riklam

بۆچی سیستەمی لامەركەزی پێویستە ؟

ئابوری 02:27 PM - 2020-05-03
.

.

لامەركەزی پرسێكە دەمێكە قسەوباسی لەبارەوە دەكرێیت لەھەمان كاتدا لە ھێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەروونی ئاماژەی پێكراوە ، بۆیە لامەركەزی ھەرگیز بەمانای دوو ئیدارەیی و دابەش كردنی ھەرێم نایەت ، بەلكو بەمانای زیاتر پێدانی كۆمەڵێك دەستەڵاتی ئیداری و مالی دێیت ،بۆ یەكە كارگێریەكان لە پارێزگاو قەزاو ناحیە .

لامەركەزی لە ئێستادا ھەنگاوێكی گرینگە بەئاراستەی دابەشكردن و شۆركردنەوەی دەستەلاتە كارگێریەكان و ھێنانە كایەی ھاوسەنگی و دادپەروەری لە دابەشكردنی داھاتەكان بەسەر تەواوی ناوچەكانی كوردستان ، بە لەبەرچاو گرتنی ئەزمونی چەند ساڵەی رابردووی حوكم رانی ھەرێم بۆمان دەركەوت كۆكردنەوەی تەواوی دەستەلاتەكان لە ئەنجومەنی وەزیران نەك ھەر لەبەرژەوەندی ھەرێم و ھاوڵاتیان نیە ، بەڵكو جۆرێك نادادی و نا ھاوسەنگی لە نێوان شارو شارۆچكەكانی كوردستانیش دروست كردوە .

ئەگەر بەخێرایی سەیری بەرھەم ھێنان لە بواری كەرتی نەوت و گاز بكەین ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێیت

بەرھەمی نەوتی خورمەڵە لە ھەولێر و تاوكێ لە دھوك بە ڕێژەی ١٠٠٪‏ زیادی كردوە كەچی بەرهەمی نەوتی شیواشۆكی كۆیە بە ڕێژەی

٩٠٪‏ كەمی كردوە ؟

بەڵام لە غازی كۆرمۆری چەمچەماڵ كارەبای ھەولێر و دھۆك دابیندەكرێت .

گرێبەستی ژمارە ( ١ ) تا ژمارە ( ١٥ )ی حكومەتی ھەرێم لەگەل كۆمپانیا نەوتیە جیهانیەكان تەنھا لە سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆك كراوە بۆئەوەی هەمیشە بەرھەمی نەوتی ئەو ناوچەیە بەمەبەست پەرەی پێبدرێت ...

ھەروەھا لەبەردەوامی ئەو نادادییە مەركەزییەی كە بەرامبەر پارێزگای سلێمانی دەكرێت بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكانیشی گرتۆتەوە لە كاتێكدا لەساڵی ٢٠١٥ دا حكومەتی عێڕاق لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا (٤٤) ملیار دیناری بۆ ھەرێمی كوردستان ناردووە تیایدا بڕی ( ١٨ )ملیار دیناری بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانكراوە بەڵام نێوەی ئەو بڕە بۆ سلێمانی ھاتووە واتا ( ٩ ) نۆ ملیار دینار ، بۆ رێگری لەم جیاكاری و نادادییە كە لە ئەزموونی حكومەتی مەركەزی ھەریمی كوردستان پارێزگای سلێمانی چەشتویەتی ئەوا لامەركەزی پێویستە جێبەجێكرێت .

ھەروەھا بودجەی پارێزگای دھوك بۆ ساڵی ٢٠١٣ بریتییە لە ١١,٧ ملیار دینار ، حكومەتی ھەرێم ٤٨ ملیاری بۆ تەرخان كردووە واتا ٣٦,٣ ملیار دیناری زیاتر لە بودجەی خۆی بۆ سەرفكراوە .

لە ساڵی ٢٠١٤ كە بودجە پەسەند نەكراوە بڕی ٣٢ ملیار دیناری بۆ تەرخان كراوە ھەروەھا بۆ ساڵەكانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ لەسەر بنەمای ١٠٠٪‏ ی خەرجی ٢٠١٤ پارە بۆ پارێزگایی دھۆك خەرج كراوە .

بەڵام بۆ پارێزگای سلێمانی بودجەكەی كەمكراوەتەوە بۆ ٪‏٣٥ .

پارێزگای ھەولێریش بودجەكەی كەمكراوەتەوە بەڵام قەرەبووی ئەو كەمكردنەوەی بۆ كراوەتەوە لە پارەی نەوت بڕی ١٨,٥ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكراوەتەوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی ....

كەواتە پارێزگای سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەرین باجی گەورەی سیستەمی مەركەزییەتی ئیداری و قەیرانی دارایی دەدات

- شارەوانی كەلار ٢٠ ملیۆن دیناری مانگانەی بۆ تەوخان كراوە ، بەڵام شارەوانی زاخۆ ٢٦٠ ملیون دینار

- شارەوانی چەمچەمال ( ٤ )ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە لە كاتێكدا بە كێڵگەی غازی ئەو شارە غازی ماڵان و غازی بەرھەمھێنانی وێستگەكانی كارەبای ھەرێم دابین دەكرێت لە بەرامبەردا بڕی ( ٦٠ ) ملیۆن دینار بۆ شارەوانی ئاكرێ دابین دەكرێت .

لە دەربەندیخان بومەلەرزە ڕوویدا سەرۆكی حكومەتی پێشوو بەڵێنی دا شۆفڵێكیان بۆ دابین بكات ئەوە ( ٢ ) ساڵ تێدەپەڕێت نەیناردووە ، بەڵام ماوەیەك بەر لەئێستا لافاوێك لە دهۆكی بوو ( ٣ )ملیۆن دۆلاریان بۆ خەرج كرد .

ئێستا من دەپرسم لامەركەزی پێویستە یان نا ؟؟؟؟ و لە كام پارێزگای ھەرێم پەیرەو بكرێت ؟

ڕۆژان شەھید حەمەڕەش

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket