riklam

بۆ ئەوەی هەرێم بەدەردی کەرکوک نەچێ!

بیروڕا 07:33 PM - 2020-05-01
.

.

عێراق وڵاتێکی دەڵەمەیە  تا ئێستا نەبووە بە وڵاتێکی فیدراڵی جێگیر  .. زۆرێک لە پێوەرە باوەکانی هەر فیدرالیەتێکی تەندروست بۆ ئەمەی لە عێراقدا هەیە بونی نیە... لێرە تەنها هەرێمێک و حکومەتێکی ناوەندی هەیە ...لانی کەم دەبوایە دوو هەرێم و ناوەندێک هەبێت ، ڕاستە دەستور ڕێگەی داوە بۆ پێکهێنانی هەرێمی تر بەڵام دەسەڵاتی شیعە ڕێگەیان لە پێکهێنانی هەرێمی تر گرتووە و هەوڵی لاوازکردنی ئەم تاقە هەرێمەشیان داوە ، سیستمی فیدراڵی و پێکهێنانی هەرێمەکان  بە مەترسی بۆ دابەش کردنی عێراقی دەزانن ، چونکە وڵاتەکە خۆی لە سەر زەوی و ناوچەی نفوز و جوگرافی و بەرژەوەندی هەرێمایەتی جیاواز دابەش بووە، بەردەوام ترسی هەرەسهێنانی لە سەرە .

 بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق کاتی خۆی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق کە دەوڵەت نەمابوو  لە ئەنجومەنی حوکم پۆڵ بریمەر لە گەڵ مام جەلال پرۆژەی فیدرالیەتی پارێزگاکانیان بۆ داڕشتنەوەی فۆرمی عێراقی نوێ لە عێراقێکی  مەرکەزی تۆکمەوە  بۆ دابەش کردنی دەسەڵاتەکان بەسەر پارێزگاکاندا واژۆ کرد ، هەموو پێکهاتەکان و کورد پێش هەمووان دژایەتیان کرد و ڕێگەی سەرکەوتن لەو پرۆژەیە گیرا ، دواتر بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر پارێزگاکاندا هەمان پرۆژە لە فۆرمێکی ترو لە شێوەی  پێکهێنانی حکوماتی مەحەلی  لەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە دەستووردا داڕێژرایەوە و جێبەجێکرا بەڵام لە پراکتیکدا بەهۆی  تێکەڵ بوونی دەسەڵاتەکان لەگەڵ ناوەند و دەستێوەێۆانی بەردەوامی ناوەند لە سەپاندنی هەژمونی خۆی  ئەو فۆرمەش لە حوکمرانیدا سەرکەوتوو نەبوو  بۆیە تائێستا چەند جارێک بەیاسا گوانکاری تێدا کراوە ..ئێمەی کورد جیا لەوەی عێراق بە یاسایەکی جیاواز ئەنجومەنی پارێزگاکانمان لە بەرژەوەندی ناوەدێتی دەسەڵات لە هەرێمدا  داڕشتەوە، لە گەڵ فەشەل هێنانی ئەو سیستەمەی عێراق لە وەی هەرێم باشتر و کاریگەر تر بوو ، ئێمەی کورد پێمان وابوو ئەوە مەترسیە لە سەر یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و قەوارەی هەرێم ، لە کاتێکدا لە ماوەی 30ساڵی ڕابردووی حوکرانیمان لە هەرێم هەرگیز نەمانتوانیوە یەکڕیز و یەکگرتوو و یەک ئیدارە بین ، بەداخەوە ...کێشەکە تەنها سلێمانی و هەولێر یان یەکێتی و پارتی نیە ...ئێستا دهۆک و هەولێر لە لایەن پارتیەوە حوکم دەکرێن ، راستە لە روکەشدا یەک حوکمڕانیە بەڵام لە ناواخندا دوو سیستەمی حوکمرانی جیاواز و بەدوو نەفەسی جیاواز لەم دوو شارە دەسەڵات پەیرەو دەکرێ کە لە مامەڵەی ئاسایی ڕۆژانەدا هاووڵاتی درکی پێ دەکات ..

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە  هەڵوەستەی جدی بکەین و موراجەعەی دروستی خۆمان بکەین . 

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە دان بەوەدا بنێین کە فەشەلمان هێناوە لە بەرێوەبردنی ئەم هەرێمە، هەموومانیش بەر پرسیاربن لەو فەشەلە...

زۆرمان هاوارک کرد وەک ئەوەی بلوێر بۆ گا لێ بدەین کەس گوێی لێ نەگرتین و کرکوک لە قومارێکی گەورەدا  دۆڕێندرا لە تۆمەت بەخشینەوە و تۆمەتبار کردنی یەکتر زیاتر هیچ شتێک نەکرا و کەسێک بەرپرسیارێتی هەڵنەگرت و لێپێچینەوە لە گەڵ کەس نەکرا..

ئێستاش لەم قەیرانە قوڵە و لەم بێ متمناییە گەورەیەی بەرۆکی گرتوین ، حکومەت لەبری ئەوەی بەدوای چارەسەری گونجاودا بگەڕێ ، لە بیانوهێنانەوەو بار کردنی حکومەتی پێشوو ، تۆمەتبارکردنی خەڵکانی تر دەگەڕێ ،نایەوێ شانی ئارداوی بێت ، ڕاستە حکومەتەکانی پێشتر بەرپرسیارن لەم دۆخە هەمووشمان بەپێی قەبارەی بەرپرسیارێتیمان لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا پشکی بەرپرسیارێتیمان لەو فەشەلە بەر دەکەوێ ، بەڵام ئەمانە هەمووی لە بەرپرسیارێتی حکومەتی ئێستای هەرێم کەم ناکاتەوە کە بەرپرسە لە چارەسەرکردنی دۆخەکەو دۆزینەوەی دەرچەی دەرباز بوون.

هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی دانپێدانراوی دەستوری تاقانەی کورد ، دەسکەوتێکی نەتەوەیی گرنگە پێویستە هەموومان دەستی پێوە بگرین ، ئەم قەوارەیە ئێستا بەهۆی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و هەراج کردنی نەوتەکەی و بێ باکی دەسەڵاتەکەیەوە لە بەردەم هەڕەشەی دارمانی ئابوری و راگەیاندنی ئیفلاسبووندایە ..

ئەم قەوارەیە کە بەرهەمی دەریایەک خوێن و قوربانی دان و بەرخودانە لە بەردەم هەڕەشەی لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەدایە بۆیە دەبێ دور لە موزایەدە کردن، چونکە کاتی موزایەدە بەسەرچوو ، هەنگاو بۆ هەر چارەسەرێکی گونجاوی ناوخۆیی بۆ دابەش کردنی دەسەڵاتەکان  لە بەرژەوەندی پاراستنی قەوارەی هەرێم بنێین ، ئەگەر خۆمان نەیکەین رەنگە سبەی لە دەستمان دەرچێ و لە دەروەی خۆمان چارەسەری تر بەسەرماندا بسەپێنرێت ، ئەوکات دەبێ وەک بەفیرۆدانەکەی کەرکوک هەر یەکتر تاوانبار بکەین کە ئەویش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت.

قسەی زل و دروشم بازی باوی نەماوەو ناچێتە گیرفانی کەسەوە ،خەڵک برسیە و قاسە بەتاڵە .

تا کار لە کار نەترازاوە ئەم هەرێمەش بە دەردی کەرکوک نەچێت، دەبێت ڕێگر بین بەربەستێک لە بەردەم هەڵوەشانەوەی  ئەم قەوارەیە دروست کەین ئەویش ئەرکی هەموانە چونکە چەپڵە بەدەستێک لێ نادرێت... کەهەڵوەشایەوە چیتر هەر هاوار و شین و فیغانێک دادی کەس نادات ،  وەک فەرنەنجی پاش باران بێ بەها دەبێت و  هەرچی قسەی زل و دروشم و موزایدەیەکش کە ئێستا دەکرێ، دەبێت بخرێتە پەرداخێک ئاوەوە بە ئاهێکی سادەوە هەڵقوڕێنرێت.

 

PUKmedia    شوان داودی

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket