riklam

پرسی گەرمی لامەركەزی

بیروڕا 02:08 PM - 2020-05-06
.

.

لامەركەزیی ئەو وشەیە كە زۆرجار گوێمان لێی دەبێت، پرسێكە ناوبەناو دەوروژێنرێت، ئەمە ئەو باس و خواسەیە كە زۆرجار دەبێتە بابەتی گەرمی رۆژ و رۆژنامە و راگەیاندنەكان تەنانەت هاووڵاتی ئاسایی و سادەش و جۆرەكانی حوكمڕانی لە وڵاتاندا جیاواز و جۆراوجۆرن، بەڵام ئێستا لەدنیای كرانەوە و پێشكەوتندا سیستمی حوكمڕانیی لامەركەزی باوترینیانە و ئەو دەسەڵاتەی لە لامەركەزیدا پیادە دەكرێت پێچەوانەی دەسەڵات و حوكمڕانیی مەركەزییە.

بەكورتی كاتێك باسی سیستمی مەركەزیی دەكەین و دواتریش باس لە شێوازی سیستمی لامەركەزیی دەكەین، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەردوو جۆرەكە لە پیادەكردنی حوكمڕانی مەركەزیی و لامەركەزیی دەخەینەڕوو. سەرەتاش لە حكومرانی مەركەزییەتەوە دەست پێدەكەین ئەم جۆرەیان لە حوكمڕانی بریتییە لە كۆكردنەوە و قۆرخكردنی دەسەڵاتی یەكە كارگێڕیی و ئابووریی و پیشەییەكان كە بەشێوازێكی ستونی و هەڕەمی دەسەڵاتەكان كۆكراوەتەوە لە دەستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و تاڕادەیەك وەزیرەكاندا، ئەم شێوازەش لە حوكمڕانی لایەنە نەرێنییەكەی زیاترە لە ئەرێنی.

لەسادەترین نموونەدا دەبێتە هۆكاری جیاوازیی و ناعەدالەتی لە نێوان پارێزگا و شارەكاندا بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووریی و كارگێڕیی و پیشەیی، هاوكات دروستكردنی لەمپەر و رۆتینات بۆ ئیشوكاری رۆژانەی هاووڵاتیان لە دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەت و زۆرجار بڕیارەكان دەكەونە سەر میزاجی كەسی و دواجار بارگرانیی مادی و مەعنەوی هاووڵاتی لێدەكەوێتەوە.

بێگومان ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش ئەوجۆرە حوكمڕانییەی تاقیكردۆتەوە كە هاوسەنگ و سەركەوتوو نەبووە، بەڵكو لاسەنگ بووە بە تایبەتی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و لایەنی دارایی و جۆرێك لە جیاوازیی پێوە دیاربووە لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی یەكە كارگێڕیی و ئابورییەكاندا لەنێوان شارو ناوچەكاندا.

بەڵام ئەگەر باس لە گرنگیی سیستم ‌و حوكمڕانیی لامەركەزیی بكەین كە باوترین شێوازە لە حوكمڕانیی ئێستای جیهاندا، شێوازی حوكمڕانیی لامەركەزیی بریتییە لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵات و بچوككردنەوە و وردكردنەوە و پێدانی دەسەڵات بە پارێزگار و قایمقام و یەكە ئیدارەییەكان بە ئامانجی كەمكردنەوەی رۆتینات و راییكردنی مامەڵە و ئیش و كاری هاووڵاتیان و باش بەڕێوەچوونی یەكە كارگێڕیی و ئابووریی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی تر.

ئەم جۆرە لە دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاسۆیی لە رێگای پارێزگار و قایمقامەكانەوە شۆڕدەبێتەوە بۆ فەرمانگە و دامودەزگاكانی تری حكومەت بەمەبەستی ئاسانكاریی و باشتر بەڕێوەچوونی ئیشوكاری رۆژانەی هاووڵاتیان و راییكردنی مامەڵە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكانی حكومەت، بێگومان سوودێكی تری لامەركەزییە بۆ كەمكردنەوەی كارە كەڵەكەبووەكان لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان.

خاڵێكی تریش لە سوودە گرنگەكانی لامەركەزیی، دروستكردنی گیانی كێبڕكێیە لە نێوان پارێزگاو شارەكاندا و هەر پارێزگا و شارێك داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكانی كۆدەكرێتەوە و لە چوارچێوەی یاسادا خەرج دەكرێتەوە بەئامانجی خزمەتكردن و پڕۆژەسازیی و گەشەكردنی بازاڕ و كەرتی تایبەت لە هەمان شارو ناوچەدا، بەمجۆرەش جووڵەیەك لە وزەی دانیشتوون دروست دەبێت و هەلی كاریش دەڕەخسێنێت و چارەسەرێكیشە بۆ ئەم قۆناغەی كە خۆی لە قەیرانێكی سیاسیی و تەندروستی و مرۆیی و ئابووریدا دەبێنێتەوە.

سەرئەنجام بێنەوبەردەی ململانێی سیاسی و شارچێتی كاڵ دەكاتەوە و لایەنی دەروونیی مرۆیی و سایكۆلۆژیای مرۆڤ ئارام دەكاتەوە، دواجار بەچارەسەری بەشێك لە تەندروستیی مرۆیی و ئابووریش دێتە چارەسەركردن.

ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە هیچ حوكمڕانییەك نییە تەواو پێرفێكت بێت و هیچ حوكمڕانییەك نیە سەرلەبەری نەرێنی بێت، بەڵكو هەموو شتێك رێژەییە، بەڵام پێویستە لەنێوان باش و باشتریندا، باشترینەكە هەڵببژێردرێت، بەپێچەوانەشەوە لەنێوان خراپ و خراپتریندا ئەوەیان هەڵبژێردرێت كە كەمترین زیانی هەیە.

ئەوەی كە ئاماژەمان پێدا بەشێك بوو لە ناوەڕۆكی حوكمڕانیی مەركەزیی و لامەركەزیی و بۆ پیادەكردن و پێڕەوكردنی لامەركەزیش، هیچ پاساوێكی یاسایی نییە كە رێگربێت لە بەرامبەر ئەو پرسەدا، بەڵكو بە پێچەوانەوە لە پەرلەمانی كوردستان یاسای ژمارە 3 ساڵی 2009دا یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان دەرچووە، بەڵام هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئیتر هۆكارەكەی هەرچییەك بێت رەنگە هۆكارەكەی سیاسی بێت، یاخود نەڕەخساندنی كەش و هەوایەكی كارگێڕیی گونجاوبێت، بەڵام دواجار پاڵپشتێكی یاسایی هەیە لەهەر كاتێكدا و لەدوای دەردەشە و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی و كارگێڕیی و سیاسی دەتوانرێت سیستمی لامەركەزیی پەیڕەو بكرێت لە حوكمڕانیدا و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، سەرەنجام ببێتە هۆكاری بوژاندنەوە و دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووەی ئێستا .

ن/ عەتا تەها

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket