riklam

لامەركەزی لەنێوان خواست و رەتكردنەوەدا

بیروڕا 12:44 AM - 2020-05-05
.

.

سەرەتا بۆئەوەی ھیچ ھەستیاریەك دروست نەكات و لێكدانەوەی سیاسی بۆ نەكرێت لامەركەزی «سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی» ئەوەی لە سلێمانی داوادەكرێت و دووبارە خراوەتەوە بەر باس و كار بۆ جێبەجێ كردنی دەكرێت, بەھەموو پێوەرێك بەواتای جیاكاری و جیاكردنەوەی دوو ئیدارەیی و چونە باوەشی بەغداد نایەت وەك ئەوەی تۆمەتی ئاراستە دەكرێت, ھیچ كەسێك نیازێكی لەو شێوەیەی نیە و لەبنچینەشدا ئەوە تۆمەتێكی داتاشراو هەڵبەستراوە، لەبەر ئەوە ناكرێت ھەر لە ئێستاوە ھەنگاوەكانی لامەركەزی بدرێتە بەر تیرو تۆمەت ئاراستەكردن و دژایەتی ، ئەو پرۆژەیەی كە ئێستا لەسلێمانیەوە سەرچاوەی گرتوەو كاری بۆ دەكرێت تەنیا شۆڕكردنەوە و دابەشكردن و گەڕانەوەی بەشێك لە دەسەڵاتەكانە لە ھەولێرەوە بۆ شارەكانی تر ، ئەو دەسەڵاتە كارگێڕی و داراییانەی كە لەژێر ناو سێبەری سیستمی مەركەزی «ناوەندگەری» لە پایتەختەوە ھەموو جومگەكانی قۆرخ كردووەو ھەناسەی لە حكومەتە خۆجێیەكان بڕیوەو بەناوی "یەك جەمسەری و حكومەتی مەركەزی خاوەن بڕیار" دەسەڵاتی نایەكسانی خۆی بەسەر پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكاندا سەپاندووە، بەرھەمی ئەو مەركەزێتەی كە ئێستا شین بۆ بەرداوامیدانی دەكرێت رازاندنەوەی چەند شارێك و چەوساندنەوەو بەردەوامی دانە بە ھەڵتەكاندنی ژێرخانی ئابوری و كاول كردنی چەند شارێكی تر ئەوەی پێی دەوترێت زۆنی سەرز ، ئەو نادادپەروەرییەی كە لە چەند ساڵی رابردوو سیستمی مەركەزی لە ھەرێمی كوردستان دروستی كردووە ، ئەگەر چارەسەر نەكرێت كاریگەریەكەی چەند ساڵێكی تر دەگاتە سێھێندەی ئێستا و بگرە زیاتر لەوەش ،

لەم پڕۆسەی مەركەزێتەی كە ئێستا حكومەتی هەرێم پەیڕەوی دەكات و بووەتە چەقی هەموو بڕیار و دەسەڵاتەكان, قوربانی ھەرە گەورە ھاوڵاتیانی ناوچە پەراوێزخراوەكانە لە «زۆنی سەوز» بەڵام ئەوەی كە رۆیشت تازە لەدەست چووەو قەرەبوو ناكرێتەوە ھەرچۆنێك بێت دەبێت ئەو زوڵمە رابگیرێت كە سالانێكی زۆرە لەم زۆنە دەكرێت و دەر ئەنجامەكەی دواكەوتنی سلێمانی و پەراوێز خستنیەتی بەبەراورد بە شارەكانی تر كە لەسەر حسابی ئەم شارە باڵایان بەرز و روویان گەشاوەتر دەكرێت.

لەم پرۆسەیەدا ئەوەی تا ئێستا روونە یەكێتی بە ئاشكرا و گۆڕان لەژێر پەردەوە لەگەڵ جێبەجێبەجێ كردنی لامەركەزین و پارتیش بە ئاشكرا لەگەڵی نیەو دژایەتیشی دەكات ، لەنێو ئەم ململانێیەدا رەنگە وەك بەشێكی تر لە پڕۆسە و پڕۆژەكانی رابروو لامەركەزیش ببێتە قوربانی ململانییەو خواستی سیاسی ، بەڵام ئەوەی ناكرێت بە ئاسانی دەست لەم داوا رەوایە ھەڵبگرێت یەكێتیە چونكە ئەمە سودو بەرژەوەندی گشتی تێدایەو گرنگە ئەم حزبە فشار و داواكاریەكەی فراوانتر بكات نەك تەنیا لە سلێمانی بەڵكو داوا بكات لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كار بە سیستمی لامەركەزی بكرێت ، ئەمە رێگە راستەكەیەو جۆرێك لە رەواییەتیش دەدات بە پڕۆژەكەی یەكێتی ،

لامەركەزی جگەلەوەی دەرفەت لەبەردەم دادپەروەری و یەكسانی كۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت و وادەكات لەسەر ئاستی حكومەتە خۆجێیەكان خزمەتگوزاری و كاروباری رۆژانەی خەڵك باشتر و ئاسانتر بەڕێوەبچێت و رۆتینات و گەندەڵی كەمبكرێنەوە , جۆرێك لە متمانەش بۆ دامەزراوەكانی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، ھاوكات جۆرێك لە كێبڕكێش لە نێوان ئیدارەی پارێزگاكاندا دروست دەكات و ھەر لایەك لە ھەوڵی باشتر خزمەتكردنی دانیشتوانەكەیدایە بەمەش سودمەندی سەرەكی ھاوڵاتیان دەبن و تا ئاستێك بەشێك لەو داھاتەی كە تا ئێستا نازانرێت بۆ كوێ دەڕوات بۆ خزمەتی خەڵك دەگەڕێتەوە و وەك كێبڕكێیەك بۆ رازی كردنی هاوڵاتیان بەكار دەھێندرێت، ھەر ئەمەش كرۆكی بابەتەكەیەو لایەنی ھەرە باشی سیستمی لا مەركەزییە،

لەكاتێكدا باس لە سیستمی لامەركەزی دەكرێت ئەوەی جێگەی سەر سوڕمانە ئەو لایەنەی كە دژایەتی لامەركەزی دەكات و ترسی لێنیشتووە و بە مەترسیەكی گەورەی دەزانێت بۆ سەر كیانی حكومەت و ھەرێمی كوردستان، زۆرترین رەخنەی لە مەركەزیەتی حكومەتی عێراق ھەیەو ھەمیشە بەغداد بەوە تۆمەتبار دەكات كە زیاد لە پێویست دەسەڵاتی خۆی بەسەر ھەرێمدا دەسەپێنێت و رێگەنادات ھەرێم گوزارشت لە دەسەڵاتەكانی خۆی بكات و سەربەخۆیی كارگێڕی و دارایی خۆی بەرجەستە بكات، بەپێچەوانەی ئەم خواستەوە بۆ ناوخۆی ھەرێمی كوردستان پێیان وایە سیستمی لامەركەزی ھەڕەشەیەو دروستكردن و قوتكردنەوەی حكومەتێكی ترە لە بەرامبەر حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ترسە گەورەكەش ئەوەیە لە ئەگەری گوێ نەگرتن لە داواكاریەكەی دوو پارێزگای ھەرێم «سلێمانی و ھەڵەبجە » راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەغداد بكەن و پشكی خۆی لە بودجەو موچە لە رێگەی حكومەتی ناوەندی عێراقەوە بە دەست بھێنێت ، ھەرچەندە لەم قۆناغەدا ئەمە چاوەروان نەكراوە بەڵام ئەگەر ئەم زوڵمەی كە لە زۆنی سەوز دەكرێت بەردەوام بێت رەنگە وەك دواین رێگە چارە لە داهاتوویەكی دووردا ئەوەش بژاردەیەكی كراوە بێت،

لەجێبەجێكردنی سیستمی لامەركەزیدا ناكرێت ھیچ لایەنێكی سیاسی ترسی لێ بنێشێت و بەجۆرێك لە كودەتا لەدژی خۆی بزانێت چونكە لە بنچینەدا سیستمەكە ئامانج لێی باشتر خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی كارئاسانی و كەمكردنەوەی رۆتیناتی و گەندەڵیە ، جگە لەوەش پێشتر لە رێكەوتنە سیاسیەكان بۆ پێكھێنانی حكومەت ئاماژە بەم بابەتە كراوەو رەزامەندی نیشان دراوە ، ئەگەر سیستمی وڵاتانی گەشەسەندوی دونیاش لە بەرچاو بگیرێت دەبینی لامەركەزی بەشێكی زیندوی شێوازی بەڕێوەبردنی دەوڵەتان پێكدەھێنێت، ئەگەر لامەركەزی لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت دەكرێت ببێتە سەرەتای وەرچەرخانی سیستمی بەڕێوەبردن و دابەشكردن و شوڕكردنەوەی بەشێك لە دەسەڵاتی حكومەتی ھەرێم بەقازانجی خەڵك ، جگەلەوەش ئەمە بەشێك لە بەرپرسیاریەتی و ئەركەكانی حكومەت لەم قۆناغەدا كەم دەكاتەوەو تاقیكردنەوەیەكی گەورەشە بۆ حكومەتە خۆجێیەكان و تاودانی ئەسپی خۆیان بۆ باشتر خزمەتكردنی خەڵك وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت، ئەو كات ئەو گلەییانەی كە ئێستا لە حكومەت دەكرێت كەمتر دەبنەوە و بەشێكی زۆری بەرپرسیارییەتیەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەتە خۆجێییەكان و دەرەنجامی باش و خراپی كارەكانیش ھەر دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان ، لەبەر ئەوە نە حكومەت و نە لایەنە سەرەكیەكانی بەشدار لە حكومەت پێویست ناكات ئەوەندە بترسن و ھەر لە ئێستاوە بەو پەڕی توانایانەوە دژایەتی بكەن , وەرن هەمووتان هاوكاربن و كار بۆ سەركەوتنی كار و پڕۆژەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتە خۆجێیەكان بكەن ئەگەر مەبەستان خزمەتكردنی خەڵكە ؟

 

PUKmedia مەریوان عەبدوڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket