riklam

چاودێری مافەكانی مرۆڤ..لەهەرێمی كوردستان ناڕەزایەتییەكان سەركوت دەكرێن

کوردستان 12:49 AM - 2020-05-22
.

.

رۆژی 19 ی ئایاری 2020 رێكخراوی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە پێگەی تایبەتی خۆی راپۆرتێكی  بە ناونیشانی"دەسەڵاتداران لە هەرێمی كوردستان پەنا دەبەنەبەر سەركوتكردنی خۆپیشاندەران" لەئامادەكردنی (بەڵقیس ولی) لێكۆڵەر لە بەشی "ململانێ و قەیرانەكان" بڵاوكردوەتەوە، كە تێیدا باس لەوەدەكات  كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگریی لە ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان دەكەن و چالاكوانان و خۆپیشاندەران دەستگیر و زیندانی دەكرێن.

 

لە دەستپێكی راپۆرتەكەدا هاتووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمدواییانە داجارێكی تر نووكی بزماریان لە تابووتی ئازادی رادەربڕین داكووتا، رێگری لە ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەگیرێت و چالاكوانان و خۆپیشاندەران زیندانی دەكرێن. 

 

ڕاپۆرتەكە وتەی ژمارەیەك رۆژنامەنووس و مامۆستای لە شاری دهۆك لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردوەتەوە كە رایانگەیاندووە، فەرمانبەران و مامۆستایان لەمانگی شوباتی ئەمساڵەوە  بە بیانووی دابەزینی نرخی نەوت وهەرەسی ئابوورییەوە مووچەیان وەرنەگرتووە. ئاماژەیان بەوەش كردووە كە پرسی دواكەوتنی مووچە لەساڵی 2015 ەوە بەردەوامی هەیە، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لای هاووڵاتیان دروستكردووە، حكومەتیش لەبری گوێكرتن لە داواكاری مامۆستایان و فەرمانبەران و جێبەجێكردنیان، پەنادەباتە بەر دەستگیركردنی چالاكوانان و هاووڵاتیانی ناڕازیی.

 

  ژمارەیەك لە هاووڵاتیان و مامۆستایان رۆژی 13 ی ئایار داواكارییەكیان پێشكەش بەپارێزگاری دهۆك كردبوو كە تێیدا داوایان كردبوو، كە رێگەیان پێبدرێت رۆژی 16 ی ئایار لەپێناو پێدانی مووچەكانیان خۆپیشاندانی ئاشتییانە بكەن. مەرجی داواكاری مۆڵەتی خۆپیشاندان، ئەمەش پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە كە پارێزگاری لەمافی خۆپیشاندان دەكات، كە دەڵێت: ئەگەر دەسەڵاتداران لەماوەی 48 كاتژمێردا وەڵامیان بۆ داواكاری رێكخستنی خۆپیشاندان نەبوو، وەك ئەوە وایە داواكارییەكە رەزامەندی لەسەر درابێت.

ڕاپۆرتەكە ئاماژە بەوەش دەكات، كە رۆژی 15 ی ئایار پارێزگای دهۆك لەماڵپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك راگەیەندراوێكی بڵاوكردبوەوە و ئاماژە بەوەدەكات كەئەوان زانیارییان هەیە لەسەر پروپاگەندە سیاسییەكان و بانگەشەكردن بۆ خۆپیشاندان. 

راگەیەندراوەكەی پارێزگای دهۆك ئاشكراشی كردووە كە بەهیچ شێوەیەك رەزامەندی لەسەر خۆپیشاندان نەدراوە، هەڕەشەی یاسایی لەوانەش كراوە كە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن. بەگوێرەی وتەی یەكێك لەرێكخەرانی خۆپیشاندانەكە، پارێزگا  وەڵامی داواكارییەكەی ئەوانی بەكردار نەداوەتەوە، رەتكردنەوەی داواكارییەكەشیان بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپاراستن بەڤایرۆسی كۆرۆناوە نەبووە. 

لەرۆژی 16 ی ئایاردا هێزە ئەمنییەكانی شارەكە كەوتنە دانانی خاڵی پشكنین و دانانی بەربەست لەدەوروبەری شوێنی خۆپیشاندانەكە، هەر لەرۆژانی 15 و 16 ی ئایاردا هێزە ئەمنییەكان دەیان هاووڵاتی ناڕازییان دەستگیركرد، ژمارەیەكیان لەماڵەكانی خۆیاندا دەستگیركران، ژمارەیەكی تریشیان لە رۆژی 16 ی ئایاردا لەو شوێنە دەستگیركران كە بۆ خۆپیشاندانەكە ئامادەكرابوو. بەلایەنی كەمەوە 8 رۆژنامەنووسیش دەستگیركران. هەرچەندە زۆربەی دەستگیركراوەكان دوای پێنج كاتژمێر ئازاد كران، كە ئەوە بەس بوو بۆئەوەی خۆپیشاندانەكەی پێ‌ لەبارببرێت.

 

راپۆرتەكەی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ، ئاماژە بە تۆمارێكی ڤیدیۆیی دیندار زێیاری و پارێزگاری دهۆك دەكات كە وتووبوویان لایەنە سیاسییەكان لەپشت خۆپیشاندانەكانەوەن. ئەگەر ئەم تۆمەتە راستیش بێت، ئەی گرفت چییە لەوەدا؟ لە كەیەوە ئەوە بێ یاساییە ئەگەر خۆپیشاندەران مەیلێكی سیاسییان هەبێت؟ ئەم لێدوانانە ئاماژەیەكی ترسناكن و ئەوە ئەگەیەنێت كە لەهەرێمی كوردستان رێگە نادرێت هاووڵاتی بەئازادانە و بەئاشكرا بیروبۆچوونی سیاسیی خۆی جیاواز لەوەی دەسەڵاتداران هەیەتی دەرببڕێت.

لە راپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، كە نوێنەرانی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەم چوار ساڵەی دواییدا، زیاتر لە 12 كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمدا ئەنجامداوە، كە تێیدا دەسەڵاتداران شانازی بەوەوە دەكەن كە پابەندن بە رێزگرتن لەمافەكانی مرۆڤ. رووداوەكەی ئەم دواییە دەریخست كە هەرێمی  كوردستان نە ئەو جێگەیەیە كە گردبوونەوەی ئاشتییانە تێدا ئەنجام بدرێت نە ئازادی دەربڕین.

 

PUKmedia/ پێگەی رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket