riklam

״نامە״كەی مام ‌و شتی تریش

ی.ن.ک‌‌ 02:38 PM - 2020-05-13
.

.

ئەم وتارە لە كوردستانی نوێ‌ ژمارە 7266 لە رۆژی 14/5/2017 بڵاوكراوەتەوە. كە ئەو کاتەش دەزگاکانی پارتی ھەمان نامەی سەرۆک مام جەلالیان  بڵاوكردەوە.

نامەیەك لە سایت‌و پەیجەكان بڵاوكرایەوە، دڵ ئاوی نەخواردەوە‌و هێنایانە سەر سایت‌و پەڕی رۆژنامەش. لە «هەولێر‌و خەبات» بڵاویانكردەوە، رۆژنامەی هەولێر  هەر نەیسە كە ئیشێتی كۆلاج ‌و مۆنتاج بكات، ئەدی (خەبات) بۆ؟

وامان دانا نامەكە كۆلاجیش نەكراوە، لێی نەقرتاوەو لێی زیاد نەكراوە هەرچەندە وەبەرچاوی خەڵكی كوردستانەوە «25» ساڵە مێژووی راپەڕین‌و بەسەرهاتە سیاسییەكان كۆلاج دەكرێت، بەڵام وای دابنێین نامەكە ئۆرجیناڵەو «هەولێر‌و خەبات» بێ ئاگاداری مەسیف نامەیەكیان لە چەكمەجەی تایبەت دەرهێناوە‌و بڵاویان كردووەتەوە.

ئایا نامەكە هەر دیوێكی هەیە كە بۆ خەڵك وێنا دەكرێت، دیوی تەنازول‌و (پاڕانەوە)

ئەم تەنازولە بۆ كێیە؟ بۆ دەستكەوتی شەخسی‌و  داگیركردنی پۆست‌و  پایەیە یاخود بۆ كورد‌و كوردستانە؟ ئەگەر وایە تەزویرو كۆلاجی نامەی وای بۆچی بوو كە مام جەلال بۆ بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەی كورد بەبەرچاوی خەڵكی كوردستان‌و لەبەردەم كامێراكاندا، دەیان جار رجاو تكای بۆ ئاشتی‌و برایەتی‌و پێكەوە ژیان كردووە؟

كۆلاجی بۆچی بوو كە هەموو دونیا دەزانێت ئەوە مام جەلال‌و یەكێتییەكەی مام جەلال-ە سەبری شۆڕشگێڕی وایان نواندووە خەریكە بڵێن یەكێتی قوربانی سەرەكی ئاشتی‌و برایەتی‌و پەرۆشییە بۆ ئایندەی كوردستان؟. كۆلاجی بۆچییە كە سەرۆك مام جەلال هەر بۆ ئاشتی‌و برایەتی‌و پێكەوەیی نەك هیچی تر، خەڵكی بە پێشی خۆیداوە. عەزێتی بڵاوكردنەوەی نامەی كۆلاجكراو یان ئۆرجیناڵی بۆچییە، كە مام جەلال خاوەنی دەستپێشخەری چوونە مەسیفە، بێ وادەو بەڵێنی بەرامبەر‌و لە گەرمەی ناكۆكی‌و گرژی ناوخۆیی كوردستاندا؟. دەستپێشخەرییەك ئەمڕۆ یارو نەیار وەك پایەداری بۆ مام جەلال دەیگێڕنەوە‌و كەسی تریش ناتوانێت وەك مام بكات، ئەوانەی ئەو چیرۆكە دەگێڕنەوە مەبەستیانە پەرۆشی‌و دەستپێشخەری‌و ئازایەتی‌و جوامێری سەرۆك مام جەلال بگێڕنەوە، كە بۆ ئاشتی‌و برایەتی باكی بە بڵاوكردنەوەی مەبەستداری مەسج‌و نامەی ئۆرجیناڵ‌و كۆلاج كراو نییە.

نامەی ناوبراو ئەگەر ئۆرجیناڵ بێت‌و ئەگەر كۆلاجكراو، ناوەڕۆكەكەی هێشتا شتی تریشمان پێدەڵێت، جگە لەو پەیامەی راگەیاندنی پارتی ویستویەتی بیگەیەنێت.

*نامەكە بە كوردییە، بۆ كوردە‌و بۆ كوردستانییانە.

تەنازول نییە بۆ دوژمن‌و داگیركەران، مەگەر (خەبات‌و هەولێر) بێ مەبەست خۆیان كردبێت بە نوێنەری وان.

نامەكە دوای داخستنی دۆسێی لابردنی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراقە، كە رێك رووداوەكانی دواتر راستیی هەڵوێستی مام جەلال-یان سەلماند. ئاخر لاچوونی مالیكی لە خولی سێیەم‌و هاتنی عەبادی بۆ سەرۆك وەزیران چی لە مەسەلەكە گۆڕی؟ دەعوەیەك رۆیی دەعوەیەكی تر هات. ئایا هەوكردنی كێشەكانی ئێستای كوردستان‌و بەغدا بەس نییە تا تێبگەین لابردنی مالیكی‌و جەعفەری‌و كێ‌و كێ هیچ لە ئەسڵی مەسەلەكە ناگۆڕن، چونكە مەسەلەكەی عیراق شەخسی نییە ئەقڵییەتە؟ شەخسی نییە‌و سیستەمە؟ ئایا ئەو نامەیە راستی بۆچوونەكانی مام دەرناخەن لەو پرسەدا وەكو چۆن رۆژنامەنووس جەنگیز چاندار گێڕایەوە كە مام جەلال پێشبینی كرد ئەسەد ناڕوا‌و هەرواش دەرچوو. مالكی چوو و عەبادی هات‌و چارەسەری كێشەكانی كورد لەگەڵ بەغداش هەر نەهات.

*هەموو نامەیەك یان وەڵامی نامەیە، یان وەڵامی دراوەتەوە، راگەیاندنی پارتی وەكو ئەم نامەیەی لە چەكمەجەی قایم دەرهێناوە، نامەی پێشووی بڵاونەكردۆتەوە كە دەبێت ئەم نامەیەی مام وەڵامێك بێت بۆی. هەروەها نامەی وەڵامی ئەم نامەیەشی دانەناوە، بۆیە ئەگەر نامەی مام ئۆرجیناڵیش بێت یان چەند نامەیەكی كۆلاجكراوی قۆناغی جیا بێت، هێشتا بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان كۆلاج ئامێزە‌و گومان دروست دەكات.

ئایا لایەنی بەرامبەر واتا بەڕێز مەسعود بارزانی ویستویەتی رێككەوتننامەی ستراتیجی هەڵوەشێنێتەوە؟ رێككەوتنێك كە لە غیابی ئێستای مام لە كایەی سیاسیدا برادەرانی پارتی هەرچی (شێخ‌و مەلای دونیایە) بۆیان هێناوەتە رجا‌و تكایە، تا نوێ بكرێتەوە؟ ئایا لەو سەردەمەدا ویستراوە هەڵبوەشێنرێتەوە؟
نامەكە چەند جوانە كە پەرۆشی سەرۆك مام جەلال بۆ ئاشتی‌و برایەتی دەردەخات، كە لە بەرزترین ئاستدا ویستراوە هەڵبوەشێندرێتەوە، مام لە (پەنجەرەوە) بۆی دێتەوە ژوورەوەو نوێی دەكاتەوەو تەبایی دەردەخات؟

رجاو تكای مام هیچ دەستكەوتی شەخسی بۆ مام جەلال‌و هیچ دەستكەوتی حزبی تێدا نییە بۆ یەكێتی، ئەوە چ قوربانیەكە بەو دڵنەرمییەوە پێداگری لەسەر ئاشتی‌و رێككەوتن دەكرێت كە نابێت لابردن‌و لانەبردنی مالیكی‌و عەبادی‌و جەعفەری‌و كۆمەڵێك ناوی تری (بەغدادی) ببنە كۆسپ لەبەردەم كوردایەتی‌و كوردستاندا.

لەبەرامبەردا نامە بۆ نێردراو چی گوتوە؟ چی جواب داوەتەوە؟ (هەولێر ‌و خەبات) ئەمەمان پێناڵێن، پێمان ناڵێن مەبەست لە بڵاوكردنەوەی ئەم نامەیە چییە، ناشێ مەبەستێكی پێچەوانەی قازانجی پارتیان هەبێت دەرخستنی رجاو تكای كوردانەی (مام)‌و زبری‌و دڵڕەقی بەرامبەر لەبەردەم برایەتی‌و كوردایەتی‌و هاوپەیمانیدا؟

راگەیاندنی پارتی لەژێر لێوەوە پێمان دەڵێن بەڕێز بارزانی‌و سەركردایەتی پارتی‌و كۆی راگەیاندنی پارتی قەت تەنازول ناكەن، تەنانەت بۆ كوردایەتی‌و یەكڕیزی كورد‌و كوردستان‌و رێككەوتن‌و پێكەوەیی، عەجەب!.

ئاخر ئەمە ئەو هەموو عەزێتەی نەدەویست لە بڵاوكردنەوەی نامەی ئۆرجیناڵ‌و كۆلاجكرا‌ودا.

دایكە ئەسڵیەكە تەنازولی لە منداڵەكەی خۆی كردو وتی: با لەم راكێش راكێشەدا قۆڵی منداڵی ئازیزی دایكی لەجێ  نەچێ‌و لەبن دەر نەیات. لەبەر ئەوە لە هەقی خۆی خۆشبووە، وەك مام جەلال‌و وەك یەكێتی لە تۆماری رووداوەكانی كوردستاندا وایان كردووە.
كوردینە!

مام جەلال چەند مەزنە، چەند كورد‌و كوردستانییە.

PUKmedia كوردستانی نوێ‌

 

18300962_1522103271164184_5048854664961077315_n.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket