riklam

عادل موراد ئەو سەركردەیەی..

ی.ن.ک‌‌ 10:00 PM - 2020-05-18
.

.

عادل موراد ئەو سەركردەیەی ئەیزانی چۆن داكۆكی لە هاوسەنگەرەكانی ئەكات..

بەرزان شێخ عوسمان

ئەمڕۆ هەژدەی مەی /مایس ,دوساڵ تێپەڕ ئەبێت بەسەر ماڵئاوایی سەركردەیەكی دڵسۆز و خاكیی و پاكی بزوتنەوەی دیموكراتیكی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و عراقدا ,كە ناوی هەمیشە بە نەمریی لە بیرەوەریی گەلەكەیدا ئەمێنێتەوە .كاك عادل مراد ئەو سەركردەیەیەكە لە بزوتنەوەی قوتابیانی كوردستان و عراقدا هاتە مەیدانی خەبات دواتریش وەك رۆڵەیەكی خەباتگێڕ لەخەباتی دیموكراسیدا قاڵبوەوەو بوە سیاسەتمەدارێكی ناسراو لە خەباتی نیشتمانیی و چینایەتیی عراق و كوردستاندا بوە یەكێك لە دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن.ك) كە تا ماڵئاوایكردنیشی بە سەركردەیەكی بوێر و هەقخواز ناوبانگی دەركرد.

 كاك عادل مورادم لەمانگی ئەپریل /نیسانی ساڵی 1996 ناسی كە بوە لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندیی راگەیاندنی (ی.ن.ك)، ئەوكاتە من لێپرسراوی بەشی كوردی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان بوم، هەر لەیەكەم دیدارماندا وەك هاوڕێ و هاوتا مامەڵەی لەگەڵ كردین كە ئەوكاتە خەسڵەتێكی سەرەكیی لێپرسراوانی باڵای (ی.ن.ك) بوو، رۆژ بەرۆژ كاك عادلمان زیاتر ئەناسی هەمیشە وای نیشان ئەدا كە ئەو لە ئێمەوە فێر ئەبێت و رێنماییەكانی بە نەرم و نیانی پێ ئەسپاردین، بۆیە هەر زو بوە خۆشەویستی هەمو ئەوانەی كە نەزاهەو دڵسۆزیی و جدیی بون لە ئیشەكانیان خستبوە ریزی پێشەوە.

 كاك عادل موراد هەمیشە داكۆكیی لە هەڤاڵ و هاوڕێباز و هاوسەنگەرەكانی ئەكرد ئەوەش سیفەتێكی گەورە بو لەو سەركردەیەدا، بەئاشتی چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆ ی حزب و دەرەوەش دروشمێكی سەرەكی كاركردنی بو. 

لەوسەردەمەی كە ئەو بوە لێپرسراوی راگەیاندن گرژیی ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی هەرێمەكەمان لەوپەڕیدا بو، ئەو هەوڵی زۆری داكە راگەیاندن زیاتردان بەخۆدا بگرێت ئاڕاستەو رێنماییەكانی بەرەوهێوركردنەوە بێت،هەرچەندە راگەیاندن كاردانەوەو زادەی رێبازی سیاسی و باری كۆمەڵایەتیی هەر كۆمەڵێكی مرۆڤایەتییە. ئەوەش ئەو دەستانەی بێزار ئەكرد كە حەزیان بەگرژیی و دەمارگیریی بو.

 كاك عادل تا هاوینی 2001لێپرسراومان بو لەو ماوەیەدا باشترمان ناسیی و زۆری لێوە فێر بوین، جار بەجاریش لەسەر شێوازی گەیاندنی پەیامە ئیعلامیەكەی (ی.ن.ك) جیاوازی ئەكەوتە نێوانمان، بەڵام ئەو بە تلفۆنێك یان بەسەردانێك یاخود بەناردنی نامەیەك جیاوازییەكەی یەكلایی ئەكردەوە. بیرەوەرییمان زۆرە كەگەڵ كاك عادلدا، كە لە نێو گەشتی بیرەوەرییەكانما بەشێكی باش بۆ ئەویش تەرخانكراوە.

مانگی نۆڤامبر/تشرینی دوەمی ساڵی 1998 دوای رێككەوتن نامەی واشنتن كۆبونەوەی یەكەم وەفدی نێوان (پ.د.ك و ی.ن.ك) بۆ هێوربونەوەو خۆشكردنی زەمینەی لێك تێگەیشتن ,راگەیاندنی هەردولا بو كە لە شەقڵاوە بەڕێوە چو,قسەو بیروڕای زۆر ئاڵوگۆڕ كرا، بەندە كۆنوسی ئەو كۆبونەوەیەم ئەنوسی، بۆیە زۆر بەدیقەت گوێم ئەگرت (ئەو كاتە وەك ئێستا نە ئەوترا گوێ بیست و گوێ چل ,هههه}, باس هاتە سەر ئەوەی كە راگەیاندنی ئەو حزبانەی لە ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی هەردولا بەشدار بن لە هێور كردنەوە,یەكێك لە ئامادەبوان لە وەفدی پارتی ,وتی با یەكێتی جەریدەكەی زەحمەتكێشان دەمكوت بكات, یەكسەر كاك عادل روخسەتی وەرگرت و بەتوندی وەڵامی ئەو برادەرەی دایەوە وتی "لەسەرخۆ ,كاك قادر عەزیز تێكۆشەرێكی دێرین و خاوەن حزب هەڵوێست و سەربەخۆیی سیاسیی خۆیەتی هاوكات كاكە حەمەی حاجی محمودیش, ئەوانە حزبی خاوەن مێژون و لەڕوانگەی هەڵوێستێكی سیاسیی نیشتمانییەوە لە بەرەكەی ئێمەدان, ئەبێت ئێمە دانوستانیان لەگەڵ بكەین و بۆمان نییە بەوجۆرە رەفتار بكەین كە جەنابت ئەڵێیت,خۆ ئەوان وەك كاك فڵانی لەمەڕتۆ كارتۆنی نیە (ناوەكەیشی بەجۆرێك وت كە ناسراو نیە) دەستبەجێ سەركردەو روناكبیری رەوان شاد فەلەكەدین كاكەیی و كاك فەرهاد عەونی و كاك عبدالسلام بەرواریی,پشتیوانیی كاك عادل مورادیان كردو داوایان لە برادەرەكە كرد پاشەكشێ لە قسەكەی بكات. نەریتی موخریجەكانی ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان وابو لە هەردو بەشەكە دوای هەر وتارو راپۆرتێك مۆسیقایان گۆرانی یا سرودێكیان پەخش ئەكرد كە بگونجێت لەگەڵ وتار و بابەتەكەدا,ئەگەر دەست نەكەوتایە ئەوا مۆسیقایەكیان دائەنا دواتر ئەچونە سەر بابەتێكی تر یاخود گۆرانییەكیان لێئەدا, ئێوارەیەكیان لە بەشی عربی ئێزگەكەمان خوتبەیەكی رەوان شاد ئایەتوڵا عوزما محمد باقر حەكیم پەخش كرا, دواتر مۆسیقایەك لێدرا,پاش ئەوە گۆرانیەكی زهور حسێن پەخشكرا . بەرێككەوت كاك عادل گوێی لێگرتبو، چونكە خۆی كاسێتەكەی ناردبو كە مەجلیسی ئەعلا بۆیان هێنابو,لەوكاتەدا كاك عادل ئاگادار نەبو كە پارچە مۆسیقایەك پەخش كراوە.منیش لە ئێزگە بوم,یەكسەر تەلەفۆنی كردو بەنیگەرانییەوە مەسەلەكەی پێ وتم داوای سزادانی موخریجەكەی كرد, منیش وتم كاك عادل گیان گوێت لێ نەبوە من خۆم گوێم لە وتارەكە گرتبو مۆسیقایەك رۆیشتوە ماوەكەشی زۆر بوە دوای ئەوە گۆرانیەكە پەخشكراوە وتیشم هەڤاڵانی بەشی عربی خۆیان گۆرانی و مۆسیقاكان دیاریی ئەكەن ماشاڵا هەمویان شارەزان ,وتی مامۆستا دیفاع مەكە محاسەبەیان بكە ,ئیتر منیش وتم لەبەر خاتری تۆ سبەینێ لێكۆڵینەوەی تیا ئەكەم هەرچەندە دڵنیام كە ئەوان هەڵەیان نەكردوە,ئەوەی پێ ناخۆش بو بروسكەیەكی رەسمیی كردبو بۆ ئێزگەو ئاماژەی كردبو بۆ ئەوحاڵەتە كە لەمەولا بەباشی گۆرانی سرود دابنرێت لەدوای وتارە گرنگەكان,هەمان بروسكەی تكرار كردبو بۆ سەركردەی رەوانشاد كاك دكتۆر كەمال فوئاد كەئەو كاتە سەرپەرشتیكاری راگەیاندنیش بو(ئاخر دكتۆر كمال دژی دەستەواژەی سەرپەرشتیار بو ئەیفەرمو مانای ( )ە., منیش دوای دڵنیا بون بروسكەم بۆ كردەوە كە دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتوە كە وا نەبوە و وتبوم كە كاسێتی تۆمار كراوی بەرنامەكانی ئەو رۆژە ئەنێری بۆ خزمەتتان . 

كاك دكتۆر كمالیش بۆ ئەوەی كۆتایی بێنێت بەو مەسەلەیە, لەوەڵامدا نوسیبوی باشە لەمەولا با گۆرانی صدیقە ملا یە پەخش بكەن، ئیتر كاك عادل یەكسەر تلفۆنی كردو بەپێژەنین و قاقاكەی خۆی وتی بارزان بروسكەكەی دكتۆر كمالتان پێگەیشت, وتی كاكە تەواو كەس محاسەبە مەكە.

 سڵاو بۆ گیانی كاك عادل مراد كەنمونەی تێكۆشەری راستگۆ بو دڵسۆز بو بۆ یەكێتیەكەی و نەرم و نیان بو لەگەڵ نەیار ەكاندا و سەرسەخت بو لە روبەڕوبونەوە داكۆكیی كردن لە راستگۆیی یەكێتییەكەی .

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket