riklam

چیرۆكی دوو پەتا..!

بیروڕا 01:29 PM - 2020-05-02
.

.

لەچەند رۆژی رابردوودا راپۆرتێكی تازە لە لایەن پەیمانگەی (IPS ) بۆ دراساتی سیاسی و لێكۆڵینەوە دەرچوە، تیایدا باس لەوە دەكات سەروەت و سامانی ملیاردێرەكانی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا وەك سەرۆكی  دەزگای ئەمەزۆن( جیف بیزۆس) ، سەرۆكی كۆمپانیای تسلا (ایلۆن ماسك) لە سەروبەندی سەرهەڵدانی كۆڤید-19وە بە رێژەی 10% بەرز بۆتەوە ، هەر لە راپۆرتەكەدا ئەوە رونكراوەتەوە  زیادبوونی سەروەت و سامانی ئەو كەسانە لە كاتێكدایە زیاتر لە 22 ملیۆن كەس لەو وڵاتە بێ ئیش و كار و كاسبی بوون  و ئابووری ئەمەریكاش لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایە و بەرەو پوكانەوە دەچێت، ئینجا ئەوانە بەو رێژە زۆرە سامانەكانیان بەرزبۆتەوە، لە درێژەی راپۆرتەكەدا هاتوە ئێستا هەموو جیهان بە رێكخراوی تەندروستی  جیهانی و دەزگا و دامەزراوە تایبەتمەندەكان  چاویان لەوەیە ڤاكسینێك بۆ ئەو پەتایە بەربڵاوە بدۆزرێتەوە ، كەچی ئەوانە خەریكی سەروەت و سامان كۆكردنەوەن،( تشاك  كولیتز ) یەكێك لەو كەسانەی لە ئامادەكردنی ئەو راپۆرتەدا بەشداربووە ، دەڵێت ئەوە چیرۆكی دوو پەتایە لەگەڵ قوربانیدانێكی ناهاوسەنگ، بەو مانایەی پەتایەك هاتوە  فرزەی لە جیهان بڕیوە زۆربەی قوربانیەكانیش خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتن، پەتایەكیتریش خۆدەوڵمەندكردنی كەسانێكە بێ ئەوەی كەمترین زیانیان پێبگات، بە پێی  بە دواداچونی زیاتری  ئەو دامەزراوەیە، ئاشكرایان كردووە لە(1)ی كانونی دووەمی( 2020 )ەوە تا (10) نیسان ، (34) دەوڵەمەندی زەبەلاح سامانەكانیان بە دەیان ملیۆن دۆلار زیادی كردووە، بە بێ  هیچ ماندووبوون و بەخشینێك، لەوانە(8) كەسیان  یەك ملیار دۆلاری سافی هاتۆتە سەر هەژمارەكانیان، ئەوەش رونكراوەتەوە (ئیلۆن ماسك) پێشتر پشكەكانی لە كۆمپانیای تسلا(18%)بووە لەگەڵ ئەم بارودۆخە بۆ( 73%) بەرزبۆتەوە ، پیزۆسیش پشكەكانی لە كۆمپانیای ئەمەزۆن لە( 15% ) بۆ ( 31% ) بەرزبۆتەوە، ئەو هەموو  قازانجە بە زۆری لە ئەنتەرنێتەوە بە چنگیان كەوتوە، بە هۆی مانەوە و كەرەنتین كردنی خەڵكەوە لە ماڵەكانیان، ئەمە لە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا ، بێگومان لە زۆربەی وڵاتانیش بەمشێوەیە كە رێژەی هەرە زۆری كۆمەڵگە بە هۆی ئەوەی لە كار و كاسبی بوون بە حاڵ دەتوانن بژین ، كەچی لەولاوە رێژەیەكی كەم لەسەر حسابی خەڵكی رەش و روت سەروەتەكانیان زیادی كردووە بێ ئەوەی ملیان گەرم بێت و یەك دڵۆپ ئارەقیش بڕێژن ، من دڵنیام لە هەرێمی كوردستانی خۆشمان رێك بەمشێوەیە، ئەوەتا بۆ دوو مانگ دەچێت بە دەیان هەزار كەس كەرەنتین بوون و كاسبیەكیان بۆ ناكراوە، ئەوەی موچە خۆریشە پێی نەدراوە، هەمویان گرفتاری مەمرە مەژی بوون، ئەكید كەسانێكیش سەروەت و سامانێكی زۆریان كۆكردۆتەوە بێ ئەوەی ماندووبن و قوربانیەكی ئەوتۆ بدەن، زۆر باشە لە ئەمەریكا و بەشێك لە وڵاتان دراسات و تۆژینەوە هەیە راستیەكان دەخرێنەڕو، دواجار حكومەتەكانیش حساب و كتابیان لەگەڵدا دەكەن و لە رێگەی باج و خەراجەوە بەشێكیان لێ گلدەدەنەوە و لە  پێداویستیە گشتیەكان خەرجی دەكەن، بە هۆی ئەوەی لە هەرێمەكەی ئێمە نە سەنتەری تایبەت  بە توێژینەوە  بەو بوارە هەیە، گەر هەشبێت ناتوانێ بیكات و نە كەسیش دەتوانێ بەو جۆرە كەسانە بڵێت لە پشتی چاوتان دوو برۆیە، نەك هەر ئەوە ئەو قەرزە گشتیانەی لە لاشیانە نایدەنەوە، هۆكارەكانیش مەعروفن خستنەڕوی ناوێت ، كەوایە ئەو دوو پەتایە زۆر راستە و هەرێمی كوردستانیشی گرتۆتەوە ، پەتایەكیان لێكەوتەی ئەو ڤایرۆسە نەعلەتیە، پەتاكەیتریان هی هەندێك لەو دەوڵەمەندە زەبەلاحانەیە كە سەروەت و سامان كۆدەكەنەوە بێ ئەوەی وەك پێویست ئاوڕ لە كۆمەڵگە و پێداویستیە گشتیەكان بدەنەوە .

ن/ عەبدولواحید محەمەد

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket