riklam

دەقی ئەدەبی لە نیگاری كاریكاتێریدا

ئەدەب وهونەر 11:26 AM - 2020-05-12
.

.

بەشی چوارەم

لەسەر بناغەی بوونی یان نەبوونی دەقی ئەدەبی (توانج) لە كاریكاتێردا ، دەتوانرێت كاریكاتێر پۆڵێن بكرێت بۆ چەند جۆرێك ئەوانیش: 1- كاریكاتێری بێ دەقی ئەدەبی. 2- كاریكاتێری بەكارهێنەری دەستەواژەی ئەدەبی یان ئامرازەكانی دەربڕی زمانەوانی.

3-  كاریكاتێر لەگەڵ توانجدا:

ئەو نیگارە كاریكاتێرییەیە كە پشت بە توانجی ئەدەبی دەبەستێت بۆ روونكردنەوەی ناوەڕۆكی تابلۆكە، توانجەكەش بە رەگەزی دووەمی تابلۆكە دەژمێردرێت، نابێت تێكەڵیەك بكەین لە نێوان ناولێنان و ئەو توانجەی كە بوونی كاریگەری نابێت لەسەر ناوەڕۆكی تابلۆكە، وەكو دەستەواژەی (سۆزە گەرمەكان) لە نیگارەكەی مەحمود ئەلزەواویدا، كە سڕینەوەی ئەو دەستەواژەیە هیچ كاریگەرییەكی نابێت لەسەر گەیاندنی ناوەڕۆكی نیگارەكە بە بینەران، بەڵام ئەو توانجەی كە ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە، كە بەبێی ئەو تابلۆكە سەری لێدەرناكرێت، یان لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، بۆ نمونە تابلۆكەی‌ مەحمود كەحیل، سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی باشوری ئەفریقیا، كە سندوقی هەڵبژاردن دیارە و لەلای راستیەوە كاغەزی دەنگدان و لە لای راستی سندوقەكەش وشەی (بەڵێ)، و لەلای چەپیەوە چەند نارنجۆكێك و لە چەپی سندوقەكەش‌ وشەی (نەخێر) نووسراوە، و لە پێشەوەی سندوقەكەش نووسراوە (هەڵبژاردنی باشوری ئەفریقیا). ئەگەر ئەم رستەیە لابدەین، نازانین رووداوەكە باسی چی دەكات، و نیگارەكەش شێوەیەكی گشتی وەردەگرت، بۆیە لێرەدا توانج گرنگە، و خوێنەر ناتوانێت بزانێت كە مەبەست لێی تایبەت ئەو هەڵبژاردنەی‌‌ باشوری ئەفریقیایە.

4-  كاریكاتێری هاوشان لەگەڵ دەقی ئەدەبی گاڵتەجاڕدا:

ئەو كاریكاتێرەیە كە بۆ دەرخستنی ناوەڕۆكەكەی پشت بە دووجۆر ئامرازی دەربڕ دەبەستێت، شێوەكاری و ئەدەبی. لەم جۆرە كاریكاتێرەدا دەقی ئەدەبی و نیگاری شێوەكاری دوو ئامرازی تەواوكاری یەكترین، و هەردووكیان یەكەیەكی تەواو و پتەو پێكدێنن، بەتەنیا و بەبێ یەكتری ناتوانن دەربڕی خۆیان بن، لەوانەیە دەقی ئەدەبی گفتوگۆیەك بێت لە نێوان پاڵەوانانی كاریكاتێرەكە، یان چەند رستەیەك بێت لەسەر زاری پاڵەوانێكی كاریكاتێرەكە، یان دەقێكی دوور و درێژیش بێت، بۆ نمونە كاریكاتێری هونەرمەند (سێرگی ستیلماشونۆك) لە بێلاڕوسیا، كە لە دوو نیگار پێكدێت، لە یەكەمیاندا باوكەكە كوڕەكەی ناچاردەكات بە خواردن و دەڵێت (دەبێت بخۆی ئەگەر نا ...)، لە دووەمیشدا كاتێك كوڕەكە گەورە دەبێت، بۆینباغی باوكی دەگرێت و هاواردەكات و دەڵێت (دەمەوێت بخۆم ئەگەر نا ...)، دەتوانین كاریكاتێرەكەی هونەرمەندی میسری (جومعە) و كاریكاتێرەكەی هونەرمەندی میسری (عادل سەعید) هەروا بە نمونە بێنینەوە، كە لە هەردووكیاندا یەكێك لە پاڵەوانەكانی كاریكاتێرەكە رستەیەك دەردەبڕێت. هونەرمەندی فەڵەستینی تیرۆركراو (ناجی ئەلعەلی) بە بەكارهێنانی دەقی ئەدەبی دوور و درێژ و هەندێك جار هۆنراوەی میللی ناوبانگی دەركردبوو، لە زۆربەی كاریكاتێرە میسریەكانیشدا واباوە كە گفتوگۆ و توانج هەیە، لە كاریكاتێری سوریایشدا زۆركەم گفتوگۆ و توانجی ئەدەبی دەبینین، ئەمەش پۆلێنكردنی كاریكاتێرەكان نیە، بەڵكو ڕادەربڕینێكە لەسەر دیتنی زۆرێك لە كاریكاتێرە بەردەستەكانی ئەم دوو وڵاتە. 

دەبێت بگەڕێینەوە سەر قسەكردن لەسەر بەكارهێنانی دەقی ئەدەبی لە كاریكاتێردا، ئەوە بەبیربێنینەوە كە نابێت دەق بەردەمی شێوەكاری بگرێت و پاڵی پێوەبنێت بۆ پلەی دووەم، بەڵكو پێویستە هاوسەنگیەك لە نێوانیاندا هەبێت، كە نابێت كاریكاتێرەكە گرنگی و بایەخی نەمێنێت، بوونی و نەبوونی وەك یەك وابێت، لە حاڵەتێك توانرا دەست لە شێوەكاری بەربێت لە كاریكاتێردا، و قایلبوون بە دەقی ئەدەبیش بۆ گەیاندنی ناوەڕۆكی بابەتەكە بەس بێت، ئەو كات ئەو بابەتە ناتوانرێت بە كاریكاتێر ناوبنرێت و نابێتە كاریكاتێر، چونكە شێوەكاری تێیدا وەكو هۆكارێكی یاریدەدەر خراوەتەنێو، بۆ زێتركردنی كاریگەری بابەتەكە، دەتوانێن ئەو كات بڵێین كە بابەتەكە دەبێتە بەشێك لە هونەرەكانی ئەدەبی گاڵتەجاڕ، زیاتر لەوەی كە كاریكاتێر بێت، چونكە قایلبوون بە دەقی ئەدەبی بەسیەتی بۆ گەیشتن بە جەماوەر بەبێ شێوەكاری، ئەگەر دەقە ئەدەبیەكەش بسڕینەوە، ئەوا شێوەكاریەكە چەند هێڵێكی سەرلێشێواوی بێ مانا دەمێنێتەوە، ئەمەش بە دڵنیاییەوە كاریكاتێر نیە.

بۆیە پێویستە لەسەر‌ هونەرمەندی كاریكاتێریست پێشتر كارەكەی خۆی شێوەكاریانە و دواییش ئەدەبیانه بونیات بنێت، بەمەش هاوسەنگی پێویستی دەست دەكەوێت، ئەگینا نیو كاریكاتێر و نیویش ئەدەب بەرهەمدێنێت، لەگەڵ ئەوەی كە دەقە ئەدەبیەكەش دەگاتە خوێنەر، كەچی دوورە لە شێوە سەركەوتووەكانی ئەدەبی گاڵتەجاڕەوە.

PUKmedia ئا/ هەندرێن خۆشناو

86.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket