كەناڵە رەسمییەكانی راگەیاندنی پارتی دەقی كۆنگرەیەكی داخراوی پارێزگاری دهۆكیان بڵاوكردەوە.
پارێزگار لە جیاتی وەڵامدانەوەیەكی دەستبەجێ و قەناعەتپێكەر بۆ رەوشی بادینان و ماجەرای سەركوتكردنی داخوازی مامۆستایان و هاووڵاتیانی مەدەنی، بەڕاست و چەپدا تۆمەتی سیاسیی بەشییەوە. بەشی زۆری تۆمەتەكانی رووی لە سەركردایەتی یەكێتی و بەتایبەتیش هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك بوو.
هەموو كەس تێدەگا ئەم تۆنی قسەكردنە تۆنی رەوتێكە لە ناو پارتی كە حەز بە ئاشتی نێوماڵی كوردی و پەیوەندی ئاسایی نێوان هێزەكانی كوردستان ناكات و دەیەوێت هەر دەستپێشخەریییەكی پارتی بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی لەبار ببات و هەمووان بگەرێنەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.
ئەمەش خوێندنەوەیەكی هەڵەیە، چونكە هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لەسەنگەری داخوازی و پێویستی جەماوەرەوە بەشدارە لە حكومڕانی كوردستان و خۆی لە شاندانەبەر ئەركی خزمەت و بەرپرسیارێتی نەدزیوەتەوە نادزێتەوە، باوەڕی نەگۆڕیشی بە یەك ئاراستەی كوردستانی و دیموكراسی هەیە كە وەڵامدەرەوەی داخوازی رەوا و ئاشتیخوازانەی جەماوەری گەلی كوردستان بێت.
خەڵك دەزانێ یەكێتی وەك نەریتی رەوتی كاری چەندین ساڵەی لە روانگەی دەربەستی سیاسییەوە وەكو باوەڕی بە پاشقول گرتن نییە، قەتیش دۆخی داخرانی ئیدارە و فەرمانڕەوایی لە بادینان نەسەلماندووە و بەشێوازێكی دروستی شایانی گەلەكەمانی نەزانیووە رەنگە لەبەر ئەوەش و بۆ تێكنەدانی هیوای ئاقڵمەندان و پەرۆشانی گەلەكەمان بە گفتوگۆی نێوان و بە چارەسەری كێشەكانی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیان كە لای هەموو هێزێكی سەنگین ئەولەویەتە، جوابی راگەیاندنی پارتی و پارێزگارەكەیان نەداوەتەوە.
تۆمەتی ئەوەی هەرحزبێك لەناو جەماوەر و بۆ جەماوەر بێت شانازییە، نەك شەرمەزاری. كاتی خۆی لەئەدەبیاتی یەكێتی دا بەمە دەگوترا:
شرف لاندعيه وتهمة لا ننفيه
بەشی بەدواداچوونو چاودێری
PUKmedia