riklam

محەمەد عوسمان : هەولێر 1500 داعشی تەسلیمی بەغدا كردۆتەوە

کوردستان 11:42 PM - 2020-05-21
.

.

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان، تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، كەلەسەر رێكەوتنی رادەستكردنی نزیكەی 200 زیندانی داعش  بەحكومەتی عیراق لەیەكێتیی گیراون، و هەروەها  جەختدەكاتەوە، پێشتر هەولێر هەزارو 500 زیندانی داعشی رادەستی  بەغدا كردبوو.

محەمەد عوسمان  لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تایبەت بە PUKmedia ی راگەیاند:  دیارە ئێمە وەكو مەڵبەندی رێكخستنی كەركوك توانیمان نێوەندگیریەك بكەین لەنێوان بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لەسلێمانی وە حكومەتی ناوەندی لەكەركوك، ئەوەش سەرئەنجامی ئەوە هات كە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و خاجی سوری نێودەوڵەتی، وە رێكخراوەكانی لێبوردەی نێودەوڵەتی و كۆمەڵێك رێكخراوی ئەنتەرناسیونال كە لەبوارەكانی مرۆڤایەتی كار دەكەن، وە دوای ئەوەی كۆمەڵێك لەسەركردەو سەرۆك عەشیرەتەكانی عەرەب داواكاربوون كە هەوڵبدەین بۆ ئەوەی بەشێوازێك لەشێوازەكان رێگەیەك بدۆزینەوە، كە ئەو  كێشانەی كەلەسەردەمی بەعس و سەردەمی حكومەتی ناوەندیش روبەڕوومان بوونەتەوە،  تاكو پێكەوە كاربكەین بۆ كۆتایی هێنان پێیان و دروستكردنەوەی گیانی ئاشتەوایی و پێكەوەیی، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە راسپێردراین كە نێوەندگیریەك بكەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی بەرپرسانی سلێمانی، خۆشبەختانە ئەو بەرنامەیە سەری گرت و سەرەئەنجام ئەوە روویدا.

وتیشی: دیارە ئەو پێكەوە كاركردنە سەرەئەنجامی ئەوە هات، كە ئێمەوە یەك یەكێتیی حیزبێكی سۆسیال دیموكراتین و باوەڕمان بەپێكەوە ژیان لەگەڵ نەتەوەكانی تر هەیە، جگە لەوەش كە ئێمە بەرنامەو پلانی ستراتیژی سەرۆك مام جەلال ئەوە بووە كەلەسەر ئەوە كاری كردوە، پەیوەندیەكان لەگەڵ هەموو لایەكدا بەشێوەیەكی ئاسایی بڕوات، هەروەكو چۆن لەسەردەمی سەرۆك مام جەلال ئەمریكاو توركیاو عەرەب و كورد و توركمان و شیعەو سونەو  لەرێگەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەكانی هەمووانی پێكەوە بەستبووەوە، ئێمەش وەكو خوێَندكاری ئەو خوێندنگایە، هەستاین نێوەندگیریەكمان كرد،ئەمەش سەرەئەنجامی ئەوە هات، بۆ ئایندە هەر پرۆسەیەكی سیاسی لەعیراق ئەنجام بدەین بەبێ نەتەوەكانی تر ناتوانین مامەڵە بكەین ئەگەر پەیوەندیەكی تەندروستمان نەبێت، ئەو پەیوەندیەش  لەوەوە دروست دەبێت كە متمانەو بڕوامان بەیەك هەبێت، ناكرێت ئێمە 400 بۆ 500 گەنجی عەرەب لای ئێمە بێت و بڕۆین متمانەو بڕوایان لەگەڵ دروست بكەین.

لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی وت : بۆیە كە ئەم دەستپێشخەریە كرا، رەنگدانەوەیەكی باشی هەبووە لەناو نەتەوەی عەرەب و لایەنە سیاسیە عەرەبیەكان هەبووەو تەنانەت ئامادەن لیستی هاوبەشیشیان هەبێت لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك  و لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش، واتە ئەم دەستپێخەریە هەنگاوێكی باش بووە، وایكردوە ئەو تەشەنوجەی بەرامبەر گەنجی كوردو بەرامبەر میللەتەكەمان هەبێت كەم ببێتەوە.

باسی لەوەشكرد: حكومەتی عیراقی  بەتایبەت ساڵەهای  ساڵە   لەسەردەمی بەعسدا هەركوشتن و لەدوای 2003 شەوە جۆرەها گروپی تیرۆرستیان بۆ دروست كردین، لەنەقشبەندی و قاعیدەو داعش و ئەوانە،  كە زیانی زۆریان پێگەیاندین و چەندین هاووڵاتی و پێشمەرگە شەهیدبوون، بۆیە چیتر كاتی ئەوە كۆتایی هاتووەو دەبێت بەربەستێكی گەورە بۆ ئەوە دابنرێت و دۆستایەتی و پێكەوەیی لەگەڵ  عەرەب و توركمان و ژیانی پێكەوەی كاریگەری گەورەی لەو بارەیەوە دەبێت.

محەمەد عوسمان  ئەوەی خستەڕوو: بەڵام بەداخەوە هەندێك حزب و لایەنی كوردستان بەو دەست پێشخەریە ژان گرتوونی، بۆیە لەبری ئەوەی بەكارێكی سەركەوتووی لەقەڵەم بدەن كەوتوونەتە تیرو توانج، لەكاتێكدا ئەوان نەك چاویان بەكارو كردەوەكانی یەكێتیی هەڵنایەت،تەنانەت نەیانتوانیوە چاویان بەهاوسەرۆكانی یەكێتیی هەڵبێت و ئەو مافە بەخۆیان بدەن پیرۆزباییەك لەیەكێتیی بكەن، بۆیە كەئەوان بەو نیەت و عەقڵیەتەوە مامەڵە دەكەن، هیچ شتێكیان لێ چاوەڕوان ناكەین، بەڵام ئێمە لەسەر سیاسەتی خۆمان بەردەوام دەبین، چیتر سیاسەتی پاشكۆ رۆی تێپەری، یەكێتیی بەسیاسەتی سەردەمانەو بەرنامەی نوێی سیاسی  كاردەكات، چیتر رێگە نادەین  چارەنووسی میللەتەكەمان بەرەو ناو ئاگر بەرن و بەبەرنامەیەكی ئاشتیخوازانەو گیانی پێكەوەیی كار دەكەین و ئەمانجی سەرەكیمان خزمەتی خەڵكی خۆمانەو دوور خستنەوەیان لەشەڕو ئاڵۆزی.

ئەوەشی ئاشكراكرد: پێشتر هەزارو 500 دیلی داعش لەلایەن هەولێرەوە رادەستی بەغدا كران و هیچ كەس و لایەنێك نقەی لێوەنەهات، ئەی ئەمە چەندی بەچەند؟، بۆ  كەس لەسەر ئەوە رەخنەی نیە؟، قسەی نیە؟، لەكاتێكدا ئێمە بەپێی یاسا 200 دیلی داعشمان رادەستی حكومەت كردوە، واتە ئازاد نەكردوە، بەڵكو هەریەكێك لەو دیلانە سەر بە پارێزگایەكن لەوێ زیندانی دەكرێن و بەپێی تاوانەكانیان دادگای دەكرێن.

جەختیكردەوە: ئەم جۆرە دەستپێشخەریانە بەتایبەت بۆ ناوچە جێناكۆكەكان گرنگن،  چونكە ئەو ناوچانە چیتر شایەنی ئەوە نین كێشە و ئاڵۆزی ئەمنیان هەبێت، وە دەبێت لەڕووی ئیداریەوە رێكبخرێنەوەو ئاشتی و ئارامیان تێدا بەرقەرار ببێت،وە ئیدارەدانێكی شەفاف و خزمەتكارانە پیادە بكرێت.

 

 

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket