riklam

کاریگەری سۆشیال میدیا لەسەر پەتای کۆرۆنا

تەکنەلۆجیا 04:07 PM - 2020-05-20
.

.

دوو مامۆستای زانكۆی پۆلەتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی راپەڕین، توێژینەوەیەكی زانستی دەربارەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ  لەگۆڤاری ئیمپاكت (4.945) بڵاودەكەنەوە، کە تائێستا بەرزترین ئیمپاكت فاكتەرە لەناو توێژینەوەی پسپۆڕییەكانی زانستە كۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەكان لەهەرێمی كوردستان.

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر هێرش رسوڵ مامۆستا لەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دكتۆر ئاراز رەمەزان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و مامۆستا لەزانكۆی راپەڕین، توێژینەوەیەكی زانستی هاوبەشیان دەربارەی  ( كاریگەری سۆشیال میدیا لەبڵاوكردنەوەو دروستكردنی ترس و تۆقاندن لەسەردەمی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، لەهەرێمی كوردستان، لەیەكێك لەگۆڤارە ئیمپاكت فاكتەرە هەرە بەرزەكان بڵاوكردەوە.

توێژینەوەكە لەگۆڤاری (Journal of Medical Internet Research) بڵاوكراوەتەوە، كە خاوەنی ئیمپاكت فاكتەری (4.945)-ە بەپێی دواین ریزبەندی فاكتەری كاریگەری كلاریفەیت.

ئەم ئیمپاكت فاكتەرە تائێستا بەرزترین ئیمپاكت فاكتەرە لەناو توێژینەوەی پسپۆڕییەكانی زانستە كۆمەڵایەتیی و مرۆڤایەتییەكان لەهەرێمی كوردستان و بەرزترین ئیمپاكت فاكتەریشە لەهەموو پسپۆڕییەكان لەزانكۆی راپەڕین كە تائێستا بڵاوكرابێتەوە.

گۆڤاری (Journal of Medical Internet Research) لەرانكی گۆڤارەكانی دیجیتاڵ تەندروستی و ئینفۆرماتیكسی تەندروستی بەئاست بەرزترین گۆڤار دادەنرێت و لەناو باشترین (26) گۆڤاری بوارەكە بەیەكەمین گۆڤار دانراوەو لەچارەكی یەكەمدایەو لەسەر ئاستی جیهانیش چوارەمین ئاست بەرزترین گۆڤاری زانستییە و لەچەندین دامەزراوەی زانستی ئیندێكس كراوە لەوانە سكۆپەس و كلاریفەیت.

هەروەك چۆن توێژینەوەكە بەچەندین دەرەنجامی زانستی گەیشتووەو دەربارەی كاریگەری سۆشیال میدیا لەدروستكردنی ترس و تۆقاندن لەناو جەماوەرو بەكارهێنەرانی پلاتفۆڕمەكانی سۆشیال میدیادا.

لەم توێژینەوەیەدا چەند تەوەرێكی زۆر گرنگ و پەیوەست بە ئێستای میدیای نوێ و سۆشیال میدیا لە جیهاندا تیشكی خراوەتە سەر، بە تایبەتیش لە دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كە زۆرینەی حكومەت و دامەزراوە میدیاییەكانیشی لەدنیادا توشی كێشە كردووە، زانیاریی نادروست (Misinformation) و هەواڵی ساختە (Fake News) و زانیاریی زۆر لەپێویست (infodemic). هەروەك چۆن لە سامپڵی توێژینەوەكەشەوە بە چەندین دەرەنجامی زانستیی گەیشتوون، لەوانە: تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فاكتەری بەهێزی دروستبوونی ترس و تۆقاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ بوون لە هەرێمی كوردستاندا، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان زۆرترین زانیاریی ناڕاست و ساختە هەواڵی تێدا بڵاوكراوەتەوە. توێژینەوەكە بەو دەرەنجامەش گەیشتووە، كە لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لە هەرێمی كوردستان فەیسبووك زۆرترین كاریگەریی لەسەر دروستكردنی ترس و تۆقاندنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو بەكارهێنەرانیدا بینیوە.

هەروەها زۆرترین لەبەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەماوەی سێ مانگی سەرەتای 2020دا بەرێژەی یەكەم هەواڵ و زانیاریی تەندروستی و پەیوەست بە كۆرۆنایان خوێندۆتەوەو، ئەوەش كاریگەری لەسەر لایەنی سایكۆلۆژی و شێوازو رەفتاریان لە ژیانی رۆژانەیان و ژیانی كۆمەڵایەتیاندا گۆڕیوە. توێژینەوەكە بەچەندین دەرەنجامی زانستی دیكە گەیشتوەو لەرێگەی مۆدێلێكی ئامارییەوە گەیشتووە بەو دەرەنجامەی لە كاتی بڵاوبونەوەی پەتا جیهانییەكاندا، تا بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەرەو زیادبوون بڕوات، ئەوا كێرڤی دروستبوون و بڵابونەوەی ترس و تۆقاندنیش زیاد دەكات و دواجار كاریگەریی لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی مرۆڤەكان دەبێت و گۆڕانكاری لەرەفتارو سلوكیاندا روودەدات، ئەو گۆڕانكارییەش بەپێی گروپی تەمەن و رەگەزو ماوەی بەكارهێنان دەگۆڕێت.

لینکی یاریدەدەر بۆ خوێندنەوەی هەوالەکە بە ئینگلیزی..............

PUKmedia

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket