riklam

لامه‌ركه‌زی.. به‌دیهێنه‌ری دادپه‌روه‌ری و خزمه‌تی زیاتر

کوردستان 04:40 PM - 2020-04-28
.

.

له‌م هه‌لومه‌رجه‌ قه‌یراناویه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، قسه‌كردن له‌سه‌ر په‌یڕه‌وكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی كارگێڕی و دارایی به‌گه‌رمی بووه‌ته‌ جێی بایه‌خ و گرنگیپێدان و وه‌ك چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانه‌كان و یارمه‌تیده‌ریش بۆ حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ڕێوه‌بردن و پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌ و خزمه‌تگوزاری داده‌نرێت.

له‌م رووه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوای جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی "سه‌ربه‌خۆی دارایی و كارگێڕی" ده‌كات و بۆ مه‌به‌سته‌ش فراكسیۆنی سه‌وز له‌گه‌ڵ لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتی كۆبوه‌وه‌ و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش رایگه‌یاند: بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كان و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان داوای جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی ده‌كه‌ن.

فراكسیۆنی سه‌وزی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پرۆژه‌ی بۆ ئاماده‌كات
ئازاد محه‌مه‌د ئه‌مین سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: وه‌ك فراكسیۆنی سه‌وز و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چونی كاره‌كان و خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیانی پارێزگاكه‌ داوای جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی ده‌كه‌ین و به‌ره‌سمیش ئه‌و داوایه‌ ئاراسته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ده‌كه‌ین.

وتیشی: ئێمه‌ پێشتریش پرۆژه‌مان هه‌بووه‌ له‌ ساڵی 2017دا بۆ بابه‌تی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، هه‌م له‌ڕووی كارگێڕی و هه‌م له‌ڕووی داراییشه‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ بارودۆخ و هه‌لومه‌رج چووه‌ته‌ قۆناغێكه‌وه‌ زیاتر پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ پرژه‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین و به‌شێوه‌یه‌كی چڕوپڕتر بیده‌ینه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆئه‌وه‌ی بتوانین له‌ڕێی پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زییه‌وه‌ له‌ شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ كارگێڕی و داراییه‌كانه‌وه‌ خزمه‌تێكی باشتر و زیاتر هاووڵاتیانی سنووری جوگرافی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بكه‌ین.

هه‌روه‌ها وتی: ئێمه‌ یاسای پاراێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ مادده‌كانی 2 و 5 به‌ روونی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ په‌رنسیپی لامه‌ركه‌زی پێویسته‌ له‌ سنووری جوگرافی ئه‌نجومه‌نه‌كاندا په‌یڕه‌و بكرێت، ئێمه‌ش پێمانوایه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كاتێكی زۆر گونجاوه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانین پرۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ و شفافانه‌ دابه‌ش نه‌كراوه‌، بتوانین هه‌م دادپه‌روه‌رانه‌ بن و هه‌م شه‌فافیش بن. له‌ڕووی داراییشه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌م شه‌فاف بین هه‌م دادپه‌روه‌ر بین بۆئه‌وه‌ی بتوانین ته‌واوی ناوچه‌كانی سنووری جوگرافی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ سه‌نته‌ری سلێمانی و قه‌زا وناحییه‌ و ته‌نانه‌ت له‌ گونده‌كانیش و ته‌واوی گه‌ڕه‌كه‌كان خزمه‌تگوزاری پێویست پێشكه‌ش بكه‌ین.

راشیگه‌یاند ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنی سه‌وز هه‌موومان كۆده‌نگین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی خۆمان ئاماده‌ بكه‌ین و هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كانی تر له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بیكه‌ینه‌ پرۆژه‌یه‌كی گشتگیر و دواتر به‌رزی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و  بۆئه‌وه‌ی بتوانین بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ پشتیوانێكی گه‌وره‌ و باشیشه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. 

مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتی پشتیوانی ده‌كات
هاوكات جه‌زا سه‌ید مه‌جید لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: پاڵپشتی له‌ داواكه‌ی فراكسیۆنی سه‌وز و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ جێبه‌جێكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زی خزمه‌ت به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌كات و رێگه‌یه‌كی باشتره‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری هاوڵاتیان.

لامه‌ركه‌زی كێبڕكێی شه‌ریفانه‌ به‌هێز ده‌كات
وتیشی: پشتیوانیمان له‌و پرۆژه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خواستی خه‌ڵكه‌ و هیج ناكۆكییه‌كی له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی دیموكراتیدا نیه‌ و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی دوو ئیداره‌یی و شه‌ڕی ناوخۆین و ئه‌وه‌ خه‌تی سووره‌ لای ئێمه‌، به‌ڵام شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و لامه‌ركه‌زی كارگێڕی و دارایی، كێبڕكێی شه‌ریفانه‌ به‌هێز ده‌كات، ئیداره‌دان به‌هێز ده‌كات، كاری هاووڵاتیان ئاسان ده‌كات و واده‌كات.

داواشی له‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌و حزبانه‌ی كه‌ پێشتر باسی ئه‌م پرۆژه‌یه‌یان كردووه‌ و دروشمیان بووه‌، ئه‌مڕۆش پابه‌ند بن به‌و دروشمه‌وه‌ كه‌ لامه‌ركه‌زی كارگێڕی و داراییه‌.

مه‌ركه‌زیه‌ت زیانی به‌حكومه‌تی هه‌رێم گه‌یاندوه‌
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانیش باس له‌ ورده‌كاری هه‌وڵه‌كانی ئاماده‌كردنی پرۆژه‌كه‌ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت مه‌ركه‌زیه‌ت زیانی به‌حكومه‌تی هه‌رێم گه‌یاندوه‌، ده‌شڵێت: شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ بۆ خواره‌وه‌و به‌شێكه‌ له‌رێككه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان ئیمزاكراوه‌.

رێكه‌وت زه‌كی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی تایبه‌ت به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی له‌ساڵی  2017 بۆ لامه‌ركه‌زی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌ی راپه‌ڕین و گه‌رمیان پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانمان كردبوو، به‌ڵام وه‌ڵامی نه‌بوو، جارێكی دیكه‌ نوێی ده‌كه‌ینه‌وه‌و ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ده‌كه‌ین تا له‌وێشه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێت.

وتیشی: لامه‌ركه‌زی دارایی و ئیداریی، شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ بۆ خواره‌وه‌و به‌شێكه‌ له‌رێككه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان ئیمزاكراوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هاوكارمان بن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: لامه‌ركه‌زی له‌ناو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كارێكی یاساییه‌و هاووڵاتیان مافی خۆیانه‌ داوای بكه‌ن و كاری ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و حزب و لایه‌نه‌كانیشه‌ كه‌پێی هه‌ڵسن.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، دوای تێپه‌ڕبوونی 10 مانگ به‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، به‌داخه‌وه‌ پێچه‌وانه‌كه‌یمان بینیوه‌ كه‌ به‌ره‌و مه‌ركه‌زیه‌تبوون رۆیشتووه‌، ئه‌وه‌ش زیانی زۆری گه‌یاندوه‌ به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

رێكه‌وت زه‌كی وتیشی: له‌كابینه‌كانی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌م كابینه‌یه‌شه‌وه‌ قۆڕخكاری له‌نێوان پارێزگاكان په‌یڕه‌وكراوه‌و مه‌ركه‌زیه‌ت جێبه‌جێكراوه‌.

وه‌زیرێكی پێشوو: لامه‌ركه‌زی دوو ئیداره‌یی نییه‌
وه‌زیرێكی پێشووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پێی وایه‌ ده‌بووایه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لامه‌ركه‌زی جێبه‌جێ بكردایه‌، چونكه‌ هاووڵاتیان لێی سوودمه‌ند ده‌بوون.

دڵشاد عه‌بدولڕه‌حمان وه‌زیری پێشووی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: لامه‌ركه‌زی به‌مانای دوو ئیداره‌یی نایه‌ت و لامه‌ركه‌زی له‌ پارێزگاكان له‌هه‌رێمی كوردستان سوودی زۆری بۆ هاووڵاتیان هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت .

وتیشی: ئه‌مڕۆ لامه‌ركه‌زی سیستمێكی باشی حكومڕانییه‌ له‌ وڵاتان و پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش به‌ بوێرییه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ ئه‌و سیستمه‌ بنێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: لامه‌ركه‌زی له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، خه‌ڵك و حكومه‌ت له‌یه‌ك نزیكده‌كاته‌وه‌و واده‌كات گه‌نده‌ڵی كه‌مببێته‌وه‌و خزمه‌تگوزاری زیاد بكات، بۆیه‌ جێبه‌جێكردنی لامه‌ركه‌زی هیچ بیانویه‌ك هه‌ڵناگرێت و ده‌بوو حكومه‌تی هه‌رێم زووتر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بنایه‌.

پرۆژه‌ی لامه‌ركه‌زی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌س و لایه‌نێكی دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو سوودی بۆ ته‌واوی هاووڵاتیانی ئه‌و سنووره‌ جوگرافییه‌ هه‌یه‌ كه‌ تێیدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كارئاسانی زیاتر و دابه‌شبوونی پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ و خێرابوونی جێبه‌جێكردنیان، هه‌وه‌ها هێنانه‌ی شه‌فافیه‌ت و به‌هێزكردنی گیانی كێبڕكێی ڕه‌وا بۆ خزمه‌تكردن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وا ده‌كات كه‌س و لایه‌نه‌كان بێ گوێدانه‌ بۆچوونی سیاسی، پشتیوانی لێ بكه‌ن.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket