riklam

راگەیاندنی چەواشەکاریی NRT

تەکنەلۆجیا 08:03 PM - 2020-04-24
.

.

ناهەقییەک بەرامبەر بە پسپۆڕان و هەوڵە زانستییەکانی دەستەی کوردستانی و زانکۆی سلێمانی

 ئەوەی ئەو راپۆرتەی "NRT" بینیبێت کەبەر لەچەند رۆژێک سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانکۆی سلێمانی ئامادەیکردبوو، جگە لەچەواشەکاری و مایەپووچی لەکاری رۆژنامەنووسی و ئیتیکی رۆژنامەنووسیدا، هیچی تری لێ هەڵنەدەهێنجرا.

 کۆی گشتیی راپۆرتەکە ئەوەی پێوتین کەئامانج لێی خۆبەتاڵکردنەوەی کۆمەڵێ بوغزو کینەو چەواشەکاری وکەمکردنەوە بوو لەهەوڵە نیشتمانی و زانستییەکانی بەدیاریکراوی ئەو دوو دامەزراوە زانستییە. راپۆرتەکە وەک کەسێکی بەلەسەو کوێرانە لەمسەر بۆ ئەوسەر شەلم کوێرم ناپارێزێت و چەندین شت تێکەڵاو دەکات و پشت بەهەندێک سەرچاوەی نادیار دەبەستێ و جورئەتی ئەوەشی نەکردووە راشکاوانە بڵێت فڵان مامۆستا وای وت، بەڵکو وەک گەلەکۆمەیەک، کوێرانە درۆ بڵاودەکاتەوەو ژەهری دودڵی و گومان دەڕێژێ. باس لەوە دەکات ئەو دوو دەزگایە بەحزبی کراون، لەکاتێکدا چاو لەوە دەنوقێنێ ئەگەر ئەو دەزگایانە بەحزبی کراون، بۆ هەردەبێ باس لەم دووانە بکرێت. 

viber_image_2020-04-23_15-13-18B.jpg

دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی

راپۆرتەکە باس لەوە دەکات تاقیگەکەی دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی تەنیا سیناریۆیەکەو بۆ ریکلامی حزبی و دەستکەوتی شەخسی بەکارهاتووەو دەڵێ:لەم تاقیگەیەدا نەتۆێژینەوە ئەنجامدراوە و یەک پشکنینی کۆرۆناشی تێدا نەکراوە. !!ئەم ناهەقیە وایکرد بەدواداچونی لەسەر بکەم ..بۆ ئەم مەبەستە پەیوەندیم بە دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی کردو لەگەڵ سەرپەرشتیاری تاقیگەکە دکتۆر شاخەوان عەبدولڕەحمان مستەفا گفتوگۆمان کرد. 

ئەوەی ئێن ئاڕتی لەسەر دەستەی کوردستانی وتی  ڕاست دەرنەچوو

viber_image_2020-04-23_15-26-09.jpg

 

گفتوگۆکە سەرەنجام هەموو ئەو چەواشەکاریانەی بەتاڵ کردەوەودەرکەوت کە NRTدرۆیەکی زەبەلاحی کردووە،چونکە بوونی تاقیگەکە سیناریۆ نییە وتاقیگەیەکی زۆر ئاستبەرزی زانستییە لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و لە ئاست (L2)وە.ئەم تاقیگەیە دروستکراوە بۆ ئەوەی لەکاتی لۆدی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکان سکرینی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا بکرێت.دکتۆر شاخەوان باسی لەوەکرد تاوەکو22.04.2020  زیاتر لە(500) نموونەی وەرگیراوی هاووڵاتیانی تێداکراوەو بەردەوامیشە لەسکرینی نموونە. رۆژانەش لەسەعات 9وە تاوەکو 7ی ئێوارە چوار تیمی ئەکادیمیانی دەستەی کوردستانی بۆ دراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و پزیشکانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتەرنەری سلێمانی و زانکۆی کۆمارو نەخۆشخانەی شۆڕش و نەخۆشخانەی هیوا کاریان تێداکردووە و بەردەوامیشن. واتە دوو تیمی چوار کەسی و دوو تیمی پێنج کەسی رۆژانە کاری تێدا ئەنجام دەدەن. 

 

 لەتاقیگەی دەستەدا سامپڵی پۆزەتیف لەفرێزەری تایبەت بۆ توێژینەوە هەڵدەگیرێت

لەم تاقیگەیەدا کە ئێن ئاڕ تی چەواشەکاری لەسەر دەکات سامپڵی پۆزەتیڤیش لەفرێزەری تایبەت لە(˚-80)پلە هەڵدەگیرێت بۆ توێژینەوە. هەروەها دوای ئاسایبوونەوەی دۆخەکەو پەرەپێدانی تاقیگەکە لەئاستی L2-ەوە بۆ L3، تیمەکانی توێژینەوە دەست بەکاری توێژینەوە دەکەن. ئەو تاقیگەیەش کە دروست دەکرێت لەئاستی L3 هێشتا لە عیراقدا نییە.

 دکتۆر شاخەوان ڕونیکردەوە تاخوێنەران بزانن توێژینەوە لەسەر ڤایرۆس مەرجی زانستی خۆی هەیەو لەهەموو شوێن ناکرێت و بەهەموو کەسیش ناکرێت. چونکە زۆر خەتەرناک دەبێت ئەگەر هەموو مەرجەکانی تەندروستی و سەلامەتی لەسەدا سەد ئەنجام نەدرێت. لای ئێمە خۆشبەختانە توێژەرانی زۆر بەئەزموون لە تاقیگەکەدا کار دەکەن. 

350خوێندکاری ماستەرو دکتۆرا کاری تاقیگەییەکانیان لەدەستەی کوردستانی تەواوکردووە

لەدەستەی کوردستانی زیاتر لە 20 تاقیگەی هەیە لەهەموو پسپۆڕی بوارەکانی زانستی و پزیشکی و تائێستا سەدان توێژینەوەی ئاستبەرزیان ئەنجام داوە. زیاتر لە 350 خوێندکاری ماستەرو دکتۆرا کاری تاقیگەییەکانیان لەدەستەی کوردستانی تەواوکردووە.لەئێستادا14 خوێندکاری دکتۆرایان وەرگرتووە لەبواری شێرپەنجەدا بۆ نەخۆشخانەکانی تایبەت بەشێرپەنجە لە کوردستان کە لە 2.5.2020ەوە دەست بەخوێندنەکانیان دەکەن بەشێوەی ئۆنلاین.

NRT و تەشهیرکردن !

viber_image_2020-04-23_15-26-03.jpg

لە NRTدا تەشهیر بەپرۆفیسۆر "پۆڵا خانەقا"کراوەو دەڵێت سیناریۆی ئەم تاقیگەیەی وەکو فریادڕەسێک دروستکردووە، چونکە ترسی ئەوەی هەیە لە هەردوو پۆستی حکومی و حزبی لایبەرن. دیارە ئەوان نایزانن یان خۆیان گێل دەکەن  پرۆفیسۆر پۆڵا خانەقا هەمیشە پێگەی خۆی هەبووەو کەسایەتییەکی ئاستبەرزی زانستی و کوردپەروەرەو خانەوادەیەکی ناسراوی  نیشتمانپەروەری ئەم گەلەن و پێشتر مامۆستای زانکۆ بووە لەزانکۆی گوێتنگن لەئەڵمانیاو یەکێک بووە لەهەرە چالاکەکانی کورد بۆ دۆسێی کوردی هەموو پارچەکان لەئەڵمانیا کار کردووە،دکتۆر پۆڵا کەسایەتییەکی زانستی ناسراوە کەتەنانەت چەندین خوێندکاری بەرەگەز ئەڵمانی لەئەڵمانیاوە نێردراون بۆ دەستەی کوردستانی بۆ ئەوەی بەسەرپەرشتی بەڕێزیان،توێژینەوەی تێزەکانیان ئەنجام بدەن.دکتۆر پۆڵا چەندینجار لەئەڵمانیا لەبەر هەڵکوتانەسەرو گرتنی باڵیۆزخانەی عیراقی ونووسینگەی هێڵی ئاسمانیی عیراقی کەناوەندی هەواڵگریی عیراقی بووە لەفرانکفۆرت لەساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردودا  بەتۆمەتی سەرپەرشتیکردن بەندکراوەو بەشداری لەسەدان خۆپیشاندان دژ بەرژێمە سەرکوتکەرەکانی کورد کردووە. جگە لەوەی تاوەکو رۆژی گەڕانەوەی بە سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردیی-ئەوروپی هەڵبژێردراوە بەشداری دەیان کۆنفرەنسی زانستی لەسەر ئاستی ولاتانی ئەوروپی کردووە.

خاوەنی 12کتێبی زانستییە لەبوارەکانی جیۆلۆجی و ژینگە و کارگێڕی زانستی و 65توێژینەوەی زانستیی ئاستبەرز لەبوارەکانی جیۆلۆجی و ژینگە کە زۆربەیان لەکوردستان ئەنجامدراون.

لەسەر راسپاردەی ڕابەری بزوتنەوەی کوردایەتی و پەیامبەری ئاشتی و تەبایی سەرۆک مام جەلال،لەدوای رووخانی رژێمی بەعس،لەزانکۆی گوێتنگن دەستبەرداری مامۆستایی زانکۆ بوو، گەڕایەوە بۆ خزمەتی وڵات و کارەکانیشی لەکوردستان بەرچاون،یەکێک لەوانە دامەزراندنی ئەم دەستە زانستییە گەورەیەیە لەکوردستان بەپشتگیری مامی مەزن مام جەلال کە بەداخەوە لەجیاتی دەستخۆشی و ڕێزلێگرتن و هەڵسەنگادنین کارەکانی لە NRT تەشهیری پێدەکرێت.!!

زانکۆی سلێمانی پێگەیەکی زانستی گەورە.. زانکۆی دایک

132952019_zz.jpg

کەمادەی (VTM) لەبەردەستدا نەبوو،ڕێگەش نەبوو لەدەرەوە هاوردە بکرێت زانکۆی سلێمانی توانی لەتاقیگەکانی خۆی دروستی بکات. لەکاتێکدا لەهیچ یەکێک لەلێدوانەکانیاندا نەیانوتووە ئێمە ئەمەمان داهێناوە،بەڵکو وتویانە ئەو مادانەی کەلەبەردەستدا نەبوون، توانیومانە ئامادەی بکەین وەک بەشێک لە هاوکاریکردنی دەزگای تەندروستی سلێمانی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کۆرۆنا..! باشە ئەگەر لەئۆکرانیاشەوە وەک ئەوان دەڵێن هاتبێ و گریمان واش بێت، ئەم هاتوو هاوارە چییە، گرنگ ئەوەیە خستوویانەتە بەردەست نەخۆشخانەکان. لەکاتێکدا کەدەڵێن لەسایتی زانکۆدا بەدەستکەوت بۆ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.رەزا سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسکراوە. دەتوانین بڵێین دەستکەوتە لەبەرئەوەی ئەم مادەیە بەردەست نەبووە، لەدنیاشدا وایە سەرۆکی زانکۆ هەرکەسێک بێت دەبێ شانازی  بەچالاکیەکی لەو جۆرەوەبکات ..هەرچەندە د. رەزاش پێویستی بە دەستکەوت نییە دەستکەوتیش بێت دەسکەوتی شەخسی نیەو بۆ سودی گشتیە بەتایبەتی لەزەمەنێکی وا سەختدا کەڤایرۆسی کۆرۆنا تەنگی بەدنیا هەڵچنیەوە.

لەراپۆرتەکەی ئێن یاڕ تی دا لەبەر نەشارەزاییان بەهەڵە باسیان لەوە کردووە ئەو مادەیە لەپلەی زیاتر لە 4 دا تێکدەچێت،بەڵام  ئەمە لەکاتێکدا وایە کە ڤایرۆسەکەی تێدا بێت، بۆ گواستنەوەی مادەکە لەزانکۆوە بۆ نەخۆشخانە هیچ کێشەیەکی نابێت، لەبەرئەوەی ڤایرۆسی تێدا نییە، لەکاتی پشکنیندا لە نەخۆشخانە ڤایرۆسەکەی تێدەکرێت و لە پلەی چواردا هەڵدەگیرێت. لە راپۆرتی کۆمپانیای ئیتالی تایبەتمەندیشدا ((Copan Italia S.p.a. هاتووە، مادەکە بێ ڤایرۆس لەکاتی گواستنەوەدا لەپلەی 2تا 25تێکناچێ NRT و ئەو مامۆستایانەی کە گوایە وەک لەڕیپۆرتاژەکەیاندا هاتووە ڕەخنەیان گرتووە وادیارە توانای خوێندنەوەی سەرچاوە زانستیەکانیان نیە ئەگەر نا لەساڵی 2011 و بەتایبەت لەسەر ڤایرەسی H1N1 تاقیکرایەوە کەئەتوانرێت ڤایرەسەکە وRNA ی ڤایرەسەکە لەپلەی گەرمیی ئاساییداو لەناو بەفەردا (PBS)  هەڵبگیرێت، بگرە ئەنجامەکەی باشتریش بوو.

ئەوەی NRT دەیکات، هەندێکجار دوور لە هیچ ئیتیکێک و هەستنەکردن بە لێپرسراوی وکاری پیشەیی،سوکایەتیکردنە بەو هەوڵانە کە لەسۆنگەی خەمخۆری و دڵسۆزییەوە کراون و تەنانەت کار بەوەشەوە نەوەستاوە کەوتوونەتە سوکایەتی بەکەسایەتی و پسپۆڕان و هەوڵدان بۆ نیشاندان و کەمکردنەوە لە توانا و دڵسۆزی و خەمخۆرییان.

کۆمپانیای پایۆنیر جێی دەستخۆشی

مانگی رابردوو کۆمپانیای"پایۆنیر"لەسلێمانی،رایگەیاند کەدەرمانی "کلۆرۆکین" بەرهەم دەهێنن بۆ چارەسەرکردنی پەتای کۆرۆنا خاوەنی پرۆژەی دەرمانسازی پایۆنیر بەڕێز سەعدی فایەقی کۆڵەک و پرۆفیسۆر شوان کەمال ڕەشید لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕونیانکردەوە ئەو دەرمانە کەپێشتر بۆ مەلاریا بەکار هاتووە کاریگەری دەبێت لەکەمکردنەوەی کاریگەریەکانی کۆرۆناو دەیخەنە بەردەستی نەخۆشخانەکان و لەلایەن دکتۆری پسپۆرەوە بەکاردێت.. پێویستە بڵێین ئەو پسپۆڕانەی کە لەو کارگەیە ئەو هەواڵەیان راگەیاند ئاستی زانستییان هیچی کەمتر نەبوو لەوەی وڵاتان. ئەوەبوو کەوتنە بەر پەلاماردان و تیرو توانج و تەنانەت کەناڵی دەمەوەریشی بۆ خرایەگەڕ،ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو بەشێکی لەغیرەکردنەوە سەرچاوەی گرتبوو، چونکە چاویان بە ئاست و توانای زانستیی پسپۆرانی سلێمانی هەڵنەدەهات.

ئەم دەرمانەی "پایۆنیر"دوای مانگێک، گەورە کۆمپانیای دەرمانی "بایەر" لە ئەڵمانیا رایگەیاند: کلۆرۆکین بەرهەم دەهێنن و بەهەمانشێوەی پایۆنیر وتیان بەخۆڕایی دەیبەخشینە نەخۆشخانەکان تاوەک چارەسەر بەکاری بهێنن. راستە ئەم دەرمانە کۆنەو پسپۆڕانی ئەڵمانی و فەرەنسی و ئەمریکیش ئەمەیان پشتڕاستکردەوە کە، لە سییەکانی سەدەی رابردوودا لە ئەڵمانیا وەک ڤاکسینێک لەدژی مەلاریا بەرهەمهێنراوە. راستە ئەمە بۆ کۆرۆنا ڤاکسین نییە، بەڵام ئەوەی سلێمانی بڕیاریدا زۆر وڵات لەدوای سلێمانییەوە ئەو بڕیارەی داو تاقیکردنەوەکان دەریانخستووە وەک چارەسەری کاتیی دەکرێ سوودی لێوەربگیرێ بۆکەمکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەگیانی توشبوواندا. بۆیە ئەمەم باسکرد، چونکە مەکینەیەک هەیە خراوەتەگەڕ بۆ چەواشەکاری و کەمکردنەوە لەهەوڵ و تەقەلاکانی پسپۆڕانی بواری زانستی. بەبێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگیرێت ئەو پسپۆڕانە سامانێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و زانستین و لەبری ئەوەی متمانەیان پێببەخشرێ و زەمینەی داهێنانیان بۆ خۆشبکرێت و لەبری خەڵاتکردن، کەچی لەبەردەمیاندا راستییەکان چەواشە دەکەن و تۆمەت و درۆو دەلەسە لە دژیان دەبەخشنەوە.

لەسەرەتای راپۆرتەکەی NRT دا باس لەوە دەکات کە سەرۆکی ئەمریکاو وڵاتان کاتێک لێدوان دەدەن، باس لەوەدەکەن کەچاوەڕوانی توێژینەوەی زانستی زانکۆکانن، بەڵام ئەوەی لەبیرچووە کە لە کوردستاندا ئەوەندەی بایەخ بەشتی لابەلاو بێبایەخ دراوە، بایەخ بەتوانا زانستییەکان نەدراوەو سەرۆکەکەشی رۆژێک لەرۆژان چاوی نەبڕیووەتە توانای پسپۆڕان بەتایبەتی لەڕۆژگارێکی وادا.

 ئەو برادەرانەی NRT دیارە خۆیان گێل دەکەن، یان ئەوە نازانن زانکۆی وڵاتان رانەگوازراون وتوانای مادی زەبەلاح وتاقیگەی گەورەو مۆدێرنیان لەبەردەستدایەو زەمینەی گەورەیان بۆ کاری زانستی بۆ خۆشکراوە.!

لەبەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا باس لە سەردانێکی وەزیری خوێندنی باڵا دەکات کەسەردانی دەستەی کوردستانی کردووە و لەوبارەیەوە لەڕووی داپۆشینەکانەوە رەخنەی لەوەزیر و سەرۆکی دەستەگرتووە، لەو گفتوگۆیەدا لەگەڵ دکتۆر شاخەوان لەدەستەی کوردستانی بۆمان دەرکەوت ئەو سەردانە لەناو تاقیگە داخراوەکەدا نەبووەو یەکەم رۆژی کردنەوەی تاقیگەکە بووە،ڤایرۆسیش لەوکاتەدا لەناو تاقیگەی دەستەکەدا بوونی نەبووە،کەباسی مادەیەکی سووریش دەکرێت، بەهیچ جۆرێک راست نییە و ناچێتە ناو ئاوەڕۆی گشتییەوە.

 ئەگەر وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیاش ببینن کە بەدرێژایی رۆژە سەختەکانی کۆرۆنا لەهەموو سەردان و لێدوانەکانیدا کەسێک نەیبینی ماسکی پێوەبێت، ئەوسا ئەوەیان نەدەکرد بەپێوانە ئەوەی ئەمەی بینیبێت دەزانێ لەبیانوو دەگەڕێن زیاتر لەوەی بابەتێکی رۆژنامەنووسی بێت.

کارەکانی دەزگای مرۆیی مام جێی ڕێزو دەستخۆشیە

90527808_106930697619096_468091898427342848_o.jpg

 

هەر لەراپۆرتەکەدا  ئێن ئاڕ تی پەلاماری کارە خێرخوازییەکانی دەزگای مرۆیی مام دەدات و دەڵێ ئەو مادەیە لەئۆکرانیا و روسیاوە هێنراوە، باشە با گریمان وابێ، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەمە کارێکی باشە، یان نا؟.

ئەو راپۆرتە بێسەروبەرەیە کەهەرچی ویژدان و راستگۆیی و ئیتیکی رۆژنامەنووسی بێت،تێیدا نەمبینی،ناچاریکردین بێدەنگ نەبین و وەک رۆژنامەنووسێک بەدواداچوونێکی وردم لەسەر ئەو قسەو قسەڵۆکانە کرد، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ئەو تاقیگەیەی دەستەی کوردستانی بوو کە داویانەتە بەر نەشتەرو چەقۆی قین و دڵڕەشی بەئامانجی چەواشەکردنی رای گشتی. بۆیە وەک لەسەرەوە باسمکردووە، لەگەڵ د.شاخەوان عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاری تاقیگەکە گفتوگۆمان کردو وتی: ئێمە هەوڵەکانمان پێشبڕکێی زانستییە بۆ خزمەتی خەڵک و ئەوەی لەو راپۆرتەدا هاتووە، رەخنەمان لێدەگرن و توانجمان لێدەدەن و تۆمەتی بەحزبی بوونمان دەخەنە پاڵ، بالەبری ئەوە چەند پسپۆڕێکی بایۆلۆژی خۆیان بناردایە بیانزانیایە کەموکوڕییەکانمان چین؟، نەک زمان درێژی بێبنەما بکەن و تۆمەت ببەخشنەوە. ئەو پسپۆڕە بەڕێزەی تاقیگەکەی دەستەی کوردستانی لەوەڵامی بێبنەمای راپۆرتەکەدا، وتی: ئێمە لەرۆژانی داهاتوودا دەریدەخەین چیمانکردووە،هەروەها باسی لە بەرهەمهێنانی  مادەیەک کرد بەناوی extraction kit RNA کەبەکاردێت بۆ دەرهێنانی بۆماوەیی مادەی ڤایرۆسەکە و پاشان ئیشکردن لەسەری بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، وتیشی: ئەم ڤایرۆسە بۆماوە مادەکەی RNA  ە و دەبێ بە کێتی یەکەم  و بەسوودوەرگرتن لە PCR جیناتەکەی زیاد بکرێ تا نەخۆشیەکە دیاری بکرێت، وتیشی: لەئێستادا کیتی یەکەم لەجیهاندا زۆر کەمەو دەستناکەوێت بۆیە هەوڵماندا بەڕێگای زانستی تر کارەکە ئەنجام بدەین و بەردەوامیشین لەسەر ئەو کارە. ئەم پسپۆڕە وتی: ئەو تاقیگەیەی کە بەتوانایەکی کەم و هاوکارییەکی دیاریکراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا دروستمان کردووە لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق تاقیگەیەکی نموونەیی و بێوێنەیە.

PUKmedia شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket