riklam

رۆژێکی دره‌وشاوه‌‌‌ له‌ دیرۆکی کورددا

کوردستان 12:32 PM - 2020-05-19
.

.

كاتێ راپه‌ڕین له‌ ساڵی 1991 كوردستانی هه‌ژاند و داموده‌زگا داپڵۆسێنه‌ره‌كانی رژێمی راماڵی و ئازادی و رزگاری باڵیان به‌سه‌ر شار و دێهاته‌كانی كوردستاندا كێشا، یه‌كه‌م هه‌نگاوی گه‌وره‌ و مه‌زنی به‌ره‌ی كوردستانی ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێ و په‌رله‌مانی كوردستان دابمه‌زرێ و كورد ئه‌و مافه‌ ئاساییه‌ی خۆی بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازادیدا به‌كار بهێنێ .. له‌ رۆژی 19-5-1992، گه‌لی سته‌مدیده‌ و تینووی سه‌ربه‌ستی و رزگاری، روویان كرده‌ بنكه‌و سندوقه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و دوارۆژێكی گه‌ش و ئاسووده‌. په‌رله‌مانی كوردستان وه‌دیهاتنی ئامانجێكی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌كه‌مان بوو، بگره‌ یه‌كه‌م نیشانه‌ی ئه‌و راستییه‌ بوو كه‌ گه‌لی كورد و پێشه‌نگه‌ سیاسییه‌كه‌ی خه‌ریكه‌ ره‌وڕه‌وه‌ی كێشه‌ی ره‌وای كوردستان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر راسته‌ رێگه‌ی خۆی و ئاسۆی خۆ به‌ڕێوه‌ بردن له‌به‌رده‌م كورددا ده‌كه‌نه‌وه‌. داگیركه‌ران هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ مافی هه‌ڵبژاردن و دیموكراسییان له‌ گه‌لی كورد زه‌وت كردبوو، چونكه‌ ده‌یانزانی بێ زه‌وتكردنی ئه‌و مافه‌ كه‌ به‌ ئاساییترین مافی مرۆڤایه‌تی ده‌ژمێردرێ ره‌نگه‌ نه‌توانن ده‌رگای شه‌ڕی له‌ناوبردن له‌به‌رده‌م ئه‌و میلله‌ته‌دا بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ رێگایان له‌ هه‌ڵبژاردنی ئازاد ده‌گرت، رێگایان له‌ دیموكراسی ده‌گرت، رێگایان له‌ چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه‌ی راست و ڕه‌وای كێشه‌ی كورد ده‌گرت. كوردیش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی دوژمنانیدا هه‌تا ده‌هات سورتر ده‌بوو له‌سه‌ر دیموكراسی و ئازادی و مافی هه‌ڵبژاردنی سه‌ربه‌خۆ، هه‌تا ده‌هات باوه‌ڕی به‌وه‌ توندتر ده‌بوو كه‌ به‌ بێ مافه‌ دیمكراسییه‌كان كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر ناكرێ. به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن، به‌و شێوه‌یه‌ كه‌ هه‌موو جیهان ئاماژه‌ی بۆ كرد، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ بوو كه‌ كوردیش وه‌ك هه‌موو میلله‌تانی جیهان توانای به‌ڕێوه‌بردنی خۆی هه‌یه‌ و شایسته‌ی ئه‌وه‌یه‌ داموده‌زگای ئازادی خۆی هه‌بێ و وه‌ك ره‌گه‌زێكی هێمنی و ئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌دا ژیان به‌رێته‌ سه‌ر.

PUKmedia هیوا سه‌رهه‌نگ      

                                       

025411111.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket