riklam

وەسفی ناوێ، فەقەت بۆ رێگای دوور دەستمایەکەیمان گەرەکە

بیروڕا 05:34 PM - 2020-04-24
.

.

 

لە پەیڕەوی ناوخۆی هیچ حزبێك و لە لائیحەی ئەندامێتی هیچ رەوتێكی تێكۆشاندا نە نووسراوە دەبێ هەڤاڵ و تێكۆشەر سۆزی دایكایەتی و خوشكایەتی و گیانی بەزەیی و دڵنەوایی تێكەڵی كاری خۆی بكاو بەشێك بێ لە رەفتارو گوفتاری . ئەمانە خەسڵەتی شەخسین و پەروەردەی مرۆڤەكانن كە مەعلومە خوای میهرەبانی بە هەموو كەسێكی نادات. مەگەر لە وێزە و تاقەتی وەسفیە بەنی وەیسی خوشكی ئێمەدا بێت.

تێكۆشەر ئەركێتی خەبات بكا و هەڤاڵیش هەر ئەوەی لێ داوا دەكرێ پەیڕەوی ئامانج و سیاسەتی حزبەكەی بكاو شیری حەڵاڵی خۆی بكاتە داوەری لەڕێ لانەدان و لاساری . ئەمما وای لێ زیاد بكا كە دائیمەن میهرەبانی خوشكانە و سۆزو بەزەیی دایكانە بكاتە هەویرو هەوێنی هەڤاڵێتی و تێكۆشانی سیاسیی بە زەبرو زبر ، ئەمە خەسڵەتی سەرباری وەسفیە خان و خەڵاتی ئەوە بۆ رەوتی دەیان ساڵەی بە ئازارو کۆششی بە ئارەق و تینی یەكێتی و شۆڕشە نوێیەکەی.

لە گەنجییەوە تا كەڵەكەكردنی گەنجینەیەك لە تێكۆشان و تۆمارێك لە هەڵوێست و هەوڵ و تەقەلای شۆرشگێرانە، ئەم ھەڤاڵەمان، ئەم خوشکە سەلارە، بە ناوزەدی نەمر مام جەلال ، هەر وای هێناو ھەرواش خەتمی كرد.

لە دەورانی خوێندكاری و چیرۆكی كەنشكێكی كۆڵانی مەزرەعەی خانەقین بۆ زانكۆ كە لەو درەنگانەی سەدەی بیستیشدا ژمارەی كچانی كورد لە خوێندنی باڵا زۆر نەبوون، تا پەیوەستبوونی بە خەباتی نهێنیپارێزی کۆمەڵە و تەتەری رێکخراوەیی یەکێتی ، تا تێكەڵبوونی بە خەباتی شاخ و ژیانی ئاوارەیی و ئینجا قۆناغی خەباتی ئاشكرای كوردستانی ئازاد، لە رێکخستنی حزبی و ژنان ، لە ھەموویانە مامۆستا وەسفیە هەمیشە ناوێك و دیمەنێك بووە لە قوربانیدان و پێشخستنی بەرژەوەندی و ئامانجی یەكێتی بەسەر ویست و نیازی شەخسیدا.
هەر یەكە لە هەڤاڵ و هاوڕێكانی لە یەكێتیدا کە تەنگانە و ھەروەھا خۆشی هەبووبێت ، وەسفیە خان بە سۆزو میهرەبانی بێدەنگانەی خۆی بەسەری كردونەتەوە وزەو ورەی پێداون. هەر یەك لە ئێمە یادگارێكی شیرینی وەفاداریی ئەم گوڵی نێو سەنگەری یەكێتیەی لەبیرە كە ھاوبەشی خەم و خولیای ھەڤاڵانە لای وی ئەولەویەت بووە. قەت بوغرا نەبوو و هەرگیزیش بە خەبات و پێشینەی سەروەری خۆیەوە نەدەنازی.
ئەو سەرکردایەتی بوو لە ناو خەڵک نەک سەرکردایەتی بێت بەسەر خەڵکەوە.

مامۆستا وەسفیە لە مامۆستایەتی مەتكەبەوە تا بەرپرسیارێتی مەكتەبی حزبایەتی، كە لە سەركردایەتیشدا مەكتەبی قوربانیدان و شەهادەتی بە نسیب بوو، هەریەك مامۆستا وەسفیە بوو: بێدەنگ و خاكەڕاو بە رەحم و بەزەیی.
«دایکی شەھیدان» لە تازێ و بەسەركردنەوەی كەسوكاری شەهیداندا، لەگەڵ ماڵی شەهیدانا، لەگەڵ خوشك و دایك و منداڵی شەهیدان فەرقت پێ نەدەكرد. مەگەر ئەوە نەبێ ئەدگاری شیرینی لە هەموو شوێنێ دیاربوو كە تێكەڵی فرمێسك و خەمێكی بە ئازاری ژیانی خۆی و ژیانی ژنانی كوردو مەینەتی میللەتەكەی دەبوو.
چونکە تا مرد لەو ئازارەی زۆر دیبوو، لە تەعریب و لە گوێزانەوە بۆ جنوب و لە ئاوارەیی و ئەنفال و لە بێ مروەتی سیاسەت تا تەنگژەی شەڕی دڕندانەی داعش كە زۆربەی رۆژگاری خولی لێپرسراوی مەكتەبی شەهیدانی تێكەڵی خەم و پەژارەی ئەو وێستگەیەی خەباتی گەلەكەمان و بێچارەیی گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان بوو، لە زەمەنی بێ مووچەیی و بێ بودجەیی و دابڕانی كورد لەگەڵ بەغدا.

لەو ماوانەی دەگەیشتە تینی و قسەی دەکرد، قسەی رەوای ھەقی بۆ خەڵک و بۆ یەکێتی دەکرد. ھاواری ئەو ویژدانی زیندووی ھەموومان بوو ئەو دەمەی کە دەسکەوت و تۆڕی بەرژەوەندی شەخسی لەکەداری نەدەکرد. خۆمان بوو بە خاڵسی و خاسێتی و خاکێتی جارانمانەوە.
بیربکەینەوە، یەكێتی ئەگەر رۆژێك لێی بقەومێ كە رۆژی لێقەومانی زۆر دیووە و تێشی پەڕاندووە وتێشی دەپەرێنێ، دائیمەن ئەدگاری وەك وەسفیە بەنی وەیس و رەفتاری میهرەبانی بێ غلو غەشی وا لای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان شەفاعەتی بۆ دەكاو تینوتاوی بەردەوامی پێدەبەخشێ.
لەبەر ئەوە هەقمانە بەم تەوارەوە شانازی بكەین و واجبمانە بەو یادگارییەوە بچینەوە دامێنی چیای بەرزی تێكۆشەرە دێرینەكان و شەهیدە سەربەرزەكانی یەکێتی . واجبمانە دامەنگیری گەلەكەمان بین تا لەم قۆناغەشدا متمانە بە هەڤاڵەكانی وەسفیە بكەن بۆ خەباتێك كە هێشتا زۆری لە ڕێیە و زۆری لەسەرە بیکات.

ستران عەبدوڵلا

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket