riklam

خنكاندنی ره‌شپێستێك..

بیروڕا 06:18 PM - 2020-05-31
.

.

ئه‌مریكای هه‌ژاند.. ئه‌ی كوردستان؟

مه‌لا به‌ختیار
ماركس، وته‌یه‌كی نایابی هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌: جاری وا هه‌یه‌، روداوی بیست ساڵ له‌ یه‌ك رۆژدا ده‌ته‌قێته‌وه‌. جاری واش هه‌یه‌، له‌ یه‌ك رۆژدا، روداوی بیست ساڵ ده‌ته‌قێته‌وه‌.
ئه‌و وته‌یه‌، ئێستا له‌ ئه‌مریكادا به‌رجه‌سته‌ بووه‌. له‌ (25/5/2020)دا پۆلیسێك، رقی هه‌ڵده‌ستێ‌‌و ئه‌ژنۆی له‌ ملی (جۆرج فلۆید) پیاوێكی ره‌شپێستی بێگوناح گیر ده‌كات‌و دوای (8) ده‌قیقه‌، دوا هه‌ناسه‌ی پێ ده‌دا. یٔه‌م پۆلیسه‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سه‌دان هه‌زار پۆلیسی ئه‌مریكا، بێئاگا بووه‌ له‌وه‌ی هه‌ر ده‌قیقه‌یه‌كی هه‌ناسه‌لێبڕینی ئه‌و پیاوه‌، به‌هاكه‌ی هه‌ژاندنی گه‌لانی ئه‌مریكایه‌، دژی حكومه‌ته‌كه‌ی.
هه‌شت ده‌قیقه‌.. له‌ یه‌ك رۆژدا، ده‌ریخست كه‌ گه‌لانی ئه‌مریكا، هه‌ناویان لێوڕێژی زوخاوه‌و سێ‌ مانگی كۆرۆناش، ئه‌و زوخاوه‌ی جۆش جۆش داوه‌، ته‌نها ئه‌و هه‌شت ده‌قیقه‌یه‌ی ده‌ویست، كه‌ ئه‌مریكایه‌كان قینی پیرۆزیان بته‌قێننه‌وه‌.
هه‌شت ده‌قیقه‌، بۆ ئه‌مریكاو بۆ ژیان‌و بۆ دونیای جه‌نجاڵی سیاسه‌ت، هیچ نییه‌. به‌ڵكو هه‌شتا ساڵیش بۆ مێژوو هه‌ناسه‌یه‌كی كورته‌. به‌ڵام، كاتێك روداوه‌كان، له‌ كوره‌ی هه‌ناوی رای گشتیدا جۆشی ده‌رونی ده‌خۆن‌و بۆ ده‌ره‌تانێك ده‌گه‌ڕێن چه‌شنی گڕكان بته‌قنه‌وه‌، نه‌ك هه‌شت، به‌ڵكو ده‌قیقه‌یه‌كیش به‌سه‌، گه‌لان دژی ده‌سه‌ڵاته‌كان راپه‌ڕن!! كات، هه‌موو كاتێك، به‌ یه‌ك پێوه‌ر ناپێورێ. به‌ڵكو هه‌روه‌كو تیۆری رێژه‌یی پێویسته‌ سه‌یری كات بكرێ‌. راسته‌ كات هه‌ر كاته‌. به‌ڵام له‌ تیۆری رێژه‌ییدا، زه‌مان‌و زه‌مینه‌، كات‌و جوڵه‌، كات ده‌گۆڕن، بۆ نموونه‌:
مرۆڤ، ده‌قیقه‌یه‌ك له‌ناو ئاگردا بێ‌، كاته‌كه‌ی لێ ناڕوات. به‌ڵام له‌ سه‌ر كانیاوێكی سازگاری سێبه‌رداردا دانیشێ‌،  كاتژمێرێكیشی لێ بڕوات، ئاگای له‌خۆی نییه‌.
ئه‌م تیۆره‌ رێژه‌ییه‌، له‌ دونیای سیاسه‌تیشدا دروسته‌. كاتێك كێشه‌ی ئابوری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سایكۆلۆژی، له‌ هه‌ناوی رای گشتیدا، په‌نگی نادادپه‌روه‌ری ده‌خوات‌و مه‌ترسیه‌كی گه‌ردونی وه‌كو كۆرۆناش، فشاری فیزیكی رۆده‌چێنێ‌، دۆخی زلهێزێكی وه‌كو ئه‌مریكاش، له‌ هه‌شت ده‌قیقه‌دا ده‌هه‌ژێنێ‌.
ئه‌مریكا، دوو سه‌ده‌ و نیوه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌. (230) ساڵه‌ ده‌ستوری هه‌میشه‌یی هه‌یه‌. چوار ساڵ تێناپه‌ڕێنێ‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كات. له‌ هه‌ڵبژاردنیشدا، گزی ناكرێ‌. یاسا سه‌روه‌ره‌. زلهێزه‌. یه‌كێكه‌ له‌ زه‌نگینترین‌و ره‌نگینترین وڵاتانی سه‌ر ئه‌رز. له‌ ده‌یان وڵاتدا، بنكه‌ی سه‌ربازی هه‌یه‌. به‌ چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌توانێ‌ سه‌ر ئه‌رز بكاته‌ مه‌رگه‌سات. دیموكراسی‌و ئازادی له‌وپه‌ڕیدایه‌. ژێرخانی ئه‌وه‌نده‌ تۆكمه‌یه‌، له‌ سێ‌ مانگی كۆرۆنادا، ده‌یان ترلیۆن دۆلاریان سه‌رف كردووه‌، پێیانه‌وه‌ دیار نییه‌. كه‌چی ئه‌م وڵاته‌ زلهێزه‌، پۆلیسێكی هه‌ڵه‌ ده‌كات‌و هاوڵاتیه‌ك ده‌كوژێ‌.. ده‌هه‌ژێ‌. ئه‌م هه‌شت ده‌قیقه‌یه‌، سه‌عاتێكی بیست ساڵه‌كه‌ی ماركس بووه‌.
ئه‌گه‌ر ئه‌و روداوه‌، به‌ وڵاتانی له‌مه‌ڕ كوردستان به‌راورد بكرێ‌، هه‌قوایه‌، هێزه‌ سیاسیه‌كان‌و حكومه‌تی كوردستان، واقیان له‌ دۆخی ناوخۆ وڕ بمێنێ‌.
كوردستان.. هێشتا هه‌رێمێكی فیدراڵه‌. به‌ بودجه‌ی عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێ‌. یه‌ك دۆلار پاشه‌كه‌وتی نییه‌. كیلۆیه‌ك ئاڵتونی پارسه‌نگی دراویشی نییه‌. ده‌ستوری نه‌نوسیوه‌. یاسا سه‌راپا سه‌روه‌ر نییه‌. حكومه‌ت قه‌رزاری پاشه‌كه‌وتی چه‌ندین مانگی موچه‌خۆرانه‌. گه‌نده‌ڵی بۆگه‌نی به‌رزبۆته‌وه‌. هێزو ده‌سته‌ی گه‌نده‌ڵپارێزی ته‌راتێن ده‌كه‌ن. هه‌لپه‌رستان فه‌یسبوكیان گه‌رم‌وگوڕه‌! هه‌ژاران هه‌ژارتر بون. بێمتمانه‌یی قوڵتر بۆته‌وه‌. لایه‌نی كه‌می راستگۆیه‌تی له‌ناو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا نه‌ماوه‌. ماستاوچیه‌كان قه‌زوانیان له‌ بازاڕ نه‌هێشتووه‌ بۆ ماستاوی سه‌روی خۆیان!! بۆیه‌، هه‌تا دێت، دابڕانی مه‌ترسیدار له‌نێوان خه‌ڵك‌و حكومه‌ت روده‌دات.
له‌ دۆخێكی ئاوادا، هه‌ستی برینداركراوی خه‌ڵك، له‌سه‌ر چزه‌. له‌یٔه‌مریكادا، به‌ ناهه‌ق كوشتنی هاوڵاتیه‌ك قینی خه‌ڵكه‌كه‌ی بته‌قێته‌وه‌و هیچ به‌ربه‌ستێك رێگای راسانیان لێ نه‌گرێ‌، ئاخۆ، له‌ كوردستانێكدا، كه‌ لایه‌نی كه‌می ئه‌و به‌ربه‌سته‌ ئابوری، ده‌ستوری، سیاسی، ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌و سیسته‌می دیموكراسییه‌ی ئه‌مریكای نه‌بێ‌، تاقه‌ روداوێك، چی له‌ دۆخه‌ قه‌یراناویه‌كه‌ی كوردستان ده‌كات؟
دۆخ له‌ كوردستاندا ده‌كوڵێ‌. كه‌چی كۆبونه‌وه‌یه‌كی متمانه‌به‌خشی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، له‌ په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ عیراق، چاره‌سه‌ری موچه‌و بودجه‌، له‌ئارادا نییه‌. به‌ش به‌حاڵی مه‌لا به‌ختیار، ئاوات ناخوازم روداوێكی بچوكی نه‌خوازراویش، له‌م نیشتمانه‌م روبدات. به‌ڵكو ئومێدم وایه‌، چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان، له‌پێشه‌وه‌دا، قه‌یرانی ئابوری بدۆزرێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێنێته‌وه‌، نایشارمه‌وه‌، هیچ ده‌سته‌به‌رێكی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ناخی برینداركراوی خه‌ڵك له‌كوردستاندا نییه‌. دوور نییه‌، ئه‌مریكا له‌ هه‌شت ده‌قیقه‌دا به‌ كوشتنی هاوڵاتیه‌ك هه‌ژابێ‌، له‌ كوردستاندا، كه‌متریش له‌و كاته‌، روداوێك، روداوی سیاسی نه‌خوازراو بهێنێته‌ دی!! تكایه‌، له‌م راستییه‌ تاڵه‌ تێبگه‌ن.. تكایه‌!!

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket