riklam

راگەیەنراوی مەڵبەندی سۆران لەیادی راپەڕینی شاری رواندز

ی.ن.ک‌‌ 09:44 PM - 2020-05-18
.

.

راگەیەنراوی مەڵبەندی (٦) ی سۆران بە بۆنەی راپەڕینی شاری رواندزی سەركەش

 رواندز و دۆڵی ئاكۆیان لە لوتكەی سەربەرزی و شانازی مێژوو

 كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان 

فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەكان 

هەڤاڵانی یەكێتی لە رواندزو دۆڵی ئاكۆیان و تەواوی سنورەكە 

یادی ۳۳ ساڵەی راپەڕینی ساڵی ۱۹۸۷ ی رواندزی پایتەختی میرنشینی سۆران، بەرزو پیرۆز رادەگرین و رۆژی راپەرینی شاری رواندزی خۆشەویست، شارە مێژووییەكەی میری گەورەی سۆران و دۆڵی ئاكۆیان، بەهەموو گوندەكانیەوە، لە مێژووی كۆن و هاوچەرخ و لە سەر ئاستی هەموو شۆڕش و راپەرینەكاندا، بە تایبەتی لە شۆرشی نوێی گەلەكەمان بە ڕابەرایەتی(ی۰ن۰ك)پشكی شێریان لە خەبات وتێكۆشان و كاروانی نەپساوەی شەهیداندا بەركەوتووە.

ئەم دەڤەرە سەوزو سوورەی رواندزو دۆڵی ئاكۆیان هەر لە زووەوە پەیامێكی بەرزی هەڵگرتوەو رۆڵەكانیشی بەو پەیامە پەروەردە كردووە، (یان سەركەوتن یان شەهیدبوون) لەهەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژووی بەخوێن نەخشێندراوی گەلەكەماندا، ناوی رواندز و تێكۆشەرانی دەكەوێتە بەر چاوت، رۆڵ و كاریگەری رەواندزیەكان لە خەبات و شۆڕشی نەتەوایەتی بۆ ڕزگاری گەلی كوردو خاكی كوردستان، لە ژێردەستی داگیر كەران و دوژمنانی، هەڵوێستی بەرزی نەتەوەییان بەرز دەنرخێنین و لاپەرەكانی مێژووی كوردو كوردستان بەناوی قارەمانانی رواندوز، نەوەكانی میری گەورەی سۆران لەتۆماركردنی داستان و نەبەردییەكانی شۆرشی نوێ رازاوەتەوە، كە بە هیچ شێوەیەك زوڵم و زۆرداریان قبوڵ نەكردو و هەمیشە لە دژی ستەم و حوكمی دیكتاتۆری وەستاونەتەوە، چەندان جار راپەرینیان ئەنجام داوە و یاخی بوون ، تا دوژمنیان ناچارو ملكەچی داخوازی و بریارەكانی خۆیان كردووە.

راپەرینی ساڵی ۱۹۸۷ چۆن رویدا؟ 

لە شەوی ١٧\١٨ /٥ رژێمی بەعسی فاشست و داگیركەر، هێزێكی گەورەی بەپشتیوانی تانك و تۆپ و چەكی قورس نارد بۆ سەر گەروی سپیلك، بەرامبەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەدۆڵی ئاكۆیان كە ئەوێ رۆژێ ناوچەی ئازادكراوو نوای پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەكان و شێرە كوڕانی یەكیتیی بوو، بەرەبەیانی ٥/١٨ دوژمنی جەلاد دەستی كرد بە تۆپ بارانكردنی هەشت گوندی دۆڵی ئاكۆیان و سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە، دواتر هێرشێكی بەرفراوانی دەست پێكرد لە هەردوو قۆڵی بنەكاول و بانەشان، ژمارەیەكی یەكجار زۆری سەرباز و پلەداری رژێمی روخاو و  جاشە بەكرێ گیراوەكانیان  بەشداری هێرشەكە بوون ، لە ماوەیەكی كەمدا كوڕانی تیپی ۱۲ی سۆران و  ۱۹ی كۆڕەكی هێزی پێشمەرگەو هێزی پشتیوانی سنورەكە لێیان هاتنە دەست و بەرپەچیان دانەوە، شەڕ تاكو سەعات ( ١١ )ی نیوەڕۆ بەردەوامبوو، پێشمەرگە قارەمانەكان وانەیەكی گورچك بڕیان دایە دوژمن، هێرشە لەرزۆكەكەی دوژمنیان تێكشكاند و بە دەیان سەربازیان كوژراو بە دەیانیشیان برینداربوو، زەرەرو زیانەكانی هێزی پێشمەرگەش شەهید بوونی پێشمەرگەی قارەمان( رەفیق حسن) و بریندار بوونی (ە)پێشمەرگەی ئازاو چاونەترس بوو بەناوەكانی (علی بێجانی، جمال كریم، بێباك محمد، كمال هاشم، محمد شوشو).

كاتێك هێزە شكست خواردوەكەی دوژمن بەسەر شۆڕی گەڕایەوە، خەڵكی رواندز لە گەڕەكی گەروێ ناوڕەزان خۆشی و شادیان دەربڕی بەبۆنەی سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە و شكان و دۆڕانی گەورەی هێزەكانی صدامی گۆڕ بەگۆڕو بەردبارانی هێزە بەزیوەكەی دوژمنیان كرد، بەمەش سەرانی بەعسی عەفلەقی بەغداد زیاتر رق وكینەیان بەرامبەر خەلكی شۆرشگێڕی رواندز گرتە دڵ و فەرماندەی فرقەی سەربازی ڕێزانی بەعسیەكان بڕیاریدا تۆڵەی ئەو شكستە هەرگیز چاوەروان نەكراوەیان  لە خەلكی كورد پەروەرو تێكۆشەری رواندز بكاتەوە.

سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رێكخستنەكانی ناو شاری رواندزی ئاگادار كردەوە، خۆیان سازو ئامادەبكەن بۆ هەر ئەگەرو پێشهات و روداوێك، لەبەرامبەر هەر هێرش وپەلامارێكی دوژمندا بە پشتیوانی جەماوەر راپەرین  ساز بكەن، هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە حاڵەتی ئامادە باشی و لە دەوروبەری رواندز دابەش كرا.

رۆژی ٥/١٩ رژێمی خوێنرێژ هێزێكی سەربازی گەورەی بەچەكی قورس و مكائنەوە نارد بۆ تەختكردنی گەڕەكی گەروێ ناوڕەزان و سەركوتكردن وئەنفالكردنی جەماوەری راپەریو، بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن رێكخستنەكانی (ی.ن.ك) دارێژرابوو ، یەكەم دەستڕێژ هەڤاڵ ( ابراهیم بادینی) كردی و شوفێری شۆفڵەكەی بە سزای گەل و شۆڕش گەیاند،  لە هەموو لایەك تەقە دەستیپێكردو چەند سەربازێكی دوژمن كوژران، راپەرین لە گەڕەكی گەروێ ناوڕەزان دەستی پێكردو هەموو رواندزی گرتەوە، ئەو راپەرینە شكۆدارە لە سەردەستی كوڕانی چنگ بە گڕی رێكخستنەكانی ناو شاری رواندز لە مێژووی پڕ لە سەروەری میللەتەكەمان تۆماركرا كە ئەوێ رۆژێ وێنەی كەم بوو، بە پاڵپشتی هێزی پێشمەرگە راپەرینەكە سەركەوتنی مەزنی بە دەست هێناو دەست بە سەر هەموو دامو دەزگاكانی ڕژێمی بەعسدا گیرا و دارو دەستەی رژێمی داگیركەر شار بە دەر كران ، دوو دەبابەی دوژمن لە لایەن رۆڵە ئازاو چاونەترسەكانی رێكخستنەكانی یەكیتی دەستیان بە سەردا گیرا و هەڤاڵانی تێكۆشەر شەهید(علی حسێن حسن)و (عدنان احمدە قوتە)و (حسن حسین نانەوا) ئاگری دەبابەكانیان بەرامبەر دوژمن بەكارهێنایەوە.

ڕۆژی دواتر ڕژێمی بەعسی فاشی هێزێكی زۆری لە سۆران و هەولێرەوە بەڕێ كرد بۆ دامركاندنەوەی ڕاپەرینی خەڵكی دلێرو جوامێری شاری رواندزی سەركەش، كاتێك هێزەكە لە جادەی ئیسقەرا دەركەوتن ، ئاگری دەبابەكانی شۆرش هێزی ترسنۆكی دوژمنی بە تەواوی بێ ئومێد و ناچار بە پاشەكشێ كرد.

ڕاپەرینی رواندز سەروەریەكی گەورەی  مێژووییە لە دیرۆكی پرشنگداری گەلەكەمانداو ئەنجامی ئەو راپەرینەش، رزگار بوونی رواندز بوو كە ماوەی سالێك  ناوجەی ئازادكراوی پێشمەرگە بوو.

چالاكیەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تایبەتیش شێرە كوڕانی هەردوو تیپی ۱۹ی كۆڕەك و ۱۲ی سۆران لە سنورەكە تەنگیان بە دوژمن هەلچنیبوو ،  جاشە خۆفرۆشەكان و پیاوانی بەعسیان تۆقاندبوو ، هەركاتێك بیانویستبایە لە ماوەیەكی كەمدا زیانی گەورەیان لە دوژمن دەدا.

دوای ساڵێك و لە ١٩٨٨/٥/٢٣ حكومەتی  بەعسی رەفتار فاشی دەستی كرد بە ئەنفال و راگواستنی بەشێكی شاری رواندز ، (٢١) خانوی خانەوادەی پێشمەرگەیان خاپور كرد، ( ١٥٠ )هاووڵاتیان دەستگیركرد كە (۲۱) كەسیان بە لە سێدارەدان حوكمدران، زۆر بەداخەوە (١٣) قارەمان و تێكۆشەری رێكخسنەكانی یەكیًَتی ئەنفالكران، كە تا ئێستاش بێ گۆڕو بێسەروشوێنن و وەكو هەزارانی تر لە هاونیشمانیانیان زیندە بە چاڵكران.

ئەو یادو بۆنەیە دەكەینە دەرفەت بۆ ئەوەی داوا لە هاوسەرۆكانی حزبی شەهیدان و تیمەكانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بكەین ئاوڕی جدیتر لە ناوچەی رواندزی دوژمن بەزێن و دەوروبەری بدەنەوە، ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە لە ئاست خەبات و قوربانیدانی خەڵكی كوردپەروەری سنورەكەدا نیە، بیری سەركردایەتی یەكێتیشی دەهێنینەوە جەماوەری رواندزی قەڵای سەوز پارێزەری ئەو بەڵێنە بوون كە بە رابەری گەلەكەمان سەرۆك (مام جەلال) یان داوە كە رواندز هەر قەڵا سەوزەكەی جارانە، نە دەبەزێ ، نە دەدۆڕێ.

 

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاك و بەرزە فڕی ئەو(١٣) تێكۆشەرەی شاری رواندزی خۆشەویست دەنێرین.

هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ڕزگاری كورد و كوردستان .

سەروەری و شانازی و شكۆمەندی بۆ خانەوادە و كەسوكاریان.

مەڵبەندی (٦)ی سۆران

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket