فەیلەقی ‏‏[یەك و پێنچ] ی سوپای عێراق...بەڕێوەبەرایەتی [ئیستیخباراتی عەسكەری..ئەمنی ‏عامە..فەوجەكانی دیفاع مەدەنی..گەلەجاش] بە تەكنەلۆژیای سەربازی و ئەنفال و ‏جینۆسایدی كورد بكات .

عەلی حەسەن مەجید لە 20/6/1987 بە بڕیاری [4008] لە هەشت قۆناغی ئەنفالدا، ‏لە 21/2/ 1988...تا 6/9/1988 سوپای ئەنفال، سەراپا گوندو شارۆچكەو ناوچە ‏ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەی لە كوردستانی باشوور بە ‏خانوو..قوتابخانەو.مزگەوت و..بنكەی تەندروستی و..بنكەی كشتوكاڵی و..ئاژەڵدارییەوە ‏خاپوركرد ..كارێزو چەم و بیرو..سەرچاوە ئاوییەكانی ژەهرباران كرد...بەشۆفڵ ‏پڕكردەوە.

دارستان و باخ و رووەكی خۆرسكیان سوتاند...ژن و پیاو منداڵ و پیری گوندو ناوچە ‏ئازادكراوەكان ئەوەی دەسگیركرا، بێسەروشوێن كردن... دواتر لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا ‏دۆزرانەوە... ئەوانی تر بەرێكەوت دەربازبوون.... ژمارەیەكی زۆریان بەژەهری كیمیایی ‏خنكان.... لە رێگاو بانەكان گوللـەباران كران.‏

لەساڵی 1987 هەموو ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دانران بە [المناگق المحڤورە] ناوچەی قەدەغە‌كراوەكان بۆ زیاتر لە [2000] گوندی ناوچە ئازادكراوەكان ‏دەركرد، بڕیاری تەختكردنی ئەو ناوچە بەربڵاوە فروانەی دابوو، ژیانی لە ‏جوتیارەكان...لە ناوئاوایی و زەوییە كشتوكاڵییەكانیان قەدەغەكرد بوو، تەواوی سامانی ‏ئاژەڵی و كشتوكاڵی تاڵانكراو بنەمای ژێرخانی ئابووی كوردستانی لێكهەڵوەشاندەوە.‏

سوپای عێراق تەمەنی 67 ساڵ بوو... خاوەنی 28 ساڵ ئەزمونی جینۆسایدی كوردو... ‏هەشت ساڵ جەنگی عیراق- ئێران، بەچەكی مۆدێرن و هێزێكی زەبەلاحەوە بەپاڵشتی فەوجە ‏سوكەكان گەیشتنە سەراپا شوێنە ستراتیژو سەرسنورەكان، مینیان لە سەراپا گوندو كیلگەو ‏لاپاڵی گردو چیاو رێگاو رێچكەكان دا چاند... مەرگ و كەمئەندام بونیان كرد بە رووداوێكی ‏سروشتی، هەموو ناوچەكانیان بەگوندو كێڵگە كشتوكاڵییەكانەوە لە خەڵكەكەی ‏قەدەغەكرد...بازنەیان بەدەوری شارەكاندا كێشا، ئەوەی لەودیوی ئەو سنوورە بازنییەوە ‏دەسگیربكرایە، بێسەروشوین دەكرا.‏

‏ئا لەو سەردەمەدا نەوشیروان مستەفا لە قاسمەرەش سەرپەرشتی مەفرەزە پارتیزانەكانی ‏سەراپا گەرمیان و شارباژێرو دۆڵی چافایەتی و دەشتی هەوڵیرو باڵەكایەتی و سەراپا ‏ناوچەكانی دەكرد، لەو شوێنانەدا مانەوە كە جگە لە پاشماوەی گوندە وێرانەكان و قالورەی ‏گولە تۆپ هیچ بنەمایەكی ژیانی تیا نەمابوو.

ئەو مەفرەزە پارتیازنانەی كە بریاری مانەوەیاندا لە گەرمیان و قەرەداغ بریتیبوون لە ‏‏[حەمەرەش، عوسمانی حاجی مەحمود، مەحمودی مامە عەزە، سەید جەوهەر، شێخ كەریم ‏چاورەش. ئەحمەدی حاجی رەشید، مەلا ئەحمەدی گەرمیان، سەید محەمەد، عەدنانی حەمەی ‏مینا].‏

جیهازێكی راكاڵ لای نەوشیروان مستەفا ئەمین بوو. ئەو سەرپەرشتی و رێنمایی دەكردن. ‏جیهازێكی تر لە ماڵی جەباری حاجی رەشید بوو لەناو سلێمانی.. جیهازی سێیەم لای ‏حەمەرەش بوو لە چیای ئاژداغ... ئەو سەرپەرشتی پارتیزانەكانی گەرمیانی دەكرد، هەموو ‏مەفرەزەكانیش لە ‌حەشارگە جیاجیاكانیان جیهازی تلفن كنیان پێبوو لەسەرە ‌سەعاتدا ‏هەواڵ و گۆرانكارییەكانیان دەگەیاند بەیەك.‏

ئەوەی مایەی تێڕامانە بەختیار مستەفا ئەمین سەرپرشتی دروستكردنی جفرەی پارتیزانەكانی ‏دەكرد، هەموو جیهازەكانی تەكنیكی پێشكەوتووی تەكنەلۆژیای ئیستیخباراتی عەسكەری ‏فەیلەقی یەك و پێنج و ئیتیخباراتی عامەی عێراق لە بەغدا... نەیاندەتوانی ئەو جفرانە ‏بخوێننەوە بۆ ئەوەی شوێنی حەشارگەی پارتیزانەكان بدۆزنەوەو لەناویان ببەن... هەموو ‏پسپۆرەكانیان توشی هێدستریا ببوون. رێبازو.. حەسەن كوێستانی و.. سەلاح دیلمان لە سنوری دە‌شتی هەولێر و بەرانەتی ‏و باڵەكایەتی و خۆشناوەتی مانەوە، دواتر چەندان مەفرەزەی تری پارتیزانی تر بە سەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە ‏سنورەكانەوە رویانكردە سنوری گەرمیان و دۆڵی جافایەتی و شارباژێر و بادینان [ئازادی ‏سەگرمە، مام رۆستەم، كوردۆقاسم، مەحمود سەنگاوی. غەریب هەڵەدنی، كامیل نوری، ‏جەباری حاجی مامەندی. سەركەوت حەسەن، مەحمودی كانی ساركی. تۆفیق تەمەر ‏چەلكی .

دواتر مەفرەزەیەكی تر ی پارتیزانی بە سەرپەرشتی عەبەرەق و دلاوەر عوسمان ‏سەرپەرشتی پەرینەوەی پارتیزانەكانیان دەكردو بۆ هەندێ ئیش و كار خۆیان دەگەیاندە ناو ‏شاری سلێمانی.

سەدام كوێتی داگیركرد، بۆ ئەوەی عێراق و سوپاكەی ببن بەزلهێزێكی تر لە دنیادا، بۆ ‏ئەوەی بنەمای ژێرخانی ئابورییەكی بەهێز پێكبهێنێت . هەموو بەرنامەو نەخشەوپیلانەكانی ‏بهێنتتەدی.

گەر سوپای عیراق لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە تێكنەشكایە، ئەوا قۆناغێكی تری ئەنفالی ‏هەموو خەڵكی [سلێمنی...هەولێر...دهۆك.....كەركوك] بێسەروشوین دەكران. دواتر لەسەر تەرزی بیناسازی كەلەپوری عەرەبی سیمای شارەكانیان دەگۆڕی.

كۆمەڵی كوردیی لە چ روویەكەوە پێویستی بەیەكێتیی بوو؟

لەگەڵ هەموو ئەو ڕاستییانەداو بوونی چەندین خاڵی تری بەهێزو درەوشاوە، لەمێژووی (ی.ن.ك)دا، ئێستا لەجاران زیاتر كۆمەڵی كوردیی، پێویستی بەبووژانەوەی زیاتری ڕۆڵ و بەشداری و كاریگەریی زۆرتری سیاسەت و هەڵوێست و هەنگاو و دەستپێشخەرییەكانی (ی.ن.ك) هەیە، لەمڕوانەی خوارەوە:

1-(ی.ن.ك) هێزێكی پێویستی سەرەكی هەمیشە ئامادەیە، بۆ قوربانیدان و بەرهەمهێنانی ئیرادەو گیانی قوربانیدان و بەرگریكردن بەخوێن.

2-(ی.ن.ك) هێزێكی پێویستە، بۆ زامنكردن و پاراستن و ڕاگرتنی بنەماكانی سیستەمی دیموكراسیی و فرەیی و ئازادیی و بەرەنگاربوونەوەی تاكڕەویی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.

3-(ی.ن.ك) هێزێكی پێویستە، بۆ پرۆسەی بەعەلمانیكردنی كۆمەڵ و سیستەمی فەرمانڕەوایی كوردستان و بەرگریكردن لەم سیستەمەو بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی كۆنەپەرستی و دۆگمای و دیاردەی تیرۆر.

4-(ی.ن.ك) هێزێكی سیاسیی پێویستە، بۆ ڕاستكردنەوەی هاوسەنگییەكان، لەناو پرۆسەی سیاسیی لەهەرێمی كوردستان و عیراق و بەڕێوەبردنی ناكۆكیی و ململانێكان و ئاراستەكردنی ڕۆڵ و كاریگەرییەكانی وڵاتانی دەوروبەر؛ بە بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان.

5-(ی.ن.ك) هێزێكی سیاسیی پێویستە، بۆ بەرگرتن بەتێكشكانی نەتەوەیی و لەدەستدانی دەسكەوتە نەتەوەییەكان و گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر، وەك ئەوەی كە جاریتر لەڕابردوودا چەندینجار ڕوویداوە.

6-(ی.ن.ك) هێزێكی سیاسیی پێویستە، بۆ ئەوەی هەمیشە بتوانێت داكۆكی لەدەسكەوت و سەركەوتن و سەروەریی و ئامانج و بەرهەمی قوربانییەكانی خۆی بكات كە بوونەتە موڵكی هەمووان.

 

سەرچاوەكان :

پانۆرامای 41 ساڵ تەمەنی خەباتی ی.ن.ك لە ماڵپەری www.pukmedia.com

رۆژنامەی كوردستانی نوێ

نەوشیروان مستەفا: لەكەناری دا نوبەوە بۆخڕی ناوزەنگ - خولانەوە لەناوبازنە - پەنجەكان یەكتر دەشكێنن

خەڵەف غەفور: یەكێتی لە توڵەیتوڵەوە بۆ ناوزەنگ

ئەبوبكر خۆشناو: چەند لاپەڕەیەك لەمێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

فەریدون عبدولقادر: هەڵۆسورەكانی قەندیل

عەبدوڵڵا كەریم مەحمود: رۆڵی نەوشیروان مستەفا ئەمین لە سەرپەرشتیكردنی مەفرەزە پارتیزانەكانی كوردستان

نیاز سەعید عەلی: ئایا یەكێتی خەسڵەتی جیاكەرەوەی هەبووەو هێزێكی پێویستە بۆ ئەم قۆناغە؟

عەدنان وەلی: 39 ساڵ پڕ لەسەروەری و خاوەن روبارێك خوێنینە سەركردەكەشی پێشمەرگەیەكی دێرینە،

عیماد ئەحمەد: یەكێتی، حزبی سـەروەرییەكان‌ و رێبەری جیاوازییەكان

بابەتێك لەژێر ناوی كورتەیەك لەسەر مێژووی یەكێتی ‏15./8‏/2010، نوسەرەكەی نادیارە لەگەڵ داوای لێبوردن.

 

PUKmedia ئامادەكردنی/ كاوان ئەحمەد حەمە ساڵح

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket