riklam

خەڵك لێتان توڕەیە..!

بیروڕا 01:12 PM - 2020-05-20
.

.

سەرۆكی پێشوتری وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا جیمی كارتەر، نامەیەكی لەرێگەی گۆڤاری نیوزویكی ئەمەریكی ئاراستەی دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئێستای ئەو وڵاتە كردووە، تیایدا پێی راگەیاندووە، تۆ دەترسێی لەوەی وڵاتی چین بە پێش ئێمە بكەوێتەوە، هەقی خۆتە بترسێی، بەڵام دەزانی چین بۆ لەپێش ئێمەدایە؟ لە درێژەی نامەكەیدا، دەڵێت من لەساڵی 1979 هەڵستام بەئاسایی كردنەوەی پەیوەندیە دبلۆماسیەكان لەگەڵیاندا، ئەوەم بە باشتر زانی لەوەی ململانێی بەردەوام بكەین ، ئایا ئاگاداریت لەوەی لەو ساوە چین چەند شەڕی لەگەڵ لایەنەكانیتر كردووە؟ هەر خۆی وەڵام دەداتەوە تەنها یەكجاریش نا ، بەڵام ئێمە لە شەڕی بەردەوام داین، ئەمەریكا بەدرێژایی مێژوو زۆرترین شەڕی كردووە، بۆ ئەوی هەژمونی خۆی بەسەر هەموان بسەپێنێت و حكومەتی وا دروست بكات كە لەژێر كۆنترۆڵ  و بەهاكانی خۆی بێت، بەڵام چین داهاتەكانی لە وەبەرهێنان، لە پڕۆژەكان و لە بوارەكانی هێلی ئاسنین و ژێرخانی ئابوری شەمەندەفەر و میترۆی تیژڕەوە و روكێتی و كیشوەربڕ هەروەها تەكنۆلۆجیای تازە و روبۆتەكان و زانكۆكان و نەخۆشخانە پێشكەوتوەكان و بەندەر و باڵەخانەكان بەكارهێناوە و بەردەوامیشن، ئایا ئێمە چەند لەو شەمەندەفەر و میترۆیە خرایانەمان لەم وڵاتەی خۆماندا هەیە، زیاتر لە 300 ترلیۆن دۆلارمان لە خەرجی سەربازی بەفیڕۆداوە، بۆ ئەوەی هەموو شتێك لە ژێر هەژمونمان دەرنەچێت و وەكو خۆیان بیان هێڵینەوە، كەچی چین نە ئەوەی كردووە نەهیچیشی خەرجكردووە، نەشەڕیشی بۆ ئەو مەبەستە كردووە، بەو هۆیەوە ئەو چینە لەهەموو دەڤەرەكان بەسەر ئێمەدا سەركەوتون ، لە درێژەی نامەكەیدا دەپرسێت، چی دەبوو ئەگەر ئەو 300 ترلیۆن دۆلارەمان لە بیناكردنی ژێرخانی وڵات و روبۆتەكان و خوێندنی خۆڕایی و شەمەندەفەر و میترۆی رۆكێت ئاسا و خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی، بۆ ئەوەی بەهەزاران لە كۆمەڵانی خەڵكی وڵاتەكەمان توشی بەڵای جۆراوجۆر نەبن، ئەوە نیە وڵاتەكەمان لە هەموو وڵاتانی جیهان زیاتر دووچاری كۆڤید-19 بووە، پێویستە پێداچونەوەیەكی تەواو بە جومگەكان و سیستەمی فێركردنی باش بۆ هەموان بكەین وەكو كۆریای باشور و شەنگەهای،  بەڕێز سەرنج بدەن، شەڕ چەند زیانی گەورەی لێدەكەوێتەوە .؟ 

     ئەمە نامەكەی جیمی كارتەر بوو بۆ ترەمپە سور، مەبەستی من لە خستنەڕوی ئەو نامەیە بۆ ئەوەیە بەسەركردە سیاسیە دێرینەكان و ئەوانەی تازە بڵێم، كۆتایی بە ململانێ بهێنن و چیتر درێژەی پێمەدەن، پێم ناڵێن و لەخۆتان ناپرسن چەند گەنجی جوان لەسەر كەپكی حەمەداغا و كڵاوقاسم و بنەباوێ و بوونەتە قوربانی و گۆڕ بزر بوون، چیان لە شوێندا شین بووە؟ جیهان لەسەر و بەندێكە شەڕ و ململانێ تەنها لە شوێنە دواكەتوەكان ماوەتەوە، ئەوەش شەڕی بە وەكالەتە بۆ بەرژەوەندی زلهێزەكان، بۆچی لێدەگەڕێن هەرێمی كوردستان بەم هەموو جوانی و خێر و بێرەوە وەكو شوێنێكی دواكەوتو سەیر و مامەڵەی لەگەڵدا  بكرێت، لەوە زیاتر دوژمنان و ناحەزانمان پێخۆش مەكەن، ئاخر زینی وەرتێ و دێگەڵە و باقی خاڵەكانیتری پشكنین، دەكرێت وەك سەردەمی رژێمی دكتاتۆری سەیریان بكرێت، بۆ هەڵیان ناگرن؟ ئەم هەرێمە لەسەر ئەو شوێنانە قوربانی داوە یان لەسەر كوردایەتی و كوردستانیەتی ئەو دەڤەرانە ، خەڵك لێتان توڕەیە، ئەگەر دەنگ نەكات هەرگیز لەبەر خاتری ئێوە نیە، تەنها لە ترسی ئەوەیە دكتاتۆریەت و ناحەزان و داگیركەران پێمان خۆش نەبن و لە ژێرەوە قەپاڵ لەسەروەت و سامانی بێ شومار و لەبن نەهاتوی وڵاتمان نەدەن، چیتریش پارە لە قوللە و بۆست و مۆڵگەی سەربازی و كۆشكی شاهانە و حەشەم و خەدەم لە بەرامبەر یەكتر خەرج مەكەن، ئەو پارەیە لە خزمەتگوزاری، وەك كارەبا كە 29 ساڵە خەڵك ئۆخەی لێ نەكردووە، لە فێربوونی باش بۆ هەموان كە بە دەست كۆمەڵێك كەموكوڕیەوە ساڵەهایە دەرگیربووە، لە جومگەكانی تەندروستی و رێگە و بان و پرد و كارگە و كارخانە خەرجبكەن، بەوە وڵات ئاوەدان دەبێتەوە و چاومان لە دەستی ئەم و ئەو نابێت، ئیتر هەنگاوەكان خێراتر بەرەو ئامانجە ستراتیجیەكان مل دەنێن.

  ن/ عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket