riklam

مەڵبەندی سۆران پەیامێکی بڵاوکردەوە

ی.ن.ک‌‌ 12:20 AM - 2020-05-17
.

.

لەساڵڕۆژی شەهیدانی باڵەکایەتی مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

 

پەیامی مەلبەندی (٦) ی سۆران بە بۆنەی ساڵرۆژی شەهیدانی باڵەکایەتی سەربەرز

کەس وکاری سەربەرزی شەهیدان

فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانەکان 

 هەڤاڵانی (ی.ن.ک) لەباڵەکایەتی و تەواوی سنووری مەڵبەندی سۆران

لە مێژووی باڵەکایەتیدا (مەڵبەندی شەهیدان و ئەنوای شۆڕش و بەرخودان) ڕۆژی ٥/١٧ ی هەموو ساڵێک، ڕۆژێکی جیاوازەو بەڕۆژی (شەهیدانی باڵەکایەتی) ناسراوە، لەم ڕۆژەدا، شەهیدی سەرکردە (حەسەن کوێستانی)و پۆلێک لە فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمان، گیانی خۆیان کردە قوربانی گەل و خاکی پیرۆزی کوردستان و ڕێبازی چەپکە گوڵەکەی جەنابی (مام جەلال).

باڵەکایەتی لەگەڵ سروشتە جوانەکەی و هەستی جوانی میوان دۆستی و لوتف شیرینی خەڵکە دڵپاکەکەی، لەگەڵ ئازایەتی ڕۆڵەکانی و چەندین خەسڵەتی جوانیتر، کە بوونەتە سومبلی ناسینەوەی، شانازیەکی گەورەتری لە سەرووی هەموو ئەوانەدا بۆخۆی مسۆگەر کردووە، ئەویش، خوێنی ئاڵ و سووری زیاتر لە هەزارو سێ سەد ڕۆڵەی قارەمانیەتی، کەلە ئەمڕۆدا لای دۆست و دوژمن، بۆتە ئایکۆن و ئاوێنەی ناسینەوەی مێژووی تێکۆشان و شۆڕشگێڕیەتی باڵەکایەتی.

لەڕۆژگاری سەختی خەبات کە بێ ئومێدی بالی کێشابوو بەسەر کوردستاندا لەساڵی (١٩٧٦)، دوای دامەزراندنی (ی.ن.ک)، بەپشت بەستن بە بڕوای پتەوو ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان و متمانە بەڕابەرایەتی (ی.ن.ک)و جەنابی (مام جەلال)، ڕۆڵەکانی باڵەکایەتی، بەتفەنگ و فیشەک و نانی خۆیانەوە چوونە قەندیل و بوون بە داینەمۆو دەسکەچیلەی بڵێسەی ئاگری شۆڕشی نوێ، ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی باڵەکایەتی، لەوێ ڕۆژێ، تەکانێکی هێندە گەورەیان بە شۆڕشدا، کە جەنابی (مام جەلال)و سەرکردە بەشدارەکان لە سەرەتای شۆڕش، لەلاپەڕەکانی مێژووی یەکێتیدا بەشانازیەوە باسیان کردووە، لەوکاتەوە تا ئێستا،پێشمەرگەو تێکۆشەرانی باڵەکایەتی لە باشور ( لە کوێستانەوە بۆ بادینان و شەنگال و موسل ، لە کوێستانەوە بۆ پێدەشتەکانی هەولێرو کەرکوک و مغمور ، بۆ سلێمانی و شارەزوورو شارباژێڕ، بۆ پێدەشتەکانی گەرمیان و گەرمەسێرو خانقین و حەمرین، لە کوێستانەوە بۆ زیندانە تاریکەکانی بەعس و بۆ بەردەم پەتی سێدارە، لە باڵەکایەتیەوە بۆ باکوری کوردستان، بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان) سەنگەرێک نەماوە، قارەمانانە لە پێناوی کوردو کوردستان و ڕێبازەکەیان خەباتیان تێدا نەکردبێ و بە خوێنی ئاڵی خۆیان سەرکەوتن و مێژوویان تۆمار نەکردبێت. بۆیە ئێمەی درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان، ئەو مافە بەخۆمان دەدەین کە بەشانازیەکی گەورەوە یادی شەهیدانی باڵەکایەتی بکەینەوەو ئەزموونی دەوڵەمەندی خەباتی شەهیدانمان بکەین بەهەوێن و چرای ڕووناکی دەستمان، بۆ درێژەدان بە ڕێبازەکەیان. 

خۆزگە ڕەوانبێژی حەزرەتی نالی و سەلیقەی جوانی گۆران و فڵچەی ئیسماعیل خەیات و توانای کەمال مەزهەر- مان دەبوو، تا بتوانین بە وردەکاری و جوانی پێویست، قەسیدەی داستان و وێنەو تابلۆی هیلاکی ڕێگای خەباتیان بنەخشێنین و هەزار شەوەی لاپەڕەی مێژووی قارەمانیەتیان تۆمار بکەین و پێشکەشی کوردستان و نەوەی دواڕۆژی گەلەکەمانی بکەین.

لەم بۆنە پیرۆزەدا، بەدەرفەتی دەزانین، داوا لە حزبی شەهیدان (یەکیتی نیشتمانیی کوردستان ) بکەین کە ئەو پەڕی هەوڵ و تواناکانی بخاتەگەڕ لە ڕێگەی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان و تیمەکەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، خزمەتی زیاتر بە کەس وکاری شەهیدان و دەڤەری باڵەکایەتی و تەواوی سنووری سۆران بکات، چونکە ئەوەی بەرچاوە، ناوچەکە لە ئاست قوربانیەکانیدا زۆر کەمتر خزمەت کراوە، بەتایبەت تا ئێستا سەدان خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی سەنگەر لە باڵەکایەتی و سۆران لە وەرگرتنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون، کە شایستەی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن.

لێرەوە ڕووی دەممان لەهاوسەرۆک و سەرکردایەتی (ی.ن.ک)ە، چونکە دەزانین بەشێکی گەورەی ڕووباری خوێنی شەهیدانی یەکێتی، کە (ی.ن.ک) شانازی پێوە دەکات، سەرچاوەکەی لەلوتکەی چیاو دۆڵ و گوندو خانووە قوڕەکانی باڵەکایەتییەوە سەرچاوەی گرتووە. 

لە ڕۆژی شەهیدانی باڵەکایەتی، یادێک دەکەین لەتەواوی شەهیدانی سنووری مەڵبەندی ٦ی سۆران، لەئاست ڕۆحی پاکی تەواوی شەهیدانمان، سەری ڕێز دادەنوێنین و سڵاو دەنێرین بۆ کەسوکارە سەربەرزەکانیان. بەڕۆحی پاکی شەهیدانمان دەڵێین لەبەهەشتی نەمریدا ئاسودە بن، ئەمڕۆ یەکێتییەکەتان بە گوڕو تین و خوێنێکی نوێوە هاتۆتەوە مەیدانی تێکۆشان، توند دەستی گرتووە بە ئاڵاو ئامانجە گەورەکانتان، لەسەر درێژەدان بەخەبات و ڕێبازە پیرۆزەکەتان، تا گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن و بەدیهێنانی هەموو دروشمەکانتان نە تۆزقاڵێک سازش دەکات و نەبۆ یەک ساتیش دەوەستێ لە بەردەوامیدان بە ڕێبازی شەهیدان و پاراستنی دەستکەوت و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ کەس و کاریان، کە بەئەرکی خۆمان و دامەزراوە شەرعیەکانی تری هەرێمی کوردستانی دەزانین.

سڵاو بۆ رۆحی بەرزە فری شەهیدانی باڵەکایەتی و تێکرای شەهیدانی کوردستان 

نەمری و سەروەری بۆ شەهیدان و سەربەرزی بۆ کەسوکارەکانیان

                            مەڵبەندی ٦ ی سۆران

 

PUKmedia راگەیەنراو

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket