riklam

كاریكاتێر لە رۆژنامەگەریی گاڵتەجاڕدا

ئەدەب وهونەر 01:34 PM - 2020-04-27
.

.

بەشی دووەم

رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ لەهەر وڵاتێكدا بە گرنگترین جۆره رۆژنامەكانی ئەو وڵاتە‌ دادەنرێت، چونكە سروشتێكی رەخنەگرانەی هەیە لە هەموو بابەتەكانیدا، كەوابێت لە ئامرازە گرنگەكانی ئاماژەدان بە هەڵە و كەموكوڕی و شەرمەزارییە‌كانی، دەتوانین بڵێێن كە رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ ئاوێنەی كۆمەڵگایە، لە كاتێكدا كە رۆژنامەگەری گشتگیر بە شێوەیەكی بنەڕەتی خۆی تەرخانكردووە بۆ بابەتە هەواڵیەكان و توێژینەوە دڵكارەكان (جیدیەكان)، و رۆژنامەگەری پسپۆریش بۆ چارەسەركردنی لایەنەكانی چالاكی مرۆڤایەتی، ئەوا رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕی تیشك دەخاتە سەر ئەو نەخۆشیانەی كە كۆمەڵگایەك پێوەیان دەناڵێنێت، كەوای لێدەكات وەك ئەو گوندە وابێت كە دكتۆری تێدانیە، ستایلی كاركردنی رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕیش جیایە لەگەڵ ستایلی كاركردنی رۆژنامەكانی دیكەوە‌، واباوە كە دەستەی نووسەرانیش لە رۆژنامەی گاڵتەجاڕدا لە دوو دەستە پێكبێت یەكێكیان دەستەیەك لە نووسەرانن و ئەوی دیكەیان دەستەیەك لە كاریكاتێریستانن، لە رۆژنامەگەریەكانی دیكە بەش و لقی جیاواز و پەیامنێر و نووسینگەی ناوچە جیاوازەكان و ئەو شتە پێویستیانەی دیكەش هەن، هۆی ئەو جیاوازیەش ئەو خەسڵەتە هەواڵگەیاندنەیە‌ كە رۆژنامەگەری گشتگیر هەیەتی، كەچی رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ پشت بە هەواڵ نابەستێت وەكو رەگەزێكی گرنگ لە كاركردنیدا، بۆیە ئەو ستایلێكی جیاوازی هەیە لە كاركردندا.

سەبارەت بە كاریكاتێر زۆربەی رۆژنامە گاڵتەجارەكان كە هەرەزۆر‌یان وەكو گۆڤاری هەفتانە یان مانگانە دەردەچن، لە بەرگی یەكەمیان كاریكاتێرێكی گەورە، و لە بەرگی دواوەش چەند كاریكاتێرێك سەبارەت بە یەك بابەت یان هەمان كاریكاتێریست یان لە ژێر ناونیشانێكی دیاریكراو بڵاودەكەنەوە، لە لاپەڕەكانی ناوەوەش چەندین كاریكاتێری سەربەخۆی جیاواز و لە ژێر ناونیشانی جیاوازەوە، و چەندین كاریكاتێری هاوشان لەگەڵ كارە ئەدەبیە گاڵتەجاڕەكاندا بڵاودەكەنەوە، كە زۆرجار ئەو نووسەرە گاڵتەجاڕە لەگەڵ كاریكاتێریستێك رێكدەكەون بۆ كێشانی كاریكاتێرێك كە هەماهەنگ بێت لەگەڵ بابەتەكە، زۆربەی ئەو رۆژنامانەش گۆشەیەك یان چەند گۆشەیەكیان هەیە بۆ كاریكاتێر(پۆرترێت)ی كەسایەتیە كۆمەڵایەتی و سیاسی و هونەری و وەرزشییە دیارەكان، ناونیشانی ئەو گۆشە جێگیرەش وەكو (میوانی ژمارە) یان (كەسایەتی هەفتە) یان (ئەمە بناسن ...) یان ناونیشانی گونجاوی هاوشێوەی‌ دەبێت.

لە كارە ئەرێنیەكانی رۆژنامە گاڵتەجارەكان ئەوەیە كاری كاریكاتێریستان پێشكەش بە خوێنەر دەكەن، كاریكاتێریستانیش بە خوێنەر دەناسێنن، لە زۆربەی ئەم رۆژنامانە واباوە گۆشەیەكی بەردەوام هەبێت‌، كه چەند كاریكاتێرێكی هونەرمەندێكی دیاریكراوی تێدا بڵاوبكرێتەوە، بۆ ناساندنی ئەم هونەرمەندە، بەم شێوەیەش دەبنە جێ هەناسەیەك بۆ هونەرمەندان كە لێیانەوە خوێنەر بیانبینن، لە هەمان كاتدا زۆریی كاریكاتێر رێگرنابن لەبەردەم بابەتەكانی تردا، هەروەك لە رۆژنامەگەری گشتگیر و پسپۆردا، رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ نیشتیمانی دایكی كاریكاتێرە، بۆیە توانای لە خۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری كاریكاتێری هەیە، بەڵكو پێویستیشی پێیانە، كاتێك كە گۆڤارە گاڵتەجاڕەكان كاری هونەرمەندە بەناوبانگەكان بە خوێنەر دەناسێنن، لەبەر هەمان هۆ هونەرمەندە تازە پێگەیشتووەكانیش بە خوێنەران دەناسێنن، بە بوونی گۆشەیەكی گونجاوی جێگیر بۆ ئەم بابەتە لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤارەكەدا‌، كە كاری چەند هونەرمەندێكی گەنج پێشكەش دەكەن، بەمەش هانی بەهرەمەندان دەدەن و بەردەوام بواریان بۆ دەڕەخسێنن. تایبەتمەندیش لە نێو لاپەڕەكانی ئەم رۆژنامانەدا لەوانەیە وەكو رۆژنامەكانی تر كلاسیكیانە بێت، لەوانەیە بە بابەتە گرنگەكانی سیاسەت و كۆمەڵگا و كات بەسەربردن دەست پێبكەن، لە دەستپێكی لاپەڕەكانیدا بە بابەتە سیاسیەكان دەست پێبكەن، و دوایی بچنە سەر بابەتە كۆمەڵایەتیەكان، دوایی بابەتە ئەدەبیەكان، لە دوالاپەڕەكانیشیدا بابەتەكانی كات بەسەربردن و پێكەنین بێت. بەم شێوەیەش رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ رۆژنامەگەری پێكەنین نیە، وەكو هەندێك وای تێدەگەن، پێكەنین لەم رۆژنامەگەریەدا مەبەست نیە بەڵكو ئامرازە، ئەگەر بە مێژووی رۆژنامەگەریدا بچینەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە رۆژنامەگەری گاڵتەجاڕ لە هەموو جۆرەكانی تری رۆژنامەگەری دڵكار (جدی) ترە، زۆرترین رۆژنامەن كە دووچاری سزا و پێبژاردن و داخستن دەبنەوە، زۆرترینیانن كە دووچاری پێكدادان دەبنەوە لەگەڵ چاودێریدا، و زۆرترینیانن كە دووچاری چەوسانەوە و پێوەتلانەوەی چاودێری دەبنەوە، بۆیە هەڵەیە كە وابزانین رۆژنامەگەری گاڵتەجار خاوەن پلەوپایەكی لاوەكییە، كاتێك كە لە لایەنی جێبەجێكردنیشدا زۆر ئاڵۆزترە لە رۆژنامەگەرییەكانی ترەوە، بابەتەكانی بەنرختر و بەهادارترن، چونكە زۆربەی بابەتەكانی دەچنە خانەی ئەفراندنەوە لە كاریكاتێر و چیرۆك و شیعرەوە، تەنانەت هەواڵێكی خۆشیش پێویستی بە كارزانیەكی زۆرتر هەیە، لە داڕشتنی هەواڵێكی ئاسایی.

 PUKmedia  ئا/ هەندرێن خۆشناو

 

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket