riklam

كۆرۆنا پەتای بێ چارە

تەکنەلۆجیا 12:08 PM - 2020-05-09
.

.

زۆرن ئەوانەی هەست بەوە دەكەن زانست كەمتەرخەمە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە تەنگی بە هەمووان هەڵچنیوە و هەڕەشە لە كۆی مرۆڤایەتی دەكات هەر بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان بزانن بۆچی زانست بەو هەموو پێشكەوتن و توانایەیەوە دەستەوسانە و هیچی پێ ناكرێت لە ئاست تەشەنەكردن و زیاتر بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسەدا، لەكاتێكدا زانایان بە گشتی هەموویان لە خەمی ئەوەدان كە چۆن بتوانن چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ ئەم پەتا بێبەزەییە بدۆزنەوە تا هەموو جیهانی بە یەكجاری لێ ڕزگار بكەن. هەندێك لەو ڕووەوە پرسیاری ئەوە دەكەن كە بۆچی لە كۆندا توانراوە زاڵ بن بەسەر زۆر لە نەخۆشییە كوشندەكانی وەك تاعون و كۆلێرا و سیل و ئاوڵە و زۆری تر كە ئێستا هەر ناوەكانیان ماوە و بێ شوێنەوارن، لە كاتێكدا كە زانست زۆر پێشكەوتووتر و بەتواناترە؟


بە دڵنیایەوە زانستی زیندەوەرزانی هێند پێشكەوتووە كە هیچ كۆسپێك چەند گەورە و گرانیش بێت ناتوانێت ببێتە ڕێگر لەبەردەم گەیشتنی بە ئامانجە پیرۆزەكانی لە ڕێی ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی و خۆش گوزەرانی هەموواندا هەر بۆیە لەو ڕووەوە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە كە هیچ نهێنییەك بە شاراوەیی نەمێنێتەوە و پەتای كۆرۆناش لە داهاتوودا دەبێتە یەكێك لەو نەخۆشییانەی كە ناوی لە كولەكەی تریشدا نابیسترێت. بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە هۆكاری نەخۆشییەكان جیاوازن لە یەكتر بۆ نمونە ئەو نەخۆشییانەی كە لەوەو پێش ئاماژەمان پێ كردن و ئێستا شوێنەوارییان نەماوە هۆكاری توشبوونەكەنایان جیاوازە لە هۆكاری تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا واتە بوونەوەرەكان كە دەبنە هۆی نەخۆشییەكان جیاوازن لە یەكتر لە ڕووی پێكهاتنیانەوە نەك لە ڕووی توانای بەرگری و ئاڵۆزییانەوە. هەر بۆیە چارەسەر و بەرەنگاربوونەوەشیان جیاوازە. چارەسەری نەخۆشییە میكرۆبییەكان واتە ئەو زیندەوەرە میكرۆسكوبیانەی (Microbic) كە دەبنە هۆی نەخۆشی بۆ زیندەوەرانی تری وەك مرۆڤ بە تایبەتی هەندێك جۆری بەكتریا ئاسانترە لە چارەسەركردنی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان كە هەندێك جار دەگاتە ڕادەی ئەستەم ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە بنەڕەتییەی كە هەیە لە نێوان ئەو دوو بوونەوەرەدا. بەكتریا زیندەوەرێكی تاك خانەییە و (Unicellular) لەشی پێكهاتووە لە دوو بەشی سەرەكی كە هیچ كامیان بێ ئەوەی تریان ناتوانێت زیندەچالاكییەكانی ئەنجام بدات. بەشێكییان كە دەست دەگرێت بەسەر ڕێكخستنی گشت زیندەچالاكییەكانی خانەكە و هەروەها گواستنەوەی ڕوخسارە بۆماوەییەكان پێی دەوترێت جینۆم (Genome) یان ناوكە ماددە (Nuclear Body). بەشی دووەمیشیان كە شوێنی ڕوودانی زیندەچالاكییەكانی خانەكەیە و پێكهاتووە لە شلاوێكی تا ڕادەیەك لینج ناسراوە بە سایتۆپلازم (Cytoplasm) . ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بكرێت ئەوەیە كە لە ڕێی سایتۆپلازمەوە دەتوانرێت هێرش بكرێتە سەر میكرۆبەكە بۆ لەناو بردنی نەك لەڕێی جینۆمەكەیەوە جا ئەگەر ئەو هێرشە بە هۆی دژە تەنەكانەوە بێت (Antibody) یان لە ڕێی ئەو دژەزیندانەوە (Antibiotics) كە بەكاردێنرێن وەك پێنسیلین و ئەوانی تر. بەڵام ئەگەر لە ڤایرۆس بكۆڵینەوە دەبینین تەنها لە جینۆم پێكهاتووە و سایتۆپلازمی نییە تا بتوانرێت بە ئاسانی لەناو ببرێت وەك ڤایرۆسی كۆرۆنا كە لەشی پێكهاتووە لە زنجیرەیەكی تاك لە ناوكە ترشی ڕایبۆزی (Ribonucleic Acid) كە بە(RNA) هێما دەكرێت كە بە پڕۆتینێكی ئاڵۆزی تەواوكەر (Template) دەوردراوە كە ناسراوە بە ناوكە پڕۆتین (Nucleic Protein) كە ئەمانیش بە بەرگێك (Envelope) لە چەوری و پرۆتین و كاربۆهیدرێت لە دەرەوە داپۆشراون. نەبوونی سایتۆپلازم بۆتە هۆی ئەوەی كە جینۆمی ڤایرۆسەكە نەتوانێت چالاكییەكانی ئەنجام بدات هەر بۆیە هەمیشە وێڵە بە دوای سایتۆپلازمێكی گونجاو تا بتوانێت زیندەچالاكییەكانی تێدا ئەنجام بدات بۆیە هەر بە گەیشتنی بۆ ناو سایتۆپلازمی خانە خوێیەكە (Host) ڕاستەوخۆ بەرگەكەی خۆی دادەماڵێت ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها جینۆمەكەیەتی كە بریتییە لە زنجیرە تاكەكەی (RNA) كە تێكەڵ بەو سەدان (mRNA)یانە دەبێت كە لە ناو سایتۆپلازمی خانەكەدان ئەمیش وەك ئەوان بە پشت بەستن بە سایتۆپلازمی خانەخوێیەكە دەست بە چالاكییەكانی دەكات كە زۆر بوونە لە ڕێی كرداری دووهێندە بوون و (Replication) لەبەرگرتنەوە و (Transcription) هەروەها بنیادنانی هەمەجۆر پڕۆتین لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە (Translation) بە متمانە كردنە سەر ئەو ئەندامۆچكانەی (Organelles)وەك ڕایبۆسۆمەكان و (Ribosomes) دەزگای گۆڵجی و (Golgi Apparatus) ئەوانی تر بێ ئەوەی هیچ بەرگریەكی لێ بكرێت چونكە وەك بەشێك لە خانەكە دەردەكەوێت كەوا بوو تا ئێستا سەركەوتن بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كارێكی گرانە ئەگەر چی زانایان لە كۆڵی نابنەوە تا چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە بەڵام تا ئەو كاتە هەمیشە خۆ پاراستن لە چارەسەر باشترە كە پێویستە هەمووان پاپەندبین پێوەی چونكە دەستنیشانكردنی كۆدی ناوكە ترشی (RNA) ڤایرۆسەكە و جیاكردنەوەی لە ناوكەترشەكانی خانەخوێكە و پاشان دۆزینەوەی ڕێگە چارە بۆ لەناوبردنی (RNA) ڤایرۆسەكە بێ ئەوەی زیان بگات بە جینۆمی خانەخوێیەكە و لەناوبردنی (RNA)یەكانی، كە ئەمە كارێكی یەكجار گرانە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زۆر ورد و كۆڵ نەدانە كە ماوەی زۆر و كاری بێ وچانی دەوێت تا گەیشتن بە ئامانج. دوورنییە هەندێك لە شارەزایان بڵێن ئەمەی زاناكان بەدویا وێڵن لەو بوارەدا دەبوو خانە خوێكە خۆی ئەنجامی بدایە و لەناوی ببردایە بەڵام لەوە دەچێت خانە خوێكە نەتوانێت ناوكە ترشی (RNA)ڤایرۆسەكە لە ناوكەترشەكانی خۆی جیابكاتەوە و بەرەو ڕوویان ببێتەوە و لەناویان بەرێت كە ئەمە دەبێتە گرفتێكی گەورە لەبەردەم خانە تووشبووەكاندا و وایان لێ دەكات دەستەوسان بن بەرامبەر بە جینۆمی ڤایرۆسەكە.

وێنەی بەكتریایەك  كە پێكهاتووە لە سایتۆپلازم و ناوك

77.png



وێنەی ڤایرۆس كە تەنها پێكدێت لە ناوكە ماددە و بەرگێك

17.png

عەبدوالڕەحمان حەمەچاوش
پسپۆڕی بایۆلۆجی

PUKmedia تایبەت

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket