riklam

د. ڕێواز فایه‌ق: په‌رله‌مان به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌م كوردستانیان

کوردستان 02:27 PM - 2020-05-19
.

.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌بۆنه‌ی بیست و هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ ده‌كات ، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

به‌بۆنه‌ی بیست و هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانییانی خۆشه‌ویست ده‌كه‌ین.

هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌قۆناغێكی سه‌خت و دژواری دوای ڕاپه‌ڕین بڕیارێكی بوێرانه‌و حه‌كیمانه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان بوو بۆ سه‌لماندنی ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌ خواست و ویستی كوردستانییان له‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تداریدا هیچی‌ له‌ گه‌لانی دیكه‌ی دونیا كه‌متر نییه‌.

گۆڕینی هه‌لومه‌رجی سه‌ختی دوای ڕاپه‌ڕین له‌كۆڕه‌وه‌وه‌ تاكشاندنه‌وه‌ی هه‌موو داموده‌زگا فه‌رمییه‌كان له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراق بۆ ده‌رفه‌ت و ده‌سكه‌وتی مه‌زن له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و متمانه‌دان به‌كابینه‌ی یه‌كه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رجه‌سته‌كردنی ئیراده‌ی پۆڵایین و خواست و توانای گه‌له‌كه‌مان بوو بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری، هه‌مووشیان پێكه‌وه‌ گوزارشت بوون له‌خواستی گه‌لێكی سته‌ملێكراو بۆ دیموكراسییه‌ت و به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی مافه‌ ‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌رهه‌نگییه‌ زه‌وتكراوه‌كانی.

له‌ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستووریی هه‌رێم له‌سنووری ده‌ستڕۆییه‌كانی خۆیدا به‌رپرسه‌ له‌به‌رده‌م كوردستانییان به‌بێ ڕه‌چاوكردنی باكگراوند، ئاین، نه‌ته‌وه‌و ئینتیمای سیاسییان له‌هه‌وڵدان بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌‌ باڵاكان و نوێنه‌رایه‌تیكردنی هاووڵاتییان له‌به‌دیهێنانی ماف و داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان، چونكه‌ دواجار شكۆداری و متمانه‌ی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك له‌به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ ده‌ستووری و یاسایی و ئه‌خلاقییه‌كانیدا به‌رجه‌سته‌ ئه‌بێت.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان داده‌نه‌وێنین دروود بۆ ڕۆحی به‌رزه‌فڕیان و سڵاو بۆ خۆڕاگریی گه‌له‌كه‌مان.

د.ڕێواز فایه‌ق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket