riklam

پەیامی یەکێتی لەخەباتی شاخ، وانەیەک بۆ ئەمڕۆ

ی.ن.ک‌‌ 08:59 PM - 2020-05-25
.

.

پەیامی یەکێتی لەخەباتی شاخ، وانەیەک بۆ ئەمرۆ...

(پوختەیێک لە توێژینەوەیێکی زانستی)

لەتیف نێروەیی

مەبەستمان لە پەیامی یەکێتی لە خەباتی شاخ ، ئەو پەیامەیە کە رۆژانە لە رێی رادیۆی دەنگی دەنگی گەلی کوردستانەوە لەسەردەمی خەباتی بەشێوەیێکی فەرمی بڵاودەکرایەوە .خەباتی شاخیش بەسەر سێ قۆناغ دا دابەشکراوە (قۆناغی پێش ئەنفالەکان، دوای ئەنفالەکان ، قۆناغی ئامادەکاری و دەست پێکردنی راپەرین و رزگارکردنی باشوری کوردستان).

هەمیشە یەکێک لە خواست و داواکارییەکانی ئەندام و کادیرو بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی ، ئەوەیە کە بگەرێینەوە بۆ دۆخی جاران .ئەم پەیامە  پوختەیێکە لە توێژینەوەیێکی زانستی و لە ئایندەدا توێژینەوەکە وەک نامیلکە دەخەینەروو، کە تایبەتە بە پەیامی یەکێتی لە خەباتی شاخ وبەراوردێکیش دەکات لەگەڵ پەیامی قۆناغی دوای راپەرین .

سەرەتا هەندێ پرسیار دەوروژێنین .

بۆچی لەسەردەمی خەباتی شاخ یەکێتی خاوەن پەیامێکی کاریگەر بوو ؟.جیاوازی لەنێوان پەیامی ئەوساو ئێستای یەکێتی چی یە ؟.چی بکرێت بۆ ئەوەی پەیامی یەکێتی بگەڕێتەوە دۆخی جاران ؟.

لەم توێژینەوەیەدا پشتمان بە کۆمەلێک داتاو بەڵگەنامە بەستووە ، کەلەڕێی فۆرمێکی تایبەت بە پەیامی یەکێتی لەسەردەمی خەباتی شاخ بەسەر(150) فەرماندەو تێکۆشەری دێریندا  دابەشمانکردوە  ، فۆرمەکە (28)پسیارلە خۆدەگرێت، هاوکات سودمان لەئەرشیفی دەنگی گەلی گوردستان وەرگرتووە، هەروەها (16) دیدارو هەڤپەیڤینمان ئەنجامداوە لەگەڵ(5) لەو کارەکتەرانەی کاتی خۆی لە سەردەمی خەباتی شاخ داڕێژەری پەیامی یەکێتی بوون، (7) رۆژنامەوانی دیارو (3) مامۆستای زانکۆ کە پسپۆری زانستی سایکۆلۆژیاو ڕایگشتین. 

هەرچەندە لەسەردەمی خەباتی شاخ زۆربەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشورو رۆژهەڵاتی کوردستان رادیۆیان هەبوو ، کە ژمارەیان (8)رادیۆ بووە. هەموو رادیۆکان بەرنامەکانییان لەسەر شەپۆلی کورتی (41)مەتری ، یان (49)مەتری ، یان (75) مەتری پەخش دەکران، هەروەک هەموو رادیۆکان بەرنامەکانیان ئێواران بۆ ماوەی یەک سەعات پەخشدەکرا، بەیانیانیش جارێکی دیکە هەمان پەخش دووبارە دەکرایەوە .

واتە هەموو ڕادیۆکان لە ڕووی جۆرو تەکنیک و کاتی پەخش وبەشێکی زۆر لە بەربەست وئەو ژاوەژاوانەی ڕووبەڕویان دەبۆوە تاڕادەیێک لەیەک دەچون ، بەڵام ئەوەی دەنگی گەلی کوردستان لەڕادیۆکانی دیکە جیا دەکردەوە شێوازو جۆرو ناوەرۆکی  پەیامەکەی بووە .

یەکێتی لەو سەردەمەدا  توانی لە بواری پەیامدا جۆرێک لە داهێنان بکات و سەرنجی جەماوەرو هێزی پێشمەرگەو تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی دیکە بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەو کاریگەرییەی پەیامی یەکێتی وایکرد کە ڕژێم هەموو تواناکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی ئەو پەیامە.

دەبێ یەکێتی لەوسەردەمەدا چ مۆدێلە پەیامێکی داهێنابێت ؟. پەیامە فەرمییەکەی  یەکێتی لە خەباتی شاخ   لە ڕووی زانستیەوە نە هەواڵ بوو ، نە ڕاپۆرت ، نە پەخشان ، نە گوتاربوو ، لە هەمان کاتدا تێکەڵەو کۆکتێلێک بوو لە هەموویان .بۆیە ناومان لێ ناوە پەیام .

بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە ئەوەیە کە لە جیهانی زانستی ڕاگەیاندندا شتی وا نییەو ڕووینەداوە خوێندنەوەی تەنها یەک هەواڵ نزیکەی نیو سەعات بخایەنێت !. بۆ نموونە خۆێندنەوەی چالاکی داستانی (دابان هەلاج) کە بە (ئەم جارە بەفر گڕی گرت)دەست پێ دەکات ، بۆ ماوەی (23) دەقیقە دەخایەنێت هاوشێوەی زۆرینەی چالاکی و داستانەکانی دیکە. کە قۆناغ و دۆخی ئەو سەردەمە پێویستی بەو جۆرە پەیامانانەبوو، وە پاڵەوانی داستانەکانیش لە ناو ئەو پەیامانەدا تەنها هێزی پێشمەرگەبوون نەک بەرپرسەکان . واتە ناوی مەفرەزەو کەرت و تیپ هاتووە، نەک ناوی بەرپرسەکان . 

بەپێی ئەم بەدواداچوون و ڕاڤەکردنە زانستیە، لەو سەردەمەدا ئۆرگان ودامەزراوەکان بە هەموو پێکهاتەکانی خۆیانەوە گرنگ وپاڵەوان بوون و ناویان هەبوو، نەک ناوی بەرپرسی ئۆرگان یان دامەزراوەکان. لەو سەردەمەدا پەیامی یەکێتی تەنها یەک سەرچاوەو یەک مەرجەعی بڕیاردانی هەبوو . هەروەک بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیش تەنها یەک فلتەرو دەرگاوانی هەبوو. ئەو پەیامانە کە بە پێی پلانێکی دیاریکراو، بۆ ئامانجێکی دیاریکراو ئاراستە دەکرا، ئامانجی خۆی بەباشی دەپێکا.چونکە بەشێوەیێکی بابەتیانە وەک ڕەگەزێکی سەرەکی وسەنگینی کۆمینیکەیشن ئامادە دەکرا، هەروەک لەو سەردەمەدا پەیامەکان باشترین فیدباکی هەبوو ئەویش هێزی پێشمەرگەبوو .   

بە پێی ئەنجامی ڕاپرسییەکەمان  لە 80%ی بەشداربووان پێیان وایە پەیامی ڕادیۆ هۆکاری سەرەکی جۆشدان و وورە بەرزی وکێبرکێی نێوان هێزەکان وسەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەبووە . 61% ی ئەو فەرماندەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە بەشداریان  لە ڕاپرسییەکەدا کردووە دەڵێن بە هۆی کاریگەری پەیامی ڕادیۆوە لەو سەردەمەدا خەباتی  پێشمەرگایەتی یان خەباتی ڕێکخستنی نهێنییان هەڵبژاردووە . 75% پێیان وایە ئەگەر پەیامی ڕادیۆ نەبووایە جێ بەجێکردن وسەرکەوتنی بەرنامەی ڕاپەرێن زۆر ئەستەم دەبوو .

ئەی ئەگەر ئێستا هەمان پرسیار لە هەمان فەرماندەو تێکۆشەرە دێرینەکانی یەکێتی بکەین و بڵێین تاچەند لە پەیامی حزبەکەی خۆت ڕازیت ؟.بێگۆمان وەڵامەکە بەدڵی ئێمە نابێت؟!..ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێ جار هەمان ئەو کارەکتەرانەی لەسەر دەمی خەباتی شاخ داڕێژەری پەیامی یەکێتی بوون ، لە قۆناغی دوای ڕاپەرین ئەرکی بەرپرسیارەتی ئۆرگانەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی یان وەرگرتووە ، ئەی بۆچی وەکو سەردەمی شاخ سەرکەوتوو نەبوون ؟. بەپێی دەرەنجامی ئەم توێژینەوە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە لە قۆناغی دوای ڕاپەرین ، گۆڕانکاری نەرێنی بەسەرپەیامی یەکێتیدا هاتووە .

ئۆرگانەکان ڕۆڵیان ووردەووردە لاوازبووە وبەرپرسی ئۆرگانەکان، یان سەرکردەکان شوێنی ئۆرگانەکانیان گرتووە . واتە لەقۆناغی  دوای ڕاپەرینەوە ئۆرگانەکان بۆنەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆناوبانگی وخزمەتکردنی بەشێک لەبەرپرسەکان نەک بەپێچەوانەوە . ئەمەش وایکردووە کە فرە پەیامی وفرە سەرچاوەی میدیایی ودژە پەیامی لە ناو هەناوی پەیامی یەکێتیدا لە دایک ببێت وهەندێ بەرپرسی یەکێتی لەڕێی میدیاوە هەوڵی شکاندنی یەکتری بدەن، ناوبەناویش  لێدوانی هەندێ بەرپرسی ناشارەزا لە مەترسیەکانی پەیام وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بە یەکێتییەوە بتەقێتەوەو ببێتە هۆی ڕوخانی ورەی جەماوەری یەکێتی.  ئەو ڕەوشە گەیشتووتە ئاستێک کە زۆربەی بەرپرسی ئۆرگان ودامەزراوەکان  تیمی ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەبێت و ئەم تیمانە ڕۆژانە کاروچالاکییە ئاساییەکانی بەرپرسەکانیان بکەنە هەواڵ وبەسەر میدیای حزبەکەیاندا  بسەپێنن، بەبێ ئەوەی  کەناڵەکانی یەکێتی مافی دەستکاریکردنی ئەو هەواڵانەیان هەبێت، کە هەندێ لەو هەواڵانە بە دیزاینی پییاهەڵدان نووسراون !. ئەمەیە جیاوازی نێوان پەیامی یەکێتی لە نێوان قۆناغی پێش ڕاپەرین و دوای ڕاپەرین کەبەزەقی دەردەکەوێت.

پرسیارەکە ئەوەیە چۆن دەتوانین پەیامی یەکێتی بگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی خەباتی شاخ ؟. وەڵامی ئەم پرسیارە پەیوەستە بە شێوازی بیرکردنەوەو بڕیاری سەرکردایەتی نوێی یەکێتی، ئایا ئەم سەرکردایەتییە لە ڕووی پەیامەوە لاسای سەردەمی خەباتی شاخ دەکاتەوە ولەخزمەتی سەرخستنی یەکێتی وئۆرگانەکانیدا دەبێت، یان لاسای قۆناغی دوای ڕاپەرین دەکەنەوە ، ئایا میدیا یەک سەرچاوەو مەرجەعی دەبێت وەکوقۆناغی پێش ڕاپەرین .یان وەکو دوای ڕاپەرین سەرکردەکان بۆیان هەبێت دەست بخەنە ناوکاروباری میدیای یەکێتی وپەیامەکەی لاوازتر بکەن ؟.

لە کۆتایدا هەرچەندە دەرفەتی بڵاوکردنەوەی خشتەو هەڤپەیڤین وهەموو دەرەنجام وپێشنیارەکانمان نییە ، تەنها دەڵێین پەیام ئەو هێزە پڕهەژێن و کاریگەرەیە کە هەموو سنورە ئاسمانی ودەریایی وجۆگرافییەکان دەبەزێنێت، هەروەک ئەو تیشکە بەهێزەیە کە هیچ قوڵاچێکی تاریکی ئەم جیهانە نییە کەڕووناکی نەکاتەوە، وهیچ تاکێکی سەر ئەم زەمینەش نییە نەکەوێتە ژێر کاریگەری و تەوژمی ئەو پەیامەوە . بەڵام ناکرێ ئەو ڕاستییەش ڕەچاو نەکەین کە پاڵەوانەکانی پەیامن بڕیاردەدەن  کەهێزو تیشکی کام پەیام کاریگەری زیاتری دەبێت .هەروەک پێویستە بزانین پەیامیش بۆ خۆی زانستێکی گەورەیە ودەریایەکی زۆر قوڵەو ناکرێ ڕێگا بەکەسانی ناشارەزا وبێ ئەزمونی ئەو بوارە بدرێت کە لەو دەریایەدا مەلە بکەن. چونکە جاری واهەیە خۆیان دەخنکێنن وجاری واش هەیە بەبێ ئەوەی بزانن  هەڤاڵەکان وتەنانەت حزبەکەی خۆشیان دەخنکێنن .

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket