riklam

فارگۆنەكانی قیتاری یەكێتیی

ی.ن.ک‌‌ 03:37 PM - 2020-05-21
.

.

ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،بەتەنها هەر ساڵیادی دامەزراندنی حزبێك نییە ڕووت، ساڵیادی تێپەڕاندنی هزری كلاسیك و تاكڕەهەندی حزبی و سیاسیشە، ساڵیادی هەڵگرساندنی شۆرشی نوێ‌، ساڵیادی هاتنە ئاراوەی گوتارو تێكستی زیندوو، ساڵیادی سەرهەڵدانی ئایدیاو ئەدەبیات و زیهنیەتی تازە‌، ساڵیادی لەدایكبوونی ئازادی و جیاوازییە زۆرە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكانیشە، ساڵیادی جێپێگرتنەوەو چەسپاندنی سەركردایەتیكردنی بەكۆمەڵە لەئەداو ڕێبەرایەتیكردندا، ساڵیادی داهێنانی خەباتی ڕێكخراوەیی پیشەگەرانەی سەندیكایی و مەدەنی و جەماوەری، ساڵیادی هەڵزنانی گیانبازی پێشمەرگەو زیندانیان و ڕێكخستنە ئازاكان، ساڵیادی دەیان هەزار شەهید، دەیان هەزار قوربانی، ساڵیادی دێهات و بوژانەوەی پێدەشت و هەڵسانەوەی گردو كێوو نشێوو لوتكە بەلوتكەی چیاكانی كوردستانیشە، ساڵیادی سەرهەڵدانی خەباتی نیشتمانی و كوردستانی، ساڵیادی هەزارەها داستان، هەزارەها قارەمان، ساڵیادی تێكشكاندنی موتڵەق و بەچۆكداهێنانی موستەحیل و خستنی مەحاڵەكانیشە، ساڵیادی نەمری و درەوشانەوەی تێكۆشەرێكە خۆنەویست و شۆڕشگێر، ئازادیخوازو دەگمەن لەسەركردایەتی كردن و ڕابەرایەتیكردن و سەرخستنی شۆڕشێكی یەك پشودا، ساڵیادی هەڤاڵ" مام جەلال"ـە. هاوكات ساڵیادی مەرگی هەموو ئەوانەیشە بەدرێژی ئەم 45 ساڵەی تەمەنی یەكێتیی نیشتمانیی تەمایان لەسەر مەرگی یەكێتیی هەڵچنی و گرەویان لەسەر نەمانی كردو خەونیان بەمردنییەوە بینی.

ئێستا یەكێتیی پێیناوەتە دۆخێكەوە تەواو جیاواز لەڕێبەرایەتی و سەركردایەتی كردندا، ڕەنگە هەمووان و بەتایبەت ئەوانەی ئەمڕۆ كەوتوونەتە هەمان ئەو دۆخەوەی پێشتر یەكێتیی تێیكەوتبوو خۆزگە بەئێستای یەكێتیی بخوازن، یەكێتیی نەك هەر نەكەوت سەریشكەوت، ئێستا هەم جەماوەرەكەی هەم خەڵكی كوردستان، تەنانەت حزب و لایەنە سیاسیە كوردی و عیراقییەكانیش ورد چاویان لەسەر هەنگاوەكانی لەمە بەدواوەی یەكێتییە، دۆستەكان بەئومێدەوەو نەیاریش جارێ‌ لەشۆكدان، لەبەر ئەوە گرینگە:-

یەكەم/ یەكێتیی لەخۆیدا:

چۆن ئازادو ئازایانەو بەجۆرئەتەوە، لەدژوارترین دۆخی ناوخۆیی دەرون حزبی و ناوچەییدا كۆنگرەی نوێكردنەوەی خۆی ئەنجامدا،نەدنیاش خرابوو و نەیەكێتیش هەڵوەشا، ئاواو زیاتریش لەسەریەتی پێگەو پایە دامەزراوەییە ئۆرگانیكییە جیاكانی خۆی، نەهجە سیاسی و دیبلۆماسییەكەی خۆی، مەسەلەی فكرو ئایدیا فەلسەفییەكەی، سێكتەری پەروەردەو ئاڕاستەكردنەوەی تەنزیمەكەی، جۆشدانەوەی جەماوەرو دڵدانەوەی خەڵكە تێكۆشەرە دڵشكاوەكەی، شكۆمەندانەو نوێ‌ دیدانەو بوێرانە بونیاد بنێتەوە لەخۆیدا،لەسەریەتی بەهەموو هێزی خۆیەوە گوتارو سەركردایەتییەكەی لەسەر ئاستە جیاكان لەپەرتبوون بپەڕێنێ‌ و وەك یەكەیەكی ڕۆشن بهزرێ‌ بفكرێ‌ ئەدا بكاو ئیدی بڕیار بدا، بڕیاری یەكێتییانە.

مێژوو، مێژووە، هیچ هێزو حزبێك نییە بتوانێ‌ لەژێر كاریگەری ڕابردوی خۆی لەڕەگەوە بپاژێ‌، بەڵام بیانووە كۆنەكان، پاساوە سواوەكان، هەیمەن و هەژموونی بەرژەوەندیخوازەكان، دەبێت ببنە تێپەڕ، بەهای جوینەوەیان نەماوەو دادی لەئێستا بەدواوەی یەكێتیی نادەن، تەنانەت دەبێت ئاسەوارەكەیشیان لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵبتەكێندرێت،كارەكە ئاسان نییە، بەڵام هەرچەند قورس بێت،ڕێگەی پڕاكیتیزە كردنەكە هەروان پان نییە بەڵام هەرچەند سەخت بێت، قابیلی ئەوە نییە 124 ئەندامی سەركردایەتی نەتوانێ‌ تەختییە بكاو نەتوانێ‌ سەركەوتووانە تێیپەڕێنێت.

لەماوەی ڕابردودا بەتەجروبە دەركەوت، سیاسەت و ڕۆمانسیەت، بزنس و سیاسەت لەژیانی حزبیدا ناسازێن ناتوانن بەیەكەوە هەڵبكەن، ڕۆمانسیەت لەكارو ئەدای حزبیدا بەشەخسەنە كردن و غەریزەگەرایی و بەرژەوەندیپارێزی خودی دەخاتەوە، بزنس تێكەڵاوی هەر شتێك بكرێت لەهەناودا دەبێت بەخۆركەی ئەو شتە.پەیوەندییە شەخسییە سیاسییەكانی سەركردایەتی نوێ‌، دەبێت بخرێنە خانەی خزمەت كردن بەیەكێتییەوە، دەبێت ئیزافە بخەنە سەر هەبوونی یەكێتیی نەك لەسەناو پەنای یەكێتیی و ڕێككەوتنەكانی یەكێتییدا پاڵدانەوەو خەریكی خۆبن.

راستە حزب زانكۆ نییە تا واوێنا بكرێ‌ هەمووان دەبێ‌ خاوەن بڕوانامەی باڵابن، نەفرقەی تۆپانێشە تا ئیجباربێ‌ بەوەی پێكهاتەكەی دەبێت تەنها گەنج بێت، بەڵام بەدڵنیایشەوە قیتاری حزب، حزبی نوێگەرو نوێخواز، لەژێر هیچ پاساوێكیشدا نابێ‌ بواری ئەوە بدا فارگۆنەكانی خاڵیبن لەگەنج، لەهزرو دیدی نوێ‌، لەتوانستی جیاوازو كوڕو كچانی ئاست بەرز،نابێ‌ ئیتر سەدای بوقەكەی یەكێتیی‌ نەبیسترێت،سەردەمی ئەوە بەسەرچوو هەر سەرنشینەو لەئاوەزو ئاوازێك لێبداو بخوێنێت، پێویستە هەمووان ئیجبار بكرێن وەك یەكێتیی یەكێتیی بن و یەكێتییایەتی بكەن، نەك هەر كەسەو بەو جۆرەی خۆی دەیەوێ‌ و بەپەسەندی دەزانێت.

دووەم/ یەكێتیی و حزبەكان:

پەیوەندی حزبەكان، بێگومان هەر یەك بەسەنگ و پێگەو پێوەری خۆی گرینگەو بەهای تایبەتی خۆی هەیە، چونكە وێڕای ڕەنگدانەوە لەسەر ڕەوشە سیاسیە ناوخۆی و عیراقی و هەرێمایەتی و دەولییەكە، كاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بازاڕو ژیانی خەڵكیش دادەنێت، نەحزب و نەژیانی خەڵك بەرگەی بەشەخسەنەكردنی ئەم جۆرە پەیوەندییە ناگرن،یەكێتیی چانس و سەردەمی ئەوەی نەماوە پەیوەندییەكانی پەرتبێت و نەتواندرێ‌ بەناوی یەكێتییەوە قسە بكاو قەرار بدات، ئەوەی لەمەودوا نازاندرێ‌ لەگەڵ كوێی قسە بكرێ‌ دەبێت ئەحزابە ڕەجعییەكان بن، یەكێتیی پێویستە لەڕەگەوە پەیوەندییەكانی خۆی لەسەر بنەمایەكی هاوسەنگی حزبی بونیاد بنێتەوە، هاوكات لەسەریەتی زۆر جیددیانە كار لەسەر پێكهێنان و بەهێز كردن و پێكهێنانی بەرەی ئازادیخوازانەو نیشتمانیی سەرتاسەری كوردستانی بكات، ئەوانەی لەوەها دۆخێكدا دەكەونە خوارەوە ئەو حزبانەن لەبری حزب پتر پڕۆژەن، پڕۆژەو ئەجێندای ئیستغباراتی هەرێمایەتی و دەولی و مەزهەبی.

ئەم پەرتبوون و فەراغەی ڕابردوو، زیانی زۆری لەپێگەو هەیبەتی یەكێتیی و لەوێشەوە لەتەواوی پرۆسەی سیاسی نیشتمانی و دۆسیەی كورددا بەگشتی،نەك هەر یەكێتیی و یەكێتییەكان پێویستە هەموو حزبە نیشتمانیی و تەواوی ئازادیخوازان لەم حەقیقەتە بەوردی تێبگەن، بەدرێژایی مێژووی 45 ساڵەی یەكێتیی ئامانج لەگەمارۆدانی یەكێتیی ئامانجێكی ڕوت نەبووە وەك لێدان لەخودی یەكێتیی وەك حزبێك، گەمارۆدانی ئازادی و گۆشەگیر كردنی گوتاری نیشتمانیی و پاشەكشێ‌ پێكردنی ژیانی خەڵك بووە،تۆمەتبار كردنی بەعیراقچێتی لەبەرامبەر پیادا كردنی سیاسەتی واقیع بینانە، ئامانجەكەی لاڕێكاری و گەمە كردنی هەرێمایەتی بووە بەدۆزو كەیسی كوردوە،بەڵێ‌ نزیكبوونەوەی یەكێتیی و دۆستایەتی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسیە كوردی و عیراقی و هاوئایدیاكانی بەهای تایبەتی حزبی و جەماوەری خۆیان هەیە، بەڵام هەرگیز نابێ‌ ئەمە جارێكی تر لەسەر پێگەو شكۆی یەكێتیی بیناو بەمانا بكرێت.

سێیەم/ یەكێتیی و حكومڕانێتیی:

دیدەگەی یەكێتیی، پێویستە دیدگەیەكی پراكتیزە كراوی جیددی و حەددی بێ لەحكومڕانێتیكردن و بەشداریكردنی لەحوكمكردندا، پێویستە پێگەو پشەكە بەركەوتەكانی بەتەواوەتی لەپشكپشكێنەی ناوخۆ دەرباز بكاو بەكردار بەركەوتەكانی لەشایستەترین كادرەكانی ئەزموونی بكات، هاوكات چاودێرییەكی وردی كۆی پرۆسەی حوكمڕانێتی و لێپرسینەوەی جیددی لەستافەكەی بكات، هەروەك چۆن لەسەریەتی پێداچوونەوەی وردو بەستافی نوێنەرایەتیكردنەكەی لەتەواوی ناوەندو بنكەو فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی و ئاستە جیاوازەكانی تردا بكات لەناو حكومەت، دەبێت لەئاڵوگۆڕ پێكردندا زۆر جیددی و حەددی بێت، حزب بەوە ناشكێت چوار نوێنەری خۆی لەسەر خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی و فەسادی ئیداری بداتە دادگاو سزیان بداو دوریان بخاتەوە لەخۆی، بەوە كەمناكات چەند سەت كەسێك لەكەسوكاری سزادراو پشت بكەنە یەكێتیی، مەرجیش نییە ئەوەی دوێنێ‌ شۆڕشگێڕ بووە چاوپۆشی لەئەداو ڕەفتاری ئەمڕۆی بكرێ‌، ئەوەی ڕێز لەڕابردوی شۆڕشگێڕانەی خۆی نەگرێت، حزب هەڵەیەكی كوشندە دەكات بیپارێزێ‌ و لێی قبوڵبكات، یەكێتیی نابێ‌چیتر ئەو حەقیقەتە فەرامۆش بكات لەڕابردودا چجۆرە باجێكی قورسی لەسەر ئەم بابەتانە داوە.

چوارەم/ یەكێتیی و خەڵك:

مەعلومە خەڵكی كوردستان لەچ دۆخێكدان نەخوازراو، یەكێتیی چۆن لەسەریەتی پەیوەندی نێوان خۆی و خەڵك لەگوندەكانەوە بگرە تا دەگاتە كۆڵان و شەقامەكانی شار، ڕاستگۆیانەو ڕاشكاوانە، مەیدانی و دور لەڕۆمانسیەت سەر لەنوێ‌ و یەكێتییانە بونیاد بنێتەوە، ئاواو هەر زۆر زیاتریش واجبی هەرە لەپێشیەتی بەكردەوە پێداگری لەماف و بەرگری ئازادییەكانی خەڵك بكات، وەها كارێك هەر كاری نوێنەرایەتییەكەی نییە لەحكومەت و هەر بەستافەكەی ناكرێ‌ لەحكومڕانێتیكردندا، پوچەڵكردنەوەی قۆرغكارییەكانی بازاڕ، سزادانی بەرپرسە گەندەڵ و بزنسمانە چاوچنۆكەكانی، ئەوانەی لەسەر كەوڵی یەكێتیی بوونتە خاوەن سەرمایەی خەیاڵی، پێویستە یەكێتیی حزبیانە دادگاییان بكات و دۆسیەكانیان بەئاشكراو بەبەرچاوی میدیاو خەڵكەوە بدات بەیاسا، ئەو حزبەی لەخۆدا نەتوانێ‌ لێپرسینەوە بكات، ناتوانێ‌ بەرپرسیارێتی ژیانی خەڵك لەئەستۆ بگرێ‌ و خەڵكی تەمای لەسەر هەڵبچنن.

خزمەتكردنی خەڵك ئەوە نییە پاروی بۆ بكەیت و پارەی بدەیتێ‌، ئەوەش نییە هەڕەمەكی بیكەیتە موچەخۆرو بندیوارو پاسەوانی بێپاساو، هەروەها ئاشتكردنەوەی خەڵكیش هەر سەردانیكردن و بەشداریكردن لەخۆشی و ناخۆشییەكانی نییە وروژێنەرو ڕۆمانسی، جێبەجێكردنی ئەرك و بەرپرسیارێتییە ڕاستەقینە حزبیەكەیە بەرامبەر بەخەڵك وەك ئەوەی شایستە بەهەبوونیەتی، پەیڕەو كردنی سیاسەتی ڕون و ڕاشكاوی حزبییە لەئەداو لەپڕاكتیزە كردندا، هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخستنی خێزانی و بنەماڵەییە لەتەنزیمدا، ڕەخساندنی هەلیكارە، ئارامییە، ئەو شتانەی دەرگەو دەروازەی نوێ‌ بەڕوی خەڵكدا دەكەنەوە بونیاد نانەوەی متمانەیە لەواقیعدا لەگۆڕەپانەكەدا.

ئەرسەلان مەحمود

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket