riklam

بروسكه‌ی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ یه‌كێتی مامۆستایان

ی.ن.ک‌‌ 06:41 PM - 2020-05-14
.

.

مه‌كته‌بی سیاسی (ی.ن.ك) له‌ بروسكه‌یه‌كدا پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان ده‌كات.

ده‌قی بروسكه‌كه‌...
له‌ یادی 58 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستاندا، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك و سكرتاریه‌ت و هه‌موو مامۆستایانی ئه‌ندامی یه‌كێتیه‌كه‌ ده‌كه‌ین، سڵاوی ئه‌مه‌ك و وه‌فاداریش ده‌نێرین بۆ هه‌موو ئه‌و مامۆستا تێكۆشه‌رانه‌ی له‌ وێستگه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی یه‌كێتیی مامۆستایاندا به‌شداربوون.
یه‌كێتیی مامۆستایان، كه‌ له‌ (15)ی ئایاری ساڵی 1962 دامه‌زراوه‌، له‌هه‌موو قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌باتی زانستی و په‌روه‌رده‌یی و پیشه‌یی و داكۆكی كردن له‌ مامۆستایانی كوردستان رۆڵی گه‌وره‌ی گێڕاوه‌. سه‌رباری به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ پیشه‌یی و په‌روه‌رده‌یی و زانستییه‌كانیان، له‌ خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مانیشدا، به‌ گیان به‌ختكردن و روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌ی زیندان و به‌رگه‌كردنی سیاسه‌تی دوورخستنه‌وه‌و سزای سیاسی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی هه‌وڵی فاشیانه‌ی له‌ناوبردنی زمان و كولتوری كوردیدا، هه‌میشه‌ پێشه‌نگی خه‌بات بوونه‌، مامۆستایانی شه‌هید و تێكۆشه‌ر هه‌میشه‌ ناو و یاده‌وه‌ریان زیندووه‌و ماییه‌ی شانازین بۆ یه‌كێتیی مامۆستایان و گه‌له‌كه‌مان.
    مامۆستایانی كوردستان له‌ بارودۆخی سه‌ختی ئابوری دوای راپه‌رینیش سه‌روه‌ری گه‌وره‌یان تۆماركرد و نه‌ك سه‌ری به‌رزیان بۆ مووچه‌ نه‌وی نه‌كرد، به‌ڵكو له‌گه‌شه‌پێدانی كورده‌واری و په‌ره‌پێدانی ئاسۆی په‌روه‌رده‌و خوێندن و زانستدا هه‌نگاوی گه‌وره‌یان نا. یه‌كێتیی مامۆستایان له‌به‌جێهێنانی ئه‌ركه‌ نیشتمانیی و پیشه‌یی دیموكراسیه‌كانیشدا هه‌نگاو و ده‌ستكه‌وته‌كانیان بۆ مامۆستایانی كوردستان و پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ به‌رجه‌سته‌و دیارن و مایه‌ی ستایشن.
   له‌ ئێستایشدا، كه‌ یادی (58) ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌هۆی ناله‌باری دۆخی ئابوریی و دواكه‌وتنی مووچه‌وه‌، مامۆستایانی كوردستان له‌ جیاتی ژیانێكی شایسته‌، جارێكی تر گوزه‌رانیان رووبه‌رووی گرفت بۆته‌وه‌. یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان، كه‌ رێكخراوێكی به‌ره‌ییه‌و سایه‌ی خه‌باتی پیشه‌یی تێكرای مامۆستایانی كوردستانه‌ به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، هیودارین باشتر خۆی بۆ جێبه‌جێكردنی  زۆرێك له‌ ئه‌ركه‌ پیشه‌یی و نیشتمانیی و دیموكراسیه‌كانی سازبدات و پێویسته‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌لومه‌رج و گۆڕانكارییه‌كانی ئێستا، ستراتیژی نوێ بۆ به‌جێهێنانیان دابڕێژێت.
جارێكی تر پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌ین... سڵاو بۆ رۆحی پاكی هه‌موو مامۆستایانی شه‌هیدو تێكۆشه‌رانی رێگای په‌روه‌رده‌و فێركردن ده‌نێرین.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان


PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket