riklam

كەیسی سیاسی یان یاسایی؟

بیروڕا 04:20 PM - 2020-05-10
.

.

«تا خاوەن ماڵ دزی گرت، دز ئازابوو خاوەن ماڵی گرت»، ئەمە ئەوپەندە كوردییە بوو كە لە مێژە وتراوە و مەبەستیش لێی بۆ ئەوەیە كە گریمان خاوەن مافێك دەكرێتە تۆمەتبار و تۆمەتبارێكیش دەكرێتە خاوەن ماف، جا ئیدی مەرج نییە ئەو هاوكێشەیە كە باس دەكرێت بە هەمان پێوەر و خەمڵاندن بێت، دەتوانین بەم شێوەیە گوزارشتی لێبكەین لەنێوان دوو تۆمەتباردا كە هەرلایەكیان خۆی بە خاوەن ماف دەزانێت، وەك ئەوەی ئێستا كە بووەتە مایەی باسوخواسی ناو سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە ئەویش ورووژاندنی بابەت و باسێكی گەرمی رۆژە، ئەو بابەتەش لە نێوان دوو كەسی مەعنەوی دیاردا یاخود دوو دەزگای جیاوازدایە كە كەوتوونەتە تۆمەتباركردنی یەكتری، بۆیە لێرەوە تیشك دەخەینە سەر ناوەڕۆکی ئەو باسوخواسە.

وەكو تاك یاخود وەكو پیشە و دەزگا
ئەڵبەتە بابەتەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە «پەرلەمانتار سۆران عومەر، مەسرور بارزانی بەوە تۆمەتبار كردووە كە سەروەت وسامان و داهاتی وڵاتی بە شێوەیەكی نایاسایی كۆكردۆتەوە».

لەبەرامبەریشدا وەكو كاردانەوەیەك لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پرسی هەڵگرتن و لێسەندنەوەی پارێزبەندییە لە سۆران عومەر كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامییە و لەو نێوەندەشدا چەند پەرلەمانتارێكی دیكە لە فراكسیۆنە جیاوازەكان كە بریتین لە هەریەك لە عەلی حەمە ساڵح و شیرین ئەمین لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەمان شێوە داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر كراوە، ئەوەی جێگەی هەڵوێستە و تێڕامانە! ئەوەیە كە ئایا مەسرور بارزانی وەك كەسی ئاسایی ئەو داوایەی كردووە یاخود وەكو كەسایەتییەكی مەعنەوی خاوەن پێگەیەكی حكومی كە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە؟ لێرەدا دەمانەوێت شرۆڤەی ئەو بابەتە بكەین:
ئەوەی دەمانەوێت قسەی لەسەر بكەین ئەوەیە كە بابەتەكە بەبۆچوونی من زیاتر رەهەندێكی یاسایی هەیە وەك لەوەی رەهەندێكی سیاسیی هەبێت. لێرەدا تیشك دەخەینە سەر كاری پەرلەمانی ‌و پەرلەمانتار و هەڵبەتە پەرلەمانتار نوێنەر و هەڵبژێردراوی راستەوخۆی گەلە بە هەموو رەنگە جیاوازەكانییەوە، راستە پەرلەمانتار بەدەنگی ئەندام و هەوادارانی حزێكی دیاریكراو متمانە بەدەست دەهێنێت و دەبێتە پەرلەمانتار، بەڵام دواجار نوێنەری گەل و هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەكانە و بەیاساش پارێزبەندیی لەسەر دانراوە.

پەرلەمان
پەرلەمان دەزگایەكی تەشریعییە كە دەسەڵاتەكانی بریتییە لە یاسادانان و چاودێریكردن و بەدواداچوون و بانگهێشتكردنی كەسی مەعنەوی لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، هەروەها دەسەڵات و مافی لێپرسینەوە و لێپچینەوەی هەیە لە هەر بابەتێكی گوماناوی كە پێشلكردنی یاسای تێدا كرابێت و دەسەڵاتی لێسەندنەوەی متمانەی لە بەرزترین لایەنی جێبەجێكار لە حكومەتدا هەیە تا ئاستی هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و دروستكردنی حكومەتی نوێ و بڕیاردان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە.

پەرلەمانتار نوێنەری هەڵبژێردراوی راستەوخۆی گەلە و مافی ئەوەی هەیە بە نوێنەرایەتیی گەل چاودێریی سەرجەم سێكتەرەكانی حكومڕانی بكات و بێگومان لە حكومەتی پەرلەمانیدا حكومەت متمانە لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت، بۆیە پەرلەمان ئەو ماف و دەسەڵاتانەی بەسەر حكومەتەوە هەیە.

حكومەت
حكومەت دەزگایەكی جێبەجێكارە، لەدوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، هەموو ئەو یاساییانە جێبەجێ دەكات كە لە پەرلەمانەوە دەردەچن و پێویستە لەكاتی گومان و سەرپێچیدا لەسەر داوای رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران دامەزراوە یان كەسی مەعنی ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان بێت و وەڵامی پرسیارەكانی پەرلەمانتاران بداتەوە، ئەگەر وەڵامەكان جێگای رەزامەندیی پەرلەمانتاران بێت، ئەوكاتە هیچ پاساوێك نییە بۆ لێسەندەوەی متمانە و پـێچەوانەكەشی راستە.

هەڵگرتنی پارێزبەندیی و جیاوازیكردن
ئایا هۆكاری ئەو جیاوازییە چی بوو كاتێك كە بەڕێژەییەكی زۆر جیاواز دەنگ درا لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی ئەو پەرلەمانتارانە كە بەیەك پاكێج و لەیەك دانیشتندا دەنگی لەسەر دراو دواجار تەنها پەرلەمانتار سۆران عومەر پارێزبەندیی لەسەر هەڵگیراو ئەوانی دیكە بەدەنگێكی زۆركەم تەنانەت لە پەنجەكانی دەستێك كەمتربوو، دەنگیان پێدرا بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی؟

ئایا سۆران عومەر تەنها پەرلەمانتارە بەو نەفەسە قسەی كردبێت؟ ئایا مەسرور بارزانی داواكەی رەوابوو یاخود ئەوەی سۆران عومەر دەیڵێت یاساییە؟

بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە زۆر بەكورتی دەڵێم: لە راستیدا كاری پەرلەمان تەنها خۆ بەپاڵەوانكردنی سەر شاشە و تۆڕە كۆمەڵاتییەكان نییە كە لەسەرەوەش ئاماژەمان بە كاری پەرلەمانی دا، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت بە كۆكردنەوەی بەڵگەو داتاو زانیاریی و بانگهێشتكردن و سكاڵاكردنیش لە دادگا لەسەر هەر دۆسێیەكی گەندەڵی و نایاسایی ئەگەر هەبوو كاربكرێت، هەروەها كاری حكومەت و لایەنی جێبەجێكاریش نییە چاودێریی پەرلەمان و داوای لێسەندنەوەی متمانە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات، چونكە دادگا و یاساو داواكاری گشتی هەیە، لە ئەگەری هەر ناوزڕاندن و تەشهیر كردنێكدا.

عەتا تەها

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket