riklam

رێككه‌وتنی ده‌باشان.. ئومێدێك بۆ داهاتوو

ی.ن.ک‌‌ 12:16 PM - 2020-05-17
.

.

چوار ساڵ به‌سه‌ر رێككه‌وتنی ده‌باشانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تێده‌په‌ڕێت، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا له‌دوای كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتییه‌وه‌ چوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌و له‌ زۆر بواردا هاوهه‌ڵوێستن.

رێكه‌وتنی ده‌باشان له‌ 17-5-2016 له‌ نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ئاماده‌بوونی ره‌وانشادان سه‌رۆك مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا ئیمزا كرا.

له‌و مه‌راسیمه‌ مێژووییه‌دا به‌شێكی زۆر له‌ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و هه‌ڵسوڕاوانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ماده‌ییان هه‌بوو، هه‌روه‌ها كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنیش راسته‌وخۆ مه‌راسیمه‌كه‌یان په‌خش كرد.

وه‌فدی یه‌كێتی پێكهاتبوو له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ، د.به‌رهه‌م ساڵح، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د حاكم قادر، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا، له‌تیف شێخ عومه‌ر، دلێری سه‌ید مه‌جید، عیماد ئه‌حمه‌د، جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، به‌رزانی ئه‌حمه‌د كورده‌.

وفدی گۆڕانیش پێكهاتبوو له‌ یوسف محه‌مه‌د، ئارام شێخ محه‌مه‌د، قادری حاجی عه‌لی، مسته‌فا سه‌ید قادر، عوسمانی حاجی مه‌حمود، محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، هۆشیار عه‌بدوڵڵا.

هه‌مان رۆژیش له‌شاری جوان له‌سلێمانی مه‌راسیمێكی به‌رفراوان سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی به‌ڕێوه‌چوو.

5.jpg

كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی: رێككه‌وتن له‌پێناو یه‌ك ده‌نگییه‌
له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی ئه‌وسای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی له‌خه‌ڵكی كوردستان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان كرد به‌بۆنه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ مێژووییه‌ی نێوان یه‌كێتیی و گۆران.

راشیگه‌یاند: ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌یه‌ به‌ردی بناغه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستان دابنرێت، بارو گوزه‌رانی هاووڵاتیان باش بكرێت، ببێته‌ مایه‌ی ته‌بایی نه‌وه‌ك دژایه‌تی، له‌پێناوی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو لایه‌ك یه‌كده‌نگ بین له‌بابه‌ته‌ نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانییه‌كان تا دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ.

ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بۆ چاكسازی و شه‌فافیه‌ته‌ له‌كوردستان
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا رایگه‌یاند: رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان بۆ یه‌كخستنی خه‌باتی گه‌لی كوردستانه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌.

سوپاسی ئاماده‌بووان و سه‌رجه‌م گه‌لی كوردستان و ئه‌ندامان و سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی و گۆڕانیشی كرد كه‌ له‌ سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و ئه‌خلاقی و خزمه‌تی وڵات و هاووڵاتیانی كوردستان بێ گوێدانه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌ته‌كانی خۆیان به‌سنگێكی فراوانه‌وه‌ رێككه‌وننامه‌كه‌یان قبوڵكردووه‌.

راشیگه‌یاند: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بۆ چاكسازی و شه‌فافیه‌ت و حوكمی ته‌ندروسته‌ له‌ كوردستان و هه‌روه‌ها بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كوردستانه‌و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵكی كوردستانه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا وتیشی: ئه‌م رێككه‌وتنه‌ بۆ چه‌سپاندنی چه‌ند شتێكه‌ له‌وانه‌ چاكسازی و دابینكردنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و شه‌فافیه‌ته‌ له‌ داهاته‌كانی كوردستان و نه‌وت و گاز و بۆ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌یه‌ له‌ بڕیاری سیاسی و ئه‌نجامدانی چاكسازیی سیاسی و ئابوری و كارگیری و  دارایی و به‌ڕێوه‌بردنی ته‌ندروستی وڵاته‌.

هه‌روه‌ها بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ماڵی كورده‌ له‌ پێناو چاكسازی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی ناوچه‌كه‌یه‌و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستانه‌و به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌ له‌ رێگه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و یه‌كترقبوڵكردن و عه‌قڵی شارستانیانه‌.

ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا وتی: رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان بۆ یه‌كخستنی خه‌باتی گه‌لی كورده‌ له‌ پێناو هه‌وڵدان بۆ چاكسازی و چه‌سپاندنی شه‌فافیه‌ت و دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌شێوه‌یه‌ك بێت كه‌ بڵین عیبره‌ت له‌ نوسیندا نییه‌ به‌ڵكو عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردندایه‌.

7.jpg

ده‌قی رێككه‌وتنامه‌كه‌ی سیاسی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانیی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆران

هه‌نگاو به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌نرێت
دوای 4ساڵ له‌و رێككه‌وتنه‌ش، وه‌فدی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پیرۆزبایی و سه‌ركه‌وتنی كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رۆكان و سه‌ركردایه‌تی نوێ، سه‌ردانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی كردو رۆژی 5-5-2020، یش وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی كردو هه‌ردوولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ كه‌ دابینكردنی بژێوی خه‌ڵك و موچه‌، ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم و لایه‌نه‌ به‌شداره‌كانییه‌تی و پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان له‌م پێناوه‌دا بخرێته‌ گه‌ڕ.

هه‌روه‌ها ته‌ئكیدیان له‌هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كانی په‌ره‌پێدانی زۆرتری په‌یوه‌ندییه‌كانیان و گرتنه‌به‌ری پته‌وكردنی متمانه‌ كرده‌وه‌.

پشتیوانیشیان بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بۆ جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی و گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌ یاساییه‌ پێویسته‌كان ده‌بڕی، وه‌ك له‌ ڕێككه‌وتنی نێوان هێزه‌ به‌شداره‌كانی حكومه‌ت و كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمدا هاتووه‌.

666.jpg

"یه‌كێتی و گۆڕان له‌زۆر بواردا هاوڕان"
باشبوونی په‌یوه‌ندی یه‌كێتی و گۆڕان و هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنی نێوانیان ئومێدێكی گه‌وره‌ به‌ئاینده‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌دات.

سالار سه‌رحه‌د خه‌لیفه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانیه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌دوای كۆنگره‌ی چوار پێداچوونه‌وه‌مان به‌په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌كان كردوه‌و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین .

وتیشی: هیوادارین له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كاربكه‌ین له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ده‌باشان كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ره‌وانشادان سه‌رۆك مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا ئیمزا كرا.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌حكومه‌تین و له‌زۆر بواردا هاوڕاین بۆیه‌ ده‌توانین له‌داهاتوودا كاری پێكه‌وه‌ی باشتر بكه‌ین.


PUKmedia ئا/  دیار ستار

 

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket